وتوو وێژ
وهشانگهر رزگار - 4 شهم Jul 08, 3:49 am
رۆژى 14/4/2007 رەوتى رێفۆرمى ناو کۆمەلەى شۆرشگێرى کوردستانى ئێران بە دەرکردنى بەیاننامەیەک دامەزرانى خوى راگەیاندء هاوکات رەخنەى لە رێبەرایەتى کۆمەلە گرت کە حیزبەکەى بەرەو لاوازى بردوە.
عومەر ئیلخانى زادە کە بە کەسى دووهەمى ناو کۆمەلە دەناسرێ، سەرپەرشتى بالى رێفۆرمى گرتوتە ئەستۆ. ئەو لەم چاوپێکەوتنە تیشک دەخاتە باروودۆخى ناو خوى کۆمەلەء بەرنامەکانى رەوتى ریفۆرم لەم حیزبەدا
خالید محەمەدزادە
چ پێویست بە بلاوکردنەوەى ئەو نامەیە بوو بۆ دەرەوەى کۆمەلە؟ ئایا نەدەکرا لە ناو خوى کۆمەلە دا ئەو کێشەء مەسەلانەتان باس بکردایە؟
ئێمە لە ناو خوى تەشکیلات بە وردى ئەو مەسەلانەمان باس کردبوو. تەقریبەن شتێکى وەک ئەو بەرنامەیە من لە کونگرەى 11 پیشکەشم کرد دەتوانم بلێم کە سەنەدێک بوو کە پێشکەش کراء زۆریش پێشوازى لێ کرا بەلام هێندێک چەواشەکارى هاتە گۆرێ، هەم لە ناو خۆمانء هەم لە دەرەوەى کۆمەلە سەبارەت بە باسء قسەکانى ئێمەء هەرکەس و بە جۆرێک تەفسیرى دەکرد. ئەوە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەى ئێمە دەبوایە بە نوسینء فۆرمولەکراو قسەى خۆمان بکەین. دووهەم شت ئەوە بوو کە رەوتى زال بە سەر کومیتەى ناوەندیى کۆمەلە جۆرە شێوازء کارێکى هێنایە گۆرێ کە ئەویش بە سیاسەتى پالپێوەنانء گوشارخستنە سەر کادرەکانء بە سیاسەتى سرینەوە دەیانویست بەو شێوە خۆیان تەیار بکەن بۆ کونگرەى 12ى کۆمەلە(کنگرەى داهاتوو). بۆ ماوەیەکیش ئێمە تەحەممولى ئەوەمان کرد کە بەڵکوو دەست لەوکارو خرقاتانە هەڵبگرن کە بە داخەوە ئەو هاورێیانە ئیدامەیان دا. لە هەمان کاتدا هەر کام لە ئێمەش لەو شۆرشە ناسراوبووینء کارمان کردوە دەبوا روو بە خەلکى کوردستانء هەموو تەیفى کۆمەلە قسە بکەینء جیاوازییەکانى خۆمان باس بکەینء هەروەها تەفسیرى خۆمان لە سەرخەتى کۆمەلە باس بکەین. تو بۆ خوت یەکێک لەو کەسانە بووى کە دیمانەت لە گەل هاورێ عەبدولا موهتەدى کردوەو ئەو لە گەل تو قسەى خۆى کردبوو لە سەر مەسەلە تیئۆریەکانى کۆمەلە. جا زۆر سرووشتیە ئێمەش قسەى خۆمان بکه¬ین. من ئەوانە بە هۆکارى سەرەکى دەزانم بۆ ئەوەى ئێمە قسەى خۆمان بکەین. ئەوجار با لە حیزبى کوردى کەلتوورى شەفافییەت بێتە گۆرێء باسەکانء جیاوازى روانگەکان بابێتە گۆرێء خەلک ئاگادار بن. خەڵکى بۆ دەبێ نەزانن چى دەگوزەرێ. دەبێ خەڵکى فێرى ئەو چەشنە لە حیزبایەتى بکەینء بۆخۆشمان فێربین لە گەل جیاوازییەکانمان رێز لە یەکتر بگرین بۆ ئامانجێکى هاوبەش.
باسى رەوتێکت کرد کە بە وتەى تۆ سیاسەتى حەزفء سرێنەووء پالپێوەنانى گرتوتە بەر، ئەو رەوتە لە لایەن کێیە کارى لە سەر دەکرێء سیاسەتى پالپێوەنان دژ بەکێ بە کارى دەبەن؟
من لام وایە لە لایەن دەفتەرى سیاسى دواى کونگرەى 11ى کۆمەلەوە هیدایەت دەکرێء زۆرتر رووى لە هاورێیانى رەخنەگر بووە. ئێمە هەروەک لەء نوسراوەیەدا باسمان کردوە لایەنێک لە کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەلە بەشێک لە تەشکیلات دەداتە بن هەنگڵى خوىء تەنانەت لە هەڵەو کەموکورییەکانى چاوپۆشى دەکاء دژ بە لایەنەکەى دیکە زۆر توند هەلوێست وەردەگرێ یا ئالۆگۆرى دلخوازى خۆى لە ئۆرگانەکانى تەشکیلات بۆ مەبەستى خوى پێک دێنێ.
باشە هەلویستى لایەنى بەرامبەرتان یا روانگەى زۆرایەتى کومیتەى ناوەندیى کۆمەلە بەرامبەر ئەو نوسراوەیەی ئێوە چى بووە؟
ئەوان دەلێن ئێمە70%ى ئەوانەى ئێوەمان قبوولەء دەلێن ئێمەش وا بیر دەکەینەوەو ئەوانە هەر نەزەرى کۆمەلەیەء پێویستى نەدەکردء راگەیاندیشى لە لایەن ئێوەو کارێکى باش نەبوو. ئەوە بۆچوونى ئەوانە. بەلام ئەو هاورێیانە دەبێ جواب بدەنەوە ئایا مەرامنامەى کۆمەلە کە قەرار بوو گۆرانکارى تێدا بکرێء ئیسلاح بکرێ ئێستاش هەمووى بۆ ئەوان قابیلى قبوولە؟ ئایا ئەوان کام بەشیان قبولە و کام بەشیان قبول نییە.
بۆ تو چى؟ ئایا ئیستاش بۆ توقابیلى قبوولە؟
من لەو مەرامنامەیە تێ پەریوم. خەتى رەسمى کۆمەلەش لەوە تێ پەریوە. بە راستى بەندى یەکى ئەساسنامەء ئەو پێرەوەى ناوخۆیەى ئێمە کە هەمانە هەمووى قابیلى دیفاعە؟ ئەوانیش دەلێن گۆرانکارى دەوێ، بەلام دەبێ لە جێگایەک دا بلێن گۆرانگارییەکان چونە؟ ئێمە لە باسى رێکخراوەیى دا خەتە گشتییەکانى ئەو گۆرانکارییەمان بە بارى دێمۆکراتیکدا باس کردوەء ئەوانیش دەبێ کونکرێت لە سەر ئەم مەسەلانە بدوێن. ئێمە ئەوانە دەکەین بە پلاتفۆرم. ئێمە شتى تایبەتیمان دەوێ بۆ پێرەوى ناوخۆ. منء هاورێ رەزا کەعبى کە دووکەسین ئەو نوسراوەمان ئیمزاکردوە بۆ خۆشمان ئەندامى کومیسیونى ئامادەکارى کونگرەى داهاتووین بۆیە لەوێش ئێمە قسەى خۆمان دەکەین. من پێم وایە کۆمەلە پێویستى بە بەیانییەکى سیاسى هەیە کە دەبێ لە کونگرەى 12 بە وردى دەبێ قسەى خوى بکاء بلێ لە کوردستان چى دەوێ نەک شتى گشتىء عام. چى بە تەمایە بگۆرێء چى دەکا؟
بە نیسیبەت ساختارى کۆمەلەوە چى. ئێستا نەک هەر کۆمەلە، هەموو حیزبەکانى رۆژهەلاتى کوردستان لە سە رساختارى نادێموکراتیکء لە سەر بناغەى حیزبى مارکسیست ـ لنینیستى دامەزرانء ئێستاش سانترالیزمى دێموکراتیک لەم حیزبانە بوونى ماوە؟ ئێوە دەتانەوێ چى بکەن؟
ئێمە بە سەراحەت گووتوومانە سانترالیزمى دێموکراتیک بۆ ئێمە قابیلى قبوول نیەء حیزبى لنینى قابیلى دیفاع نیە. ئێمە حیزبى لنینستیمان قبول نیە، ئێمە بە روونى لەو بوارانە دواوینء باسى سوسیالیزمى دێموکراتیکمان کردوە. ئەوان بە ئێمە دەلێن 70% ى شتەکانى ئێوەمان قبوولە، ئەو هاورێیانە دەبێ کونکرێت بلێن چیان قبوولە. من تا ئێستا شتێکى رەسمیم نەدیوە لییان. من نامەوێ بچمە وەلامى قسەى زارەکى کە کراوەو دەکرێ. ئەگەر ئەوانە هەر خەتى کومەلەشە، با جارێکى تر بیلێنەوە.
رەوتى ساغکردنەوەى کۆمەلە بۆ نەیتوانى وەلامدەرى ئەو داواء چاوەروانییەى ئیۆە بێ؟
کۆمەلە نزیک بە حەوت ساڵ لەوە پێش گۆمەکەى لە کوردستانى ئێران شڵەقاند. هەر ئەوەى لە حیزبى کمونیست هاتە دەرێء رایگەیاند کە حیزبێکى کوردستانیە بایەخى زۆرى هەبوو. من پێم وانیە رەوتى ساغکردنەوەى کۆمەلە شکستى خواردبێ بەڵکوو پیشرەوى گەورەى کردوە، کەموکوریشمان بووە، ئێمەش هەموومان هاوبەشین لەو کەمووکوڕیانە، بەلام هەموو مەسەلەکە لێرەدایە کە ئێمە ئەو هێزو وزەمان نەکردوە بە رێکخستن. من یەکێک لە کاربەدەستانى کۆمەلە بوومء هەم، ناتوانم خۆم لەو رەخنەیەش پاک بکەمەوە. ئێمە دوا کەوتین کە پێ بە پێى رەوتى ساغکردنەوەى کۆمەلەء پێ بە پێى بزووتنەوەى خەلکى کوردستان لە ناو خودا بچینە پێش.
بەلام خۆ لە رەوتى ساغکردنەوەى کۆمەلەش بەشێک لە ئەندامانى کۆمەلە لەگەلتان نەکەوتنء لە ناو حیزبى کمونیست مانەوە. ئێَوە وەک بالى رێفۆرم راتان لە سەر کومەلەى حیزبى کمونیستء هاورێیانى پێشووتان چیە؟
ئەوەى ئەوان لە گەل ئێمە نەکەوتنء ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە قانعیان بکەین من تەنیا بە داخم بۆى ء زۆر ئەفسووس دەخۆم. حەولیشم بۆ ئەوەیە کە رۆژێک بتوانین یەک بگرێنەوە بەلام ئەوکاتیش رەوتى زال بە سەرکومیتەى ناوەندیى کۆمەلە نەیهێشت باسء دیالۆگ بە ئاسانى بچێتە پێشء بە شێواندن ء هەلاسازکردن مەسەلەکەیان ئالۆز کرد. بەلام من پێم وایە ئەوانیش بەرهەمء سەرمایەى کۆمەلەنء هیچ کات لە کومەلە بوون نایانشۆمەوەء چ ئەوانەى دەلێن حیزبى کمونیست هەر کۆمەڵەیەو دەبآ بە ناوى کۆمەڵە کار بکەین ء چ ئەوانەى دیکەشیان کە وەک ئەمان بیر ناکەنەوە. ئەو قسەیەى کە یەک دوانێکیان کردوویانە سەبارەت بە ئێمەء دەلێن بە ئێمە “کۆمەلە نین” تەنیا هى کورت بینى سیاسیانەء هیچى تر و کەسیش بە جیدى وەرناگرێت.
ئەم پێشوازییەى تو لە کۆمەلەى کمونیست پێت وانیە ناکۆکى هەبێ لە گەل دیدگاى کاک عەبدولا موهتەدى بە نیسبەت ئەوانەوە کە کاتى خوى لەگەل من وتى “حیزبى کمونیست گۆرێکى بە کۆمەلە بۆ کادرەکانى کۆمەلە”؟
نا من لە گەل ئەو قسەیە نیم.
ئەى رات چیە لە سەر قسەکانى عەبدولا موهتەدى لە سەر پژاکء پەکەکە کە وتبووى” ئەوان لە گەل شەیتان مامەلە دەکەن”؟
من پێم وایە پژاک هێشتا حیزبێکى رەسەنى کوردستانى ئێران نیە. ئەو کارانەى پژاک دەیکا زیاتر ئالۆزکردنە نەک سیاسەتێک بۆ کوردى رۆژهەلات. ئەوان بەشێکن لە پەکەکە بەلام من بە هیچ جۆریبَک پژاکء پەکەکە بە دۆژمنى خەلکى کوردستان نازانم. سیاسەتى زۆر هەلەیان هەیە کە زیانیان گەیاندوە بە خەلکى کوردستانى رۆژهەلاتء بەلام ئەوانیش بەشێکن لە هێزى کوردى. من زۆر کەسى پژاک دەبینم کە چالاکى سیاسینء خەباتکارن ئێمە دەبێ مەرز دابنێین لە نیوان ئەوەى کە سیاسەتیان هەلەیەء لە گەل ئەوەى کە خەلکانى خەباتکاریشیان لە گەلدایە. من رەخنەی توندم هەیە لە خودى بەرێوەبەرانى پژاکء پەکەکە کە ئاژیتاسیونى زۆر هەلەء غەلەتیان دژ بە کۆمەلە وەرێخستوە.
باشە ئەم ئاژیتاسیونە ناگەریتەوە بۆ قسەکانى کاک عەبدولا موهتەدى؟
بەلێ وایە ئەگەر رەخنەم لەو قسانەى هەیە کە بریا نەیکردایە رەخنەى توندیشم لە هەلوێستى ئەوانیش هەیە کە شتى زۆر ناشیرینیان بە نیسبەت کۆمەلە و رێبەرانیەوە وتووە، مەحکومى دەکەم و دیالۆگ و تێکۆشانى سیاسى وا نابێ.
ئێوە رەخنە لە پژاک دەگرنء دەلێن سەر بە پەکەکەیە، لە هەمان کات دا هێندێک کەس پێیانوایە یەکیەتى لە پشت رەوتى ساغکردنەوەى کۆمەلەوە بووە، تودەلێى چى؟
من بە تەواوى ئەوە رەد دەکەمەوە کە یەکیەتى دەستى بووبێ لە جیابوونەوەى ئێمە لە حیزبى کمونیستى ئێران. ئەوە زۆر نارەوایە. هەروەها رەدى دەکەمەوە کۆمەلە بەشێک بێ لە یەکیەتى نیشتمانى یا دروستکراوى یەکیەتى بێ. نە کۆمەلە گرێدراوى یەکیەتیەء نە کومەلەش گووتویە رێبەرەکەمان و سەرچاوەى بیرمان، جەلال تالەبانیە بەلام پژاک دەلێ ئۆجەلان هەرچى بڵێ ئەوە راى ئَێمەشە بەلام کۆمەلە واى نەگوتوە.
ئێستا قبوولى دەکەى کە دوو کوتلەى سەرەکى لە ناو کۆمەلە دا هەیە؟
من پێم وایە ریزبەندییەک هەیە. دوو لایەن هەیە. بەلام مەرج نیە ئەمە تا سەربمێنێ.
چون؟
من پێم وایە دیالۆگء قسەکردن زۆرێک لەوانە دەگۆرێ
یانى بالەکان تێکەل بە یەک دەکرێن یا لێکدابرانەکە قوولتر دەکاتەوە؟
من هیوادارم هەموو شتەکانى رەوتى چاکسازى ببێ بە رەوتى زال لە کۆمەلەدا و یەکگرتویى پتەو بێتەوە ناو ریزەکانى کۆمەڵە.
پێت وایە لایەنى بەامبەر ئەم بەرنامەى ئێوە قبوول دەکا؟
دەبێ هەوڵى بۆ بدەین بەشێکى دەنگ و هێز دەیبرێتەوەء بەشێکى دیکەش قەناعەتء دیالۆگ دەیبرێتەوە. هەموومان دەلێین گۆرانء لایەنێک هاتووە شتەکانى خوى وتوەو ئەوەى تریش دەبێ شتەکانى خوى بلێ.
بەلام لە کونفرانسى سکاندیناوى لایەنى بەرامبەر هەموو ئەندامانى ئێوەیان حەزف کرد ئەمە سەرەتایەک نیە بۆ حەزفء دەرکردنتان لە کۆمەلە؟
پێش ئەوەش هەولى حەزفى ئێمەیان داوە ئەوە بە کارێکى هەلە دەزانم. من پێم وایە کەس ناتوانێ کەسى دیکە لە کۆمەلە حەزف بکا. هەر کەس سیاسەتى سرینەوە پێرەو بکا زەرەر دەکا سیاسەتى پاکتاوکردن نایباتەوە.
باشە سکرتێرى ئێستاى کۆمەلە لە کوێى ئەو کۆتلەبازى وێستاوە؟ سەربەخۆیە یا پالى داوە بە لایەنێک؟
یەکێک لە کێشەکانى ئێمە ئەوەیە کە سکرتێرى کۆمەلە هەولى داوە بۆ خوى جیناح دروست بکا. من رەخنەم لەوە هەیە. بۆیە هێندێک کەسیش دەلێن ئەوە کێشەى دەسەلاتء کورسیە. ئەمە بە تەواوى ناراستە. هیچ کەس دژى سکرتیربوونى هاورێ عەبدولا موهتەدى نییە. تا ئیستاش شتى وامان باس نەکردوە.
ئەى سکرتێرى کۆمەلە چ پێویست بە کوتلەبازى هەیە؟
ئەویش بۆ خوى هەلسووراوێکى سیاسیەء چەشنێک ئۆلگووى حیزبایەتى دەوێ ئەوە بە قازانجتر دەزانێ بۆ رەوتەکەى خوى و منیش بە زیانى دەزانم.
ئێوە پێتان وایە ئەو رەوتەى کاک عەبدولا رێبەرایەتى دەکا بە قازانجى کۆمەلە نیە؟
من لام وایە ئەو چەشنە لە حیزبایەتى لە کوردستان دا باوى نەماوە. ئەو جۆرە حیزبانە لە جیهان دا شکستیان خواردوە. حیزبى یەکدەست بە باوەرى من مەعقوول نیەء باوى نەماوە.
رەخنەى تایبەتى تو لە کاک عەبولا چیە؟
من لە بوارى سیاسیەوە خوم بە نیزیک لە کاک عەبدولا دەزانم. تازە شەرت نیە هەموو ئەوانەى دەکرێن لە کۆمەلە سیاسەتى بە دڵى ئەو بن.
تو بە ئاوات بووى ئەو چ کارێکى نەکردایە؟
من کاتى خوى بە خۆیم وتوە ئەو کارێکى خراپى کرد چووە ناو جیناحەوە
کە باس لە رێفۆرم دەکرێ هاوکات پێشبینى ئینشعابش دەکرێء تازەترین نموونەشمان حیزبى دێموکراتە، پێت وایە کەلتوورى کۆمەلە تەحەمموولى ئەو داوایانەى ئێوە دەکا یا سەرەنجام ئیشعاب روو دەدا؟
من پێم وانیە ئیشعاب روو بدا. ئینشعاب بۆ هەر دوو بال بە زیان دەزانم. ئێمە داواى شەفافییەت دەکەین. ئێمە داواى بەشدارى زیاترى خەلک لە ژیانى کۆمەلە دەکەین. ئەوەش نابێ ببێتە هوى ئیشعاب. لە هەمان کاتیش لایەنگرى لە رەوتى ئیسلاح ئیجگار زۆرە. رەفیقەکانى دیکەمان نالێن موخالیفین بەلام ئێمە فشار دێنین کە مەسەلەکان زیاتر روشن بێتەوە. ئێمە هەولى خۆمان بە دژى جیابوونەوە دەدەینء ئێمە هیچ پێویستیەک بە جیابوونەوە نابینین.
ئەى ئەگەر نەتانتوانی تەئسیر لە سەر لایەنى بەامبەر دابنێنء ئەوان سیاسەتى حەزف پێرەو بکەن ئێوە چى دەکەن؟
منم پێم وایە کۆمەلە لە دەست خۆیان دەدەن؟
چون؟
هەر کەس وا بکا لە رەوتى کۆمەلە خاریج دەبێ. پێم وانیە ئەو هاورێیانە کارى وا بکەن. ئەگەر لە دەورەیەک دەستیان پێ کردوە ئێستا دەبێ ئیحساسى بەرپرسیارەتى زیاتر بکەن.
لەو نوسراوەیەى خۆتان باسى بەشى دارایىء مالى کۆمەلە دەکەن دەلێن نابێ پارەى کۆمەلە لە دەستى تاکەکەس بێ، مەبەست چیە؟
ئێمە بە شێوەى گشتى ئەو قسەمان کردوە. بارى دارایى لە کاتى کێشەکانى ناو کۆمەلە و حیزبەکانیتریش تا ئێستا هەر لایەنێک کە دەسەلاتى بووە بە داخەوە لەوەش کەڵکى وەرگرتوە بۆ کزکردنى لایەنى بەرامبەرىء ئێمەش چونکە ئەوە بە شتێکى گرنگ دەزانین وتومانە ئەوە بە کۆمەل ئیدارە بکرێء لە دەست کومیتەى مەرکەزى دا بێت. ئێمە تەنیا کێشەمان لە سەرچونییەتى ئیدارەى مالى هەیەء قسەمان هەیە لە سەرى.
تێ بینى: ئەمە بەشێکى کەم لە چاوپێکەوتنێکى 3 سەعاتەى خالید محەمەزادە لە گەل بەرێزعومەر ئیلخانى زادەیە
Komala Party له Twitter, ڵاپهڕی ئێمه له Facebook .وهرگرتنی بابهتی نوێ له رێگهی RSS


(No Ratings Yet)