هه‌ست‌و هێما؛ سیاسه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 4 شه‌م Oct 06, 12:09 pm
كاوه كه‌ریمی
هه‌ست واته هێزی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵان‌و وزه‌ی شۆڕش‌و، هێما كه به‌شێكی له‌و هێزو وزه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت‌و هه‌ندێجار له ناخی مێژووه‌وه پێكهێنه‌ری ئه‌و هێزو وزه‌یه‌یه، دوو ئاراسته‌ی سیاسی‌و ڕێچكه‌ی رێكخستنه‌كانی كاری سیاسین له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. زۆرجار ته‌نانه‌ت چركه‌ساته چاره‌نووسسازه‌كان له مێژووی گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا به خامه‌ی هه‌ست واژۆ ئه‌كرێن‌و بگره ده‌قه‌كه‌یشی چۆڕاویه‌كه له جۆگه‌ی هه‌سته‌كانه‌وه. هه‌ست بزوێنه‌ری گۆرانكارییه‌كان‌و ئاراسته‌ی به‌دواداچوونی كاتی، یا ته‌نانه‌ت (به‌ده‌گمه‌ن) به‌رده‌وامه‌كانه؛ به‌رده‌وام له‌چاو مانه‌وه‌ی وشه‌كان، به‌رده‌وام له چاو ته‌مه‌نی تاكه‌كه‌سانی پاڵه‌وانی حیكایه‌تی گۆڕانكارییه‌كان.
هه‌ست نه‌ته‌نها شێوازی لێدوان‌و بنه‌ماو ناوه‌رۆكی سیخورمه سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵكوو له ده‌ق‌و نووسراوه‌دا، له یاسا‌و ده‌ستووردا، له شێواز‌و فۆرمی كرده‌وه‌ییكردنیشدا ڕێچكه‌ی سه‌ره‌كیی‌و بنه‌مای “بوون”و “نه‌بوون”ی سیاسیی بووه: هاوپه‌یمان‌بوون، هاوقسه‌بوون، هاوهه‌ڵوێست‌بوون، هاوده‌نگ‌بوون، هاوبیر’بوون’و ‘نه‌بوون’ه‌كانی تر… له وڵاتانی زیاتر له‌حاڵی تێپه‌ڕ بۆ شۆڕشێكی تێكنۆلۆژیك، داب‌ونه‌ریتیی به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بناغه‌ی فۆرمی ئاراسته‌ی سیاسیی پێكدێنێت. تاكه‌كان (هه‌رچه‌ند له‌م ناوچه‌یه‌دا، وه‌ك یه‌كه‌ی هه‌ڵبژێر، بوونیان نییه‌و یه‌كه گه‌وره‌تره‌كانی تر، له سه‌ره‌وه هه‌ڵبژاردنیان بۆ شه‌رعی‌و ناشه‌رعی ده‌كه‌نه‌وه) له ڕوانگه‌ی ڕابردووی سیاسی‌و مێژووی عاتیفیی ڕێكخستن‌و پێكدادان‌و ڕێكه‌وتنه‌كانه‌وه سیاسه‌ت ده‌بینن‌و ڕووداوه سیاسییه‌كان سه‌یر ده‌كه‌ن‌و ته‌نانه‌ت به‌سه‌ریاندا دێت!.
ئامرازه‌كانی هه‌ست
كاتێك باس له هه‌ست ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له چوارچێوه‌ی كاری سیاسی‌و ڕێكخستندا، زیاتر لایه‌نه ‘كردار’یه‌كانی دێته پێش چاوو واتا بكه‌رییه خولقێنه‌ره ڕادیكاڵه‌كه‌ی خۆی ده‌رده‌خات، هه‌رچه‌نده خودی ئه‌و كرده‌یه‌ش، وه‌ڵامێكه به
ده‌ورووبه‌ر، به‌تایبه‌ت له ڕووه ده‌روونیه‌كه‌یه‌وه، كه وه‌ڵامی لۆژیكی‌و ئاسایی میكانیزمی مرۆڤه به سه‌ركه‌وتن‌و دۆڕان، ترس‌و بوێری، هیواو حه‌سره‌ت‌و باوه‌ڕو بێباوه‌ڕییه‌كانی ژیان. ئه‌م هه‌سته‌ی باسی لێده‌كرێت، چۆن خۆی ده‌رده‌خات؟ هه‌ست چۆن ‘ده‌هه‌ستێت’و ‘ده‌هه‌ستێنێت’؟ له‌وانه‌یه پێویست نه‌كات وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌ینه‌وه كه بۆ نموونه ده‌ڵێن: هه‌ست خولقێنه‌ره یا خولقاو؟[مه‌به‌ست خولقاوی سروشته].. ، لانیكه‌م له‌و ڕووه‌وه‌ی كه: ئێمه پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سروشتدا بژین، تێیدا ده‌ژین؛ ئێمه به‌شێكین له سروشت، به‌رهه‌می سروشتین، به‌ڵام به‌رهه‌می هه‌ست نین!(به‌ته‌واوی)، بۆیه له باڵاترین وێستگه‌ی بڕیاره‌كاندا واته سیاسه‌ت، هه‌ست ناتوانێت دیاریكه‌ری كۆتایی‌و دوابڕیارده‌ر بێت.
هه‌ست ناتوانێت دیاریكه‌ری كۆتایی‌و دوابڕیارده‌ر بێت چونكه هه‌ست له ڕێگای ئامرازه‌كانیه‌وه “ده‌هه‌ستێت”و “ده‌هه‌ستێته‌وه”، ئامرازه‌كانی هه‌ست كامانه‌ن‌و بۆچی كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێمه وه‌ك رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا ئێستاش وا قووڵه؟ … . پرسیاری وه‌ڵامی دووه‌م به‌هۆی یه‌كگرتوو بوونیه‌وه له‌پێشتر ده‌نوێنێت: بڕگه‌كانی دابه‌شكاریی مێژووی مرۆڤ له‌م ناوچه‌یه له چه‌ند ساڵی دواییدا ترافیكێكی قورسی شان‌هه‌ڵنه‌گری خستۆته سه‌ر هێڵه فكرییه‌كانی؛ به هێڵه حازره‌كانی خۆی وه‌ك جوگرافیای سیاسی‌و ره‌وشی فكری‌و هێڵه دیاریكه‌ره‌كان له ژیۆپۆلیتیكی دیاریكه‌ردا، كه ده‌كرێ جه‌نگ‌و دیمۆكراتیزاسیۆن، دوو ئاراسته‌ی ده‌ره‌كی، به‌ڵام له سه‌ر هێڵی ئه‌م ناوچه‌یه بن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پێكهاته دێرینه‌كان وه‌ك هۆزو عه‌شیره‌ته‌كان له‌م ناوچه‌یه تا ئێستاش سه‌ره‌كیترین پێكهێنه‌ره‌كانی نه‌ریت‌و كولتووری عه‌قڵیه‌تی پارێزگارن تێیدا. خولی پێكهێنه‌رو پێكهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و یه‌كه كۆمه‌ڵایه‌تیانه، سیاسیترو به‌شداریخوازانه‌ترو بنه‌ماییتر له ناوچه‌كانی هاوچه‌شنی دوورونزیكی دیكه هه‌ڵوێستی سیاسی[په‌رچه‌كرداری سیاسی]ی نواندووه ، ئه‌وێ وێستگه‌یه‌كی لۆژیكییه بۆ تێگه‌یشتن له‌و بنه‌مایه‌ی كه: سیاسه‌ت له‌م ناوچه‌یه عه‌شیره‌ییتره، به‌ڵام عه‌شیره سیاسی‌تر نییه!(له‌چاو ناوچه‌كانی تر)… . ئه‌وه خاڵی ده‌سپێكی ئامرازه‌كانی هه‌سته، وه‌ك شۆڕش..، واته یه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو راستیی ته‌ریب، به‌ڵام ناهاوتا له‌گه‌ڵ یه‌ك.. .
هه‌ڵچوون‌و پاشگه‌زبوونه‌وه: دوو دیوی پوولێكن، پوولێك كه له كاتی وه‌رچه‌رخان‌خوازییه‌كدا ڕوو ده‌كرێت. له هه‌ڵچووندا “به‌ها” كان ده‌وری سه‌ره‌كی‌و دیاریكه‌ر ده‌نوێنن؛ بوێربوون به‌گژداچوونه‌وه له هه‌وڵ بۆ ڕاگرتنی باڵانسێكی عاتیفی له ژێرناوی ‘تۆڵه’ ، گه‌وره‌ترین ڕێگره له به‌رده‌م ده‌ربڕینی دۆخی ئێستاكه‌دا، به‌رامبه‌ر به دواكه‌وتنه له‌و ده‌ربڕینه پاشگه‌زبوونه‌وه، له ژێر گوشار‌و خۆڕێكخستن بۆ قوربانیدانێكی به‌رهه‌ق كه جێگا له بیرۆكه‌ی تاكدا خۆشده‌كات.
عیشق‌و چاوه‌ڕوانی: عیشق، ویستن تا ئه‌وپه‌ڕی سنوور‌و توانه‌وه‌یه‌كی مه‌جازییه له بوونێكی مه‌جازیی له دنیای سیاسه‌تدا. عیشق به خاك‌و نیشتمان، به نه‌ته‌وه‌و حیزب‌و شۆڕش، عیشقه به‌و شتانه‌ی ده‌ربڕینیان له ته‌نگانه‌و له ناو ‘حه‌سار’ی “سه‌گه‌كانی باوكم”[چیرۆكی كۆمه‌ڵناسانه‌ی به‌ناوبانگی شیرزاد حه‌سه‌ن] دا شتێكی وه‌ك نه‌خوێندنه‌وه‌ی لۆژیكی سیاسیی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌رده‌وام نه‌بوونی ستراتێژیك‌و قرتانی تاكتیكیش ته‌نانه‌ت… ؛ ده‌ربڕینی عیشقی سیاسیی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، تێرۆریزم‌و شكاندنی جه‌ماوه‌ر ی لێكه‌وتۆته‌وه، له حاڵێكدا ڕۆژانه، هه‌ر له‌م ناوچه‌یه‌و له كوردستان، خه‌ڵك به تاوانی عیشقی جێنده‌ری، عیشقی سێكسی ده‌كوژرێن‌و ده‌كوژن‌و به پێشوازیشه‌وه بكوژ وه‌رده‌گیرێت!… كوژراوی قوربانی، بكوژی قوربانی‌تر. بێگومان عیشقی سیاسی، له‌و عیشقه مۆدێرن(!)انه نییه كه به هۆیه‌وه نه‌توانین “غیره‌تی” نه‌بین‌و له‌په‌نایدا وه‌ك كوشتن له‌سه‌ر كچه هاوڕێ داگیركراوه‌كه‌مان، شانازی پێوه نه‌كه‌ین، چۆنه كه وه‌ك ‘عیشق’ وه‌رنه‌گیراوه؟!… .
شانازی‌و شه‌ره‌ف، له چه‌مكه گرنگه‌كانی تری هه‌ستاندنن كه بازنه‌كه‌یان ته‌نراوتر له دوو ته‌وه‌ری پێشوو، واته ‘خوازراو’و ‘نه‌خوازراو’ له بازنه‌ی شوێندا قه‌تیس ماوه‌ته‌وه‌و خه‌ریكی سوڕخواردنه‌وه‌یه… ،كه له جێی خۆیه‌وه له‌سه‌ر پێكهاته‌ی نه‌خوازراوی “هه‌ڵچوون”و خوازراوی “عیشق” كاریگه‌ریی ده‌بێت؛ شانازی به واتای هه‌قیقه‌تی دوور له ده‌مارو، شه‌ره‌ف به واتای پێبه‌ندیی ویژدانی. سێ خاڵی حازر، تێكئاڵانێكی جارنه‌جار گرێكوێره پێكدێنن كه سه‌رلێشێوانی هه‌ست‌ی سیاسیی لێكه‌وتۆته‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
ئاكام، وه‌ك هێما
ده‌توانین بڵێین هێما، خاڵی ئه‌وپه‌ڕی هه‌ستاندنی شته‌كانه. ڕه‌مزو وێنای بناغه‌یی له‌سه‌ر ڕاوه‌ستاویی خه‌ڵك‌و، ڕه‌وتی ساغه‌وه‌بووی مێژووی دیارده‌كانه. ئه‌گه‌ر سێكوچكه‌ی: “په‌له_عیشق_ ویژدان” ده‌توانێ پێكهاته‌ی هه‌ست له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدا بناغه‌داڕێژبكات، ئه‌وا هێما هه‌یكه‌لی براوه‌ی ناوه‌ڕاستی ئه‌و سێكوچكه‌یه كه كرداری سیاسیش له پێوه‌ندییه‌كی سه‌یروكلاسیكیدا، قه‌تیس ئه‌مێنێته‌وه به رواڵه‌ت‌و فۆرمێكی نۆستالۆژیكه‌وه، ستایل لێره‌دا ده‌ق دیاریده‌كات‌و ناوه‌رۆك له ڕواڵه‌ته‌وه گیان ده‌گرێت. له ڕۆژهه‌ڵاتی ناو‌ڕاست‌و له كوردستان به هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه، كرداری سیاسیی شوێنكه‌وتووی ناو‌و تابلۆیه، تا ئاراسته‌و ده‌قی پێگه‌یشتووی مێژووی، ڕوانین له په‌نجه‌ره‌ی لێكدانه‌وه‌وه، زۆر لاوازتره له ئاسۆی ڕوونی سه‌ركه‌لی هێمای تاكه‌كه‌سه ڕابه‌ره‌كان؛ شوێنه‌وارو ناوچه مێژوویه‌كانی شۆڕشه‌كان قودسیه‌تی سێمبۆلیك وه‌رده‌گرن‌و ئه‌گه‌ر نه له جلی ئۆتۆریته‌ی زاڵ‌و سێبه‌ری كاریزمادا، له به‌رگی ڕێز‌و ئه‌مه‌گدا، داهێنانه‌كان سه‌ركوت ده‌كات.
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)