07:41 pm - Tuesday 07 February 2012
Tehran, IR - 3 °CHaze - Humidity: 56%

راگەیاندنى کۆمەڵە سەبارەت بە سەرکوت و کوشتارى خەڵکى ئێران

وه‌شانگه‌ر رزگار - 2 شه‌م Jun 22, 7:25 am

راگەیاندنى کۆمەڵە سەبارەت بە سەرکوت و کوشتارى خەڵکى ئێران

خەڵکى تێکۆشەر و ئازادیخواز!
ئیعتیراز و خەباتى جەماوەریى لە شارەکانى ئێران بەردەوامە، لەم چەند رۆژەدا رێژیمى کۆمارى ئیسلامى بە سەرۆکایەتى خامنەیى و پاوانخوازان، بەوپەڕى دڕەندەیى و بێوچان هێرشیان کردۆتە سەر نارەزایەتى و خەباتى هێمنانەى جەماوەر و تا ئێستا سەدان کەسیان کوشتووە و سەدان کەسیان بریندار کردووە و سەدان چالاکى سیاسیان گرتووە کە بەشێکیان ون و بێسەروشوێنن. ئەو چەشنە کردەوە دڕندانەیە و تەقەکردن لە رێپیوانى ئارام و، کوشتنى منداڵ لە ناو زگى دایکدا و هێرشى چەکداریى بۆ نوستنگەى خوێندکاران، هەر لە جینایەتکارانى حکومەتى ئیسلامى دەوەشێتەوە. هەر وەک لەم چەند رۆژەدا دەرکەوتووە و لە راگەیاندنى پێشوى کومیتەى ناوەندى کۆمەڵەشدا هاتووە، بێگومان ئەم وەحشیگەریەى رێژیم ناتوانێ بەر بە خەباتى جەماوەر بگرێ، بە پێچەوانە دەبێتە هۆى پێکهێنانى ئیرادەى زۆرتر دژ بەم ملهورى و دیکتاتۆرییە. کۆمەڵگاى ئێران گۆڕاوە و خەبات بۆ دێمۆکراسى و ئازادى، ئیتر تەوژمێکە کە بە ئاسان بەرى پێناگیرێ. ئێمە وێڕاى مەحکوم کردنى ئەو پەلامارى سەرکوت و کوشتارە، داوا دەکەین خەڵکى هەموو شارەکانى دیکەى ئێران، بە تایبەتى خەڵکى کوردستان بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ چ بە شێوەى مانگرتن و هەر شێوەیەکى دیکەى خەباتى هێمنانە، دەنگى ئیعتیراز و نارەزایەتى خۆیان دژ بەو جینایەتانە بەرز و بەرزتر بکەنەوە و بەرى بەرێوەچوونى سیاسەتى سەرکوتى کۆمارى ئیسلامى بگرن و پووچەڵى بکەنەوە. پێویستە ئەورۆ هەموو ئازادیخوازان و زۆر لێکراوانى ئێران بە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست لە بەرانبەر ئەم شاڵاوى سەرکوتە بوەستنەوە تا بزوتنەوەى جەماوەریى رێگاى بۆ خۆش بکرێ و پیلانى پاوانخوازانى دەسەڵاتدار شکست بێنێ. ئەوە قۆناغێکە کە خەڵکى کوردستان دەبێ بە دروشمى تایبەتى دێمۆکراسى، سکۆلاریسم و داخوازى نەتەوەیى، ئەمجارەش بە سەربەرزى تێیدا بێتە مەیدان.
کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان
1ى پوشپەڕى 1388 هەتاوى 21ى جونى 2009

Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS

نووسینی روانگه

بۆ ناردنی روانگه پیویسته له ناو سیستم دابیت $s