هه‌رێمی كوردستان له گه‌مارۆی رانه‌گه‌یه‌ندراو 12-
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - شه‌م Jan 17, 11:32 am
ره‌زا كه‌عبی r.kaabi@yahoo.com
له مانگه‌كانی رابردوودا رژیمی كۆماری ئیسلامی بێ وچان تۆپبارانی ناوچه سنووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له سنووری حاجی عومران‌و قه‌ندیل درێژه پێداوه‌و له ماوه‌ی مانگی رابردوودا به‌رفراوانتر ئه‌م ناوچه‌ی تۆپباران كردووه. له ناوچه سنوورییه‌كانی دیكه‌ش، كۆماری ئیسلامی رۆژ نیه جینایه‌ت نه‌كات، رێگاوبان له خه‌ڵكی نائه‌من نه‌كا‌و هێزی سه‌ربازیی گه‌وره ئاڵ‌و گۆڕ پێنه‌كا. هه‌ر له رۆژه‌كانی رابردوودا هێزه‌كانی رژیمی ئیسلامی دوو هاووڵاتیان له ناوچه‌ی سنووری مه‌ریوان له خاكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بریندار كردووه‌و پاشان وه‌حشیانه كوشتیانیان. یه‌كێك له‌م هاووڵاتیانه خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه، كه رژیمی ئیسلامی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی داوای 100 هه‌زار دۆلار له بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌كا.
هه‌ر له ناوچه سنوورییه‌كانی قه‌ندیل، سوپای توركیه له مانگه‌كانی رابردوودا، ده‌یان جار ده‌ستی داوه‌ته بۆمبارانی ئه‌و ناوچه‌یه. سوپای توركیه زۆر جار‌و هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، بۆ هه‌ڕه‌شه له سه‌ر كوردستان‌و هه‌رێمه ساواكه‌ی ئاماده بووه. به بیانووی په‌كه‌كه، سوپای توركیه‌و ده‌وڵه‌تی ئه‌م وڵاته له هیچ چه‌شنه ده‌رفه‌تێك بۆ نیشاندانی دوژمنی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كۆتاییان نه‌كردووه.
كۆماری ئیسلامی ته‌نیا له سنووره‌كانه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستانی باشور‌و هه‌رێمه‌كه‌یان دوژمنایه‌تی ناكا. ئه‌م رژیمه به درێژایی دامه‌زراندنی هه‌رێمی كوردستان، بۆ تێكدانی ئه‌م هه‌رێمه، بۆ دوژمنایه‌تی سازكردن له ناو هێزه‌كانی هه‌رێم‌و بۆ كزكردنی توان‌و وزه‌ی سیاسی‌و ئابووری‌و ریگاگرتن له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه هه‌وڵی داوه‌و له رێگه‌ی جۆرا‌وجۆره‌وه بۆ دارووخانی هه‌رێم كار ده‌كات.
ده‌وڵه‌تی توركیه له رێگای جۆراوجۆری دیپلۆماسی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه، هه‌رێمی كوردستان بخاته په‌ڕاوێزه‌وه‌و گوشاری خستووته سه‌ر كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم كه مه‌رجه‌كانی توركیه بۆ پێوه‌ندی خۆیان قبووڵ بكه‌ن. چ توركیه و چ كۆماری ئیسلامی حازرنین هه‌رێمی كوردستان به ره‌سمی بناسن. دژایه‌تی له گه‌ل هه‌رێمی كوردستان له میدیاكان‌و هه‌مو جموجوڵێكی ئه‌م دوو وڵاته به زه‌قی دیاره.
هه‌روه‌ها له مانگه‌كانی رابردوودا، ده‌وڵه‌تی مالیكی گرفتی زۆری بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه. ناوچه‌كانی كوردستان كه له ده‌ستووری عێراق ئاماژه‌ی پێكراوه، نه‌خراوه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. ماده‌ی 140 تایبه‌ت به كێشه‌ی كه‌ركوك جێبه‌جێ نه‌كراوه. له خانقین‌و موسڵ به ئاشكرا گوشار خراوه‌ته سه‌ر هێزه كوردستانییه‌كان كه ئه‌م ناوچانه به‌جێبهێڵن. مالیكی داوا ده‌كا كه ده‌ستووری عێراق ئاڵ‌وگۆڕی به‌سه‌ردا بێ‌و هه‌رێمی كوردستانیش سكاڵای بردوه‌ته لای دادگای فیدراڵی عێراق.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یكه رژیمی ئیسلامی ده‌یه‌وێ به بیروڕای گشتی بسه‌لمێنێ، تۆپبارانی ناوچه سنوورییه‌كان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به باری ئه‌منی ئه‌م رژیمه‌وه له‌و ناوچانه نیه. تۆپه‌كانی رژیمی كۆماری ئیسلامی‌و هێرشی فڕۆكه‌كانی سوپای توركیه، له راستیدا هه‌وڵ‌و حه‌ره‌كه‌تێكی سیاسی نه زۆر شاراوه‌یه له هه‌ل‌ومه‌رجی سیاسی پڕ له ئاڵۆزی ئێستای عێراق. ململانێی نێوان هێزه‌كانی عێراق به كورد‌و شێعه‌و سوننه‌یه‌وه، له مانگه‌كانی رابردودا، ئاڵۆزتر‌و چڕوپڕتر بووه. دامه‌زراندنی عێراقێكی نوێ له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه خۆی پڕ كێشه‌و ئاڵۆزه، ناتوانێ له دیدو نه‌زه‌ری ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه دوور بمێنێته‌وه. له سه‌ر هه‌مویانه‌وه دامه‌زراندنی هه‌رێمێكی كوردستانی، پڕ گه‌شه له باری پیشه‌یی‌و ئابووری‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و دابینكردنی سه‌روه‌ریی بۆ گه‌لێكی زوڵم لێكراو، به تایبه‌ت بۆ توركیه و ئێران جێگه‌ی مه‌ترسییه.
ئه‌گه‌ر بۆ توركیه دامه‌زراندنی هه‌رێمێكی كوردستانی به هێز‌و گه‌ش بین به داهاتوو له درێژماوه‌دا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه، بۆ كۆماری ئیسلامی، بوونی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ل‌و مه‌رجی هه‌نووكه‌یی له ناوخۆی ئێران ناتوانێ به چه‌ند قات مه‌ترسیدار نه‌بێ. كۆماری ئیسلامی هه‌ر له یه‌كه‌مین رۆژه‌كانی دامه‌زراندنی خۆیه‌وه بۆ له‌باربردنی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانی عێراق، هه‌موو رێگایه‌كی تاقی كردوه‌ته‌وه. به دامه‌زراندنی هه‌رێمی كوردستان، رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئاشكرا‌و نه‌هێنی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه تێكی بدات، كزی بكات‌و به ئاڵۆزی بمێنێته‌وه.
هه‌ر بۆیه رێكخستنی هێزه‌كانی هه‌رێم، كردنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم به به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو گه‌لی كورد‌و به‌شداری كاریگه‌رتری خه‌لك و هێزه سیاسیه‌كانی هه‌رێم له چاره‌نوسی سیاسی‌و كه‌م كردنه‌وه‌ی ناته‌بایی ناوخۆیی هه‌رێم‌و هه‌روه‌ها پێكهێنانی هیواو هێز‌و ته‌وژمێكی گه‌وره‌ی كوردستانی له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان پێویستییه‌كی مێژووییه.
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)