كۆمه‌ڵه و كۆسپێكی تر
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 4 شه‌م Jun 10, 11:36 am
ره‌زا كه‌عبی
قه‌یرانی سیاسی و رێكخراوه‌یی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، به‌ره‌و لێكترازانی یه‌كجاریی باڵه‌كانی ئه‌م قه‌یرانه، به‌ره‌وپێش هاتووه. زیاتر له 3 ساڵه و پاش كۆنگره‌ی ده‌یه‌می كۆمه‌ڵه، له هاوینی 1383، ناكۆكیه‌كانی ناو ده‌فته‌ری سیاسی و پاشان كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، ناكۆكیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه تا هاتووه قووڵتر بووه و په‌ره‌ی سه‌ندووه. كۆنگره‌ی 11ی كۆمه‌ڵه له پاییزی ساڵی 1385 نه‌ك ته‌نیا نه‌یتوانی رێگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵكوو قه‌یران و ناكۆكیی ناو كۆمه‌ڵه‌ی خسته قۆناغێكی تازه‌وه. له كۆنگره‌ی 11 تا ئێستا كۆمه‌ڵه پێی ناوه‌ته قه‌یرانێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌تر. به‌شێك له رێبه‌ریی كۆمه‌ڵه كه رێبه‌ریی ناسراو و له‌مێژینه‌ی كۆمه‌ڵه‌ن و به‌و باڵه ناسراون كه زۆرترین ده‌ور و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر رێبازی ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه و هاتنه‌ده‌ر له حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بووه، وه‌ك باڵی ریفۆرم و لایه‌نگرانی چاكسازی له كۆمه‌ڵه و هه‌روه‌ها وه‌ك ره‌خنه‌گرانی ده‌فته‌ری سیاسی كه رێبازی ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌یان به لارێ‌دا بردووه، خۆیان ناساند. ئێستا پاش ئه‌وه‌ی كه باڵی سكرتێری ناو كۆمه‌ڵه “كۆنگره”ی جه‌ناحیی خۆی به‌ستووه، به ئاشكرا و به كرده‌وه جودایی خۆیانیان له باڵی ره‌خنه‌گر و ریفۆرمخواز و باڵی رێبه‌رانی ئه‌سڵیی ره‌وتی ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه مسۆگه‌ر كردووه. ئه‌م جوداییه بێ‌گومان له هه‌مان كاتدا جوداییه‌كی سیاسی و رێكخراوه‌یی له رێبازی ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌یه كه پاش هاتنه‌ده‌ر له حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، هه‌م كۆمه‌ڵه‌ی بووژانده‌وه و هه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رین له ده‌وری پێكهات.
ئه‌مه یه‌كه‌مجار نیه كۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ قه‌یرانێكی له‌م چه‌شنه رووبه‌ڕوو ده‌بێت. ئه‌گه‌ر مێژووی 30 ساڵه‌ی كۆمه‌ڵه و به‌تایبه‌ت 10 ساڵی یه‌كه‌می لێوانلێوه له خوڵقاندنی مێژوویه‌كی به‌نرخ له خه‌باتی رزگاریخوازیی گه‌لێكی بنده‌ست، له هه‌مان كاتدا پڕه له ئاڵ‌وگۆڕی سیاسی و فیكری و رێكخراوه‌یی و لێكترازان و دابڕین و به‌داخه‌وه رووداوگه‌لێك كه تا كاره‌ساتی دڵته‌زێن گه‌یشتووه. كۆمه‌ڵه چ وه‌ك رێكخراوێكی چه‌پ و چ وه‌ك حیزبێكی كوردستانی كه له 30 ساڵی رابردوودا یه‌كێك له دیارترین حیزبه‌كانی چالاكی خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگانه و دیپلۆماسی بووه، قه‌یرانگه‌لێكی بنه‌ڕه‌تی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه. وه‌ك ره‌وتێكی چه‌پ نه‌یده‌توانی ئه‌و ئاڵ‌وگۆڕانه كه هه‌موو بزووتنه‌وه چه‌په‌كانی له دونیا خسته ژێر كاریگه‌ریی خۆیه‌وه، له‌به‌رچاو نه‌گرێ و وه‌ك رێكخراوێكی كوردستانی سه‌ركه‌وتن و شكستی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان و شه‌ڕی پێشمه‌رگانه و ئاڵ‌وگۆڕه‌كانی ده‌یان ساڵی رابردووی كوردستان، ئه‌م رێكخراوه‌ی وه‌ك هه‌موو پارته‌كانی دیكه‌ی كوردستان، تووشی ته‌كان و شه‌كانی به‌هێز كردووه.
راپه‌ڕینی ساڵی 57 له ئێران، كۆمه‌ڵه‌ی خسته مه‌یدانێكی گه‌وره و هه‌ستیاری خه‌باتی جه‌ماوه‌ری. به‌خێراییه‌كی به‌رچاو له رێكخراوێكی بچووكه‌وه به‌ره‌و رێبه‌ریی بزووتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره هه‌نگاوی هه‌ڵگرت. كاك فواد وه‌ك سومبولی ئه‌م هه‌له مێژووییه له كاتێكدا ته‌نیا 11 مانگ پاش رزگاری له زیندان ژیا، ئه‌م قۆناغه‌ی به باشی رێبه‌رایه‌تی كرد. كۆمه‌ڵه‌ی بۆ خۆڕاگریه‌كی مێژوویی له به‌رامبه‌ر هێرشی كۆماری ئیسلامی ئاماده كرد. له یه‌كه‌م رۆژه‌كانی ئه‌م خۆڕاگریه‌دا، كاك فواد له ریزی پێشه‌وه گیانی به‌خت كرد. پاش كاك فواد ره‌وتێك له به‌شێك له رێبه‌ریی كۆمه‌ڵه ورده ورده كۆمه‌ڵه‌ی له رێبه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌وه به‌ره‌و رێكخراوێكی بچووك كه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئاڵۆزیی فیكری و سیاسیی خۆی ده‌سته‌ویه‌خه‌یه، كێشا. ئه‌م ره‌وته كۆنگره‌ی 2ی ساز كرد. به‌ره‌و پێكهێنانی حیزبی كۆمۆنیست چوو و گرووپێكی نه‌ناسراو و ناشۆڕشگێڕی بۆ هاوپه‌یمانیی خۆی هه‌ڵبژارد. له جه‌رگه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردستاندا بۆ پێكهێنانی “ئه‌نترناسیۆنالی پرۆلتێری” به‌ره‌و هه‌نده‌ران چوون. له یه‌كه‌م ناكۆكی و قه‌یرانی ناو حیزبی كۆمۆنیست و كۆمه‌ڵه، لایه‌نی كۆمۆنیزمی كرێكارییان هه‌ڵبژارد. پاش رۆیشتنی كۆمۆنیزمی كرێكاری، ئه‌م ره‌وته كه له كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیست مایه‌وه، به ره‌خنه له خۆ گرتن و به دووركه‌وتنه‌وه له‌م رابردووه توانیان متمانه‌ی لانیكه‌م به‌شێك له رێبه‌ری و كادره‌كان به‌ده‌ست بهێننه‌وه. پاش سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكیه‌كانی ناو حیزبی كۆمۆنیست و كۆمه‌ڵه له كۆتایی ده‌یه‌ی 70ی هه‌تاوی، سه‌ره‌ڕای هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره كه لێیان روویدا و باڵی ره‌خنه‌گری ناو كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی لاواز كرد، به‌ڵام به‌هۆی په‌یوه‌ست بوونیان به ره‌وتی ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه و رێبازی سیاسی و فیكری و رێكخراوه‌یی ئه‌م ره‌وته، توانییان هه‌لێكی مێژوویی بقۆزنه‌وه و هه‌ڵه‌كانی رابردوویان كه به‌راستی له به‌لارێدا بردنی كۆمه‌ڵه و لاواز كردن و تێكشكاندنی كادره‌كان و چه‌واشه‌كردنی مێژووه‌كه‌ی ده‌وری كاریگه‌ریان بوو، تا راده‌یه‌ك بشارنه‌وه.
به‌ڵام پاش 4 ساڵ له هاتنه‌ده‌ر له حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، ره‌وتێكی به‌پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی له ناو ده‌فته‌ری سیاسیی كۆمه‌ڵه و رێبه‌ریه‌كه‌ی دامه‌زراند. به ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی ئۆرگانه‌كان و به كێشانی رێبه‌ریی كۆمه‌ڵه به‌ره‌و قه‌یران، نه‌خشه و پیلانی به‌ده‌سته‌وه گرتنی كۆمه‌ڵه و یه‌كلا كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له ژێر ناوی “حیزبی پۆڵایین و تۆكمه” یا به وته‌ی سكرتێره‌كه‌یان، “حیزبی موجاهیدینی” داڕشت. ئه‌م نه‌خشه و پیلانه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی چاوه‌ڕوانی بۆ هێرش كردنه سه‌ر ئێران له لایه‌ن هێزه ده‌ره‌كیه‌كانه‌وه و هه‌روه‌ها بێ‌هیوایی ئاشكرا له ئاست بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه زۆرجار له قسه و باسه‌كانیاندا ره‌نگی ده‌دایه‌وه، هاوجیهه‌ت و هاوڕایه. هه‌ربۆیه كادر و مێژووی كادر و دیموكراسیی ناوخۆ، ریفۆرم و ئاڵ‌وگۆڕ له پێكهاته‌ی رێبه‌رییان كرده گاڵته‌جاڕ و تا توانییان چه‌واشه‌یان كرد.
ئێستا ئه‌م ره‌وته كه به باڵی سكرتێر ده‌ناسرێته‌وه، كۆمه‌ڵه‌ی به‌ره‌و لێكترازانی یه‌كجاریی باڵه‌كان بردووه. بێ‌گومان ئه‌مه كۆسپێكه. بێ‌گومان كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له كوردستان كه هیوایان به ره‌وتی ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه به‌ستبوو، تووشی نیگه‌رانی ده‌بن. بێ‌گومان ئه‌م كۆسپه ره‌وتی ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه و ره‌وتی بووژانه‌وه‌ی رێكخراوێك كه له ده‌یه‌ی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا دره‌وشا، تووشی نه‌كسه ده‌كات. به‌ڵام هیوا به هه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌م ره‌وته له كاتێكدا كۆمه‌ڵگای كوردستان و ئه‌و بزووتنه‌وه نوێیه‌ی كه توانیویه‌تی تا راده‌یه‌كی به‌رچاو خۆی بناسێنێ، ده‌توانێ هیوایه‌كی واقیعی بێت. ره‌وتی ریفۆرم و چاكسازی له كۆمه‌ڵه و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی كه له ده‌وری پێكهاتووه، تا راده‌یه‌ك وه‌ها هیوایه‌كی خستووه‌ته دڵی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه بووژانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه ئاواتیانه. به‌ڵام زۆر روونه كه وه‌ها بووژانه‌وه‌یه‌ك و پێكهێنانی سه‌ر له نوێی ره‌وتێكی چه‌پ و جه‌ماوه‌ری و رێبه‌ریی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی له كوردستان، ته‌نیا كاری ره‌وتی ریفۆرم و چاكسازی نیه. ئه‌م ره‌وته ته‌نیا به پێكهێنانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێز و گه‌وره‌ی سیاسی و رێكخراوه‌یی ده‌توانێ هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و داهاتوو مسۆگه‌ر بكات.
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)