ده‌وری تاقانه‌ی کاک عه‌بدوڵڵا موهته‌دی، یه‌کێک له خاڵه لاوازه‌کانی کۆمه‌ڵه یه
وهشانگهر رزگار - 1 شه‌م Jan 04, 1:47 pm

ناسر حیسامی
ده‌وری تاقانه‌ی کاک عه‌بدوڵڵا موهته‌دی، یه‌کێک له خاڵه لاوازه‌کانی کۆمه‌ڵه یه و ده‌فته‌ری سیاسی کۆمه‌ڵه،به هیچ شێوه‌یه‌ک نیشانه‌ی تواناییه‌کانی کۆمه‌ڵه نییه خالید محه‌مه‌دزاده
ناسر حیسامی ره‌خنه له لایه‌نی به‌رامبه‌ری خۆیان له كۆمه‌له دهگرێو ده‌لێ:” ده‌یانه‌وێ ڕوخساری سه‌رجه‌می کێشه‌که بگۆڕن و بڵێن کێشه‌ی سیاسی نییه و قسه‌ی که‌مینه ناوه‌رۆکی نییه و فڕه‌ی ته‌شکیلاتییه و وه‌جواب هاتنه له‌سه‌ر چه‌ندکه‌سی ئاژاوه‌گێڕ که ده‌رکراون”
ئه‌و سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری جیابوونه‌وه‌یان ده‌لێ:”جیا نابینه‌وه”. له هه‌مان كات دا ده‌لێ:” ده‌وری تاقانه‌ی کاک عه‌بدوڵڵا موهته‌دی، یه‌کێک له خاڵه لاوازه‌کانی کۆمه‌ڵه یه و ده‌فته‌ری سیاسی کۆمه‌ڵه،به هیچ شێوه‌یه‌ک نیشانه‌ی تواناییه‌کانی کۆمه‌ڵه نییه”. دواتر سه‌باره‌ت به هه‌لویستی لایه‌نی به‌رامبه‌ریان وتی:” نه‌یارانی ڕیفۆرم به‌رانبه‌ر به ئێمه، له باری سیاسییه‌وه بێده‌نگه‌یان کردووه، له باری ته‌شکیلاتییه‌وه گوشار دێنن”.
ئه‌مانه‌و كۆمه‌لێك پرسی تایبه‌ت به به باروودوخی نێو خویی كۆمه‌له‌ی شۆرشگێری زه‌حمه‌تكیشانی كوردستانی ئێران له دیدارێكی تایبه‌ت له گه‌ل ناسر حیسامی ئه‌ندامی رێبه‌ریی كۆمه‌له.
بۆ ره‌وتی ساغکردنه‌وه‌ی کۆمه‌له نه‌یتوانی خواسته‌کانی ئێوه به دی بینێ، هه‌روه‌ک له‌و “به‌رنامه‌ی چاکسازی” باسی ده‌که‌ن؟
ناسری حیسامی: ڕه‌وتی ساغکردنه‌وه، هه‌نگاوی گه‌وره‌ی له بواری سیاسی‌دا هه‌ڵگرت. کۆمه‌ڵه‌ی بووژانده‌وه و هێنایه‌وه ناو مه‌یدانی هه‌ڵسووڕانی چالاکانه. پێویست بوو کۆمه‌ڵه، بینا حیزبییهکهشی به ته‌ناسوب له گه‌ڵ پێشڕه‌وییه سیاسییه‌کانی نوێ بکاته‌وه، به‌ڵام له‌وه‌دا، به بڕوای من کارێکی به‌رچاوی نه‌کرد. بینای حیزبیی کۆمه‌ڵه و سوننه‌ته ته‌شکیلاتییه‌کانی، هێشتا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی حیزبی گه‌وره نین. ئه‌و نوێبوونه‌وه‌یه‌ی حیزبه‌که، له زۆر هه‌نگاودا، له گه‌ڵ موقاومه‌ت به‌ره‌و ڕوو بوو.
کۆمه‌ڵه نه‌بوو به حیزبی ئۆرگان و نیهاد و دامه‌زراوه‌کان. قه‌واره حیزبییه‌که‌ی ئێستاش بریتییه له ڕێبه‌رایه‌تییه‌ک که ئه‌ندامان هیدایه‌ت ده‌کا و، بهدهنهیهکیش که ڕێکخستنێکی قانوونمه‌ندی نییه و ده‌بێ ڕێبه‌رایه‌تی ههڵگێڕووهرگێڕی بکا.
له بواری سیاسهتهکانیشدا، پێویسته کۆمه‌ڵه هه‌ندێک له سیاسه‌ته‌کانی خۆی شه‌فافتر بکاته‌وه. ئێستا ته‌فسیر و لێکدانه‌وه‌ی جیاواز له بابه‌ت هه‌ندیک له سیاسه‌ته‌کان هه‌ن. جگه له‌وه‌ش، باسه‌کانی ئه‌م دواییه نیشانیان دا که پێویسته له داڕشتن و ڕاگه‌یاندنی سیاسهتهکانیشدا سه‌رجه‌می حیزبه‌که ده‌ور و ده‌سه‌ڵات و چاوه‌دێرییه‌کی زیاتری هه‌بێ.
ده‌كرێ كونكرێت پێم بلێی كوسپه‌كانی سه‌ر رێگای ئه‌و چه‌ند ساله‌ی ئێوه له ناو خوی كۆمه‌له بۆ وه‌دی هێنانی هه‌موو ئه‌و واده‌و بلێنییهكانی كۆمه‌له دوای ساغكردنه‌وه خوی دای چ بوو؟ كاك عومه‌ر ئیلخانی زاده له چاوپێكه‌تنێك دا له گه‌ل من یه‌كێك له كۆسپه‌كان به “شێوازه كارێك له حیزبایه‌تی ناو ده‌با كه كاك عه‌بدوڵا موهته‌دی” پێره‌وی كردوه‌و ده‌لێ ” من به زیانی ده‌زانم” تو ده‌لێی چی؟
ناسری حیسامی: ئه‌و شێوازی کاره، زۆرتر هی ئه‌م ده‌وره‌یه‌یه که باسه ناوخۆییه‌کان هاتنه گۆڕ. کاک عه‌بدوڵڵای موهته‌دی، ده‌ورێکی به نرخی له ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا بوو. دیارترین سیمای ئه‌و ڕه‌وته بوو. به بڕوای من ئه‌و ڕه‌وته‌ی به باشی ڕێبه‌رایه‌تی کرد. هه‌ر بۆیه‌ش له‌م ساڵانه‌دا متمانه‌ی هه‌موومانی له پشت بوو. ئێستاش پێم وایه، ئه‌و پێویسته هه‌ر هه‌مان ده‌وری هه‌بێ. به‌داخه‌وه، له‌م باسانه‌ی ئه‌م دواییه‌دا، کاک عه‌بدوڵڵا شێوازێکی دیکه‌ی گرته‌به‌ر. له جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ک سکرتێری گشتی خه‌مخۆری ته‌بایی حیزبه‌که بێ، به‌رانبه‌ر به خوازیارانی ڕیفۆرم و ئاڵوگۆڕ، پشتیوانیی له لایه‌نه‌که‌ی دیکه کرد. ئه‌و پێویستیی به‌وه نه‌بوو. جێگه‌ی ڕێزی هه‌موومان بووه. ده‌یتوانی له‌و جێگه‌یه‌ی خۆی که‌ڵک وه‌ربگرێ بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه به هه‌موویه‌وه، به ته‌بایی، ئه‌و ئاڵوگۆڕانه به‌دی بێنێ.
به رای تو خه‌تی سکرتێری کۆمه‌له تا چه ئه‌ندازه کۆسپ بووه له به‌رده‌م رێفۆرم و نوێبوونه‌وه له کۆمه‌له؟
ناسری حیسامی: سکرتێری گشتیی کۆمه‌ڵه، کاک عه‌بدوڵڵای موهته‌دی، خۆی له زۆر بواردا، ڕچه‌شکێنی ڕیفۆرم بووه بۆ نوێبوونه‌وه. ساغکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، نوێبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره بوو که کاک عه‌بدوڵڵا ڕێبه‌راتیی کرد. ئه‌و خه‌ته‌ی بووه‌ته کۆسپ له‌سه‌ر ڕێگای ڕیفۆرم و نوێبوونه‌وه، خه‌تی کاک عه‌بدوڵڵا نییه. خه‌تی که‌سانێکی دیکه‌یه که ده‌زانن ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵه نوێ بیته‌وه، ئه‌م جێگا و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستایان نامێنێ. ئه‌گه‌ر له کۆمه‌ڵه‌دا ده‌رفه‌تی به‌رانبه‌رکێیه‌کی ئازاد و دیمۆکراتیک هه‌بێ، نه به فکر و نه به پله‌وپایه، ئه‌وانه ئه‌و جێگایه‌یان نابێ. ئه‌و خه‌ته، له ساڵانی پێشتره‌وه له بۆنه و بڕگه‌ی جۆراوجۆری حیزبه‌که‌دا خۆی ده‌رخستبوو. کاک عه‌بدوڵڵا، جاری وابووه ئه‌وانه‌ی به دووی خۆیدا هێناون و به دووی پێشره‌وییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا ڕاکێشی کردوون. ئه‌مجاره‌ی دوایی، کاک عه‌بدوڵلا، ئه‌و کاره‌ی نه‌کرد، به‌ڵکوو بێده‌نگه‌ی کرد له به‌رانبه‌ریاندا و، به کرده‌وه که‌وته لای ئه‌و ڕه‌وته. به چ لێکدانه‌وه‌یه‌ک؟ نازانم. بێجگه له کاک عه‌بدوڵڵا، هاوڕێی دیکه‌ش له ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ن که به بێ سه‌به‌بێکی قابیلی تێگه‌یشتن که‌وتنه ئه‌و ده‌سته‌یه. به‌مجۆره، ئه‌و هاوڕێیانه که ده‌یانتوانی له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ڕه‌وتی ئاڵوگۆڕ له خزمه‌ت پێشڕه‌ویی زیاتری کۆمه‌ڵه‌دا بن، له‌م ده‌وره‌یه‌دا بوونه ڕێگری گۆڕانکاری و ڕیفۆرم.
ده‌نگدانه‌وه‌ی راگه‌یاندنی رێفۆرم له ناو کۆمه‌له چون پێشوازی لێ‌کرا و نه‌یارانی رێفۆرم له کۆمه‌له کێن و چیتان پێده‌لێن؟
ناسری حیسامی: ڕیفۆرم له کۆمه‌ڵه‌دا، خواستێکی به‌رینه. ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی ئێمه‌ش پێشوازییه‌کی باشی لێکراوه.
نه‌یارانی ڕیفۆرم ئه‌وانه‌ن که ئێستا به بێ ڕیفۆرم، باشتریان بۆ ده‌چێته‌سه‌ر. کورد گوته‌نی وایان ئاسووده‌تره. نه‌یارانی ڕیفۆرم به‌رانبه‌ر به ئێمه، ده‌ڵێن چی؟ وه‌ڵا له باری سیاسییه‌وه بێده‌نگه‌یان کردووه، له باری ته‌شکیلاتییه‌وه گوشار دێنن. له باری سیاسییه‌وه هیچی ئاشکرا ناڵێن چونکه پێویستییان به‌وه‌یه جارێ که‌س ده‌ستیان نه‌خوێنێته‌وه.
ده‌نگوی هه‌ولدان بۆ حه‌زفی ئێوه له کۆمه‌له بڵاوه و گۆایه بالی زۆرایه‌تی له بیری ئه‌وه‌دان تا کونگره‌ی 12 هه‌موو شوێنه گرنگه‌کان له ده‌ستتان ده‌ربێنن، ره‌نگه کونفرانسی سکاندیناویش نمونه‌یه‌ک له‌و هه‌ولانه بێ؟ ئه‌مه تا چه‌ند راسته ؟
ناسری حیسامی: هیوادارم چیدیکه سیاسه‌تی حه‌زف درێژه پێنه‌ده‌ن. به‌ته‌مای چی ئه‌وه ده‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر به ته‌مای گه‌وره‌بوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه بن، ده‌بێ ئه‌وه نه‌که‌ن. ئه‌گه‌ریش مه‌به‌ستیان ئه‌وه بێ، کۆمه‌له وا لێ بکه‌ن که له چنگی خۆیاندا جێگه‌ی بێته‌وه، ئه‌وه که‌س لێیان قه‌بووڵ ناکا. به‌ڵێ! زۆر بێپه‌روا ده‌ستیان داوه‌ته سیاسه‌تی حه‌زف.
ئێوه ده‌تانه‌وه‌ێ رێفۆرم له چی دا پێک بێنن؟
ناسری حیسامی: له ساختار و بینای حیزبه‌که‌دا. له ئۆرگانیزمهکهیدا. له ماناکان و سه‌رچاوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا. هه‌روه‌ها له بواری سیاسیش‌دا، کۆمه‌ڵه پێویسته له زۆر بواردا گۆڕانکاری بکات. له‌م ده‌وره‌یه‌دا که باسه‌کان هاتنه گۆڕ، هێندێک عه‌یبمان زیاتر لێ ده‌رکه‌وت. ده‌رکه‌وت که دوڕوویی سیاسی له حیزبه‌که‌دا مه‌جالی هه‌یه. بۆ نموونه که‌سانێک له‌سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر ئه‌وه که‌وتنه‌به‌ر په‌لامار که پێیان ده‌گوترا سۆسیال دیمۆکراتن. ئه‌وه‌یان وه‌ک جنێو له دژیان به‌کار دێنا. که‌چی، لایه‌نه‌که‌ی دیکه خۆیان ئاماده نین سۆسیال دیمۆکراسی ڕه‌ت بکه‌نه‌وه، چونکه پێیان وایه ئه‌و سیمایه‌ش له‌وانه‌یه له یارییه‌کانی داهاتوودا به‌کاریان بێت. من به‌وه ده‌ڵێم دووڕوویی سیاسی.
نموونه‌یه‌کی دیکه، ئه‌و پرۆڤۆکاسیۆنهیه که له‌م دواییانه‌دا به ته‌مای گرژکردنی فه‌زای باسی سیاسی کرا. ئه‌وه‌ش نیشانی دا که ده‌کرێ چۆن کایه به سیاسه‌ت و حیزبه‌که بکه‌ی. نموونه‌یه‌کی دیکه ئه‌و ڕاگه‌یاندنه بوو که به ناوی کۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه له بابه‌ت شاڵاوی هێرشی ڕاگه‌یاندن دایان. ئه‌وه‌ش به‌کارهێنانی حیزبه‌که و پره‌نسیپه‌کانی بوو له پێناو قازانجی ده‌سته‌یه‌کدا و نیشاندانی زهرفییهتییهکی باڵای زه‌بروزه‌نگ و ده‌مکوتکردن بوو. ئه‌و نموونانه نیشان ده‌ده‌ن ئیمکانی ئه‌وه هه‌یه حیزبه‌که به خراپ به‌کار بهێندرێ. ئه‌وه کورت و کرمانجی، نیشانه‌ی ناساخییه له حیزبێکدا. یان تۆ بڕوانه خه‌بات بۆ ئازادیی ژنان که کۆمه‌ڵه تێیدا خاوه‌نی پێشینه‌یه‌کی گه‌شه. ئه‌وه ئێستا کراوه‌ته هه‌وڵدان بۆ پێکهێنانی چه‌ند ڕێکخراو به ناوی ژنان که له بواری مافه‌کانی ژن و خه‌باتی ژناندا کاریگه‌رییه‌کیان نییه و نوێنه‌رایه‌تیی سیمای ناسراوی کۆمه‌ڵه له‌م زه‌مینه‌یه‌دا ناکه‌ن.
وه‌ک به‌رپرسی رۆژهه‌لات تیڤی تا چه‌نده ئه‌و هه‌واڵانه پشت راست ده‌که‌یته‌وه که فشار خراوه‌ته سه‌ر ئه‌ندامانتان له‌و ده‌زگایه و بریار واشه “رۆژهه‌لات”بێته‌وه کوردستانی عێراق؟
ناسری حیسامی: ڕۆژهه‌لات تیڤی، له‌سه‌ره‌تاوه، هێندێک که‌س له نێو کۆمه‌ڵه‌دا ڕووی خۆشیان نیشان نه‌دا. من که به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگاکه بووم، کارمان به‌رده‌وام له ململانێدا به‌ره‌وپێش چووه. به گشتی کاری ده‌زگاکه له ژێر گوشارێکی به‌رده‌وامدا بووه. هه‌موو هه‌وڵی خۆیان دا بۆ ئه‌وه‌ی به چۆکیدا بێنن. نه‌مبیستووه، کاری ده‌زگاکه بێته‌وه کوردستانی عێراق.
ئه‌م کێشه‌ی ئه‌م دوایه‌ی ناو کۆمه‌له چه‌نده پێوه‌ندیی به شه‌ری ده‌سه‌لاتی کوتله‌کانی ناو کۆمه‌له هه‌یه، له بیرت نه‌چێ زۆرکه‌سیش پێیانوایه ئه‌مه شه‌ره له پێناو ده‌سه‌لات؟ ئایا ئه‌مه راسته؟ یا نا ئه‌م ریزبه‌ندیانه هه‌ولێکه بۆ گۆڕان له کۆمه‌له؟
ناسری حیسامی: به‌ڵێ شه‌ڕه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات. ده‌سه‌ڵات نابێ پاوان بکرێ. ده‌بێ میکانیزمێکی دیمۆکراتیک و ئازاد هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات دابه‌ش بێ به‌سه‌ر هه‌موو حیزبه‌که‌دا. به‌سه‌ر هه‌موو ده‌زگاکان و ئۆرگانه‌کانیدا. به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانیدا. هه‌موو پارچه‌یه‌کی حیزبه‌که، ده‌بێ قورسایی خۆی هه‌بێ. ئێستا ته‌واوی ده‌سه‌ڵات له ڕێبه‌رایه‌تیدا پاوان کراوه. له نێو ڕێبهرایهتیشدا، به‌شێکی خه‌ریکه ئه‌ویدیکه بخاته په‌راوێز. ئه‌وه نیشانه‌ی نادیمۆکراتیکبوونی ساختارهکهیه. ده‌فته‌ری سیاسیی ئێستای کۆمه‌ڵه، به ئاشکرا پاوان‌کردنی پێوه دیاره. ده‌فته‌ری سیاسیی ئێستا، به هیچ شێوه‌یه‌ک نیشانه‌ی تواناییه‌کانی کۆمه‌ڵه و ڕیبهرایهتییهکهی نییه. به ئاشکرا قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵاته. دیاره ئه‌وه به هه‌ڵبژاردن کراوه، به‌لام ته‌نیا له قه‌واره‌یه‌کی ناسازدا، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، تا ئه‌م ڕاده‌یه به نه‌گونجاو له گه‌ڵ واقعییه‌ته‌کان ده‌بێ.
کاک ناسر! ئه‌زموونی حیزبی کوردی به ئێمه ده‌لێ رێفۆرم رێگایه‌کی سه‌ختی له به‌رده‌م دایه و رێفۆرمخوازان که‌مترین ئهئسیریان داناوه، تۆ پێت وایه ساختاری کۆمه‌له و که‌لتوری کۆمه‌له هه‌لگری ریفۆرمه و کۆمه‌له ده‌توانێ نموونه‌یه‌کی جوانمان له ریفۆرمی رێکخراوه‌یی پیشکه‌ش بکا؟ یا نا ئه‌ویش ئه‌زموونێکی دیکه‌مان له لێکترازان و ئینشعاب پێشکه‌ش ده‌کا؟
ناسری حیسامی: ئه‌م کێشه‌یه‌ی ئێستا محهکێکه به بڕوای من. با بزانین چۆن ده‌چێته پێش. نه‌وه‌ڵا ڕیفۆرم ئاسان نییه. کۆمه‌ڵه، کولتووری جۆراوجۆری تێدایه. له ململانێدان له گه‌ڵ یه‌کتر. کولتووری گۆڕان و گوێگرتن و مودارا هه‌یه، کولتووری ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتن و ده‌ست بهدهمداگرتنیش هه‌یه. کولتووری تۆتالیتێریش هه‌یه. ئه‌و کولتووره‌ی، له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا، خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری به پۆل له کۆمه‌ڵه ده‌رده‌کرد و، ده‌یگوت ده‌بێ شاده‌ئیمان بێنی، ئێستاش ڕیشه‌کێش نه‌کراوه له نێو ئێمه. کولتوورێکی سه‌یره. ده‌ڵێ هه‌رچی کردم، بڵێ باشه، بۆ هه‌ر کوێ چووم وه‌دووم بکه‌وه. ئه‌گه‌ر نه‌هاتی ئاژاوهچیت، دووبهرهکیخوازی، دژی به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی.
ئێوه له به‌رنامه‌ی چاکسازیی خۆتان ده‌لێن له روانگه‌ی ئێمه‌وه کۆمه‌له هێزێکی کوردستانییه، به‌لام پێره‌وی ناو خوی کۆمه‌له ده‌لێ:”حیزبی سوسیالیستی کریکارانه له کوردستان” ئه‌م دوالیزمه چون چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن؟ هه‌ست ناکه‌ن پراکتیک و به‌رنامه‌ی کۆمه‌له جیاوازیان هه‌بێ؟
ناسری حیسامی: ڕاستییه‌که‌یت ده‌وێ، ئه‌وه به گرفتی کۆمه‌له نازانم. با کۆمه‌ڵه هێزێکی کوردستانی بێ و سۆسیالیستیش بێ و حیزبی کرێکارانیش بێ. ده‌کرێ هێزێکی سۆسیالیستی کوردستانی بێ. گرفت ئه‌وه‌یه که هیچیان نه‌بین.
به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت پێناسه‌ی کۆمه‌ڵه جێگه‌ی موناقه‌شه هه‌یه. ئه‌وه یه‌کێک له‌و بوارانه‌یه که کۆمه‌ڵه ده‌بێ به ڕوونی قسه‌ی تێدا بکا، به‌و مانایه که ئێمه ده‌بێ، ڕێبازه سیاسییه‌که‌مان وا به ڕوونی پێناسه بکه‌ین که جێگه بۆ تهعبیروتهفسیر و سه‌لیقه نه‌هێڵێته‌وه. به تایبه‌ت، له کاتێکدا ناته‌بایی بیته پێش، له ده‌وری هه‌رکام له‌و ته‌عبیره جیاوازانه‌دا، ده‌سته‌یه‌ک ساز ده‌کرێ، یان هه‌رکات پێویست بوو، لایه‌نێکی ئه‌و ته‌فسیره جیاوازانه به‌رجه‌سته ده‌کرێته‌وه و ده‌کرێته بیانوو بۆ هێرشکردنه سه‌ر ئه‌وانی دیکه.
روانگه‌ی ئێوه وه‌ک بالی ریفۆرم له سه‌ر کۆمه‌له‌ی حیزبی کمونیست چیه؟
ناسری حیسامی: حیزبی کۆمۆنیست، زۆر ڕووتاوه‌ته‌وه. یانی به درێژایی ژیانی، نه‌ک هه‌ر له سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی، به‌ڵکوو له‌سه‌ر نه‌فسی مه‌وجوودییه‌تی وه‌ک حیزب قسه هه‌بووه و ئه‌وانه‌ی پێکیان هێنابوو، ئه‌وانه‌ی هێزی سه‌ره‌کیی حیزبه‌که بوون، هه‌تا ئێستا به چه‌ند پۆلی گه‌وره به جێیان هێشتووه. نزیکه‌ی چاره‌که سه‌ده‌یه‌کی ته‌مه‌نه و هێشتا قسه‌ی هه‌ڵسووڕاوانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که ئه‌و حیزبه له‌سه‌ر بناغه‌ی خۆیه‌تی یان نا؟
کۆمه‌ڵه، شتێکی دیکه‌یه. ئه‌و هاوڕێیانه‌ش که به باڵی ڕیفۆرمی ناو حیزبی کۆمۆنیست ناویان ده‌به‌ی، هه‌نگاوی باشیان هه‌ڵگرتووه. هیوادارم سه‌رکه‌وتوو بن.
ئێوه وه‌ک بالی ریفۆرم چون ده‌رواننه ئینشعابی ئه‌م دوایانه‌ی حیزبی دێموکرات؟
ناسری حیسامی: بزووتنه‌وه‌ی کورد، پێویستیی به یه‌کڕیزی و یه‌کگرتوویی هه‌یه. له هه‌مانکاتیشدا به نوێبوونه‌وه. خۆزگه بتوانێ نوێبوونه‌وه و یه‌کڕیزی تێکهه‌ڵکێش بکا. له حیزبی دێمۆکراتیشدا، ئه‌گه‌ر ئه‌وه سه‌ری گرتبا، به قازانجتر بوو. یانی حیزبه‌که، توانیبای ئاڵوگۆڕێش له خۆیدا پێک بێنێ و، یهکڕیزییهکهشی پاراستبا.
ساختار و که‌لتوری جێکه‌وتوو له کۆمه‌له چه‌ند دێموکراتیکه و چه‌نده مه‌جال به ئێوه ده‌دا بۆ رێفۆرمی گه‌وره له کۆمه‌له؟
ناسری حیسامی: ساختاره‌که‌ی، به به‌راورد له گه‌ڵ حیزبێکی پێشکه‌وتوو، زۆر لاوازه. کولتووره‌که‌شی، ڕاسته لایه‌نی پێشکه‌وتووی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌زموونی زۆر ناخۆشیشی تێپه‌ڕ کردووه و ئه‌وه تاڕاده‌یه‌ک ڕێگه له خۆشباوه‌ڕی و خۆشبینی ده‌گرێ. له‌م باسانه‌ی ئه‌و دواییانه‌دا، هه‌ندێک کردارمان دیت که پێمان ده‌ڵێ ئه‌وه قه‌تعی نییه که ڕه‌فتاره تاڵه‌کانی ڕابوردوو دووپات نابنه‌وه.
ره‌خنه‌ی بالی رێفۆرم له سکرتێری و به‌رنامه‌کانی عه‌بدولا موهته‌دی چیه؟ و ناوبراو چه‌نده پێشوازی کردوه له به‌رنامه‌کانی بالی رێفۆرم؟
ناسری حیسامی: کاک عه‌بدوڵڵا تواناییه‌کی تاقانه‌ی هه‌یه له کۆمه‌ڵه‌دا. ئه‌و تواناییانه، زۆر به قازانجی کۆمه‌ڵه ته‌واو بوون، به‌ڵام ده‌وری تاقانه‌ی کاک عه‌بدوڵڵا، یه‌کێک له خاڵه لاوازه‌کانی کۆمه‌ڵه‌شه. یانی ئه‌گه‌ر ڕۆژێک له ڕۆژان هه‌ڵوێستێکی خراپ یان ڕوانگه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی هه‌بێ، ده‌توانێ ته‌ئسیری گه‌وره دابنێ. من لایه‌نگری ئه‌وه نیم که‌س ده‌وری وای هه‌بێ. له هه‌موو حیزب و ده‌سه‌ڵاتێکدا، ده‌وری تاقانه، ده‌توانێ ئه‌و زیانه‌ی هه‌بێ. له‌م ده‌وره‌یه‌دا، ئه‌گه‌ر ئه‌و، ته‌نیا ئه‌گه‌ر ئه‌و، هه‌ڵوێستێکی دیکه‌ی گرتبا، چاره‌نووسی باسه‌کان ده‌بوو به شتێکی دیکه.
ئه‌گه‌ر داواکانتان جێ به جێ نه‌کرێ چی ده‌که‌ن؟ ئایا ته‌حه‌موولی وه‌زعه‌که ده‌که‌ن یا جیا ده‌بنه‌وه؟
ناسری حیسامی: ناوه‌ڵا جیا نابینه‌وه. من ده‌توانم قسه‌ی خۆم بکه‌م. ئه‌گه‌ر له حیزبێکدا دوو ڕه‌وت هه‌بن که هه‌رکامیان حیزبێکی جیاوازی لێ بوه‌شێته‌وه، جیابوونه‌وه ئاساییه. به‌ڵام ئێمه جیاوازیی سیاسیمان ئه‌وه‌نده نییه ببین به دوو حیزب. ئه‌ی بۆ ده‌بێ پێکه‌وه هه‌ڵ نه‌که‌ین؟ ئه‌و خه‌ڵک ڕاونانه بۆچێ؟ ئه‌گه‌ر بگاته جیابوونه‌وه، ته‌نیا نیشانده‌ری پێکه‌وه نهحاوانهوهیه. له سه‌ر پێکه‌وه نهحاوانهوهش، ئه‌و هه‌موو خانووچکه‌یه چۆن دروست ده‌کرێ؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی، حیزبه‌کانی ئێستا بۆشاییه‌کی سیاسی بهێڵنه‌وه، با خه‌ڵکی دیکه پڕی بکاته‌وه و حیزبی تازه دروست بکا. ئه‌گه‌ر دیسان بگه‌ینه ئینشیعاب، مانای وایه ده‌بێ قه‌بووڵی بکه‌ین حیزبایهتییهکهمان شکستی خواردووه. ئه‌گه‌ر بگه‌ینه‌وه ئینشیعاب، من قه‌بووڵی ده‌که‌م له ژیانی حیزبیمدا شکستم خواردووه و ده‌چمه لاوه.
به‌رنامه‌ی بالی رێفۆرم له به‌رامبه‌ر “سیاسه‌تی حه‌زف و پالپێوه‌نان” که کاک عومه‌ریش باسی ده‌کا چی ده‌بێ؟
ناسری حیسامی: چمان له‌ده‌ست بێ، ئه‌وه ده‌که‌ین. ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕین.
چون خۆتان ئاماده ده‌که‌ن بۆ کونگره‌ی 12 و به‌رنامه‌تان بۆ ئه‌و کونگره‌یه چیه؟ ئایا ملکه‌ج ده‌بن به بریاراتی کۆنگره‌و ئاکامه‌کانی؟ ئه‌گه‌ر به دلخوازی ئێوه‌ش نه‌بوو؟
ناسری حیسامی: ئه‌وه که چۆن خۆمان ئاماده ده‌که‌ین بۆ کۆنگره، ته‌واو بهستهگیی به‌وه هه‌یه که چۆنمان له گه‌ڵ هه‌ڵ بکه‌ن. ئه‌گه‌ر بکرێته شه‌ڕه هێز و شه‌ڕه ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه نه ئێمه‌ی که‌مینه و نه ئه‌وان و نه ههمووحیزبهکهش، هیچی باشمان لێ ناوه‌شێته‌وه. ئه‌گه‌ریش لێ بگه‌ڕێن باسه‌کان بکرێن، ئه‌وه قسه‌مان هه‌یه، ده‌یبه‌ینه کۆنگره. ده‌نگیان پێدا، چاکه. ده‌نا هه‌تا کۆنگره‌یه‌کی دیکه به که‌مایه‌تیبوونی خۆماندا ده‌که‌وین. هه‌تا ئێستا هه‌وڵێکی گه‌وره هه‌یه که ئێمه هه‌ر سه‌رقاڵی کێشه‌ی ته‌شکیلاتی بین. ئه‌و ده‌رکردن و پاڵ پێوه‌نان و بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندن له بابه‌ت جنێودان و ئه‌وانه، هه‌مووی بۆ ئه‌وه بوون باس نه‌چێته سه‌ر کێشه سیاسییه‌کان. ده‌یانه‌وێ ڕوخساری سه‌رجه‌می کێشه‌که بگۆڕن و بڵێن کێشه‌ی سیاسی نییه و قسه‌ی که‌مینه ناوه‌رۆکی نییه و قڕه‌ی ته‌شکیلاتییه و وهجوابهاتنه له‌سه‌ر چه‌ندکه‌سی ئاژاوه‌گێڕ که ده‌رکراون. کورت و کرمانجی: ده‌ڵێن ئه‌وانه ڕه‌خنه‌گری سیاسی نین تا دیالۆگیان له گه‌ڵ بکه‌ین، هه‌ندێک ئاژاوه‌گێڕن ده‌ریان ده‌که‌ین. ده‌رکردنی هاوڕێیانمان بۆ ئه‌وه‌یه هه‌موومان به سووک نیشان بده‌ن
Komala Party له Twitter, ڵاپهڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)