کۆسپه‌کانی پێکنه‌هاتنی ده‌وڵه‌تی کورد
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 4 شه‌م Sep 08, 3:09 pm
ڕه‌شاد – مسته‌فا سوڵتانی
ئاگۆستی 2010- سوید
کۆسپه‌کان چیبوون‌و، بۆ تائێستا کوردستان قه‌واره‌یه‌کی سیاسی – جیوگرافیایی نێو ده‌وڵه‌تی وه‌رنه‌گرتوه؟ بۆ هێشتا سنوره‌کانی وڵاتی کوردستان دیارینه‌کراوه. ئاماژه به پڕ به‌هاترین فاکتوره‌کان‌و دیارده‌کان به گرینگ‌و پێویست ده‌زانم.
1- شۆڕشی ئوکتوبر! شۆڕشی 1917 کاردانه‌وه‌ی زۆر نیگه‌تیڤی له سه‌ر ڕه‌وتی مێژووی کورد دانا. ئه‌م شۆڕشه مه‌زن‌و گه‌وره‌یه، له سه‌ر بناغه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی فیئودالی، جووتیاری(موژیکی)و دواکه‌وتوو دامه‌زرا. کۆمه‌ڵگای ئه‌و کاته‌ی رووسیا به نیسبه‌ت کۆمه‌ڵگاکانی بریتانیا، ئاڵمان‌و فه‌ره‌نسا دواکه‌وتوتر بوو. پاش شۆڕشی ئوکتوبر قاتی‌و قڕی باڵی به سه‌ر روسیادا کێشا‌و ڕێبه‌ری مه‌زنی کرێکاران -ولایدیمیرئیلیچ لنین- تهرجومهیهکی لۆژیک، مه‌نتیقی‌و چاکتری له هه‌لومه‌رجه تازه‌که هه‌بوو. خێرا تێگه‌یشت که ده‌بێ ده‌رگاکان بکاته‌وه تا کارتیل‌و کومپانیه زله‌کانی سه‌رمایه‌داری، له وڵاتی شوراکان ده‌وریان هه‌بێت. چه‌په توندئاژووکان له لنین قه‌ڵس بوون‌و دایانه‌به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ر. پێوه‌ره‌کان‌و لیکدانه‌وه‌کانی لنین، سه‌باره‌ت به ژێنگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی رووسیا زۆر مه‌نتیقی بوو وردبینانه هه‌ڵیده‌سه‌نگاند‌و به ڕاشکاوی ڕایگه‌یاند که “بیگومان سوسیالیزم له سه‌رمایه‌داری باشتره، ئه‌مما کاتێک کۆمه‌ڵگای رووسیا هێشتا قۆناغی فیئودالی تینه‌په‌ڕاندووه‌و ئاسه‌واری قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تی له وڵاتی رووسیا هه‌ر ماوه‌و، سه‌رمایه‌داری قۆناغێکی پێشکه‌وتووتره له فیئودالی‌و تازه له‌م کۆمه‌ڵگایه خۆی نیشان ده‌دا، که وایه ستراکتوری سه‌رمایه‌داری بۆ ئێستای رووسیا خراپ نیه”. ته‌نانه‌ت له شۆرشی ئوکتوبر په‌ژیوان بوه‌وه‌و وتی: ئێمه هه‌ڵه‌مان کرد! گه‌وره‌ترین هه‌ڵه بوو که کردم، نه‌ده‌بوو به په‌له له سه‌ر ژێرخانی جووتیاری ئه‌و شۆڕشه ڕێبه‌ری که‌م! به خێرایی سیاسه‌تی گونجاوی* “نی‌پ”ی هه‌ڵبژارد‌و ده‌رگای وڵاتی پان‌و به‌رینی رووسیای بۆ کارتیل‌و شیرکه‌ته چه‌ند میللیه‌تیه‌کان ئاوه‌ڵه کرد تا خه‌ڵکی برسی رووسیا له‌و شکسته ڕزگار بکات.
مارکس‌و ئێنگڵس له هێچ نوسراوه‌یه‌کیان نه‌یاننوسیوه که شۆڕشی سوسیالیستی له رووسیای دواکه‌وتوو، رووده‌دا. ئه‌گه‌ر لنین بمابایه بیگومان، ئه‌وه‌نده زانا‌و کاریزمابوو که ده‌یتوانی چاره‌ی ده‌رده‌کان بکات‌و به‌داخه‌وه ساڵی 1924 وه‌ک شه‌خسیه‌تێکی هه‌ره به توانا‌و که‌م وێنه‌ی مێژوو، گیانی له ده‌ستدا.
ژوزیف ستالین قسه‌کانی لنینی سانسۆر کرد‌و له په‌رده‌ی نهێنیدا هێشتیه‌وه‌و، ته‌نیا بژارده‌ی وته‌کانی لنینی بڵاوکرده‌وه. ئه‌حزابی براده‌ر یانی: حیزبی شیوعی عێراق، حیزبی شێوعی یه‌مه‌ن، حیزبی کۆمۆنیستی ئێریته‌ره، حیزبی توده‌ی ئێران، حیزبی شیوعی لوبنان‌و حیزبی کۆمۆنیستی هیند که له ده‌زگای سامناکی (کا، گێ، بێ) دیکته‌یان پێ ده‌کرا، ئه‌وانیش هه‌موو قسه‌کانی لنینیان بۆ ئامانجه‌کانی خۆیان ته‌رجومه ده‌کرده‌وه‌و سانسۆریان ده‌کرد.
دژایه‌تی‌و شه‌ڕ له نیوان دوو ئوردووگای سوسیالیزمی جووتیاری‌و سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوا هاته‌ئاراوه. ئه‌و دوو ئوردووگایه، به هێچ شێوه‌یه‌ک حازر نه‌بوون به خاتری پرسی کورد به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان لای حکومه‌ته‌کانی ئێران، تورکیا‌و عێراق که‌م بێته‌وه‌و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه، تا ئاستێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر، بان تر له پرس‌و کێشه‌ی کورد بوو. شۆڕشی ئوکتۆبر له پڕوسه‌ی مێژووی هاوچه‌رخدا، تا ئاست‌و راده‌یه‌کی به‌رز، کوردی له پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی خۆی مه‌حروم کرد‌و، ئه‌و ڕوداوه مێژووییه به زه‌ره‌ری کورد شکایه‌وه. شۆڕشێکی مه‌زن‌و گرانبه‌ها بۆ هه‌ژارانی دونیا بوو، ئه‌مما سه‌رکه‌وتنی بولشویزم پرسی کوردی توشی وه‌ستان کرد. بوڵشویکه‌کان به ئاشکرا ژنڕاڵ ئاتاتورک‌و که‌مالیزمیان یارمه‌تی ده‌دا‌و بار‌ودۆخێکیان خولقاندبوو که کورد قه‌ڵاچۆکرا‌و بزووتنه‌وه‌کانی شکستی هێنا. وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران 1925، بزووتنه‌وه‌ی ئیحسان نوری پاشا 1930، بزووتنه‌وه‌ی شێخ ڕه‌زای ده‌رسیم 1937، کۆماری کوردستان 1924(مه‌هاباد)، حکومه‌تی شێخ مه‌حمود 1925، بزووتنه‌وه‌ی سمکۆی شکاک 1926.
پاش لنین، ژنڕال ژوزێف ستالین بوو به گه‌میه‌وانی ئه‌و کشتیه داغانه، له تۆفانی مێژوودا. ستالین نابودی فیزیکی نه‌یارانی وه‌ک سیاسه‌تی ڕه‌سمی حیزب به ده‌سته‌وه گرت‌و له‌و بواره‌دا، ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی‌و ناوه‌ندی حیزبی، که سه‌رمایه‌ی چینی کرێکار‌و خاوه‌ن ئوتوریته‌ی جیهانی بوون، دانه دانه‌و به خشکه‌یی ملیانی په‌ڕاند‌و له ناو برد. له ده‌ورانی ستالین کورد جگه له زه‌ره‌ر هیچی تری ده‌ست نه‌که‌وت. پرسی کورد بوو به قوربانی، ئامانجه رووناک‌و لێڵه‌کانی بولشویزم. مارکسیزم عیلمه‌و عیلمی خه‌باتی چینه‌کانه. یانی شه‌ڕی هه‌ژاران دژی ده‌سه‌ڵاتداران‌و چه‌وسینه‌ران. مارکس‌و لنین به هێچ شێوه‌یه‌ک دووگم نه‌بوون‌و ده‌روازه‌ی مارکسیزمیان ئاوه‌ڵه هێشتوه‌ته‌وه تا له سه‌ری زیادو له قۆناغه پڕ له هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی مێژودا بژار کرێت‌و، له گه‌ڵ زانست‌و پێشکه‌وتندا، هاوئاهه‌نگ‌و هاوڕه‌وت کرێت. چونکو مارکسیزم زانستێکی وشک نیه، که وایه، پێداچونه‌وه‌و زیادکردن له سه‌ر مارکسیزم هه‌رگیز تاوان نیه‌و بگره زۆرێش پێویسته. ئه‌و عیلمه ئێستا وه‌ک شتێکی به‌ردینی لێهاتوه، له حاڵیکدا ده‌بێ مارکسیزم زیندوو و له چه‌شنی ئاو ڕه‌وان، دڵگیر‌و به ئاسانی له ناو چینی هه‌ژاردا ئاژین بێت. شۆڕشی ئوکتۆبر فاکتۆرێکی نیگه‌تیڤ‌و کاردانه‌وه‌ی خراپی له سه‌ر پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کورد هه‌بوو.
2- پلاتفورم‌و به‌یانیه‌ی چوارده مادده‌یی ڤیدرۆ ویلسون
پلاتفورمی ساڵی 1918ی سه‌رۆک کۆماری ئامریکا ڕاسته‌وخۆ بیر‌و ڕای گشتی دونیای بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی کورد، ئاماده کرد. به تایبه‌ت کورده‌کانی هه‌ریمی باکووری کوردستانی(تورکیا)ی هانداوه تا ده‌وڵه‌تی خۆیان دروست که‌ن. هه‌ڵویستی نیلسون به نسبه‌ت داهاتوی کورده‌وه، به هادار‌و به نرخه. لیئون تروتسکی که داهێنه‌ری ئه‌رته‌شی سوور بوه‌و ماوه‌یه‌ک له لایه‌ن ستالینه‌وه بۆ تورکیا دوور خراوه‌ته‌وه‌و، شاهیدی کوشتاری گه‌لی کورد بوه، هیچ هه‌ڵوێستیکی نیشان نه‌داوه‌و سکوتی کردوه. ئه‌رته‌شی سوور بۆدیفاع له نه‌ته‌وه هه‌ژار‌و زۆڵم لێکراوه‌کانی دونیا پێکهات‌و قه‌رار بوو دژی دیکتاتوره‌کان بێت. ژنڕاڵ ستالینیش ئه‌وه‌ی بیره‌حمی‌و تاوان‌و جه‌نایه‌ت بوو به نسبه‌ت کورده‌وه کردی‌و به زۆره‌ملی هه‌موو کورده‌کانی به‌ره‌و ئاسیای ناوه‌ڕاست کۆچ دا. پلاتفورمی ویلسۆن فاکتۆرێکی چاک‌و پۆزیتیف بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کورد بوو.
3- ڕێکه‌وتننامه‌و په‌یمانی شاری سیڤه‌ری فه‌ره‌نسا!
په‌یمانه‌که ساڵی 1920 عوسمانیه‌کان‌و هاوپه‌یمانه‌کان ئیمزایان کرد، ئیعترافیان به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێک له کوردستان کردووه. له‌و په‌یمانه‌دا به‌نده‌کانی 62،63و 64 بۆ دامه‌زراندنی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ ته‌رخان کراوه. له په‌یمانی ساڵی 1923 شاری لۆزانی فه‌ره‌نسا، وه‌رچه‌رخانێکی سامناک هاته‌ئاراوه که، چاره‌نوسی کوردی به‌ره‌و تاریکی‌و ملشکان برد. که‌مال ئاتاتورک ده‌سه‌ڵات‌و هیژمونی سیاسی تورکیا به ده‌سته‌وه ده‌گرێت. ڕه‌زا شای ئێران، حکومه‌تی قاجاره‌کان شکست ده‌دا. دوو دیکتاتوری دژ به کورد، یانی ڕه‌زا شا‌و که‌ماڵ ئاتاتورک ده‌سه‌ڵات‌و هێژمونی سیاسی به ده‌سته‌وه ده‌گرن که له هه‌وه‌ڵین ڕۆژه‌کانی حکومه‌تیان زمانی کوردیان قه‌ده‌غه کرد. به داخه‌وه، ڕووناک‌بیری کورد له هه‌ر به‌شێک که لکاوه به حکومه‌تی داگیرکه‌رانه‌وه، ڕاسته‌وخۆ خزمه‌تی به‌لاش‌و خۆڕایی به زمانه‌کانی عه‌ره‌بی، فارسی‌و تورکی کردووه. زمانی کوردی به باشی له لایه‌ن ڕووناک‌بیری کورده‌وه نه‌پارێزراوه، به‌ڵکوو مرفۆلۆژی‌و قه‌واره‌ی جیوگرافی کوردستان، ئه‌و زبانه ناسکه‌یان پاراستوه. له کوردستانی باشوور، ڕه‌ش بینی‌و نائۆمێدی گه‌یشته ئاستێک که ده‌یانگوت: جگه له کوێستانه‌کان، هێچ دۆستێکمان نیه**! له لۆزان که‌مالیسته‌کان حازر‌و له که‌میندا بوون‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردیان له باربرد‌و نایانه‌گۆڕ. په‌یمانی سیڤه‌ڕ فاکتۆرێکی نیگه‌تیڤ بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کورد بوو.
4- قۆناغی ته‌مه‌ن درێژی فیئودالیزم له کوردستان
عومری یه‌کجار زۆره‌و ته‌مه‌ن درێژه. ماڵی ئاوه‌دان بێت سیزده سه‌ده عومری کردووه‌و کولتور، زمان،هونه‌رو ئه‌ده‌بیات‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراوی به سه‌ر کوردستاندا، داسه‌پاندووه. ئه‌گه‌رچی کوردستان هێواش هێواش‌و نه‌رم نه‌رم خۆی له‌م قۆناغه ده‌رباز کردووه‌و ده‌کا ئه‌مما، داگیرکه‌رانیش به ته‌واوی هێزیانه‌وه یارمه‌تی ده‌ورانی فیئودالی ده‌ده‌ن تا هه‌ر باوێشک بدات‌و سێبه‌ر‌و ئاسه‌واری به سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردستاندا بمێنیته‌وه. ئێستا داگیرکه‌ران، له کوردستان وه‌ک تاکتیک خێڵ‌و عه‌شیره‌ت‌و تایفه‌یان زیندوو کردوه‌ته‌وه‌و بۆ مه‌به‌سته گڵاوه‌کانی خۆیان که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرن. فیئودالیزم‌و کۆمه‌ڵگای داخراوی جووتیاری، کاردانه‌وه‌ی خراپی له سه‌ر پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کورد هه‌بوه.
5- حکومه‌تی سوننی عوسمانی‌و حکومه‌تی تۆخی شیعه‌ی سه‌فه‌وی!
چوار حکومه‌تی سوپڕ شوڤینیستی داگیرکه‌ر، که به هه‌زاران هه‌زار کیلومیتر، سنووری ده‌ستکردیان دروست کردووه، تۆڕی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان به‌شه جۆراجۆره‌کانی کوردستانیان زۆر لاواز‌و کز کردوه. سه‌ره‌نجامی ڕێککه‌وتنه‌کانیان گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ری له قه‌واره‌ی یه‌کگرتوی جیوگرافی‌و زمانی کوردی داوه به جۆرێک که کوردستان چوار له‌ت کراوه‌و زمانی کوردی بوو به خاوه‌نی دوو زاراوه‌ی سه‌ره‌کی کرمانجی سه‌رو‌و کرمانجی خواروو(سۆرانی)، که ڕه‌وتی گه‌شه‌ی” زمانی ستانداردی کوردی” تووشی بارگرژی کردوه. بنیادنانی ئه‌م دوو حکومه‌ته به مه‌یل‌و بۆچونی ئێسلامییه‌وه، فاکتورێکی نیگه‌تیڤ بووه‌و هه‌مێشه کوردستان، مه‌یدانی ململانێ‌و شه‌ڕی ئه‌و حکومه‌تانه بوه‌و له ئاکامدا، وێران‌و خاپوور کراوه‌و له گه‌شه‌ی ڕامیاری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی هاوچه‌رخ، جێماوه. شوڤینیسته‌کانی ئه‌مڕۆ به ته‌واوی هێزیانه‌وه یارمه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردستانیان نه‌داوه تا له گه‌ڵ ڕه‌وڕه‌وی مێژوودا، هاوسه‌فه‌ر‌و له دواکه‌وتوویی ده‌رباز بێت. ته‌نانه‌ت نه‌یانهێشتوه گه‌شه‌ی ئابوری-کۆمه‌ڵایه‌تی پێویست بکات. داگیرکه‌ران هه‌رگیز به شێوه‌ی جیددی پاڵ پێوه‌نه‌ری کۆمه‌ڵگاکه به‌ره‌و قۆناغی پێشکه‌وتوی سه‌رمایه‌داری نه‌بوون. ئێستا ئاسه‌واری فه‌رهه‌نگی نوێ‌و شارستانی لیره‌و له‌وێ‌و به تایبه‌ت له شاره‌کان زاڵه‌و ده‌بێنرێ، که پاڵ پێوه‌نه‌ری کۆمه‌ڵگای کوردستانه تا له سه‌ر ڕه‌وه‌ندی گه‌شه‌ی مودێڕن، گلوبال‌و هاوچه‌رخ بڕوات. دواکه‌وتوویی، که دوژمن دایسه‌پاندووه فاکتۆرێکی نیگه‌تیڤ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کورد بوه.
6- شێوه‌ی بیر کردنه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی کورد!
شێوه‌ی بیر کردنه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی کورد(کلاسیک‌و کۆن‌و باڵی چه‌پ ئاژوو‌و ڕادیکاڵی کورد ) کۆسپێکی تره. ماوه‌یه‌کی زۆر وه‌رگێڕان‌و ته‌رجومه‌ی بیر‌و ئه‌ندیشه‌ی ده‌قه‌کانی مارکسیزمی هاورده، به سه‌ر باڵی چه‌پدا زال‌و سێبه‌ری خستبوو. ده‌قه‌کانی مارکسیزمی چینی، رووسی به زمانی ئینگلیزی ته‌رجومه ده‌کرایه‌وه‌و پاشان چه‌پی میلله‌ته‌کانی خاوه‌ن حکومه‌ت بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، فارسی‌و تورکی‌و له پله‌ی ئاخردا بۆ سه‌ر زمانی کوردی ته‌رجومه ده‌کرایه‌وه. ئایا ده‌قه ته‌رجومه‌کراوه‌کان جێگای متمانه‌و باوه‌ڕ بوون؟ ئایا له ته‌رجومه‌ی وتاره‌کانی مارکس‌و لنین سه‌باره‌ت به مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌کان ئه‌مانه‌تداری کراوه؟ بۆچی دامه‌زراندنی حیزبی کومونیستی کوردستان بڤه‌یه؟ له هه‌موو ده‌قی ته‌رجومه‌کاندا، به نه‌ته‌وه زۆڵم لێکراوه‌کان‌و به تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی کورد ڕاسپێردراوه که قازانجی چینی کرێکار له‌وه‌دایه، کورد له گه‌ڵ وڵاتانی داگیرکه‌ر بمێنیته‌وه! له‌م سه‌ده‌یه‌دا، کورد داوای جیابونه‌وه بکات، هه‌رگیز به زه‌ره‌ری چینی کرێکار نیه. نموونه‌ی جیابونه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتومان زۆره. سلڤاکیا له کاناڵی دیالۆگه‌وه له چێک جیا بوه‌وه. دووڕگه‌ی تیموور له فیلیپین جیا بوه‌وه. له کانادا ده‌ڤه‌ری فه‌رانسه‌وی زمانی “که‌بیک”، به ته‌واوی سه‌ربه‌خۆیه، له ئاڵمان ده‌ڤه‌ری بایه‌ر‌و له سوید ده‌ڤه‌ری سکۆنه به ته‌واوی سه‌ربه‌خۆن‌و چینی کرێکار به هێچ شێوه‌یه‌ک زه‌ره‌ری نه‌کرد. به داخه‌وه تاقمێک له چالاکان‌و شۆڕشگیڕانی کورد که خێرا هاتن‌و تیژ تێپه‌ڕین، بێ به‌ڵگه هێنانه‌وه ڕێبه‌ر، دیموکرات، هه‌مه لایه‌نه‌و کاریزما بوون، گیانیان له پێناو ئازادی‌و دیموکراسی به‌خت کرد‌و مه‌رگی ئه‌وان خه‌ساره‌تێکی مه‌زن‌و گه‌وره‌ی له ڕزگاری کوردستان دا. ئێستا وه‌رچه‌رخانێکی تا راده‌یه‌ک لۆژیک‌و مه‌نتیقی له هه‌ڵویست، بیر‌و بۆچون‌و پراکتیکی ڕێبه‌ران‌و ڕیکخراوه کوردیه‌کان هه‌ست ده‌کرێت. هیوادارم بیزاری جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵک له یه‌ک نه‌گرتنی حیزبه‌کان، ئه‌زمونی تاڵی شکسته‌کان، کاردانه‌وه‌ی خراپی نه‌پاراستنی سه‌رمایه‌و سامانی خه‌ڵک، شه‌ڕی پڕ زامی خۆکوژی‌و نرخدانان بۆ خواست‌و ئاره‌زوی سه‌دان ساڵه‌ی گه‌لی کورد، حیزبه‌کانی به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یاندبێت که بۆ ڕزگاری‌و هه‌موارکردنی هه‌لومه‌رجی پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت، پلاتفۆرمێکی هاوبه‌ش واژووکه‌ن‌و یه‌کگرن. شێوه بیرکردنه‌وه‌ی تۆخی چه‌پ‌و ته‌رجومه‌ی ده‌قه‌کانی مارکسیزمی هاورده‌و ناسیونالیزمی به‌رچاو ته‌نگ، فاکتۆرگه‌لێکی نه‌شیاو بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کوردین.
7- خه‌باتێکی نوێ‌و پڕ به‌ها، تازه له دایک بووه!
وته به ناوبانگه‌که‌ی مائوتسه تونگ که ده‌ڵێت: “هێژمونی‌و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له لوله‌ی تفه‌نگه‌وه ده‌ردێت”، ماوه‌یه‌کی زۆر له سه‌ر خه‌بات‌و به‌ره‌نگاری پێشمه‌رگانه‌دا ده‌وری نیگه‌تیڤی نواند. خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و شارستانی‌و مودێڕن تازه له دایک بوه‌و کاردانه‌وه‌ی هه‌یه. له‌م بواره‌دا کوردستانی باکوور‌و تا ئاستێکی نه‌زۆر به‌رز، کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات سه‌رکه‌وتنی به‌رچاویان به ده‌سهێناوه. خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و شارستانی‌و دیالۆگ تازه پێیگرتوه‌و له فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا جێی خۆی کردوه‌ته‌وه‌و به‌کاردێت. له کوردستانی باکوور تهرجومهیهکی گونجاو له خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌و نافرمانی مه‌ده‌نی – نه‌ته‌ویی قه‌واره‌ی گرتوه‌و له گه‌ل بارودۆخه‌که‌دا گونجاوه‌و به ئاشکرا ده‌سکه‌وتی مێژوویی هه‌بوه‌و له لایه‌ن بیر‌وڕای گشتی جیهانیه‌وه وه‌رگیراوه. خه‌باتی مودێڕن‌و شارستانی فاکتۆرێکی شیاو بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کورده‌و ده‌بی نرخی زۆرتری بۆ دانێن.
8- به‌ره‌نگاری‌و خه‌باتی سه‌ربه‌رزانه‌ی پێشمه‌رگه!
ئەمە فاکتورێکی هه‌ره مه‌زن‌و گرینگه که یارمه‌تی خه‌باتی کوردی داوه‌و لای بیر‌وڕای گشتی جیهانه‌وه وه‌رگیراوه. ڕێکخراوه کوردییه‌کان‌و پارتیزانه‌کانی، به دریژایی خه‌باتی پێشمه‌رگانه هه‌رگیز بۆ تاکتێکی خۆکۆژی‌و خۆته‌قاندنه‌وه په‌نایان نه‌بردووه‌و، ڕاسته‌وخۆ‌و سه‌د له سه‌د، له‌و ئاکاره دژه مرۆڤایه‌تی‌و ئینسانیه پارێزیان کردووه. له مێژوویی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی، کاری تیرۆریستی ناجوامێرانه‌یه‌و نرخی هه‌رگیز نه‌بووه. دووره‌په‌رێزی له تاکتێکی تیرۆریستی ئێستا ستاتوس‌و حورمه‌تی باشی بۆ پێشمه‌رگه‌و گه‌لی کورد ده‌سته‌به‌ر کردووه‌و سه‌ری به‌رزی پێشمه‌رگه‌ی به‌رزتر کردوه‌ته‌وه. یه‌که‌مجار باڵی ئیسلامی فه‌له‌ستینیه‌کان، دژی ئیسراییل ئه‌م شێوه خه‌بات‌و تاکتیکه‌یان هه‌ڵبژارد‌و هێواش هێواش گروپی توندئاژوو و تاقمی تری ئیسلامی به ده‌ستیانه‌وه گرت، که له راستیدا نه‌فرت‌و بیزاری زۆریان ده‌رحه‌ق به خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خولقاندووه‌و هه‌روا پێکهێنانی”ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین”ی زۆر خسته دواوه. (له فڕۆکه‌خانه‌کان هه‌رکه زانیان خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پشکنین‌و کونتڕۆڵ دوو قات ده‌بێته‌وه). ئه‌م تاکتێکه ترس‌و سام، په‌ره پێده‌دات‌و گه‌وره‌ترین ڕێژه‌ی قوربانیانی، ته‌نیا ژنان‌و منداڵانی بی تاوان‌و مه‌عسومن. عه‌ره‌بستان، سوریا، ئێران، پاکستان، دراوی زۆر‌و ئیمکاناتی وڵاته‌که‌یان بۆ رێکخستن‌و یارمه‌تی ئه‌و گروپانه ته‌رخان کردووه. بۆ نمونه، جمهوری سێداره‌ی ئێسلامی، کار ئاسانی‌و یارمه‌تی چه‌ند “گه‌نجی توند ئاژووی سه‌قزی”، دا تا له سنووری خۆراسان ده‌رباز بن‌و خۆیان به هێزه‌کانی تاڵیبان گه‌یاند. و زۆری پێی نه‌چوو له لایه‌ن هێزه‌کانی ناتۆوه کوژران. کردنه‌وه‌ی کتێبخانه‌ی جمهوری سێداره‌ی ئێسلامی له شاری هه‌ولێر، هه‌ر له پاڵ سیاسه‌تی ڕووخاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌نجانی کورد شرۆڤه ده‌کرێت. پێشمه‌رگه هێچ کات له شیوه خه‌باتی “بێزهێنه‌ر‌و ناجوامێرانه‌ی تیروریستی” که‌ڵکی وه‌رنه‌گرتوه، ئه‌گه‌رچی هه‌میشه ده‌یتوانی به ئاسانی تاکتێکی تۆقێنه‌ر‌و وه‌حشیانه‌ی تیرۆریستی به ده‌سته‌وه بگرێت. خه‌باتی پێشمه‌رگانه هه‌میشه له که‌رامه‌تی میلله‌تی کورد دیفاعی کردووه‌و فاکتۆرێکی شیاو بووه‌و له ژنۆ‌سایدی گه‌لی کورد به‌رگریی ڕاسته‌وخۆی کردووه. حوزوری هه‌میشه‌یی پێشمه‌رگه له گوندکان، ناوچه شاخاویه‌کان‌و دوور له شاره‌کان، به قازانجی دوژمن بوه. شاره‌کان کانونی بزووتنه‌وه‌و سه‌نگه‌ری خه‌باتی مه‌ده‌نی بۆ ڕزگاری‌و چاره‌نوسی میلله‌تی کورده‌و ده‌وری دیاریکه‌ریان هه‌یه. هێزی سه‌ربه‌رزی پێشمه‌رگه ده‌وڵه‌تی کورد گارانتی ده‌کات‌و ده‌پارێزیت.
9 – مێشک شوردنه‌وه‌و ته‌شه‌سه‌ندنی نه‌خوێنده‌واریی!
نه‌خوێنده‌واریی ده‌ردی بی ده‌رمانه. شوڤینیزمی زاڵ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌موو وڵاتی کوردستانیان له عیلم، زانست‌و پێشکه‌وتن مه‌حرووم کردوه. ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له گونده‌کانی کوردستان حه‌شر ده‌کات‌و ئاسته‌که‌ی مرۆڤ ده‌ترسێنێت‌و له شاره‌کانیش ئاستی نه‌خوێنده‌واری نزم نیه. دانانی زانکۆ، مه‌دره‌سه‌ی هاوچه‌رخ، ئه‌نستیتۆی‌و زانستگا وه‌ک پێویست بۆ کورد نه‌کراوه. له باتی زانکۆ‌و ئه‌نستیتۆ، سه‌ربازگه‌کان، تۆڕی جاسوسی به‌ر فراوان، مکانیزمی تاڵان، بردن‌و هه‌ڵلوشێنی داهاتی کوردستان له ئاستی باوه‌ڕ پێنه‌کراودا، گه‌شه‌ی سه‌ندووه. ئه‌وه‌ی هه‌میشه بۆ حکومه‌ته ناوه‌ندیه‌کان نرخی هه‌بوه دانانی جاسوس خانه‌ی ئاشکرا‌و نهێنی، بڵاوکردنه‌وه‌ی مادده هوشبه‌ره‌کان، ئاودانکردنه‌وه‌ی گۆڕستانه‌کان، سازکردنی زیندانی تاکه که‌سی‌و گشتی. سوکایه‌تی سیستماتیک به شارۆمه‌ندانی کورد‌و په‌ره‌پێدانی خورافات‌و میلیتاریزه‌کردنی کۆمه‌ڵگای کوردستان بوه. نه‌خوێنده‌واریی ئامێریک بوه‌و ئوتۆماتیک دوژمن بۆ چه‌وساندنه‌وه، تاڵان‌و مێشک هه‌ڵکۆڵێن‌و مێشک شوردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کورد هه‌ڵیبژاردوه‌و که‌ڵکی چاکی لێوه‌رگرتوه. ئه‌مڕۆ نه‌خوێنده‌واری، وه‌ک نه‌خوشینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی چاو لێده‌کریت‌و فاکتۆرێکی نه‌شیاو بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کورد بوه.
10 -هه‌موو شکسته‌کان پیلانی زلهێزه‌کان‌و داگیرکه‌ران نیه!
هه‌رگیز مه‌نتیقی نیه، وا بزانین هه‌موو جه‌نایه‌ته‌کان پیلانی داگیرکه‌ران‌و وڵاتانی زلهێزی جیهانیه. مه‌نتیقیه که ده‌وری خراپی ڕێکخراوه کوردییه‌کان‌و یه‌ک نه‌گرتنیان، پێکدادانی خوێناویان، نه‌بوونی پلاتفورمی هاوبه‌شیان، نه‌زانینی “ده‌وڵه‌تداری”و به تایبه‌ت فاکتۆرێکی ڕووخێنه‌ر، نه‌ک که‌م هاوتا، به‌ڵکوو بێ وێنه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی(خۆکوژی) له ئه‌ستۆ بگرین. شه‌ڕی خۆکوژی ڕاسته‌خۆ ڕیکخراوه کوردیه‌کانی، ناچار به هه‌ڵکشان‌و داکشان کردووه‌و بار‌ودۆخی وه‌ستاو ڕه‌شبینی له ناو جه‌ماوەردا، داسه‌پاندووه. دیارده‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی، له ناوحیزب‌و ڕیکخراوه کوردیه‌کان، هه‌رگیز ئاوارته (استثنا) نه‌بووه‌و گشتگیر بووه. هه‌موو خه‌تاکان بۆ نه‌یاران، دا نه‌نێین، به‌ڵکوو ڕێکخراوه سیاسیه کوردیه‌کانیش له‌و شکستانه به‌شی زۆریان، له بواره پڕ له‌هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی مێژوویی‌دا بۆ خۆیان تۆمار کردووه. رووسیا‌و فینلاند جار‌و بار شه‌ڕیان بوه‌و هه‌ڵویست‌و فیداکاری شارۆمه‌ندانی فینلاند، سه‌باره‌ت به ڕزگارکردنی وڵاته‌که‌یان له ده‌ست هێڕشه‌کانی رووسیا نموونه‌ی به نرخ‌و گرانبه‌های مێژوویین. کاتێک ده‌وڵه‌تی فینلاند پاره‌ی بۆ کڕێنی چه‌ک‌و ته‌قه‌مه‌نی نامێنێت، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ژنانی فینلاند، خشڵ‌و ئاڵتون‌و زێڕی خۆیان وه‌ک دیاری به ده‌وڵه‌ت ده‌به‌خشن‌و، به‌و شێوه‌یه “ده‌سه‌ڵاتی کڕێنی” ده‌وڵه‌تی فینلاند، ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن. له ئێواره‌یه‌کی سارد‌و شه‌ڕێکی نابه‌رانبه‌ر دوو پارتیزانی فینلاندی، ده‌که‌ونه که‌مین‌و به‌ره‌وڕوی په‌لێک سه‌ربازی رووسی ده‌بنه‌وه. یه‌کێک له پارتیزانه‌کان هه‌ر بیر ده‌کاته‌وه‌و براده‌ره‌که‌ی پرسیاری لێده‌کات. بۆچی وا ئه‌وه‌نده بیر ده‌که‌یته‌وه، ئایا ده‌ترسی؟ له وەڵامدا ده‌ڵێت نا ناترسم، به‌ڵام ئێستا ده‌بێت شه‌ڕی سه‌ر‌و ماڵ‌و قورس بکه‌ین. ئه‌مما به‌یانیش کاری زۆرمان ده‌بێ‌و زۆریش ماندوو ده‌بین. هاوڕێ که‌ی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر شه‌ڕی چاک بکه‌ین، که شه‌و تاریک داهات، قه‌ڵای مه‌ردانه‌و کارمان ته‌واوه. دیسان پرسیار ده‌کات. پێم ناڵێت بۆچی به‌یانی کارمان زۆره؟ هاوڕێکه‌ی وەڵام ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: به‌یانی ده‌بێ بۆ ئه‌م رووسانه‌و هه‌موویان قه‌برهه‌ڵکه‌نین‌و پێتوایه هه‌ڵکه‌ندنی ئه‌و گۆڕانه ئێمه ماندوو ناکات؟ جا بزانه هه‌ڵویست‌و پێوه‌ری فیداکاری ژنان‌و پارتیزانه‌کانی فینلاند سه‌باره‌ت به ڕاماڵینی سه‌ربازی رووسی له چ ئاستێکی به‌رزدا بوه. ئه‌گه‌رچی فیداکاری پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌رزترین ئاستی هه‌بوه، ئه‌مما هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی فینلاندیه‌کان، له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد یه‌کجاربه‌رزتر بووه.
11- ده‌سه‌ڵاتی ستالین!
پاش شۆڕشی ئوکتوبر، دیکتاتوری بێ ڕه‌زای ژنڕاڵ ستالین، مه‌سیری مێژووی به‌ره‌و هه‌ڵدیر برد. به زه‌قی یه‌ک حیزبی‌و ئابوری ده‌وڵه‌تی، به‌رجسته کرایه‌وه‌و په‌سه‌ند کرا. دانانی کۆپی حیزبی کۆمۆنیستی رووسیا له ئوروپای ڕۆژهه‌ڵات، ته‌نیا هه‌ژاریی‌و نه‌داریی گه‌یانده چله‌پۆپه‌ی خۆی‌و وڵاتانی ڕۆژئاوایش، هه‌موو وڵاتانی به ناو سوسیالیستیان بۆ کێبڕکێیه‌کی نه‌خوازراو‌و دروستکردنی چه‌کی کوشه‌نده‌و ماڵ وێرانکه‌ر، پاڵ پێوه‌نا. به‌و جۆره وڵاتانی ئوروپای رۆژهه‌ڵات، له گێژی گێژاو که‌وتن. ئێستاش په‌نابه‌رانی جمهوری سوشیالیستی ڕۆمانی له وڵاتانی ئیسکاندیناوی به شه‌رمه‌وه سواڵ ده‌که‌ن. هه‌لومه‌رج‌و بار‌ودۆخی له دایکبوونی نازیسم‌و فاشیزم، دوای شکستی شۆڕشی ئوکتۆبر ئاماده‌و ده‌سته‌به‌ر کرا‌و، له هه‌ندی وڵات بۆ نموونه له: ئێران، تورکیا، ئاڵمان، ئسپانیاو ئیتالیا ناسیونالیزم به سه‌رکه‌وتن گه‌یشت. سه‌رکه‌وتنی ناسیونالیزم‌و شوڤینیسم له سه‌ر پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کورد، کاردانه‌وه‌ی نیگه‌تیڤی هه‌بوو. سیما‌و که‌سایه‌تی ناسراوی ئه‌و ده‌وریه بریتین له: هیتلر، موسولینی، ئاتاتورک، ڕه‌زا شا، فرانکۆ که دوو دیکتاتوری هه‌ره به ناو بانگی دژ به کورد یان تێدا هه‌ڵکه‌وت. ئاتاتورک‌و ڕه‌زا شا به ڕاستی له کاناڵی سه‌رکوت‌و قه‌ڵاچۆی بیڕه‌حمانه‌ی گه‌لی کورد، خزمه‌تی چاکیان به نه‌ته‌وه‌کانی خۆیان کرد‌و له‌پێناو‌و له‌و بواره‌دا، کۆمه‌ڵگای کورده‌واریان، توشی دواکه‌وتویی که‌موێنه کرد. دوو زلهێزی جیهانی یانی رووسیا‌و ئامریکا، پرسی کوردیان به هه‌ند نه‌گرتوه‌و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان، زه‌ره‌ریان له کورد داوه‌و، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست له حکومه‌ته دیکتاتوره‌کان دیفاعیان کردووه. به‌ڵام پێده‌چێت ئێراده‌ی لیبڕاو‌و گه‌شه‌ی سیاسی خه‌ڵکی کورد، مێژوو‌و شۆڕشی نوێ تیکنۆلۆژی به‌ر به پلانه خراپه‌کانی ئه‌وان بگرێت.
* خواستی خه‌ڵکی کورد چییه؟
کوردستان له لایه‌ن چوار ده‌وڵه‌ته‌وه گه‌مارۆ دراوه‌و زیندانێکی گه‌وره‌یه. مه‌یل‌و ئیراده‌و ڕاسپارده‌کانی بیر‌و ڕای گشتی خه‌ڵکی کورد، پێکهێنانی سێ ده‌وڵه‌تی دیموکراتیکه که په‌یوندییه‌کی به‌رفراوانی ئابوری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و نه‌مانی سنووره ده‌ستکرده‌کان قه‌واره‌که‌ی ده‌بێت‌و دیموکراسی، ئاشتی‌و سوڵح له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. ئه‌و مه‌یل‌و ئاره‌زوه یه‌کجار په‌ره‌ی سه‌ندووه. خه‌ڵکی کورد ده‌یه‌وێت سنووری ده‌ستکرد، به شێوه‌ی وڵاتانی ئوروپایی نه‌مێنی‌و شه‌رایه‌تی پێکه‌وه ژیانی سێ حکومه‌تی کوردی له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تری ناوچه‌که فه‌راهه‌م بێت. ناکۆکی ڕیکخراوه‌کانی کوردستان له گه‌ڵ یه‌کتر، قه‌یران، له‌ت بوون‌و دابڕان له یه‌کتر، شه‌ڕی خۆکوژی ناو به ناو‌و بی سه‌مه‌ر، توانیان ئاستی هه‌ستی نه‌ته‌ویی گه‌لی کورد دابه‌زێنن‌و سه‌رجه‌م فاکتۆرێکی زۆر خراپ‌و زه‌ره‌رمه‌ند بۆ گه‌لی کورد بووه. *****
بۆ زانیاری تر:
1- Kurdistan. During the first world war , by: Kamal Madhar Ahmad.
2- Platform by
resident Woodrow Wilson ,
Programmed of the worlds peace ,of 1918 said that the non-Turkish minorities of the ottoman empire should be assured of an ,unmolested opportunity of autonomous development.
3- The Age of extremes ,
A History of the world by: Eric Hobsbawm 1914- 1991
4- Noam Chomsky , interviewed by: Farid Adib 27 february 2010 , rahesabz.net
5- به‌ره‌ی سه‌رمایه‌داری پرسی کوردیان، بۆ سات‌و سودای خۆیان له بواره‌کانی مێژوودا به کار هێناوه، ته‌نیا ئاوارته ی(استثنا) ئه‌م بازنه ئیستعماریه دوو که‌س بوه.یه‌که‌م سه‌رۆک وه‌زیرانی بریتانیا، چرچیل بوه که‌له مافی کورد له شیوازی ده‌وله‌ت یا قاڵبێکی فیدڕالیدا پشتیوانی کردووه. دووهه‌م سه‌رۆک کۆماری ئامریکا ڤیدرۆ ویلسۆن له پلاتفورمی خۆیدا، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی ڕاسپاردوه‌و ڕچاو کردووه. 6- تاریخ روسیه شوروی ای. اچ. کار ترجمه ی نجف دریابندری تهران جلد سوم 1371
7- پشکۆیه‌ک له خۆڵه‌مێشدا ! نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د، بیر‌و ئه‌ندیشه‌و دیکۆمینته‌کانی ڕێزدار “عومه‌ر شێخ موس “ی له‌م کتێبه‌دا کۆ کردوه‌ته‌وه. ساڵی 2010 له سوید کتێبخانه‌ی هه‌رزان چاپی کردوه.
*NEP : Ny Ekonomisk Politik
** No friends, but Mountains !
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS



(No Ratings Yet)