كومه‌ڵكوژیی قاڕنێ، په‌ڵه‌یه‌كی ره‌ش له مێژووی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 4 شه‌م Sep 08, 3:15 pm
ئا: دواڕۆژ
له 28ی گه‌لاوێژی 1358 (19ی ئاگوستی 1979)، دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی ڕێژیمی ئێران بۆیان ده‌رکه‌وت خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئاماده نین ده‌ست له داخوازییه نه‌ته‌وه‌یی‌و دێموکراتییه‌کانیان هه‌ڵبگرن، خومه‌ینی ڕێبه‌ری کۆماری ئیسلامی فه‌رمانی جیهادی له دژی ئه‌و خه‌ڵکه ڕاگه‌یاند.
خومه‌ینی هه‌موو هێزه‌کانی ڕێژیمه‌که‌ی بۆ هێرشبردنه سه‌ر کوردستان ده‌نگ دا‌و شار‌و گونده‌کانی کوردستان له هه‌وا‌و زه‌وییه‌وه که‌وتنه به‌ر په‌لاماری شه‌ڕێکی نابه‌رامبه‌ر. به‌ڵام هێرشی هێزه‌كانی ڕێژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو له‌گه‌ڵ زه‌بره حه‌ماسییه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌و خۆڕاگریی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان به‌ره‌و ڕوو بوو.ده‌سه‌ڵاتی تازه به یارمه‌تیی جاش‌و خۆفرۆشه‌كانی ناوچه‌كه هه‌ر له خاکه‌لێوه‌ی 1358ه‌وه که‌وتبووه هه‌وڵی وه‌ڕێخستنی شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێوان دوو گه‌لی برا کورد‌و ئازه‌ری له‌م ناوچه‌یه‌دا.
“قاڕنێ” له چه‌ند کیلۆمیتریی شاری نه‌غه‌ده‌و له‌سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌کیی پیرانشارـ نه‌غه‌ده هه‌ڵکه‌وتووه. خه‌ڵکی ئه‌م دێیه تا ئێستاش بۆ دابینکردنی پێویستییه‌کانیان‌و بۆ کاروباری ئیداری هاتوچۆی شاری نه‌غه‌ده ده‌که‌ن‌و هه‌ر له کۆنه‌وه پێوه‌ندییه‌کی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ دانیشتووانی ئازه‌ری زمانی شاری نه‌غه‌ده‌و ناوچه‌کانی سندوس هه‌بووه. بۆیه کاتێک ڕۆژی 11ی خه‌رمانان، به سه‌دان چه‌کداری ژـ3 له‌شان‌و ته‌ور به‌ده‌ست له‌ژێر پشتیوانیی چه‌ند تانک‌و ماشێنی نیزامی ڕوویان له‌م دێیه کرد، باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد به‌م بێ‌ڕه‌حمییه بێ‌وێنه‌یه‌و ته‌نیا به تاوانی کورد بوون، به کۆمه‌ڵ له‌نێو ببرێن.
تاوانێک که دوانیوه‌ڕۆی 11ی خه‌رمانانی 1358 (2ی سیپتامبری 1979) به‌ده‌ستی به‌کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی‌و به هاندان‌و پشتیوانی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ڕێژیمه له قاڕنێ ڕووی‌دا، له‌گێڕانه‌وه نایه. له‌و ڕۆژه‌دا قاڕنێ بوو به تاقیگه‌ی جێبه‌جێکردنی فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی. هێزی په‌لامارده‌ر هه‌رکه‌سێک ده‌ستیان که‌وت، هه‌ر له منداڵی گاوان‌و شوان تا ژن وپیاوی سه‌ر موچه ومه‌زرا و پیر‌و په‌ک که‌وته‌ی نێو ئاوایی، دایاننه به‌ر ده‌سڕێژی گولله یا به بیور‌و قه‌مه له‌ت له‌تیان کردن. ته‌نانه‌ت مامۆستای ئاوایی، مه‌لامه‌حموود که قورئان له‌سه‌ر ده‌ست چووه تکایان بۆ ئه‌وه‌ی چیدی خه‌ڵکی قاڕنێ نه‌کوژن، نه‌ک هه‌ر خاتری نه‌گیرا، به‌ڵکو کوشتیان‌و سه‌ریان له له‌شی جیا کرده‌وه.
قاڕنێ له ماوه‌ی چه‌ند کاتژمێردا بوو به کوشتارگه‌ی 68 که‌س له دانیشتوانی‌و به‌م تاوانه‌ی ده‌رحه‌قی کرا، بوو به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی مافخورا‌و زۆرلێکرا‌و که بانگ‌و هاواری حه‌قخوازانه‌ی به دڵڕه‌قییه‌کی بێوێنه وه‌ڵام ده‌درێته‌وه. کوشتاری به‌کۆمه‌ڵی دانیشتووانی ئاوایی “قاڕنێ” به خاڵی ده‌ستپێکی ئه‌م پیلانه به‌ربڵاوه ده‌ژمێردرێ که دواتر له قه‌ڵاتان، سۆفیان، سه‌رووکانی، ئیندرقاش، قه‌ره‌گۆل، سه‌وزی‌و سه‌رچنار، حه‌سه‌ن لولان ، چه‌قه‌ڵمسته‌فا، خه‌ڵیفه‌لیان‌و زۆر شوێنی دیکه دووپات بۆوه.
قاڕنێ وه‌ک ده‌یان گوندی هاوچاره‌نووس، وه‌ک دایکه زامداره‌که‌ی نیشتمان، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌تا ئێستاش له‌نێو یادی خه‌مینی ڕۆڵه به‌ناحه‌ق کوژراوه‌کانی‌دا شه‌و‌و ڕۆژی ده‌خاته‌وه سه‌ر یه‌ک. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا هیچ ناوه‌ندێکی نێونه‌ته‌وه‌یی دادی خه‌ڵکی قاڕنێ‌و هه‌موو خه‌ڵکی زۆرلێکراوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی نه‌پرسیوه به‌ڵام خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ ڕزگاری له بنده‌ستیی نه‌ته‌وه‌یی‌و دیکتاتۆری‌و بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی شه‌هیده‌کانی هه‌ر به‌رده‌وامه‌و ڕۆژ به ڕۆژ به‌گوڕتر ده‌چێته پێش.
حه‌قوایه له‌م رۆژه‌دا داوای ئه‌وه بكه‌ین كه هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کانی جیهانی و کوردستان و ئیران که ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی به‌رز بکه‌نه‌وه بۆ ڕیسواکردنی ئه‌و کاره‌ساته نامرۆیانه‌ی که‌م وێنه بوون له جیهاندا که کرا به‌رامبه‌ر به گه‌لی کوردی سته‌مدیده‌ی کوردستانی ئێران.
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS



(No Ratings Yet)