كورد‌و شه‌ڕی غه‌زه
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - شه‌م Jan 17, 11:50 am
ره‌زا كه‌عبی
r.kaabi@yahoo.com
شه‌ڕی غه‌زه كه به كۆتایی هاتنی ئاگربه‌سی نێوان حه‌ماس‌و ئیسرائیل، به هێرشی مووشه‌كیی حه‌ماس بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ئیسرائیل ده‌ستیپێكردووه، له رۆژه‌كانی رابردوودا جارێكی دیكه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و كێشه‌ی ئیسرائیل‌و حه‌ماسی خستووته رو‌و میدیاكانی جیهان له سه‌روی هه‌موو روداوه‌كان، راپۆرتی له‌سه‌ر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
بۆ ئێمه‌ی كورد شه‌ڕی غه‌زه ده‌توانێ پڕ بێ له ئه‌زموون‌و دووپات نه‌كردنه‌وی هه‌ڵه‌كان. كێشه‌ی فه‌له‌ستین له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له 60 ساڵی رابردوو كراوه‌ته پاشكۆی كێشه‌ی گه‌وره‌تر‌و ناوچه‌یی كه به تایبه‌ت دوای كۆتایی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كردووته مه‌یدانی ململانێی زلهێزه‌كانی جیهان‌و تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه. كێشه‌ی فه‌له‌ستین هه‌ر له سه‌ره‌تا بۆته قوربانی گه‌لێك به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌یی‌و جیهانی كه گه‌لی فه‌له‌ستین تێیدا تواوه‌ته‌وه، به جۆرێك كه ئێستا دابه‌شكراوه به دوبه‌ره‌و دوو ناوچه‌ی جیاواز‌و گه‌لێك كۆمه‌ڵگای لێره‌و له‌وێ ده‌ربه‌ده‌ری فه‌له‌ستینی. هێزه سیاسیه‌كانی فه‌له‌ستین وه‌ها لێك جیاواز‌و دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه كه تێیدا گه‌لی فه‌له‌ستین‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌و مافه دیموكراتیك‌و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ی قوربانی یه‌كه‌مه.
له كێشه‌ی فه‌له‌ستین له 60 ساڵی رابردوو كۆنه‌په‌رستی حاكمانی عه‌ره‌ب، ململانێی شه‌ڕی سارد نێوان دوو زلهێزی سه‌ره‌كی جیهان‌و، بۆ ماوه‌ی زیاتر له نیو سه‌ده‌و ئێستاش فه‌نده‌مێنتالیزمی ئیسلامی كێشه‌ی فه‌له‌ستینی وه‌ها خستووته په‌ڕاوێزه كه چیدی هاوخه‌می‌و پشتیوانی گه‌لانی جیهان‌و هێزه پێشكه‌وتوو دیموكراتیكخوازانی جیهانی بۆ لای خۆی راناكێشێ.
ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب له كێشه‌ی چاره‌سه‌رنه‌كراوی فه‌له‌ستین یه‌كێك له تاوانباره سه‌ره‌كییه‌كانه. فه‌له‌ستین بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب بووه‌ته بیانویه‌ك بۆ داپۆشینی ساز‌و سه‌ودای خۆیان‌و درێژه‌كێشانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان‌و داسه‌پاندنی دیكتاتوری‌و ژیانێكی نزم بو خه‌ڵكه‌كه‌یان. له نێوان ناكۆكی دونیای عه‌ره‌ب بۆ ده‌یان ساڵ كێشه‌ی فه‌له‌ستین كرایه قوربانی. له‌شه‌ڕی ساردیش یه‌كه‌مین قوربانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كێشه‌ی فه‌له‌ستین بووه. ئه‌و شه‌ڕه گه‌وره ناوچه‌ییانه كه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له نێوان عه‌ره‌ب‌و ئیسرائیل رووی داوه، ماكی شه‌ڕی ساردی پێوه‌یه‌و ئه‌گه‌رچی كێشه‌ی عه‌ره‌ب‌و ئیسرائیل بووه‌و به‌وه‌ش ناوی ده‌ركردووه، به‌ڵام له پشت ئه‌و شه‌ڕه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كانی جیهانی نه زۆر پۆشراوه خۆی حه‌شار دابوو. پاش شه‌ڕی ساردیش، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یه‌كه‌م ناوچه‌یه له جیهان كه ده‌بوو هاوسه‌نگی هێزه‌كان له‌م ناوچه‌و كونتڕۆڵی ئه‌م ناوچه گرینگه ژئۆپلۆتیكه‌و ده‌وڵه‌مه‌نده جارێكی دیكه مانا بكرێته‌وه. لێره‌ش گه‌لی فه‌له‌ستین به جۆرێك بوه‌ته قوربانی. یاسر عه‌ره‌فات ره‌مزی به‌رخودانی گه‌لی فه‌له‌ستینی بۆ چه‌ندین ده‌یه، پشتیوانی له سه‌دام كرد‌و له داگیركردنی كوه‌یت‌و هه‌ڕه‌شه له عه‌ره‌بستان‌و تاوانی ئه‌م سیاسه‌ته پڕ له هه‌ڵه‌و مامه‌له‌گه‌رایانه‌ی عه‌ره‌فات، (ئه‌ویش له كاتیكدا كه جیهانی پاش شه‌ڕی سه‌رد به‌ره‌و ئاڵوگۆری گه‌وره هه‌نگاوی ده‌نا‌و پێویستی به خویندنه‌وه‌ی نۆێی بوو) ده‌بوو گه‌لی چه‌وساوه‌ی فه‌له‌ستین بیداته‌وه. هه‌ر چه‌ند پاش شه‌ڕی سارد، كێشه‌ی فه‌له‌ستین وه‌ك سه‌ره‌كیترین كێشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێگای خۆیی داوه به كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی دیكه‌و تا هاتووه كه‌وتووه‌ته په‌ڕاوێز كه له شه‌ڕی ئه‌م جاره غه‌زه، په‌ڕاوێزكه‌وتنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین زوو به زه‌قی به‌رچاو كه‌وته‌وه‌و كێشه‌ی فه‌له‌ستین‌و چاره‌سه‌ركردنی‌و هه‌روه‌ها مافه‌كانی گه‌لی فه‌له‌ستین‌و بزوتنه‌وه ره‌واكه‌ی جێگای خۆی داوه به كێشه‌ی حه‌ماس‌و ئیسرائیل. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه كه زۆرێك له میدیاكانی جیهان ته‌نانه‌ت ماسمیدیاكانی سه‌ر به زلهێزه‌كانی جیهان كوشتاری خه‌ڵك به تایبه‌ت منداڵان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه مه‌حكووم ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ ده‌نگێك جگه له كۆماری ئیسلامی، كه ئه‌ویش كه‌متر له حه‌ماس له په‌ڕاوێز نه‌كه‌وتووه، به هانای حه‌ماسه‌وه نه‌هاتووه‌و له‌م نێوه‌دا ئه‌وه كێشه‌ی فه‌له‌ستینه كه زۆرتر ده‌چێته په‌ڕاوێزه‌وه.
به هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی‌و سیاسه‌تی هه‌ناردنی شۆرشی ئیسلامی (صدور انقلاب اسلامی) كێشه‌ی فه‌له‌ستین بۆ كۆماری ئیسلامی یه‌كه‌مین پێگه‌و شوێنه كه ده‌توانێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بباته پێش. كۆماری ئیسلامی هه‌ر به هاتنه سه‌ركاری‌و “هه‌ناردنی شۆڕشی ئیسلامی” كه خۆی وه‌ك رزگار به‌خشی ئیسلام ناساندبوو، به‌ڵام له راستیدا بۆ دوورخستنه‌وه‌ی كێشه له سنووره‌كانی خۆی، ده‌ستی دایه بانگه‌وازی زۆر توند له دژی ئیسرائیل‌و سه‌رانی عه‌ره‌ب. له وه‌سیه‌ت نامه‌ی خومه‌ینی، سه‌رانی عه‌ره‌ب‌و له پێشیانه‌وه “مه‌لیك فه‌هد” وه‌ك “مفسد فی الارچ” ناوبران. به‌ڵام چنگ خستنه ناو كێشه‌ی فه‌له‌ستین له لایه‌ن كۆماری ئیسلامی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئاڵۆزیی له سنووره‌كانی خۆی‌و بۆ به لاڕێبردنی رای گشتی جیهان له كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بووه. كۆماری ئیسلامی له سی ساڵی رابردوودا به هه‌موو هێزو توانایه‌وه هه‌وڵیدا كه له كێشه‌ی فه‌له‌ستین هێزی تایبه‌ت‌و سه‌ر به كۆماری ئیسلامی درووست بكات‌و ئه‌م كێشه‌یه زۆرتر و زیاتر بكاته پاشكۆی سیاسه‌ته‌كانی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. كۆماری ئیسلامی له‌م سیاسه‌ته زۆر ناسه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، ئه‌گه‌رچی له‌و لاوه له ئیسرائیل باڵه هه‌ره تونده‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات ئه‌م هه‌ڵه‌یان گواسته‌وه بۆ دووبه‌ره‌كایه‌تی درووست كردن له ناو هێزه فه‌له‌ستینیه‌كان‌و له‌مباره‌وه هه‌وڵی زۆریان داوه. فه‌نده‌مێنتالیزمی ئیسلامی و حه‌ماس و جیهاد‌و زۆری دیكه به‌رهه‌می وه‌ها هه‌لومه‌رجێكن.
ئیسرائیل‌و سیاسه‌ته‌كانی له كێشه‌ی فه‌له‌ستین یه‌كێك له هۆیه‌كانی مانه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌و چاره‌سه‌رنه‌كردنی‌و به ئاڵۆزی هێشتنه‌وه‌یین. ئیسرائیل كه له 60 ساڵی رابردوودا، ده‌بێ وه‌ك پێگه‌ی ئه‌مریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چاوی لێبكرێت، به له‌به‌ر چاوگرتنی مافه‌كانی گه‌لی فه‌له‌ستین‌و به سیاسه‌تی زۆر توندی نیزامی‌و به له‌پێش گرتنی كوشتاری خه‌ڵكی بێ تاوان بۆ له‌باربردنی خه‌باتی ره‌وای گه‌لی فه‌له‌ستین، رێگای داوه به حه‌ماس كه له پشت چاره‌سه‌ر نه‌كردنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین خۆی حه‌شار بدات. ئیسرائیل ده‌بێ له خۆی‌و هه‌موو جیهان روونی بكاته‌وه كه سیاسه‌تی به‌رانبه‌ر به كێشه‌ی فه‌له‌ستین‌و بۆ چاره‌سه‌ركردنی چ پلانێكی هه‌یه. بیانووكردنی حه‌ماس‌و به هاتنه‌سه‌ر كاری هه‌ر كابینه‌یه‌ك‌و گۆڕینی سیاسه‌ت، نه‌خۆی ده‌توانێ له‌م كێشه رزگار بكات‌و نه ئاڵۆزی له ناوچه‌كه كۆتایی پێ بهێنێ. ئیسرائیل ناتوانی به شه‌ڕ‌و كوشتار منداڵانی بێ تاوان‌و ده‌سبردن بۆ چه‌ك كێشه‌كه كۆتایی پێ بینێ، به‌ڵكۆ ئاڵۆزتر‌و شیواوتری ده‌كات.
له ناو بزوتنه‌وه‌ی گه‌لی فه‌له‌ستین، شه‌ڕی غه‌زه به باشی نیشانی داوه كه هه‌ڵه‌كانی سیاسه‌تداڕیژه‌رانی كێشه‌ی فه‌له‌ستین له ناو بزوتنه‌وه‌ی ئه‌م گه‌له، یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی گه‌یشتنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین به‌م قۆناغه. ونكردنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی، بوون به پاشكۆی حاكمانی عه‌ره‌ب، سه‌دام، كۆماری ئیسلامی‌و ناو ناوه زلهێزه‌كانی جیهان، گه‌وره‌ترین دووبه‌ره‌كایه‌تی خستووه‌ته ناو فه‌له‌ستین. تێكه‌ڵكردنی ئایین‌و نه‌ته‌وه یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كانی لێكترازانی یه‌كگرتوویی گه‌لی فه‌له‌ستینه.
ئه‌زموونی 60 ساڵه‌ی گه‌لی فه‌له‌ستین‌و شه‌ڕی ئێستای غه‌زه، بۆ كێشه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌بێ زۆر بایه‌خی پێ بدرێت. له ناو ئاڵۆزیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئێستا‌و له داهاتوودا، كێشه‌ی كورد وه‌ك گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت، ده‌توانێ یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی بێ. بوون به پاشكۆی ئه‌م‌و ئه‌و، تێكه‌ڵكردنی ئایین‌و نه‌ته‌وه، لێكترازانی هێزه سیاسییه‌كان‌و بوون به دوژمنی سه‌ره‌كی یه‌كتر، ده‌توانێ چاره‌نووسێك وه‌ك كێشه‌ی فه‌له‌ستین بۆ ئێمه‌ش به‌دی بكات. كوان ئه‌و هێزانه‌ی هه‌ر له ئه‌مڕووه ستراتیژێكی روون ده‌به‌نه پیشه‌وه‌و له ناو ئاڵۆزی ناوچه‌كه، نقشه‌ی ریگائه‌م ستراتژییه ون ناكه‌ن؟
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)