چاکسازى رێگایه‌ک بۆ یه‌کگرتن و گه‌شه‌کردن
وهشانگهر رزگار - 1 شه‌م Jan 04, 2:22 pm
له دوایین پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌دا، (کۆتایی مارسی 2007) که‌مایه‌تیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه، ڕاگه‌یه‌ندرا. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه، ڕوانگه و پێشنیاری ئه‌و كه مایهتییه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک مه‌سه‌له‌ی جیگه‌ی باس، به‌یان ده‌کا. ڕه‌وتى ساغکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵه گه‌رچی له بوارى سیاسی‌دا سه‌رکه‌وتنى گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا و بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌رین له ده‌ورى پێکهات، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌وته له بواری ڕێکخستندا، به‌و پێیه نه‌چووه پێش. ڕێکخستنی کۆمه‌ڵه، چ له‌باری به‌رینایی و چ له‌باری شێوازه‌کانی ڕێکخستن و میکانیزمهكان و ڕێساکانی، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێشڕه‌وییه سیاسییه‌کانی ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه نییه.
ئه‌و ڕه‌وته، له‌م ساڵانه‌ى دواییدا، له‌بارى سیاسیشه‌وه گوڕوتین و ئیبتیکارى پێویستى نه‌ماوه و، ئه‌ده‌بییاته سیاسییه‌که‌ى له باری چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه ڕووی له کزی کردووه. ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ی بۆ کۆمه‌ڵه خوڵقاند، به‌ڵام ڕێبه‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵه نه‌یتوانی که‌ڵک له هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌تانه وه‌ربگرێ. پێویسته بوێرانه و به وردى سه‌رنج بده‌ینه ده‌رفه‌ته‌کان و که‌موکووڕییه‌کانى ئه‌م ده‌وره‌یه و به تایبه‌ت ئه‌م دووسێ ساڵه‌ی دوایی و، له‌م بابه‌ته‌وه پێداچوونه‌وه‌یه‌کى ئاشکرا پێویسته. ئێستاش زۆر شانسى گه‌وره له سه‌ر ڕێی کۆمه‌ڵه‌ن که پێویسته به واقیعبینى بناسرێن، بایه‌خیان پێبدرێ، وه‌گه‌ڕ بخرێن و بگهشێندرێنهوه.
ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی کۆمه‌ڵه که به ئومێدێکی گه‌وره‌وه له ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا به‌شدارییان کرد، له هه‌ڵسووڕانی خۆیاندا له گه‌ڵ ئه‌و پرسیارانه به‌ره‌وڕوو ده‌بن که: بۆچى له ڕێکخستنی کۆمه‌ڵه‌دا له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه، نوێبونه‌وه و گه‌شه‌کردنی پێویست نه‌هاته‌دى؟ بۆچی ڕاگه‌یاندنی ئێمه له ڕاده‌ی پێویستدا نه‌چووه‌ته پێش و یه‌که‌مین گوشاره ماڵییه‌کان ڕووده‌که‌نه ئه‌و به‌شه؟ بۆچی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێمه ناڕێکوپێک و ناڕێکخراو و ناسه‌قامگیره؟ بۆچی ڕاده‌ى په‌یوه‌ندى کۆمه‌ڵه له گه‌ڵ نوخبه و ڕووناکبیرو چالاکانى سیاسى له ئاستی واقیعی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی کوردستان و له ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌کانی خۆشمان‌دا نییه و، سه‌ره‌ڕای کارامه‌بوونی خه‌باتکارانی کۆمه‌ڵه له ناوه‌وه، ئه‌و په‌یوه‌ندانه نه‌بوونه‌ته ڕێکخستن و دامه‌زراوه‌ى موتمه‌ئین و سه‌قامگیر؟ بۆچی به‌و هه‌موو سۆز و پشتیوانییه‌وه که کۆمه‌ڵه له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا لێی به‌هره‌مه‌نده، دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کانى کوردستان له مه‌یدانی ڕێکخستن و ته‌نانه‌ت نفووزی سیاسیی ئێمه‌دا نین و زۆر مه‌یدان له‌و بواره‌دا هه‌ن که هێشتا پڕ نه‌کراونه‌ته‌وه؟ بۆچی به‌و هه‌موو ده‌سکه‌وتانه که کۆمه‌ڵه له بزووتنه‌وه‌ی ژناندا هه‌یه‌تی، ئێمه له کاری ئێستامان له‌و ده‌وره‌یه‌دا ناتوانین ڕازی بین؟ به بڕواى ئێمه، پێبه‌پێى گۆڕانکاری و گه‌شه‌ی سیاسى و، گونجاندنى زمان و گوتاری کۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و گۆڕانکاڕییهکانى ناو کۆمه‌ڵگا، ده‌بوو ئه‌و نۆێبونهوهو خۆگونجاندنه له بواری ڕێکخستنی کۆمه‌ڵه‌شدا، له بینای حیزبی و شێوازی ڕێکخستنی ئێمه‌دا، خۆى نیشاندابایه.
ئێمه به‌ئه‌نجامگه‌یاندن و به‌جێهێنانى ئه‌و ئه‌رک و پێویستییانه، به سه‌رچاوه‌ى پێویستیی چاکسازى و ڕێفۆرم له کۆمه‌ڵه‌دا ده‌زانین. ئێمه پێمانوایه ته‌کانێکى جیددى بۆ چاکسازى و رێفۆرم له سه‌ره‌وه تا خواره‌وه‌ى حیزبه‌که‌مان، پێویستییه‌که له پله‌ی یه‌که‌مدا و، به بێ ئه‌وه ناتوانین ببینه حیزبى وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى پێویستییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى و به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌رکه‌کانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی شۆڕشى کوردستان.
باسه‌کان و هه‌روه‌ها گرفته‌کانی زیاتر له یه‌کساڵی ڕابوردوو له ناو ڕێبه‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵه و له ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌شدا، ئه‌وه‌یان نیشان دا که ئێمه له ناوخۆماندا له‌بارى ڕوانینمان بۆ حیزبى داهاتوو، ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانى داهاتوومان، ڕاده‌ی دێمۆکراسی ناوخۆیی، دێمۆکراسى و ساختارى حیزبى و پێوه‌ندییه ناوخۆییه‌کانى رێکخراوه‌یی و، به گشتى له باری ڕوانینمان بۆ ئولگووى حیزبایه‌تى له‌م هه‌لومه‌رجه‌ى ئێستاى کۆمه‌ڵه و کوردستاندا، جیاوازیمان هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌وه ده‌رکه‌وت که به‌شێک له هاوڕێیانى ئێمه تێگه‌یشتنێکی دیکه‌یان له سیاسه‌ته ڕاگه‌یه‌ندراوه‌کانی کۆمه‌ڵه هه‌یه، یان لانیکه‌م پێویستیی ئه‌وه هه‌یه به ڕوونییه‌کى زۆرتر ئامانج و سیاسه‌ته‌کانى کۆمه‌ڵه بخرێته به‌ر نه‌زه‌ر، چونکوو وا هه‌ست پێده‌کرێ له‌م بواره‌شدا پێویستیمان به ڕوونکردنه‌وه‌ى زیاتر هه‌بێ. ته‌فسیرى جیاواز له سه‌ر ڕێبازی سیاسی و فیکریى کۆمه‌ڵه له ناو کادر و ئه‌ندامانى ئێمه‌دا ده‌بیندرێ، بۆیه به پێویستی ده‌زانین، سیاسه‌ته‌کان و ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵه، له به‌یاننامه‌یه‌کی ڕۆشنی سیاسی‌دا مانا بکرێنه‌وه و له ئه‌ده‌بییاتی سیاسیی حیزبه‌که‌دا شی بکرێنه‌وه، تا له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌که‌دا، نه‌بنه مایه‌ی تێگه‌یشتنی جیاواز.
ئه‌م خاڵانه‌ى لێره‌دا ڕاده‌گه‌یه‌ندرێن، به کورتى ڕوانگه‌ى ئێمه، چه‌ند که‌س له ئه‌ندامانى کومیته‌ى ناوه‌ندیى کۆمه‌ڵه، له‌و بوارانه‌دا به‌یان ده‌که‌ن. له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه، ئه‌م کاره یارمه‌تی ده‌دا به رۆشنبوونهوهى جیاوازییه‌کان، به‌هێزکردنى خاڵه هاوبه‌شه‌کان و لێک تێگه‌یشتن و نزیکبوونه‌وه‌ى زۆرترمان و، پێکهێنانى هاودڵى و یهکیهتییهکى پته‌وتر له ڕیزه‌کانى کۆمه‌ڵه‌دا.
بوارى ڕێکخراوه‌یى
ئهلف_ ڕێبه‌رایه‌تی و ئۆرگانه سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌موو حیزبه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان زیاتر له دوو ده‌یه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوون. بنکه‌کانمان له خاکى کوردستانى باشور بووه، هه‌ڵسووڕانى چه‌کدارانه و هێزى پێشمه‌رگه و ڕێکخستنی به‌رینمان له ناوه‌وه نه‌بووه‌و هه‌لومه‌رجى دیکتاتۆری له ناوخۆی ئێران و وه‌زعی سیاسیی ناوچه‌که، نه‌یهێشتووه پڕبه‌پڕ ببینه حیزبى وڵامدهرهوهى ئه‌رکه‌کانى بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ى کوردستان. ئه‌و دۆخه، شوێنه‌وارى سیاسیى له‌سه‌ر کار و ئه‌رکى حیزبه کوردییه‌کانى ڕۆژهه‌ڵات داناوه و، خاڵێکى لاوازى بزووتنه‌وه‌ى کوردى ڕۆژهه‌ڵاته‌و، ده‌بێ له‌به‌رچاو بگیرێ. به بڕواى ئێمه ئه‌وه هۆیه‌کى گرفتى ئێستاى ناو حیزبه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاته که پێویسته بیناسین و، بۆ چاره‌کردنی له هه‌وڵدا بین. کۆمه‌ڵه ده‌توانێ و ده‌کرێ له‌مباره‌وه ڕچه‌شکێن بێ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ست بداته هاوکارى له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانى دیکه و، پلانى داهاتووى کارى ڕێکخراوه‌یى خۆی له هه‌موو بواره‌کاندا به شێوه‌ی سه‌ره‌کی بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م گرفته ته‌رخان بکات.
ب_له ناو حیزبى ئێمه‌دا، له مێژساڵه ده‌زگا و دامه‌زراوه حیزبییه‌کان، جیا له ئۆرگانه‌کانى ده‌وروبه‌رى ناوه‌ندى، یان هه‌ر نین یان زۆر به که‌مى شکڵیان گرتووه. کۆمه‌ڵه زۆرتر ڕه‌وتێکى جه‌ماوه‌رى و سیاسی بووه و، خاوه‌نی بینایه‌کی حیزبیی شایسته‌ی جێگا سیاسییه‌که‌ی و کارا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکه‌کانی نه‌بووه. کۆمه‌ڵه ده‌بێ ببێته حیزبى سه‌قامگیرى نیهاد و ده‌زگاو دامه‌زراوه حیزبییه‌کان، به جۆرێک که هه‌ڵسووڕانی حیزبی به‌رئه‌نجامی کار‌و ده‌خاله‌ت و ئیراده‌ی هه‌موو به‌شه‌کان و ده‌زگاکانی بێ. له کاتێکدا له ناو ئێمه‌دا هه‌مووان ئه‌و پێویستییه ده‌سه‌لمێنن، به‌ڵام به کرده‌وه هه‌نگاوى بۆ هه‌ڵناگیرێ. له پێناو ئه‌و گۆڕانکارییه‌دا، ئێمه ئه‌و هه‌نگاوانه بۆ ده‌سپێکردن به پێویست ده‌زانین:
1: ئێمه خوازیارى ئه‌وه‌ین که کومیته حیزبییه هه‌ڵبژارده‌کان، له هه‌موو ئه‌و ماف ودهسهڵاتانه به‌هره‌مه‌ند بن که پێڕه‌وى ناوخۆ پێیان ده‌به‌خشێ. له‌و ڕووه‌وه، پێڕه‌وى ناوخۆ سه‌باره‌ت به مه‌حدوود کردنه‌وه‌ى “ڕێکخستنى تایبه‌ت” پێویسته ده‌سکاری بکرێ.
2: به لێکدانه‌وه‌ی توانایی و لێهاتوویی چالاکان و کادر و ئه‌ندامانی ڕێکخستنی نهێنی که شاره‌زایی و ئه‌زموونیان هه‌یه، ده‌ست به‌کار بین بۆ وهڕێخستنى پڕۆسه‌ى دامه‌زراندنى خه‌ت و که‌رت و کومیته حیزبییه نهێنییه‌کان له شار و ناوچه و مه‌ڵبه‌نده‌کانى کوردستان، به جۆرێک که بکرێ پێوه‌ندى به‌رده‌وامی خۆیان له هه‌ر حاڵێکدا له‌گه‌ڵ ناوه‌ندیى کۆمه‌ڵه ڕابگرن.
به‌هۆى گرینگیى ئه‌و ئه‌رکه و ئه‌و راستییه‌ش که به‌رێوه‌به‌ریى تا ئێستاى کارى نهێنى نه‌یتوانیوه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى کاره‌کان و دامه‌زراندنى بینایه‌کى حیزبى بێت و، به شێوه‌ی کاری ئێستاشی ناتوانێ ئه‌و ئه‌رکه ڕاپه‌ڕێنێ و، کومیته‌ى ناوه‌ندی و ده‌فته‌رى سیاسیش نه‌یانتوانیوه له سیاسه‌تداڕشتن و لێپرسینه‌وه و چاوه‌دێریکردنی کاره‌کانی ئه‌و بواره‌دا ده‌ور ببینن، به پێویستى ده‌زانین بۆ به‌رێوه‌چوونی سه‌رکه‌وتووانه‌ی ئه‌م پڕۆسه‌یه کارى ستادى رێکخستنى نهێنى(زاگرۆس) به سێ کومیته‌ى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بسپێردرێ و ماوه‌ى لانىزۆر 6 مانگ دیاری بکرێ بۆ جێخستنى ئه‌م پڕۆسه‌یه و دامه‌زراندنى قه‌واره‌یه‌کى حیزبى له ناوه‌وه. له ماوه‌ى ئه‌م شه‌ش مانگه‌دا به‌رپرسانى ئه‌و سێ کومیته‌یه له‌و ئه‌ندامانه‌ی کومیته‌ى ناوه‌ندی و ده‌فته‌رى سیاسى بن که شاره‌زایی پێویستیان هه‌یه. پێویسته کومیته‌ى ناوه‌ندى و ده‌فته‌رى سیاسى ڕاسته‌وخۆ دارشتنى سیاسه‌ته دهورهییهکانى کارى نهێنى وه‌ئه‌ستۆ بگرن و ئه‌وه به ئه‌وله‌وییه‌تى کارى خۆیان دابنێن. له کۆتایی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌دا و به هه‌ڵسه‌نگانی ڕاده‌ی به‌ره‌وپێشچوونی کاره‌کان، چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ڕێکخستنى نهێنى چاوى پێدا بخشێندرێته‌وه. وه‌زعی ئێستای ته‌شکیلاتی نهێنی و نه‌بوونی قه‌واره‌یه‌کی جێکه‌وتووی حیزبی ته‌نانه‌ت بووه‌ته هۆی ئه‌وه که چه‌شنێک بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی ته‌شکیلاتی پێک بێت و به ئاشکرا نهێنیپارێزی و بنه‌ماکانی کاری نهێنی پێشێل ده‌کرێن و پته‌ویی ڕێکخستن و به‌ربه‌ره‌کانێ له گه‌ڵ پۆلیسی سیاسی کزولاوازه.
مه‌سه‌له‌ى سه‌ره‌کى بۆ ئێمه له‌و بابه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه: کۆمه‌ڵه ده‌بێ قورسایی و به‌شێک له بینا حیزبییهکهى به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى مه‌یدانییه‌وه بگوێزێته‌وه ناوه‌وه‌ى کوردستانى ڕۆژهه‌ڵات، تا ببێ به حیزبێکی هه‌میشه حازر له نێو جه‌ماوه‌ردا و ڕێکخستن و کادری ناوه‌وه بتوانن گه‌شه بکه‌ن، واته نه‌ک هه‌ر به ئۆتۆریته و سوننه‌ت و پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ تاکه‌کان، به‌ڵکوو به دامهزراوهگهلى حیزبى، ببێ به حیزبى موستهقهڕ و جێگیر له ناوه‌وه‌ى کوردستان. هه‌لومه‌رجى سیاسیى کوردستان و توانایى ئێستاى هه‌ڵسوڕاوانى نهێنیى ئێمه و بزووتنه‌وه‌که ده‌خوازێ و به بڕواى ئێمه ئیمکانى هه‌یه که کارێکى چڕ‌وپڕ بکرێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م پڕۆسه‌یه و گۆڕانکارى له‌و بواره‌دا، به ڕاده‌یه‌کى زۆر کۆمه‌ڵه له حاڵه‌تى حیزبى تهبعیدییهوه ده‌گوازێته‌وه بۆ قۆناغی ڕێکخستنی به‌رینی مه‌یدانی. بۆیه پێمانوایه ئه‌وه گرینگ‌ترین ئه‌رکى ئه‌م ده‌وره‌یه‌ى ئێمه‌یه که سه‌رمایه‌ى ئینسانیى کۆمه‌ڵه تێیدا گه‌شه ده‌کا و ئیمکانى موتوربهکردنى ڕێبه‌رایه‌تیی ئێستاى کۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رانى مه‌یدانیى ناوه‌وه ده‌ره‌خسێنێ و، هه‌روه‌ها مه‌یدان ده‌دا به‌وه‌ى له‌پاڵ ڕێبه‌رایه‌تیی تائێستادا، کادرى دیکه‌ی ڕێبه‌رایه‌تی په‌روه‌رده بن و خوێنێکى تازه و وزه‌یه‌کى گه‌وره بێته ناو له‌شى کۆمه‌ڵه و ڕێبه‌رایه‌تییه‌که‌ی.
3: پێڕه‌وى ناوخۆی کۆمه‌ڵه، پێویسته بۆ یه‌کخستنی زیاتری له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وییه سیاسییه‌کانی کۆمه‌ڵه و هه‌روه‌ها به قازانجی ڕێگاکردنه‌وه بۆ به‌شداریکردنی زۆرترى کادر و ئه‌ندامان له پڕۆسه‌ى بڕیارداندا، ئاڵوگۆڕى تێدا بکرێ. سنووری ماف و ده‌سه‌ڵاته‌کانی کۆمیته و ئۆرگان و ده‌زگا حیزبییه‌کان، به کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ئۆرگانه‌کانی ڕێبهرایهتیشهوه، پێویسته به شێوه‌یه‌کی ڕوونتر له پێره‌وی ناوخۆدا دیاری بکرێن. هه‌روه‌ها پێویسته میکانیزمێک دیارى بکرێ که له نێوان دوو کۆنگره‌دا چاودێریى کارى کومیته‌ى ناوه‌ندى و چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی بڕیاره‌کانى کۆنگره بکات. پێویسته به ڕوونی ڕابگه‌یه‌ندرێ که گرووپبهندیى سیاسى و کهمایهتیى ناو کۆمه‌ڵه مافى خۆیانه ئازادانه ده‌نگیان ده‌ربڕن و به پێى قورساییان له ناو ئه‌ندامان و رێکخراوه‌که‌دا، له ئۆرگانه حیزبییه‌کاندا نوێنه‌رایه‌تى بکرێن و، له هه‌مان کاتدا ئه‌رکیانه هه‌موو دیسیپلینى حیزبى بپارێزن و چالاکانه له ئه‌رکه‌کانى کۆمه‌ڵه‌دا به‌شدار بن.
4: له کێشه‌ى ناوخۆییه‌کانی کۆمه‌ڵه دا، ئێمه ته‌ئکید ده‌که‌ین له‌سه‌ر پێویستیی دیالۆگى هاوڕێیانه، مه‌ودادان به ڕه‌خنه‌گرتن، لێپرسینه‌وه، لێکتێگه‌یشتن، فێربوون و تۆلێرانس له حاست یه‌کتر. له هه‌مان کاتدا ئێمه پێمان وایه گه‌شه‌پێدانی هه‌ڵسووڕانی حیزبی و سیاسی و پێشڕه‌وى له ئه‌رکه‌کانی بزووتنه‌وه‌که‌دا، چالاکبوونه‌وه‌ی زیاتر له ناو بزووتنه‌وه‌ى کوردستان و گواستنه‌وه‌ی زۆرترى ڕێکخستن و سیاسه‌ته‌کانمان بۆ ناو جه‌ماوه‌ر، زه‌مانه‌تی سه‌ره‌کییه بۆ ته‌بایی و یه‌کڕیزی و گه‌شانه‌وه له ناوخۆی حیزبه‌که‌شدا.
ئێمه ڕامان وایه په‌نابردن بۆ ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی بۆ چاره‌سه‌ری گرفتى ناوخۆیى و بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی ناوخۆیی، هه‌روه‌ک تا ئێستا له کۆمه‌ڵه و حیزبى کومۆنیستدا نیشاندراوه، ته‌نیا تواناییه‌کانمان به فیڕۆ ده‌دا. پاکتاوکردن(ته‌سفیه)، بێدهستکردن و پاڵپێوه‌نان، له‌ناو کۆمه‌ڵه‌دا، هه‌رکات خۆی نیشان دابێ، مێژوویه‌کى تاڵ و شکستخواردووى هه‌یه. ئه‌م شێوازه، له‌گه‌ڵ به‌ربه‌ره‌کانێى توند به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه. ئێمه ره‌خنه‌ى جیددیمان له سیاسه‌ته‌کانى ئه‌م ده‌وره‌یه‌ى لایه‌نێک له ڕێبه‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵه هه‌یه که هه‌وڵی دا به به‌کارهێنانی ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی وه‌ڵامى گرفته‌کان بداته‌وه و به‌شێک له ته‌شکیلات بداته بنباڵى خۆی و چاوپۆشی له خه‌تاکانی بکا و، به‌شێکى دیکه‌ى وه‌ک نه‌یار چاو لێ‌بکا. ئێمه ئه‌وه به هۆکارێکی ته‌شه‌نه‌کردنی ناکۆکییه‌کان ده‌زانین و له‌و بڕوایه‌داین که ئه‌و ڕه‌فتاره نه‌ک که‌له‌به‌ره‌کان که‌م ناکاته‌وه، به‌ڵکوو گه‌وره‌تریشیان ده‌کات و به‌م جۆره تواناییه‌کانی کۆمه‌ڵه به فیڕۆ ده‌دا.
ئێمه ته‌ئکید ده‌که‌ینه‌وه که پابه‌ند بوون به دیسیپلین و ئینزیباتى حیزبى و ڕاگرتنى پره‌نسیپه رێکخراوه‌ییه‌کانی کۆمه‌ڵه، ئه‌رکى بێئهملاوئهولاى هه‌موو کادر و ئه‌ندامانه و که‌مته‌رخه‌مى له‌و بواره‌دا و لاوازبونى هه‌ستى به‌رپرسیاریه‌تى له ئاست حیزب و ئۆرگانه‌کانى، به هۆکارێکى دیکه‌ى پێکهاتنى گرفتى ناوخۆیى ده‌زانین.
5: پێویسته به‌رپرسایه‌تیى ئۆرگانه سه‌ره‌کییه‌کانى دواى کومیته‌ى ناوه‌ندى به پێی لێهاتوویی، به پێوانه‌ی دێمۆکراتیک، به پێی ڕێسای دیاریکراو، به پرسکردن به کادر و ئه‌ندامانى ئه‌و ئۆرگانانه دیارى بکرێ. خوازیارى ئه‌وه‌ین که ده‌زگاى ناوه‌ندیى کۆمه‌ڵه به زیادکردنى ئه‌ندام، جێگر و ڕاوێژکار به‌رفراوانتر بکرێته‌وه به شێوه‌یه‌ک که هه‌موو به‌شه‌کانى ڕێکخستن خۆیانى تێدا ببیننه‌وه و نوێنه‌رایه‌تى بکرێن و، هه‌روه‌ها مه‌یدان بدرێ که به‌ره‌ی تازه‌پێگه‌یشتوو له پاڵ که‌سانی به ئه‌زموونتر، توانایی و ئیبتیکاری بخاته‌گه‌ڕ، تا ناوه‌ندى بڕیاردان پشتیوانیى به‌رینى هه‌موو به‌شه‌کانى کۆمه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بێت.هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌م ده‌وره‌یه نیشانی دا دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م پێویستییه نابێته هۆی ئینسیجامی ته‌شکیلاتی.
6: ئێمه خوازیارى ئه‌وه‌ین که له بنکه و مقه‌ڕه‌کانی کۆمه‌ڵه (ته‌شکیلاتی ئاشكرا) ش، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و هه‌ڵسووڕانی ئۆرگان و کۆمیته‌کان یاسامه‌ند بکرێ و سنووری ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتیان له به‌ڵگه‌ی ئایینامهییدا دیاری بکرێ.
7: به هۆى پێشینه و ڕێبازى کۆمه‌ڵه له‌مه‌ڕ خه‌بات بۆ مافى ژن و به هۆى ئه‌وه که خه‌باتى ژنان و زیادکردنى ده‌وریان له هه‌موو بواره‌کانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا، نه‌ک هه‌ر نیشانه‌یه‌کى سه‌ره‌کیى پێشکه‌وتوویى و مۆدیڕنیزمى حیزبێکى ئه‌مڕۆییه، به‌ڵکوو نیازێکى جهماوهریبوونهوهى خه‌باتى ڕه‌واى کۆمه‌ڵه و خه‌ڵکى کوردستانیشه، ئێمه ده‌خوازین ژنان له هه‌موو کومیتهکانى ته‌شکیلاتدا به‌شدار بن و له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کاندا لانیكهمی سه‌همێک بۆ ژنان له‌به‌رچاو بگیرێ. ئه‌وه بڕیارێکى سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه که ته‌ئسیر ده‌کاته سه‌ر دابونهریتى کۆمه‌ڵگا و مه‌رجێکی گرینگى هه‌نگاونانه به‌ره‌و پێشکهوتنخوازىو، کۆمه‌ڵه ده‌بێ و ده‌کرێ ئیمکانى جێبه‌جێکردنى ئه‌م بڕیاره بڕه‌خسێنێ.
بوارى دێمۆکراسى ناوخۆیى
به‌و پێناسه‌یه که له کۆمه‌ڵه و روانگه فیکرییهکهى ده‌یکه‌ین، ده‌بێ بینا حیزبیهکهشى وهلامدهرهوهى ناوه‌رۆکه‌که‌ى بێت. بۆیه ئێمه بڕوامان به‌وه‌یه که په‌ره‌دان به دێمۆکراسى ناوخۆیى له ئێستاى حیزبى ئێمه‌دا پێویستییه‌کى هه‌نووکه‌یی و گرینگه بۆ گه‌شه‌کردنى ڕێکخراوه‌که‌مان، جهماوهریکردنهوهىو، بۆ دوورکه‌وتنه‌وه‌ى زۆرتر له حاڵه‌تى سێکت و فیرقه. ته‌ئکیدى ئێمه له‌سه‌ر دێمۆکراتیک کردنه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى بڕیاردان، پێوه‌ندى و دیالۆگى زۆر و مونه‌زه‌م و پێناسهکراوى کومیته‌ى ناوه‌ندى له‌گه‌ڵ کۆمیته‌کان، به‌رپرسانى به‌شه جۆراوجۆره‌کان، کادر و ئه‌ندامان، به‌رێوه‌بردنى ڕێسای دیاریکردن و هه‌ڵبژاردنى به‌رپرسان و کاربه‌ده‌ستانی حیزبى له هه‌موو ئاستێک‌دا به پێى توانایی و به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌رک و کارى ڕۆشن و ته‌ئکید له‌سه‌ر لێهاتوییان، لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. سانترالیزمى به‌هێز و زۆرجار بێکۆنتڕۆڵ له کۆمه‌ڵه‌دا، له کهمبایهخبوونى پێوه‌ندى دێمۆکراتیکى ئۆرگانه‌کان و سه‌قامگیرنه‌بوونى قه‌واره و چوارچێوه و بیناى حیزبی‌دا خۆى ده‌نوێنێ و، ئێمه ئه‌وه به یه‌کێک له ده‌رده‌کانى له‌مێژینه‌ى حیزبى خۆمان ده‌زانین که چه‌ندین جار بووه‌ته هۆى کاره‌سات. پێویسته به قبوڵى ده‌رده‌که و له ئاکامدا ئه‌نجامى ئه‌و ریفۆرمانهى وا سه‌رووتریش ئاماژه‌یان بۆکرا، چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه تا دێمۆکراسى ناوخۆییش بتوانێ سه‌قامگیر بێ و مه‌ودا بۆ گه‌شه‌کردنی بڕه‌خسێ و، گه‌شه‌ی هه‌مووان ڕێگای بۆ بکرێته‌وه. ئێستاش فه‌رهه‌نگى پێشێلکردنى دێمۆکراسی و، بهرههڵهستیکردنى توندى هه‌ر ده‌نگێکى جیاواز به ده‌سه‌ڵاتى ته‌شکیلاتى، له‌ناو ئێمه‌دا هه‌ر خۆى کێش ده‌کات و به تایبه‌تى له کاتى کێشه ناوخۆییه‌کاندا به ئاشکرا گیانی تێ دێته‌وه. پێویسته هه‌وڵی بنه‌بڕکردنى یه‌کجاره‌کیى ئه‌و دیارده‌یه بدرێ تا کۆمهَله و سه‌قامگیرییه‌که‌ى زه‌مانه‌ت بکرێ. با به ڕوونى بڵێین: سه‌رده‌می حیزبى لێنینى و ئه‌و سانترالیزمه ڕه‌ها و تونده‌ى که سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌م له سۆڤیه‌ت هاته ئاراوه‌و دواجاریش بوو به ئولگووى حیزبایهتیى هه‌موو حیزبه چه‌په‌کانى ڕۆژهه‌ڵات، به‌سه‌رچووه. ئه‌زموونی مێژوویى و هى خۆشمان نیشانیداوه که ئه‌م چه‌شنه ئولگووهى حیزبایه‌تی، یانى حیزبى ژماره‌یه‌کى بچووکى ”شۆڕشگێڕانی حیرفهیى“ و فهرههنگهکهى، کارامه‌یى نه‌ماوه و له هه‌لومه‌رجى ئێستادا کۆسپێکه له به‌رانبه‌ر جه‌ماوه‌ریبوونه‌وه و بوون به حیزبێکى کۆمه‌ڵایه‌تیى چه‌پ له بزووتنه‌وه‌یه‌کى گشتى و هه‌مه‌لایه‌نه‌دا. له دنیاى ئه‌مڕۆدا و له‌و زه‌مانه‌دا که پێوه‌ندى و ئیرتیباتى ئینسانه‌کان ئاسان و چڕ‌وپڕ بووه‌ته‌وه، حیزبێک ده‌توانێ هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه که گه‌وره و جه‌ماوه‌رییه، به دیسیپلین و چالاک و کاراش بێ که هه‌موو ئه‌ندامان و کادره‌کانى هه‌ست به هاوپشتی، دێمۆکراسى ته‌واو، ئه‌منییه‌ت و ڕێزلێنان و وه‌فاى زۆر بکه‌ن. ته‌نیا حیزبێک که تاکه‌کانى هه‌ست به سه‌ربه‌رزى و ئازادهگى بکه‌ن، ده‌توانێ حیزبى پته‌و، حیزبى فیداکارى و به‌ڕێوه‌بردنى کارى گه‌وره بێ. مێژووى کۆمه‌ڵه‌ش ته‌نیاوته‌نیا له‌و کاتانه‌دا زۆرترین “ئینسیجام” و فیداکاریی تۆمار کردووه‌و، پێچه‌وانه‌که‌شى، هه‌روه‌ک خۆمان دیومانه، دڵساردى، چکۆله‌بوونه‌وه و هه‌ڵوه‌رینى به‌دوادا هاتووه.
بوارى سیاسى
ئهلف_ پێناسه‌یه‌کى کورت
کۆمه‌ڵه حیزبێکى شۆڕشگێڕى کوردستانى چه‌پ و سۆسیالیسته که خه‌ت و بنه‌ما نهزهریهکهى پێداگرییه له‌سه‌ر سوسیالیزمێکى دێمۆکراتیک و عه‌داڵه‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى. کۆمه‌ڵه بۆ وه‌دیهێنانى کۆمه‌ڵگایه‌ک تێده‌کۆشێ که بناغه‌که‌ى له هه‌موو بواره‌کانى سیاسى، ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌سه‌ر بیروبۆچوون و ڕوانگهگهلى دێمۆکراتیک و یه‌کسانیخوازانه دابمه‌زرێ. هه‌موو تاک و ئینسانه‌کانى کۆمه‌ڵگا ده‌بێ به ته‌واوى و له هه‌ر بوارێک‌دا به یه‌کسان به‌هایان پێبدرێ و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێ. کۆمه‌ڵگایه‌ک که ئینسانه‌کانى(وه‌ک تاک) بتوانن ئازاد و به‌رابه‌ر بن و بکرێ به کۆمه‌ڵیش، یه‌کگرتوانه و به هاوپشتی و هاوکارى پێکه‌وه بژین. کۆمه‌ڵگایه‌ک که ئه‌وه‌نده‌ى دێمۆکراسی و ئازادى تێدا هه‌بێ که ئیمکانى ئه‌وه بڕه‌خسێنێ به خه‌باتى سیاسى، بکرێته وڵاتێکى بێچهوسانهوه و بێجیاوازیى چینایه‌تى و دابه‌شبوون به چینى ژێرده‌ست و بانده‌ست. ئێمه بۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک هه‌وڵ ده‌ده‌ین که سته‌م و چه‌وسانه‌وه و دیارده دزێوه‌کانى نیزامى سه‌رمایه‌دارى تێیدا بسڕدرێته‌وه‌و، دیارده‌ى چه‌وسانه‌وه‌ى ئینسان به ده‌ستى ئینسان به یه‌کجارى بنه‌بڕ بکرێ. به‌و ڕوانگهگهلهوه که بنه‌ماکه‌ى له‌سه‌ر ته‌بایى و لێکههڵپێکرانى سۆسیالیزم و دێمۆکراسى دامه‌زراوه، پێمانوایه کۆمه‌ڵه هه‌روه‌ک زۆرجار باسی کراوه ناتوانێ و ناکرێ له چه‌شنى حیزبه کۆمۆنیسته‌کان بێ و بیرى دیکتاتۆریى پڕۆلیتاریا په‌یڕه‌و بکات و حیزبێکى ئیدئۆلۆژیک بێ. به‌ڵکوو کۆمه‌ڵه ده‌بێ حیزبێکى سیاسیى سۆسیالیست و کۆکه‌ره‌وه و ڕێکخه‌رى هه‌موو بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه یه‌کسانیخوازه‌کان بێ و وه‌ک ڕه‌وتێکى کۆمه‌ڵایه‌تیى عهداڵهتخوازى چه‌پ، پێناسه بکرێ و، ئاڵاهه‌ڵگرى دێمۆکراتیزهکردنى کۆمه‌ڵگا له هه‌موو بواره‌کانى ژیاندا بێ.
پێمانوایه ئه‌وانه‌ى سه‌رووتر باسیان کرا، خه‌ت و جیههتى کۆمه‌ڵه‌ن که پێویسته به ڕۆشنییه‌کی زیاتر بخرێنه به‌رچاو. پێویسته هه‌ر لێره‌دا سنوورى خۆمان به ئاشکرا هه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى که خۆیان ته‌نیا به دابینکردنى دێمۆکراسى سیاسییه‌وه مه‌حدوود ده‌که‌نه‌وه‌و له بۆچوونى خۆیاندا سۆسیالیزم و عهداڵهتخوازى به ڕاده‌یه‌کى زۆر ده‌خه‌نه پهڕاوێزهوهو، هه‌م له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌ى کلاسیکى کۆمۆنیستى یان “کۆمۆنیزمى ئوردووگایى”، دیارى بکه‌ین و ڕایبگه‌یه‌نین.
له نه‌زه‌ر ئێمه‌وه کۆمه‌ڵه هێزێکى کوردستانییه‌و ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه که کۆمه‌ڵه پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان و شۆڕشهکهیهتى و سیاسه‌تى ناوچه‌یى و جیهانیى خۆى به‌و پێیه دیارى ده‌کات. کۆمه‌ڵه ئاڵاهه‌ڵگرى خه‌باتى نه‌ته‌وه‌یى و ڕزگاریخوازانهیهو له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌شدا پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌ندی چینى چه‌وساوه وبێبهشى کوردستانه. له هه‌مان کاتدا که بۆ هاوپشتى و برایه‌تى و هاوخه‌باتیى هه‌موو گه‌لانى ئێران تێده‌کۆشێ، مافى دیاریکردنى چاره‌نووسى خه‌ڵکى کوردستان به مافی ڕه‌واى ئه‌و میلله‌ته ده‌زانێ. پێویسته به ڕاشکاوی بڵێین کۆمه‌ڵه پێداگرى ده‌کات له‌سه‌ر مافى ڕه‌وا و دێمۆکراتیکى گه‌لى کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیى، به‌ڵام له هه‌لومه‌رجى ئێستاى ئێران و کوردستانداو بۆ ڕه‌خساندنى ئیمکانى پێکه‌وه‌ژیانى نه‌ته‌وه‌کانى ناو ئێران، فیدرالیزم به دروشمێکى گونجاو ده‌زانێ و بۆ چه‌سپاندنى تێده‌کۆشێ و ئه‌و دروشمه بۆ چاره‌سه‌رى مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وه‌یى له ئێران‌دا به پێویست ده‌زانێ.
ئه‌م پێناسه‌یه‌ی سه‌باره‌ت به چه‌پبوون و کوردستانیبوونى کۆمه‌ڵه، سه‌رووتر باسی کرا، هه‌وڵێکه بۆ هێنانه‌ئاراى شه‌فافییه‌تى زۆرتر له بۆچوونى کۆمه‌ڵه‌دا و ده‌ربڕینى ڕوانگه‌کانی خۆمان که دواتر به وتار و نووسراو له‌سه‌رى ده‌دوێین و ده‌نووسین.
ب_ پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ حیزبه کوردییه‌کان و به‌ره‌ى کوردستانى:
جیا له دروشمى به‌ره‌ى کوردستانى بۆ کوردستانى ناو ئێران و هه‌وڵدان بۆ پێکهێنانى، وه‌ک ئه‌رکێکى گرینگى ئێستامان، پێویسته کۆمه‌ڵه تا ده‌توانێ ڕێگاى هاوکارى له‌گه‌ڵ هه‌ر حیزبێکى کوردستانى خۆشبکات و هه‌نگاوى جیددی‌تر باوێژێ بۆ پێوه‌ندى له‌گه‌ل هه‌موو حیزبه کوردییه‌کانى هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستان. سه‌ره‌ڕاى جیاوازى له بیروبۆچوون‌دا ده‌بێ کارێک بکه‌ین که هاوئاهه‌نگى و هاوکارى له نێوان بزووتنه‌وه‌ى کوردی‌دا په‌ره بستێنێ و پێوه‌ندى خۆشمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه کوردییه‌کان دۆستانه و پته‌و بکه‌ین و له هه‌لومه‌رجى ئێستادا و تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ى له ده‌ست ئێمه‌دایه، به‌ر به ئاڵۆزى و سازبوونى کێشه‌ى لاوه‌کى له‌گه‌ڵ لایه‌نه کوردییه‌کانى ناو بزووتنه‌وه‌ى کوردى، له هه‌موو پارچه‌کانى کوردستان بگیرێ.
ئێمه پێمان باشه له هه‌لومه‌رجى سیاسیى ئێستاى کوردستان و ئێران‌دا و، بۆ به‌هێزکردنى ڕه‌وتێکی چه‌پى کوردستانی و له ناویشیاندا کۆمه‌ڵه، حیزبى ئێمه بهجیددىو ڕاشکاوانه بانگه‌وازى دیالۆگ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و که‌س و لایه‌نانه بکات که بڕوایان به سه‌ربه‌خۆیى کۆمه‌ڵه هه‌یه. بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه پێویسته به ئاشکرا درگاى دیالۆگێکى هاوڕێیانه ڕوو به هه‌موو ئاڵقه‌ى کۆمه‌ڵه، بکه‌ینه‌وه. پێمانوایه ئه‌و کاره به‌ره‌ى پێشکه‌وتنخواز و عه‌داله‌تخواز له کۆمه‌ڵگاى کوردستاندا به‌هێز ده‌کات و ڕێگایه‌که بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى ئه‌و خهسارانهى تا ئێستا له ڕه‌وتى کۆمه‌ڵه که‌وتوون. سازدانى سمینار، گوڤارێک که هه‌موان تێیدا بنووسن، دانیشتنى هاوبه‌ش و… ده‌توانن ده‌سپێکى باش بن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
ج_ سیاسه‌تمان له مه‌ڕ ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى
ئێمه له‌و بڕوایه داین که به بێ دانپێدانان و بهڕهسمیناسینى مافی خه‌ڵکى کوردستان، له لایه‌ن به‌شداربووانى هه‌ر ئیئتیلافێکى داهاتوو و ئیحتیمالیى ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى، کۆمه‌ڵه نابێ ملکه‌چى هیچ په‌یمان و خۆبهستنهوهیهکى ئه‌وتۆ بێ که ڕوانین و بڕیار بۆ چاره‌سه‌رى مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وه‌یى، به تایبه‌تى مه‌سه‌له‌ى کورد، به ناڕۆشنى و لێڵى باس بکات یان بیهێڵێته‌وه بۆ ته‌وافوقاتى نادیارى داهاتوو.
به بڕواى ئێمه ده‌بێ به بایه‌خێکى زۆرتره‌وه، کۆمه‌ڵه و گه‌لى کورد، دروشمى به‌ره‌ى دێمۆکراسیخوازى له ئێران به‌ده‌سته‌وه بگرن. ئه‌وه ئاڵقه‌یه‌که که کورد و کۆمه‌ڵه بۆ ده‌ورگێڕان له سیاسه‌تى ئێرانی‌دا پێویسته گرینگیی پێبده‌ن. پێمانوایه له گۆڕانکارییه‌کانى داهاتوودا ئه‌م زهرفهیه که زۆرتر له “کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌کانى ئێران” هێز کۆده‌کاته‌وه و ئاڵتڕناتیوى داهاتووى ئێران له‌م ڕه‌هه‌نده‌وه دیارى ده‌کرێت. به‌ره‌ى نه‌ته‌وه‌کانى ئێران ته‌نیا ده‌توانێ به‌شێک له‌و ئاڵتڕناتیڤه بێت (به مه‌رجێک که پێکهاته‌که‌ى خۆى به ته‌واوى دێمۆکراتیک بێ). پێویسته بڵێین سیاسه‌تى ئێمه له کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌کانى ئێران ده‌بێ وشیارانه و چه‌شنێک خه‌تى سوور دانان بێ به‌رانبه‌ر به‌و ڕه‌وتانه که له بازنه‌ی پێشکه‌وتنخوازیدا جێیان نابێته‌وه. له‌م ده‌وره‌یه‌دا که‌س و لایه‌نگه‌لێک هاتوونه‌ته ناو کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌کانى ئێران که نه قورسایییان هه‌یه و نه پۆیان به پێشکهوتنخوازییهوهیهو چه‌شنێک فاشیزم نوێنه‌رایه‌تى ده‌که‌ن که بۆ کۆمه‌ڵه و ڕێبازه‌که‌ى قبوڵ ناکرێت. با به رۆشنى بڵێین کۆمه‌ڵه ناتوانێ له‌مباره‌وه بێده‌نگ بێ و هه‌ر ملکه‌چى بڕیارى ئهکسهرییهتى ئه‌و کۆنگره‌یه بێ. پێویسته به جیددى چاوێک بخشێنینه‌وه به‌سه‌ر ته‌رکیبى به‌شداربووانى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌کانى ئێران و مه‌رجه سه‌ره‌کییه‌کانى کاری ئه‌م دامه‌زراوه سیاسیییهدا.
د_ بزووتنه‌وه ناوخۆییه‌کانى ئێران و قورسایی و شوێنیان
بۆ سازکردنى به‌ره‌ى دێمۆکراسیخوازى له ئێران به پێویستی ده‌زانین ته‌ئکید له‌سه‌ر دوو خاڵی گرینگ بکه‌ین: یه‌که‌م: بۆ سه‌رگرتن و سازدانى به‌ره‌ى دێمۆکراسیخوازى له ئێران ده‌بێ قورسایى خۆمان بخه‌ینه سه‌ر ڕاکێشان و پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنى ناوه‌وه‌ى ئێران و چه‌نده له‌وباره‌وه بتوانین سه‌رکه‌وتووبین، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش لێک نزیککردنه‌وه وپێکگهیاندنى ئۆپۆزیسیۆنى ده‌ره‌کیش ئاسانتر ده‌بێته‌وه.
دووهه‌م: کۆمه‌ڵه ده‌بێ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رى و مه‌ده‌نییه‌کانى ناو ئێران، وه‌ک بزووتنه‌وه‌ى ژنان، خوێندکاران، کرێکاران و موعه‌لیمان و…. ڕاسته‌وخۆ و وه‌ک هێزێکی بزووتنه‌وه‌ى کوردستان، پێوه‌ندى بگرێ و وه‌ک به‌شێکى گرینگى ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى قبووڵیان بکات، دیفاعیان لێبکات و بیانناسێنێ و، پێداگرى بکات بۆ بوونیان له هه‌ر هاوپهیمانهتییهکى داهاتووى ناو ئۆپۆزیسیونى ئێرانی‌دا.
به پێویستى ده‌زانین ئه‌وه‌ش بڵێین که له هه‌لومه‌رجى ئێستاى ئێران‌دا، کۆمه‌ڵه ده‌بێ بۆ ئاڵتڕناتیڤى داهاتووى ئێران، به ڕۆشنى لایه‌نى کۆماریخوازى بگرێ و، به‌رانبه‌ر به گه‌ڕانه‌وه‌ى نیزامى پاشایه‌تى، هه‌ڵوێستى ڕاگه‌یه‌ندراوى هه‌بێ. هه‌رچه‌ند هه‌ر ئه‌وه هه‌ڵوێستى کۆمه‌ڵه بووه، به‌ڵام بۆ جارێکی دیکه‌ش ڕهسمیکردنهوهى به قازانجى کۆمه‌ڵه، به‌ره‌ى دێمۆکراسیخوازیى ئێران و بزووتنه‌وه‌ى کوردستانه. له ڕێگاى به‌هێزکردنى به‌ره‌ى دێمۆکراسى و ته‌ئکید له‌مه‌ڕ ههڵبژاردهبوونى هه‌ر ڕهدهیهکى ده‌سه‌ڵات له ئێران‌دا، چۆنیه‌تیى پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ ڕه‌وتى پاشایهتیخوازیش، باشتر دیارى ده‌کرێت.
بوارى نیزامى و چه‌کدارى
کارى چه‌کدارى و وه‌زنى هێزى پێشمه‌رگه له بزووتنه‌وه‌ى کوردستاندا و له وڵاتێکى دیکتاتۆرلێدراو و حکوومه‌تێکى داپڵۆسێنه‌رى وه‌ک کۆمارى ئیسلامیى ئێران و له دروستکردنى تهوازونى سیاسیى ناوچه‌که‌دا، هێشتا هه‌ر قورسه‌و، بۆیه ده‌بێ له‌و وه‌زعه هه‌ستیاره‌ى ئێستاى کوردستان و ئێران‌دا، کۆمه‌ڵه تێ‌بکۆشێ که به خێرایی هێزى چه‌کدار و پێشمه‌رگه‌ى خۆى هه‌م به چه‌ندایه‌تى زیاد بکات و هه‌م له بارى چۆنایه‌تییه‌وه گه‌شه و نهشهى پێبدات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌کرێ و ده‌گونجێ له دوو بواردا کار بکه‌ین: یه‌که‌م، له هه‌نگاوى یه‌که‌مدا دوو مه‌ڵبه‌ندى جوغرافیایى بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى ئاشکرا دیارى بکه‌ین، به‌و ڕوانگه‌یه‌وه که مه‌ڵبه‌نده‌کان به پێى گه‌شه‌ى چهندایهتیى هێزه‌که له داهاتوودا، زیاتر بکرێن تا له درێژه‌ى خۆیدا چه‌ندین گوردان و تیپ له هه‌موو ناوچه و مه‌ڵبه‌نده‌کان شکڵ بگرن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى خۆیان هه‌بێ و له بارى نیزامییه‌وه به باشى ڕایان بێنین. دووهه‌م: هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و کاره، هه‌ر له ئێستاوه کار بکه‌ین هێزێکى نیزامیى نهێنى له ناوه‌وه‌ى کوردستان و به ته‌واوى جیا له ڕێکخستنى نهێنى و ڕاسته‌وخۆ له ژێر چاودێریى کومیته‌ى ناوه‌ندیدا ڕێکبخه‌ین، ڕایان بێنین و ته‌یاریان بکه‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ى هه‌رکات پێویست بێ وه‌گه‌ڕیان بخه‌ین و بیانخه‌ینه کاره‌وه تا هێزى عهلهنى و هێزه نهێنییه‌که هه‌وێنى هێزى گه‌وره و جه‌ماوه‌ریى نیزامیى داهاتووى کوردستان بن. کۆمه‌ڵه ده‌بێ بایه‌خى ته‌واو به‌و ئه‌رکه بدات. ئێمه پێمانوایه ئه‌وه‌ش یه‌کێکی دیکه له فاکته‌ره‌کانى ده‌رهاتن و که‌مکردنه‌وه له حاڵه‌تى حیزبى ته‌بعیدییه.
بوارى ماڵى و دارایى
له بوارى ماڵى و داراییدا پێویسته خه‌زێنه‌ى کۆمه‌ڵه و پرۆژه ماڵییه‌کانى وه‌ها دابمه‌زرێ و کۆنتڕۆڵ بکرێ که هیچکه‌س و لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێکى تایبه‌ت نه‌توانێ پاوانى بکات یان له کێشه‌ى چاوه‌ڕواننه‌کراودا بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى و به دژى نه‌یارانى به‌کارى بێنێ.
هه‌موو دارایى کۆمه‌ڵه و پڕۆژه‌کانى قازانج ده‌رهێنان، نه‌ک به ناوى تاکه‌که‌س، به‌ڵکوو به‌پێى بڕیارى کومیته‌ى ناوه‌ندی و به ناوى ده‌زگا و جه‌معه‌وه سه‌بت بکرێ.
پێوه‌ندى ده‌ره‌کى و نێونه‌ته‌وه‌یى
مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه که ده‌بێ ئاماژه‌ى بۆ بکرێ پێوه‌ندییه ده‌ره‌کى و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه. ئێمه نه‌زه‌رمان وایه که هه‌رچه‌شنه پێوه‌ندییه‌ک له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان ده‌بێ به بڕیارنامه و په‌سه‌ندکراوى ڕۆشن و نووسراوى کومیته‌ى ناوه‌ندی بێت. خوازیارى ئه‌وه‌ین که هه‌موو ئامانج و سیاسه‌تێکى ئێمه له هه‌ر پێوه‌ندییه‌کدا دیاریکراو و رۆشن بێ و کومیته‌ى ناوه‌ندیى دیاریی بکات و بنرێته ئیختیار کادر و ئه‌ندامان. له هه‌لومه‌رجى ئێستادا ده‌بێ کۆمه‌ڵه تێ‌بکۆشێ پارێزه‌رى سه‌ربه‌خۆیى خۆى و بزووتنه‌وه‌ى کوردستان بێ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، ڕاشکاوانه جۆر و ڕاده‌ى پێوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان و دونیاى ده‌ره‌وه، دیاریبکات.
پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین که سیاسه‌تى چاوه‌ڕوانى، ئێستا ڕوانگه‌یه‌کى دیاره له ناو بزووتنه‌وه‌ى کوردیداو ته‌نانه‌ت له ناو ڕیزه‌كانی خۆشمان‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌یه. کۆمه‌ڵه ده‌بێ دژ به سیاسه‌تى چاوه‌ڕوانى، که ده‌بێته هۆى ده‌سته‌وه‌ستانی له ناو خه‌ڵک و بزووتنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ریدا، هه‌ڵوێست و ڕوونکردنه‌وه‌ى هه‌بێ. بۆ به‌رگرتن به په‌ره‌سه‌ندنى سیاسه‌تى چاوه‌ڕوانى، کۆمه‌ڵه ده‌بێ ڕوانگه‌ى بڕوا به هێز و توانای خه‌ڵک به‌هێز بکات و بیباته ناو جه‌ماوه‌ر و ڕۆشنى بکاته‌وه که دونیاى ده‌ره‌وه‌ش، ته‌نیا له‌قه‌ده‌ر هێز و قورسایى خۆمان و بزووتنه‌وه‌که‌مان له گۆڕه‌پانى سیاسی‌دا، ڕێزمان لێده‌گرن و حیسابمان بۆ ده‌که‌ن.
ئێمه خوازیارین که کارى پێوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه له حاڵه‌تى ئێستادا نه‌مێنێ و، به شێوه‌ى کومیتهیى به‌ڕێوه بچێ. کومیته‌یه‌ک که هه‌م توانایى کاره‌که‌ی هه‌بێ و نوێنه‌رایه‌تیى کومیته‌ى ناوه‌ندیى کۆمه‌ڵه بکات و هه‌م له ناو کادر و ڕێکخستنه‌کانى ده‌ره‌وه‌دا ئوتۆریتهى هه‌بێ و بتوانێ هاوئاهه‌نگییان له‌گه‌ڵ بکات.
له کۆتاییدا، ئێمه ڕاده‌گه‌یه‌نین که خه‌باتى ئێمه ڕووی له زهمینهڕهخساندنه بۆ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی یه‌کگرتوو، گه‌وره و گه‌ش، هه‌ر بۆیه هه‌ر هه‌نگاوێک به‌ره‌و جیابوونه‌وه و دابڕان له ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا، یان ته‌نانه‌ت هه‌رچه‌شنه دڵساردکردنهوهیهک که ببێته هۆی هه‌ڵوه‌رینی هێز له ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه، له بنه‌ڕه‌ته‌وه به ناته‌با له‌گه‌ڵ ئامانجه‌کانی خۆمان ده‌زانین. داوا له هه‌موو ئه‌ندامانى کۆمه‌ڵه ده‌که‌ین به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و بهدهربهستبوونهوه ئهرکهحیزبییهکانیان به‌ڕێوه‌به‌رن و له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا نموونه‌یه‌کی بایه‌خدار له پابه‌ندبوون به پره‌نسیپه حیزبییه‌کان و پێره‌وی ناوخۆ و ڕیزگرتن له بڕیاره حیزبییه‌کان و له یه‌کتر، نیشان بده‌ن.
ناسری حیسامی، جه‌میله‌ی ڕه‌حیمی، نه‌ویدی میهرئاوهر، ڕه‌زای كه‌عبی، عومه‌ری ئێلخانیزاده
14. 4. 2007
25ی خاكه‌لێوه‌ی 1386ی هه‌تاوی
Komala Party له Twitter, ڵاپهڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)