وتوێژی رۆژنامەی کوردستان راپۆرت لە گەڵ رەزا کەعبی
وهشانگهر ئاسۆ - شهم Jan 17, 11:54 am
وتوێژی رۆژنامەی کوردستان راپۆرت
(چاپی هەولێر _ ژمارە 495)
لە گەڵ رەزا کەعبی
رەزا کەعبی:
پێکهاتەی حزبەکان وەڵامدەرەوەی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی نییە
کوردستان راپۆرت: پرسی دواپێشهاتەکانی رەوشی ئێران لە ئاستی ناوخۆ و نێودەولەتی و ناوخۆیی و مەسەلەی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی و بارودۆخی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەم دیمانەیەدا رەزا کەعبی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە وەڵامی ئەو پرسانە دەداتەوە.
سازدانی: بەرهەم ئەحمەد
کوردستان راپۆرت: پەتای لێکترازان وجیابوونەوەکان زرۆبەی حیزب و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتۆتەوە هۆکارەکان و رێگاکانی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە چین؟
رەزا کەعبی:
لێکترازان و جیابوونەوەکانی حیزب و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەماوەی بەتایبەت دووساڵی رابردوودا زۆرترین قسەوباسی کور و کۆمەڵی حیزبی و رووناکبیری و دڵسۆزانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی لێکەوتووەتەوە. دیارە بۆ هەرکام لەم جیابوونەوانە و لە نێو هەرکام لە حیزبەکان دەتوانێ هۆکاری تایبەت بە خۆی دەس نیشان بکرێ. شێوازی رەهبەری، پێکهاتەی رێکخراوەیی و سیاسەت و رێبازی سیاسی و فیکری هەرکام لە حیزب و لایەنەکان جیاوازی بووە و هەیە و هەر بۆیە بۆ جیابوونەوە و لێکترازان لە نێو هەر کام لە حیزبەکان هۆکاری تایبەت بە خۆشی هەیە.
بەڵام بە بڕوای من، لێکترازان و جیابوونەوەی ناو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەگەرێتەوە بۆ ئاڵ و گۆڕەکانی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان لەماوەی 30تا 40ساڵی رابردوو و گۆرانکاریەکانی جیهان کە بە تایبەت لە دەیەی کۆتایی سەدەی رابردوو و بەتەواوی جیهانی گۆڕی و رووخاندنی سۆڤیەتی پێشوو کاری کردە سەر هەموو دیاردەیەک، ئابووری، نێونەتەوەیی، تەوازنی هێزەجیهانیەکان، دیپلۆماسی…..
گەلێک ئاڵ و گۆڕی گەورە و قوڵی کۆمەڵایەتی کوردستانی رۆژهەڵاتی لە خۆ گرتووە کە لە گەڵ رابردووی خۆی بە تەواوی جودای دەکاتەوە. کوردستانی ئێران ئەو کۆمەڵگا سادە، ساکار و سونەتییەی پێشوو نەماوە و زۆرتر بەرەو کۆمەڵگایەکی ئەمڕۆیی و مودێڕنتر و شارستانیتر و رێکخراوتر هەنگاوی هەڵگرتووە. پێکهاتەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی و بنەماڵەیی بەتەواوی گۆڕاوەو هەموو دیاردەکانی ئەم کۆمەڵگایە تووشی گۆڕان و لێکترازانی قوڵ هاتوون. ئاڵ و گۆڕەکانی جیهانی بە تایبەت پاش رووخانی سۆڤییەتی پێشوو لە سەرەتایی دەیەی کۆتایی سەدەی رابردوو، بە خێرایەکی بەرچاوتر دوورترین وڵاتانی لە ژێر کاریگەری خۆی دانا. رووخانی سۆڤییەتیش بۆ خۆی ئاکامی پێش کەوتنی ئابووری، کومۆنیکیشن و سەتەلایەت و ئینترنێت بووە کە جیهانی کردە دێهاتێکی زۆر بچووک. ئەوە تەنیا گۆڕانکاریەکانی ناو خۆی نییە کە لە گەڵ خۆی رەوت و رێبازی فیکری و سیاسی دەخۆڵقێنێ بەڵکوو زۆر زیاتر لە 150ساڵی رابردوو، رووداوە جیهانی و ناوچەیەکان و رەوتە فیکری و سیاسیەکانی، کاریگەری هەیە لە سەر هەر وڵاتێک. سەرەڕای زاڵ بوونی رژیمێکی دیکتاتۆری مەزهەبی لە ئێران لە 30ساڵی رابردوو، سەرەڕای هێرشی گەورەی ئەم رژیمە بۆ سەر کوردستان، بزاڤی رزگاریخوازی لە کوردستانی ئێران پانتایەکی زۆر گەورەتری لە کاتی هێرشی رژیم لە ساڵی 1385(1979) لە خۆوە گرتووە. کوردستانی ئێران زۆر گوڕاوە، پێگەی ژن لە کۆمەڵی کوردەواریدا سەرەڕای زاڵ بوونی رژیمێکی دژی ژن زۆر جیاوازی هەیە لە گەڵ رابردوو. لە بنەماڵە، لە زانکۆکان و لە خوێندنگاکان، لە بازاڕی کار و ئابووری و لە فەرهەنگ، چیرۆک، ئەدەبیات و بە گشتی قورسایەکی بی وینەیان لە مێژوویی ئەم وڵاتە بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە. کۆمەڵگای کوردستان خوێندەوارترە. کوردستانی رۆژهەڵات رێکخراوترە. لە هەموو شارەو شاروچکەکان دەیان و بگرە سەدان رێکخراوی مەدەنی، فەرهەنگی، هۆنەری، وەرزشی،سیاسی و کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی، دیفاع لە زیندانی سیاسی و مافی مرۆڤ و…. دامەزراوە کە کۆمەڵگای کوردستانی زۆرتر بەرەو شارستانی بون کێشاوە. شارەکانی زۆر گەورە بوونەتەوە و ژیانی شار، داخوازی ژیانێکی شارستانی تر و مودێڕن تر و ئەمڕۆیی کردۆتەوە داخوازیەکی گشتی و نەتەوەیی.هات و چوو پەیوەندی کوردستان تەنیا لە گەڵ شارە گەورەکانی ئێران نییە، بەڵکوو لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا پێوەندی ئابووری و فەرهەنگی و هۆنەری و وەرزشی کوردستان و دەرەوەی خۆیی کاریگەری کردە سەر کوردستان و ژیانێکی ئەمڕۆییتر.
ئەم گوڕانکاریانە، ناتوانێ لە سەرحیزبەکان و حیزبایەتی کاریگەری نەبێ. یەکێک لەو دیاردانە کە تووشی گۆڕان هاتووە یا دەبێ بگۆڕدرێ حیزبایەتی و پێکهاتەی حیزباتی و ستراتیژی و رێبازی فیکری و سیاسی حیزبەکانە. ئەگەرچی لە دووساڵی رابردوودا لێکترازانی ناو حیزب کوردستانیەکان لە رۆژهەڵات زۆر بەرچاو بووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک دیاردەیەکی تازە و دەگمەن نەبووە و نییە. کۆمەڵە و حیزبی دیمۆکرات ئاڵ و گۆڕی زۆریان بەسەردا هاتووە، زۆرجاریش لە هەر کۆنگرەیەک باڵێکیان لێ جودا بووەتەوە. حیزبی دیمۆکرات لە کۆنگرەی چوار1359 و هەشت1366 و سێزدە 1384 تووشی جودایی یا ناکۆکی هاتووە و کۆمەڵەش لە کۆنگرەی دووهەمی1360 و پاش کۆنگرەی سێهەمی حیزبی کۆمۆنیست1368 و کۆنگرەی نۆهەم1379 و کۆنگرەی دوازدە1386 لە گەڵ ناکۆکی و جودایی بەرەو روو بوون. ئەم ناکۆکی و جودایانە پێ بە پێ ئاڵ و گۆڕەکانی کوردستان، خەباتی ئازادیخوازی و پێشمەرگانە و گۆڕانکاری ناوچەکە هاتووەتە پێش.
کوردستانی رۆژهەڵات لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا، زۆر زیندوو، زۆر لە ئاڵ وگۆڕ و زۆر پڕ کێشە بووە و مەیدانی تاقیکردنەوەیەکی دژوار بووە بۆ حیزبەکان و هەر رێبازێکی سیاسی. کۆمەڵە و دیمۆکرات سەرەڕای هەر جیاوازیەک، ئەحزابی سەردەمی شەڕی ساردن. ئەحزابی سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوویی لە کوردستان و ئێران و جیهانن. پێکهاتەی ئەم ئەحزابانە، رەهبەری و سیاستەکانیان ناتوانێ وەڵام دەرەوەی ئەمڕۆی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی و بەشارستانی بوونی کۆمەڵگای خۆیان بن. ئێمە دەتوانین بۆ هەرکام لە جودایی حیزباکان هۆکاری تایبەت بەخۆیان دەس نیشان بکەین و دەتوانین نیشانی بدەین کە دەکرا لە فەڵان جودایی و ئینشعاب برگری بیکەین، بەڵام ئەگەر بمانەوەی لێکدانەوەیەکی هەمەلایانە بکەین و حیزبەکان بچنە ناو رووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویەکانی خۆیانەوە دەبێ تارادەیەک لە هەرکام لە حیزبەکان دوور بکەوینەوە و هۆکاری سەرەکیتر پەیدا بکەین و هەر ئەمە دەتوانێ یارەمەتیان بکات کە دەرس و ئەزموونێکی بەرفراوان تری لێبگرین.
کۆمەڵگای کوردستان تینووی زانست و خوێندنەویە، پێویستی بە ناسینی زورتری شوناسی نەتەوەیی خۆیەتی، پێویستی بە ئەحزابی ئەمڕۆیی و کاریگەر لە سەر رەوتە سیاسییەکان و دەستەبەر کردنی ستراتیژێکی نەتەوەیی و سیاسی و روون هەیە. پانتایی بزووتنەوەی ملی و دیمۆکراتیک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پەرەسەندنی سەرەڕای زاڵ بوونی هارترین رژیمی سەردەم، نیشان دەدا کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە چ توان و خۆاست و ویستێک خۆیان بەرەو کۆمەڵگای سەربەرز، ئازاد و شارستانی دەکێشن. کوا ئەو حیزبەی کە بتوانێ وەڵامی ئەم توان و خۆاست و ویستەی گەلێکی بن دەست بداتەوە؟
کوردستان راپۆرت : ئایا یەکگرتنەوەی حیزب و لایەنە دابەش بووەکان نەبووەتە شتێکی مەحاڵ؟
رەزا کەعبی:
من پێم وایە کە هەر حیزبێک دەبێ بتوانێ خوێندنەوەیەکی نوێ بکات بۆ سەردەمی ئێستا. هەرکام لە لایەنەکان کاتێک دەتوانن پێکەوە نزیک ببنەوە کە بە خوێندنەوەیەکی هاوبەش بۆ داهاتوو بگەن. بەڵام بە بڕوای من سەردەمی “یەک نەتەوە، یەک حیزب” تێپەریوە و بە رابردوو مەربووتە. دیاردەی فرەحیزبی، دیاردەیەکی شارستانییە، نە پانتایی بزووتنەوەیی نەتەوایەتی و رزگاریخوازی لە کوردستان ئەوەندە بەرتەسکە کە یەک حیزب بتوانێ وەڵامی بداتەوە و نە کۆمەڵگای کوردستان ئەو کۆمەڵگا سادە و ساکاری رابردووە. کۆمەڵگای کوردستان وەک هەر کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوویی دیکە دەبێ بتوانێ بە ژیانی فرە حیزبی عادەت بکات. من بە دیاردەیەکی پۆزتیڤ و ئەمڕۆیی و شارستانی دەزانم.
هەر حیزبێک بۆ مانەوە و بۆ تەنانەت یەکگرتنەوەیەکی دیکە، دەبێ پرۆسەی ئاڵ و گۆڕە لە خۆیدا دەس پێ بکات. دەبێ بیرەوەری رابردوو بخەینە لاوە. لە عادەت و سوننەتی کۆن و رابردوو خۆیان خەلاس بکەن و تەنیا کاتێک رەها و ئازاد دەبن کە بتوانن لە هەلەکانی سەردەمی خۆیان بە باشی کەڵک وەربگرن. ناسینی ئەو هەلانە، شەرتی مانەوەو درێژەپێدان بە حوزوورێکی جەماوەری و کاریگەرە.
من لە گەڵ ئەوەم کە هەر حیزب و لایەنێک هەوڵ بدات کە یەکگرتنەوەیەکی دیکە پێک بێنێ، بەڵام نە بە خۆ خملاندن بە بیرەوەریەکانی رابردوو (کە زور جێگای رێزە) بەڵکوو لە سەر رێباز و ستراتیژی داهاتوو دەبێ یەک بگرنەوە. با سنووری حیزبەکان ببەزێنین، دڵنیام کە هیزێکی گەورەتری کۆمەڵایەتی حوزووری هەیە کە دەتوانن پێوەندی باشی پێوە بکەین.
هەر لایەنێک ئەگەر ناتوانن یەکگرتنەوەیەک پێک بێنەوە، با وەک بەرەیەکی دیمۆکرات یا کۆمەڵە لە گەڵ یەکدا هاوکاری بکەن. یا “ئێمە لە حیزبێکدا پێکەوەیین یا دوژمنی یەک و رۆژانە قیزەون ترین بابەت لە سەریەک ئەنووسین” ناتوانێ دیاردەیەکی شارستانی و گونجاو بێ. لایەنەکانی دیمۆکرات و لایەنەکانی کۆمەڵە با پێکەوە هاوکاری نزیک بکەن، لە نێوان خۆیان رەهبەریەکی هاوبەش دابنێن و پاش چەند ساڵ کاری بەم جۆرە دڵنیام کە لێک نزیک بوونەوە درووست دەبێ. نزیک بوونەوە لە سەر رێبازێکی نوێ.
کوردستان راپۆرت: سەبارەت بە پێکهاتنی بەرەی کوردستانی ئاماژە بەوە دەکرێ کە خەڵک لەم بوارەدا نائومێد کراون، ئایا هیچ هەنگاوێک بەدی دەکرێ بۆ گەڕانەوەی ئەو هیوایە.
رەزا کەعبی:
ئەگەرچی نابێ هیوای خۆمان لە دەس بدەین و هەوڵدان بۆ بەرەی کوردستانی دەبێ یەکێک لە ئاجێندا سەرەکیەکانی هەرکام لە حیزبەکان بێ، بەڵام بە هۆی لێکترازانەکانی دوو ساڵی رابردوو، باس و پێکهاتنی بەرەی کوردستانی کەوتووەتە پەراویزەوە. حیزبەکان زۆرتر سەرقاڵی ناوخۆن و لایەنەکەی خۆیانن و هیچ کام لە حیزبەکان لە کاتێکدا حازر نین هاوڕێیانی رابردوو و لەمێژینەی خۆیان بە رەسمیەت بناسن چۆن دەتوانن باسی بەرەی کوردستانی بکەین؟
هۆکاری دیکە کە رێگە لە سەر بەرەی کوردستانی ئەوەیەکە لایەنەکانی جیابووە حازر نین لە گەڵ هاوڕێیانی پێشووی خۆیان تەنانەت لە سەر بچووک ترین رووداوی سیاسی هەڵوێستی هاوبەش رابگەیەنن و حازر بە دانیشتن و قسەوباس و دیالۆگ نین. هەر بۆیە بەرەی کوردستانی و باسەکانی ئێستا کەوتووەتە پەراوێز.بەڵام هاوکاری یا ئیتلاف و یا پیوندی دوو قۆڵی و سێ قوڵیش دەتوانی تا رادیک لەم پەرژو بڵاوییە کەم کاتەوە.
کوردستان راپۆرت: ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان تاچەند سوودی لە فشارەکانی نێودەوڵەتی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە؟
رەزا کەعبی:
فشارەکانی نێودەوڵەتی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی تائێستا، ئەم رژیمەی زۆرتر لاواز کردووە. ناوبانگی رژیمی ئیسلامی لە دژی نەیاران و دژی ژنان و سەرکوت کردنی هەر جوڵانەوەیەکی فەرهەنگی و مەدەنی و سیاسی لە جیهاندا بەرز بووتەوە. لە چاو بیروڕای نێودەولەتی هۆی سەرەکی نائەمنی و تیرۆریزم و شەڕ و پەروەردەکردنی دەستەی چەکداری توندڕەوی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کۆماری ئیسلامییە.
بەڵام مێژووی سی ساڵی رابردوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بریتی نییە لە فشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی. لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم رژیمە، کۆمەڵگای جیهانی بە تایبەت رۆژئاوا لە ئاست هەموو جینایەت و پەرەدان بە ئیسلامی سیاسی و هەجورە فاندامندالیسمی توندرەو، هەڕەشە لە وڵاتانی درئاوسێ و ئێعدامی بە کۆمەڵ لە ناوخۆی ئێران، لەشکر کێشی بۆ سەر کوردستان و گەلانی دیکە و بەربەست کردنی هەر چەشنە ئازادێک نەتەنیا بێدەنگ بوون، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بۆ دامرکاندنی هەستی شۆڕشگێڕی و خەباتکارانەی ناو خەڵک بۆ پۆچەڵ کردنەوەی هەر چەشنەهەوڵێک بۆ دامەزراندنی رژیمێکی دیمۆکرات، کۆماری ئیسلامی یارمەتی دەدرا. کۆماری ئیسلامی هەر لە خاکی یەکییەتی ئەورووپاوە گەورە کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد و ئێرانی تیرۆر کرد. هەر لە خاکی ئورووپا گەورە تیرۆریستی بە رشوە و بە مامەڵە لە زیندانەکانی فەرانسە دەردەهێنا و رەوانەی لوبنانی دەکردنەوە. لە هاوینی ساڵی 1367ی هەتاویی (1988) لە ماوەی کەمتر لە دوومانگدا نزیک بە 5 هەزار زیندانی سیاسی لە سێدارە دران کەچی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لام تاکام هیچیان نەگوت.
ئێستا کۆماری ئیسلامی لە قەیران و گێژاوی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی گیری خواردووە. شەپۆلی بزووتنەوەجەماوەرییەکان لە ئێران، ئەم کۆمەڵگای هەژاندووە. نەتەوەکانی ئێران وەخەبەر هاتوون. کۆماری ئیسلامی ئێران دژوارترین کاتەکانی دەسەڵاتی خۆی تێپەڕدەکات. تەنانەت زۆرینەی دامەزرێنەرانی ئەم رژیمە تووشی شک و گومان بوون و بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامییان هێناوەتە ژێر پرسیار.
گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانی شانازی بەوە بکات کە لە سی ساڵی رابردوو بە خۆڕاگری و بە خەباتێکی جەماوەری و چەکداری، کۆماری ئیسلامی تووشی قەیران و کزی و داماویی کردووە. هەر بۆیە بە بڕوای من کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هۆی وەها خۆراگری و خەباتێکەوەیە کە دەتوانن وەها زەختێک دژی کۆماری ئیسلامی بەکار بێنن. هەر بۆیە لە ئەمڕۆ و داهاتووی خەباتی رزگاریخوازی کوردستان گەلی کورد دەبێ لە سەر هێزی جەماوەری خۆیی و وشیاری نەتەوەیی و یەکگرتوویی ملی پێداگری بکات و ریزەکانی یەک بخات. بۆ ئەم مەبەستە دەبێ بتوانێ پێوەندی خۆیی لە گەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چڕوپڕتر بکات. گەلی کورد حەقی خۆیەتی کە پێوەندی بکات لە گەل هەر هێزێک کە دەتوانێ لە خەباتی دژی کۆماری ئیسلامی یارمەتی بدات. دەبێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆی روون بێتەوە کە هاوپەیمانی لە گەڵ گەلی کوردو بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە ئێران و خەباتی نەتەوەکان دەتوانێ ئێران و کوردستان و کۆمەڵگای جیهانی لە شەڕی رژیمێکی دیکتاتۆری وەکوو کۆماری ئیسلامی رزگار بکات.
کوردستان راپۆرت: چ خوێندنەوەیەکتان بۆ رۆڵی ئەمریکا لە گۆڕانی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا هەیە؟
رەزا کەعبی:
بۆهەمووان روونە و زۆرجاریش دەسەڵاتدارانی ئەمریکا باسیان کردووە کە ئەمریکا بە شوێن مەبەستەکان و بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی. ئەوەی کە ئەم زلهێزانە “بەرژەوەندی هەمیشەییان هەیە نە دۆستی تاسەر” شتێکی ناسراوە و گەلی کورد و ئەحزابی سیاسیش دەبێ بە باشی لەمە تێبگەن. بەڵام ئێستا لە نێوان خەباتی رزگاریخوازی کوردستان و بەگشتی خەبات و ناڕەزایەتی خەڵک لە ئێران و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا جۆرێک هاو ئاهەنگی و هاوسووی هەیەو ئێمە دەبێ بتوانین لەم هەل ومەرجە بە قازانجی سەرکەوتنی خەباتی جەماوەری و دامەزراندنی سیستەمێکی دیمۆکرات کەڵک وەربگرین.
بۆ ئەمریکاش، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی سەرەکییە بۆ سەر ئەمنییەت و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی وەزەو نەوت و شتیترە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووی ئاسایش نابینێ تا کۆماری ئیسلامی لە سەرکار بێ. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکی زۆر زیاتری لەسەردەمی شەڕی سارد پەیدا کردووە. هەر بۆیە حوزوور و مانەوەی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لە بەرژەوەندی ئەمریکا و بەگشتی رۆژئاوا بێ.
کوردستان راپۆرت: رایەک هەیە دەڵێت ئەڵمانیا و فەرەنسا جووڵانەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کونترۆڵ دەکەن، یان لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی ئابووری خۆیان هاوکاری کۆماری ئیسلامی دەکەن،ئەمە تا چەندە راستە و چ ئاکامێکی لێ چاوەڕوان دەکرێت؟
رەزا کەعبی:
ئەڵمانیا و فەرەنسا دوو وڵاتی زۆر گەورە و پێشکەوتووی پیشەیی بوون کە بە درێژایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، پێوەندی ئابووری و بازرگانی و ئەمنی زۆرباشیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامیدا بووە. ئەگەر بمانەوەێ لە پێوەندی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی لێکدانەوەیەکی دروست بکەین دەبێ ئەم پێوەندییە بە چەند قوناخی جیاواز دابەش بکرێن.
کاتێک رژیمی پاشایەتی رووخا، یەکێک لە گرنگترین هاوپیمانانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرەسی هێنا. ئێران وڵاتێکی گەورە و لە باری ژئۆپلۆتیکەوە زۆر زۆر گرینگە. ئێران دەروازەی چوونە ژوورەوەی ئاسیای ناوەڕاستە و هەروەها ئورووپا لە گەڵ چین و هیندوستان پێکەوە دەبەستێتەوە. هەر بۆیە بە رووخاندنی رژیمی پاشایەتی، ئورووپا و بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا کەوتنە خۆ کە بەڵکوو هەم بازاری ناوخۆی ئێران بە دەستەوەبگرن و هەم بیکەنە پردی پێوەندی زۆرتری و ئاسانتری خۆیان بۆ ئاسیای ناوەڕاست و هیند وچین و لە رۆژهەڵاتی ناوەراستیش پێگەی باشتر پەیدا بکەن. پێوەندی گەرم و گوڕیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی دامەزراند. چاویان لە توندرەوبون و تێروریست بونی کۆماری ئیسلامی بست، ئیستا کە بە دروست و جێگە بە گرتنی رۆژنامەوانێک نارەزایەتی دەردەبرن، ئەو کات لە ئاست ئیعدامی رۆژانەی دەیان کەس بێدەنگیان دەکرد، لە خاکی ئەم دوو وڵاتە کۆماری ئیسلامی زۆرترین رابەرانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تیرۆر کردووە و زۆر جار تەسلیمی کۆماری ئیسلامی بوون کە تەنانەت تیرۆریستەکان هەر لە فڕۆکەخانە گەورەکانی ئەوانەوە بڕێ بکرێنەوە.
بە رووخاندنی سۆڤییەت لە سەرەتای دەیەی 90ی زایینی، ئێران گرنگی پێشووی خۆی لە دەسدا. جیهان بە تەواویی گۆڕا و دیپلۆماسی نێونەتەوەیی کەوتە بازنەیەکی دیکەوە کە دەبوو خۆی تازە بکاتەوە. بۆ زلهێزەکانی جیهان، ئورووپا و ئەمریکا و ژاپن و چین و رووسیە، دەروازەی دەرەتان و هەلێکی نوێ هەڵکەوت. لەم قۆناخە بەهۆی داگیرکردنی کوەیت لە لایەن رژیمی بەعس دەرەتان و بەهانەیەکی زۆر لەبار و مێژوویی بۆ ئەمریکا پەیدا بوو کە حوزووری خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قایم بکات و لە قۆناخی نوێی دیپلۆماسی نێونەتەوەیی بە خێرایەکی بەرچاو ئەم هەلەی قواستەوە و هێزێکی گەورەی رەوانەی ناوچەکە کرد و عیراقی لە کوەیت دەرکردو بۆ هەمیشە جێگای خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قایمتر کرد. هاتنە سەر شانۆی القاعیدە لە ئەفغانستان و لە ناوچەکە و هەوڵدان بۆ رووخاندنی رژیمی عیراق، ئەمریکای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردە تاقە هێز و رۆژ لە دوا رۆژیش ئورووپای شوێن خۆی ئەخست. لە شەڕی رزگاری کوەیت، ئورووپا شوێن ئەمریکا کەوت. لە شەڕی عیراق، ئورووپا بێ لایەن مایەوە بەڵام هەر زۆر زوو پاش رووخاندنی سەدام، ئورووپا کەوتە خۆ کە بتوانێ لە هەل و مەرجی ناوچەکە کەڵک وەربگرێ.
بەڵام لە دەوری دووهەمی سەرکۆماری بوش،کاتێک بوشی یەکەمین سەفەری خۆیی بۆ ئورووپا لە مانگی فوریەی 2005 دەسپێکرد، ئەمریکا و ئورووپا لەسەر یەک هەڵوێست دژی ئێران رێکەوتن. هەم لە فەرانسە و هەم لە ئاڵمان حکوومەتەکان گۆڕان و هەڵوێستی ئەم دوو وڵاتە کە گرنگترین وڵاتانی ئورووپاین لە دژی کۆماری ئیسلامی زۆر گۆڕا.
هەر چەند کە پێم وایە ئەڵمانیا و فەرەنسا بەشوێن بەرژەوەندییەکانی خۆیانن، بەڵام ئێستا دژایەتی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی دەتوانێ بەرژەوەندی درێژماوەی ئەوان بپارێزێ. ئەوان هەمیشە بە شوێن بەرژەوەندی خۆیانەوە بوون. چ ئەو کات کە رێگای تیروری رەهبەرانی ئۆپۆزسیۆنیان بە رژیمی ئیسلامی دەدا و ئێستا کە دژایەتی ئێران دەکەن، مەبەستی سەرەکیان پاراستنی بەرژەوەندی خۆیانە.
کوردستان راپۆرت: گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ سوودێکی بۆ کورد دەبێت؟
رەزا کەعبی:
بۆ دۆزی کورد و کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەلێکی مێژوویی هەڵکەوتووە. لە پارچەیەکی خاکی کوردستان هەرێمێکی نیمچە سەر بەخۆ دامەزراوە. لە پارچەیەکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رژیمی ئێران لە گەڵ قەیران و لە گەڵ هێرشی توندی نێو دەوڵەتی رووبەرووە. کورد وەکوو گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە دونیا باشتر ناسراوە. ئەنفال و کیماباران بووەتە ناوێکی جیهانی. پێوەندی کورد و ئەحزابی کوردستان لە گەڵ دونیای دەرەوە هیچ کات وەک ئەم سەردەمە نەبووە.
گۆڕانکارییەکانی ئەم ساڵانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی ئەم گۆڕانکاریانە دەتوانێ زۆر باش بە قازانجی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بچێتەپێش. بەڵام کورد و بزووتنەوە و کێشەی کورد هێشتا لە گەڵ دژواری و کۆسپی گەورە رووبەروویە. دونیای عەرەب، تورکیا، ئێران و سووریە رێگرن لە گەیشتنی کورد بە مافی خۆیان و زلهێزەکانی جیهان بەتایبەت ئەمریکا ناتوانێ ویست و داخوازی ئەوان لە بەرچاو نەگرێ. بەڵام ئەوەی کە دەتوانێ داهاتوویەکی روون بداتە بە کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکگرتوویی و ستراتیژی یەکگرتوانەی نەتەوەییە کە دەبێ ئەحزابی کوردستان پێکەوە لە هەرکام لە بەشەکان بیبَنەپێشەوە. لە پێش گرتنی ستراتیژی هاوبەش، خوێندنەوەیەکی زانستیانە بۆ ئەم سەردەمە و هاوخەباتی و هاوکاری پتەوتر دەتوانێ کێشەی کورد لە هەموو پارچەکانی بە هێزتر بکات.
کوردستان راپۆرت: کاریگەری هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی رۆشنبیری و وشیاری نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە؟
رەزا کەعبی:
دەتوانم بڵێم زۆر باش بووە. رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان لە دەیان ساڵی رابردوودا کاریگەری زۆریان لە سەر یەکتر هەبووە پێوەندی باشیان بووە و زۆرجار توانیویانە بەهانای یەکتروە بچن. بەڵام کاتێک لە بەهاری ساڵی 1991دا راپەڕین لە کوردستانی عیراق کرا، بۆ گەلی کورد لە رۆژهەڵات دەرفەت و هەلێکی لەبار هەڵکەوت. لە رۆژهەڵات خەباتی جەماوەری و خەباتی چەکداری روولە کزی دەچوو کە لە باشووری کوردستان راپەڕین کرا و سنوورێکی بەرفراوان رزگار کرا. کوردستانی عیراق بووبە پاڵپشت و هاندەری خەڵکی کوردستانی ئێران کەخەباتی خۆیان درێژە بدەن. هەرێمی کوردستان بوو پاڵپشتی هیزەسیاسییەکان، بووە پاڵپشتی بزاڤی رووناکبیری کە تازە لە کوردستانی رۆژهەڵات روو لە گەشە بوو. گۆڤارەکانی ئەمدیو، پڕ بوو لە بەرهەمی رووناکبیران ونووسەرانی ئەودیو کە رژیمی ئێران رێگای لێدەگرتن. هەر هەنگاوێکی سەرکەوتوانە لەم دیو، لەو دیو دەبوو بەشایی و هەڵپەڕین. هەرێمی کوردستان لە شەوەزەنگی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، چرای هیواو روناکی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بوو. وشیاری نەتەوەیی و رۆشنبیری پەرەی دەسەند کە کاریگەری هەرێمی کوردستان لە سەری حاشا هەڵنگرە.
بە پێچەوانە، کارەساتەکانیش، دەس بەجێ کاریگەری نگاتیڤی داناوە. شەڕی ناوخۆی وەک ئەوەی خاکی مردوو کرابی بەسەر خاکی رۆژهەڵاتدا، ئەم خەڵکەی تووشی ماتەم و کزی کردو ئێستا کە کێشەی کەرکوک و کێشە لە گەڵ بەغدا لە ئارادایە و هەروەها کێشەی ناوخۆی هەرێمی وەکوو کارەبا وئاو و ئاوەدانی لە ئارادایە، رۆژهەڵاتی کوردستان بە پەرۆشەوە دەوڕوانێتە ئەم هەل و مەرجە.
چ سەرکەوتنی و چ گرفتەکانی راستەوخۆ کاریگەری داناوە و ئەونیشان دەدا کە پێوەندی نێوان پارچەکانی کوردستان تا چ رادەیەک گرینگ و هەر حیزبێک دەبێ بزانێ رەچاوکردنی هەسیاستێک تەنیا بۆ ناوخۆی هەرێمێکە وپارچەکەی خۆی نییە بەڵکوو شوێنەواری سیاسەت و هەڵس وکەوتی زۆر زیاتر لە سنوورەکانی خۆی دەڕوات.
کوردستان راپۆرت: پێوەندی دیپلۆماسی هەرێم و تاران تاچەندە بەربەستی بۆ دروست کردوون؟
رەزا کەعبی:
دیپلۆماسی هەرێم و تاران پێویستییەکی حاشاهەڵنگرە. بونی سەدان کیلومتر سنووری هاوبەش لە گەڵ ئێران و نفووزی کۆماری ئیسلامی بەسەر بەشکێکی زۆر لە هێزە سیاسیەکانی عیراق و خەڵکی شیعە، هۆکاری سەرەکی وەها دیپلۆماسییەکن. دیپلۆماسی نێوان هەرێم و تاران وەک هەر دیپلۆماسییەکی دیکە لە جیهان لە نێوان دوو وڵات، دیپلۆماسی نێوان هێزەکانە. چەندە هێزت هەبێ ئەوەندە دەتوانی لە دیپلۆماسی بچیتە پێش. دیپلۆماسی بۆ خۆیی، مۆعجزە ناکا، دیارە زیرەکی و زانست و خوێندنەوەیەکی دروست لە هەل و مەرج دەتوانێ یاریدەر بێ.
کوردستان راپۆرت: خەباتی چەکداری ئێوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان فاکتەرێکی فەرامۆش کراوە یان ئەم راگرتنە بە شێوەیەکی کاتییە؟
رەزا کەعبی:
خەباتی چەکداری بە بڕوای من رانەگیراوە. بەڵام چەندایەتی ئەم خەباتە وەکو هەر خەباتێکی دیکە، هێز دیاری دەکات. زۆر روونە کە هەل و مەرج لە کوردستانی ئێران بۆ خەباتێکی چەکداری گەورەو بەرین لەبار نییە و ئەمە شتێک نییە تەنیا لە رۆژهەڵات روویدابێ، بەڵام وەک خەباتێکی حەقخوازی وەک شێوەیەک لە خەباتی خەڵکی کوردستان بە بڕوای من هێشتا جێگا و شوێنی خۆی هەیەو دەبێ وەک هەمیشە لە ئاجێندای حیزبە سیاسیەکاندا ببێ.
کوردستان راپۆرت: مافەکانی گەلانی بندەستی ئێران ئایا لە رێگای ریفۆرم و دیالۆگەوە دەستەبەر دەرکرێن یان زەبر و فاکتەری نیزامی کاریگەرە؟
رەزا کەعبی:
لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا، داخوازیەکانی گەلانی بندەستی ئێران زۆر دڕندانە سەرکوت کراوە. پاش شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران و بە کودتای”رەزاخانی میرپێنج” سوپای نوێی ئێران، بە هێرش بردن بۆ سەر گەلانی بندەستی ئێران و سەرکوتی توند و کوشتن و داگیر کردن توانی ئێران بکاتە یەک وڵات. مافی گەڵانی ئێران لە سەد ساڵی رابردووەوە پێشێل کراوە. لە باری ئابووری و فەرهەنگی و ئاوەدانکرنەوەو کەمترین کاریان بۆ کراوە. پرۆژە پیشەیەکان لە ناوەڕاستی ئێران بەڕێوە دەچێ کە هەموو فارس تێدا نیشتە جێ یە.
دواکەوتوو راگرتنی نەتەوەکانی ئێران یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی رژیمە دیکتاتۆرەکانی ئێران بووە. بەهاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی سەرکوتی نەتەوەکان زۆر بێرەحمانەتر بەڕێوە چووە. وەڵامی کەمترین داخوازی، سەرکوت و زیندان و کوشتن بووە. هەر بۆیە حکوومەتەکان رێگایەکیان بۆ خەباتی ئاشتی خوازانە نەهێشتووەتەوە. ریفۆرم و دیالۆگ لە سیاسەتی رژیمەکانی زاڵ بەسەر ئێران هیچ جێگایەکی نەبووە.
بەڵام لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، خەباتی گەلانی ئێران تا هاتووە پەرەی سەندووە. گەشەی ئابووری و خوێندەواری و فەرهەنگی و ئاوەدانی سەرەڕای زاڵ بوونی دیکتاتۆری، رژیمی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ خەباتێکی نوێی نەتەوەکان رووبەروو کردووە. لە جەرگەی وەها دیکتاتۆرێک، تێکۆشەرانی نەتەوەکان توانیوویانە بەکاری فەرهەنگی و رێکخراوەیی و بە حوزووری بەرچاوتر لە زانکۆکان و لە میدیاکانی ناوخۆی ئێران، جۆرێک لە خەباتی سیاسی و مەدەنی پەرەپێبدەن. ئەگەرچی زۆر وەحشیانە لەگەڵیان مامەڵە دەکرێ، بەڵام کۆڵیان نەداوە و هەر درێژەی هەیە. ئێمە وەک گەڵانی بندەستی ئێران دەبێ تەواوی هەوڵی خۆمان بۆ ئەوەی لە رێگای خەباتێکی مەدەنی و دیالۆگەوە داخوازییەکانی خۆمان دەستەبەر بکەین بخەینە کار. بەڵام مێژووی خەباتی گەلانی ئێران لە سەد ساڵی رابردوو نیشانی داوە کە تەنیا هێزی جەماوەری یەکگرتوو و روون لە سەر داخوازییەکانی خۆیان دەتوانن، بەسەرکەوتن بگەن. هیچ سوپایەکی داگیرکەر بە دیالۆگ چۆڵی نەکردووە. هەر بۆیە گەلانی بندەستی ئێران مافی رەوای خۆیانە کە بۆ رزگاری خۆیان بیر لە هەر جۆرەخەباتێکی جەماوەری بکەنەوە و لە کاتی پێویست بە کاری بهێنن.
کوردستان راپۆرت: لە ئەگەری گۆڕانکارییەکان و لادانی کۆماری ئیسلامی چ ئەڵترناتیڤێک بەدی دەکرێت؟
رەزا کەعبی:
گونجاوترین ئەڵترناتیڤ بۆ داهاتووی ئێران پاش کۆماری ئیسلامی، جمهووری فیدراڵی دیمۆکراتیکە. ئێران وڵاتێکی فەرەنەتەوەیە کە تەنیا بە بەرەسمییەت ناسینی مافی ئەوان و پێکەوە ژیانێکی دڵخوازانە و دیمۆکراتیکانە دەتوانی وەک یەک وڵات بمێنێتەوە. ئێرانێکی فیدراڵ کە تیدا مافی گەلانی ئێرانی بە روونی و بەتەواویی بە رەسمییەت ناسرابێ، دەتوانێ وڵاتێکی زۆر ئاوەدان و پیشەیی و ئازاد بێ.
ئەمڕۆ لە ئێران بزووتنەوە کۆمەڵاییەتیەکان وەک بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، گەلان، خۆێندکاران و رووناکبیران زۆر پەرەی سەندووە. لە چەندساڵی رابردوو بەتایبەت بزووتنەوەی کرێکاری و ژنان و خوێندکاران لە ژێر دیکتاتۆریەکی توند توانیوویانە خەباتێکی مەدەنی سیاسی بەرەو پێش ببەن. بزووتنەوەی سەندیکایی کرێکاران پاش زیاتر لە 40ساڵ زیندوو کراوەتەوە و کرێکارانی شیرکەت پاسی تاران (شرکت واحد تهران و حومە) خەباتێکی گەورەیان بۆ سەپاندنی سەندیکای خۆیان بەرەو پێش بردو تێیدا سەرکەوتووبوون. ژنان زۆر وەحشیانە سەرکوت دەکرێن، لە زیندانەکان دەکوژرێن بەڵام کۆڵ نادەن. ساڵانە سەدان خوێندکار زیندانی دەکرێ، بەڵام بزووتنەوەکەیان هەرپەرەدەستێنێ. هەر بۆیە ئەڵترناتیڤی داهاتوو ئێران دەبێ زۆر دیمۆکراتیک بێ و مافی کرێکاران، ژنان و خوێندکاران و هەر چەشنە ئازادی سیاسی، بیروباوەڕ، مەزهەب و سەندیکایی، کوبوونەوە و خۆپیشاندان بەرەسمییەت بناسێ. ئەڵترناتیڤی داهاتوو دەبێ سکولار بێ. ئێران وڵاتێکە کە فرەفەرهەنگ و فرە مەزهەبە، بەرەسمییەت ناسینی مەزهەبێک کێشەی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە.
لە کۆنگرەی داوزدەهەمی کۆمەڵە کە لە مانگی رابردووبەسترا، ئێمە جمهووری فیدراڵ و دیمۆکراتیکمان وەک گونجاوترین ئەڵترناتیڤ پەسەند کردووە و پێویستە هەر لەئێستاوە هەموو هێزە چەپ و دیمۆکراتیکەکان و هەموو بزووتنەوە کۆمەڵاییەکان بە دەوری وەها ئەڵترناتیڤێک یەک بگرن.
کوردستان راپۆرت: چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەمریکا کورد وەکوو ئامێرێک بۆ هێرش کردنە سەر ئێران بە کار دێنێ، ئەمە تا چەندە راستەو هەڵوێستی ئێوە لەم بوارەدا چی دەبێت؟
رەزا کەعبی:
لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا بە زاڵ بوونی کۆماری ئیسلامی، گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەورەترین خەباتی جەماوەری و چەکداری بەرەو پێش بردووە. کۆماری ئیسلامی تەنیا 40 رۆژ بوو هاتبووە سەر کار کە لە شەوی نەورۆزی ساڵی 1358(نەوروزی 1979) هێرشی کردەسەر شاری سنە و زیاتر لە 200کەس بە تۆپ و خومپارە شەهید کران. پاشان لە هیچ پیلان و هێرشێک خۆی نەپارستوو و پاش 6مانگ لە هاتنە سەرکاری لە رۆژی 26ی گەلاوێژی ساڵی 1358( 18ی ئابی 1979) بە فەرمانی خومەینی هێرشێکی سەرتاسەری کرایە سەرکوردستان. گەلی کورد راوەستا و بۆیە نزیک سی ساڵە کە خەباتێکی دژوار و خوێناوی بەڕێوە دەبا. لە هەل و مەرجی سیاسی ئێستای ئێران، لە ناو ئۆپۆزسیۆنی ئێران، لە ناو گەلان و لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان گەلی کورد و حیزبەسیاسییەکانی جێگای زۆر جێ متمانەیان بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە. لە ئەگەری هەرچەشنە گۆڕانێک کوردستان ئامادەی راپەڕین و هەستانە. کوردستانی رۆژهەڵات نزیک بە 200هەزار کەس و سوپای ئێران و سوپای پاسداران و ئیتلاعات و پۆلیس داگیر کراوە و دەپارێزێ، بەڵام هێشتا جێگای مەترسییە بۆ رژیم.
هەربۆیە هەرهێزێک و یا ئەمریکا کە بیر لە هێرش بۆ سەر ئێران یا گۆڕینی رژیمی ئێران دەکاتەوە، ناتوانی گەلی کورد و خەباتەکەی لە بەرچاو نەگرێ. کوردستان ئامادەترین بەشی ئێرانە بۆ راپەڕین و راماڵینی هێزی داگیرکەر. گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان ناتوانن لە دڵەراوکە ئەوەبن کە ئایا ئەمریکا و یار هەر هێزێکی دیکە ئەوان وەکوو ئامێرێک بۆ هێرش کردنەسەر ئێران بەکار دێنێ یا نە، هەر گەلێک و هەر حیزبێکی سیاسی دەبێ ئەوەندە وشیار بێ کە بتوانێ خەباتی خۆیان لە بوارەکانی جۆراوجۆر بێنێتە پێش. بواری هاوپەیمانی لە گەڵ ئەم یا ئەو هێز، بوارێکی گرینگی خەباتی گەلانە. سەرکردایەتی سیاسی خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵات دەبێ بتوانێ وشیارانە هاوپێمانییەتی بکات و بەرژەوەندییەکانی خەباتی خۆیان وون نەکەن. ئەمریکاش وەک زل هێزیکی جیهان وەک هێزێکی کاریگەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست حوزووری هەیەو گەلی کوردیش کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەباتێکی خوێناوی و دژوار دەباتە پێشەوە، دەبێ بتوانێ لە گەڵ ئەمریکا و لە حوزووری لە ناوچەکە بە قازانجی سەرکەوتنی خەباتی دەیان ساڵە کەڵک وەربگرێ.
کوردستان راپۆرت: ئە ملیۆن دۆلارانەی کە دەگوترێ ئەمریکا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تەرخان کردووە، ئایا گەیشتووەتە دەستی ئۆپۆزسیۆنەکان و ئەم هاوکارییەمادییانە تاچەندە کاریگەریان لە خێراکردنی جووڵانەوەکان دەبێت؟
رەزا کەعبێ:
من نەم بیستووە کە هێزێکی سیاسی ئێرانی یا کوردی پارەی وەرگرتبێ، ئەو ملیۆن دۆلارانە ئەمریکا خۆی زۆرتر سەرفی راگەیاندنی کردووە کە بە زمانی فارسی بەرنامە بڵاو دەکەنەوە و یا بۆ پێوەندی لە گەڵ حیزب و لایەنەسیاسییەکان بە کاری دێنن.
Komala Party له Twitter, ڵاپهڕی ئێمه له Facebook .وهرگرتنی بابهتی نوێ له رێگهی RSS


(No Ratings Yet)