گۆڕان‌و رامان
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 4 شه‌م Sep 08, 2:46 pm
جه‌لیل ئازادیخواز
هه‌ر چاودێرێکی نه زۆر سیاسیش له‌م رۆژانه‌دا که سه‌رنجی هه‌واڵ‌و ده‌نگوباس‌و رووداوه‌کان بدات، بۆچوون‌و رایه‌کی لا گڵاڵه ده‌بێت که گۆڕان‌و روو له‌گۆڕانبوونی ئێران له چه‌قیدایه‌و ئه‌م بۆچون‌و رایه به راستی‌و ره‌وای له جێگای خۆیدایه‌و ئاماژه‌کان به ته‌واوی ده‌یسه‌لمێنن. هۆکار‌و هۆکانی گڵاڵه‌بوونی ئه‌م رایه‌و گه‌یشتنه ئه‌م ده‌رئه‌نجامه زۆرن که من هه‌وڵده‌ده‌م له‌چه‌ند گریمانه‌و بڕگه‌یه‌کدا بێانخه‌مه‌ڕوو. پاشان ئاوڕێکی خێراش له‌چلۆنایه‌تی رامان‌و خۆئاماده‌کاریه‌کانی هێزه کوردییه‌کان بده‌مه‌وه‌و بۆ هه‌رکام له‌م ئه‌گه‌رو گریمانانه که ره‌نگه رووبده‌ن .
گریمانه‌ی یه‌که‌م
به سه‌رنج‌و رامانێک له بارودۆخی ناوخۆی وڵات له هه موو روبه‌ره‌کانی ژیاندا ده‌گه‌ینه ئه‌م باوه‌ڕه که کاتی گۆڕان‌و دوای هاتن به شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی رژێم به لای که‌مه‌وه به‌مشێوه‌و میتۆده هاتووه‌و درێژه‌ی نه‌گونجاوه. رژێم به هه‌موو ئاماره‌کان له کۆ‌ی پێکهاته‌و رووبه‌ره‌کانی ژیاندا دووچاری قه‌یرانی بنه‌ڕه‌تی‌و سه‌ره‌کی بووه که ئیتر به میکانیزمه ئه‌زموونکراو کۆنه‌کانی رژێم چاره‌سه‌ر ناکرێن. داڕمانی ئابوری وڵات‌و گه‌شه‌ی بێکار‌و به‌رینبوونه‌وه‌ی رووبه‌ری هه‌ژاری‌و هه‌ڵشکان‌و داخستنی کارگاو کارخانه‌کان یه‌ک له دوای یه‌ک‌و هه‌ڵئاوسانی بێ وێنه‌ی ئابووری وڵات. میلیتاریزه‌بوونه‌وه‌ی به ته‌واوی رژێم‌و یه‌کڕه‌نگ‌و یه‌ک ده‌نگ وه‌ستانی له‌بەرامبه‌ر داخوازی‌و داواکانی جه‌ماوه‌ردا. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌موو پلان‌و گڵاله فه‌رهه‌نگیه‌کانی ده‌سه‌ڵات که ده‌یویست کۆمه‌ڵ‌و کۆمه‌ڵگا به ئاراسته دیاریکراوه‌کانی هزر‌و ئاوه‌زی خۆیدا به‌رێت. به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌کی به خه‌ستی کۆنه‌په‌رست‌و نه‌ریتی که چاوی له رابردووه‌و ماوه‌ی سی‌و یه‌ک ساڵه ده‌خوازی گه‌ل له ده‌ورانێکی زێڕکفتی رابردودا راگرێت که سه‌رتاپا وه‌همه‌و به هیچ جۆرێ تائێستا نه‌یتوانیوه‌و ناتوانێت بیگوێزێته‌وه بۆ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مڕۆ، که له به‌رامبه‌ریدا کۆ‌مه‌ڵگایه‌کی به چڕی لا‌و که تا سه‌ر ئێسقان رووی له داهاتووه‌و ئه‌گه‌ر بڵێن هه‌موو ئه‌زموونه‌کانی رابردوو به شکاو نه‌زۆک ده‌زانێت زیاده‌ره‌ویمان نه‌کردووه. ده‌سه‌ڵاتێ که هه‌موو بوون‌و ژیان له چه‌قی نه‌ریته‌وه شرۆڤه‌و ئاراسته ده‌کات له به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌رێکدا که به‌راشکاوی‌و به‌رجه‌سته له زۆرێکی زۆر له ئاراسته‌و شرۆڤه نه‌ریتیه‌کان بڕاوه. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌وه‌کان‌و سه‌ر‌هه‌ڵدانی نه‌وه‌یه‌ک که هه‌موو ئۆبژه‌کانی نه‌وه‌ی خاوه‌ن هێز‌و ده‌سه‌ڵات وه‌لا‌ده‌نێ‌و خۆی بۆ خۆی سه‌رقاڵی ئۆبژه‌سازی خۆیه‌تی‌و له زۆر بواریشدا له‌م ره‌وته‌دا سه‌ر‌که‌وتوو بووه. له هه‌موو ئه‌مانش گرنگتر‌و شیاوی سه‌رنجتر خۆهۆشیاریه‌کی به‌ر‌جه‌سته‌و به‌رچاوی تاکی کۆمه‌ڵگاو ده‌ر‌که‌وتنی ئه‌م خۆ‌هۆشیاریه له داواکاریه‌کانی کۆنتروڵ‌و مه‌هارکردنی ده‌سه‌ڵات به گشتی‌و ده‌وڵه‌ت به تایبه‌تی که زۆر روون خۆیان نیشان ده‌ده‌ن‌و داوه. هه‌ستانه‌وه‌ی چینی ناوه‌ندی‌و ناڕه‌زایه‌تی ئه‌م چینه که هێنده قووڵه ته‌نیا به پێچانه‌وه‌ی کۆ‌ی پێکهاته‌ی رژێم‌و ده‌سه‌ڵات نه‌بێت ویسته‌کانی نایه‌ته‌دی جا ئه‌م پێچانه‌وه‌یه به کام میکانیزم‌و له کام رێگاوه بێت واده‌زانم که نا‌ره‌زایه‌تیه که هێنده قووڵ‌و کردار په‌سه‌نده که هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان ره‌چاو ده‌کات‌و خۆی ته‌نیا له یه‌ک ئاستدا قه‌تیس‌و ڕاوه‌ستاو ناکات. کۆ‌ی ئه‌م گۆڕانانه‌و ته‌ریکبوونه‌وه‌ی رژێم له کۆ‌ی په‌یوه‌ندیه جیهانیه‌کان‌و دیسان تازه‌کردنه‌وه‌ی ئابڵوقه ئابوریه‌کانی سه‌ر ئێران له هه ردوو لای رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کا‌ن‌و کیشوه‌ریه‌وه وه‌ک ئابڵوقه‌کانی کیشوه‌ری ئه‌وروپا که تازه به سه‌ر ئێرانی‌دا سه‌پاندووه. به‌ر‌ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌مانە ئه‌و راستیه ده‌سه‌لمێنن که رژێم له ناوه‌وەو ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشدا هه‌موو ره‌وای‌و په‌سه‌ندی خۆی له ده‌ستداوه. بۆ‌یه ده‌توانین بڵێین که ئه‌م دۆخه‌و به زیادبوونی فاکته‌رێکی هه‌ره گرنگ‌و ره‌چاونه‌کراو ی تری وه‌ک پوکانه‌وه‌و هه‌ڵوه‌رینی هێزی چه‌کدار‌و سوپای رژێم که بێگومان له چر‌که‌ساتی هه‌رچی به‌رینتربوونه‌وه‌ی به‌رخۆدان‌و راپه‌ڕینه‌کاندا گونجاو چاوه‌روانکراوه‌و ئه‌زموونه‌کانیش ئه‌م ره‌وت‌و رووداوه ده‌سه‌لمێنن. گه‌شه‌ی ناڕازیبوونه‌که‌و به‌رینبوونی هاوبه‌شی كۆمه‌ڵایه‌تی راپه‌رین‌و هاوبه‌شی به‌رینتری چین‌و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان وه‌ک کرێکاران‌و زه‌حمه‌تکێشان که هاوبه‌شی به‌رین‌و فراونیان ده‌توانی ئاخرین کۆڵه‌که‌و پا‌یه‌کانی ده‌سه‌ڵات بێنیته له‌رزین‌و بۆ هه‌میشه کۆتایی به‌م جۆره له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بێنیت که ئه‌گه‌رێکی گونجاوه‌و هه‌موو ئاماژه‌کان ره‌خسان‌و روودانی ئه‌م گریمانه‌یه ده‌سه‌لمێنن مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که گریمانه‌یه‌کی دی بێته پێشه‌وه‌و زوتر له ته‌واوبوونی ره‌وتی ئۆرگانیکی ئه‌م ره‌وته که خۆی زه‌مانبه‌ره خۆی بسه‌لمێنێ .
گریمانه‌ی دووهه‌م
سه‌ره‌ڕای هه‌موو باس‌و هۆکاره‌کانی سه‌ره‌وه که باسکران له م ساڵ‌و چه‌ند مانگه‌ی رابردوودا به‌رخۆدانی گه‌ل چووه‌ته ئاست‌و قۆناغێکی دیکه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ک سه‌ریهه‌ڵداوه که جیا له خواست‌و ئاره‌زوی ئێمه خۆی له کۆمه‌ڵگادا نیشانداوه‌و نا‌وو ناوه‌رۆکی دیاریکراوی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر کردووه‌و به ناوی (بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزه‌وه) هه‌م له دنیای ده‌ره‌وه‌و هه‌م له ناوه‌وه‌ش توانیویه‌تی به ئه‌ندازه‌و توانای خۆی ها‌و‌ده‌نگی‌و هاو هه‌ڵوێستی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر کات.
ڕاسته که ئه‌م جوڵه‌یه له ناوخۆی وڵات‌دا نه‌یتوانیوه زۆر به‌رین بێته‌وه متمانه‌ی گه‌لانی ئێران‌و به‌زۆری‌و راشکاویش ژنان‌و هێزه سیاسیه نه‌یاره گرنگ‌و خاوه‌ن پێشینه‌کان به ده‌ست بێنێت. هه‌رچه‌نده که هه‌ندێک وانیشان ده‌ده‌ن‌و شرۆڤه ده‌که‌ن که پێگه‌ی ئه‌م جوڵانه‌وه چینی ناوه‌ندین، به‌ڵام واده‌زانم ئه‌م رایه هه‌م تۆزێک زیاده‌ره‌وی پێوه‌دیاره‌و هه‌میش له گه‌ڵ واقعی کۆمه‌ڵگاو هه‌ناوی ئه‌و جوڵه نایه‌ته‌وه، چونکه به هه‌موو پێوه‌ره‌کان له‌شکر‌و پێگه‌ی ئه‌م جوڵه زۆرتر لاوانن‌و تا ئێستاش نه‌یتوانیوه خۆی بخزێنیته ئامێزی چینه‌کانی خواره‌وه که هۆکاره‌کانیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌ساره‌کانی هه‌ناو ئه‌ندێشه‌ی ئه‌م جوڵه‌که له رووی سیاسی‌و کلتوری‌و روانگه‌ی ماف‌و دیموکراسیه‌وه دادوه‌ری کۆ‌مه‌ڵایه‌تیه‌وه به‌خه‌ستی ناها‌وزه‌مانییه‌کی به‌رجه‌سته‌ی پێوه دیاره که من له وتارێکی دیکه‌دا به ناوی (ده‌قگرتوی له زه‌مه‌ندا) به درێژی باسی ئه‌و بابەته‌م کردووه‌و لێره نا‌چمه‌وه سه‌ری. ئه‌م جوڵه له کۆ‌هۆکارو که‌ره‌سه‌یه‌ک سود ده‌گرێت که هێزه‌کانی گریمانه‌ی یه‌که‌م ده‌ستیان پێی راناگات‌و زۆر به ئه‌سته‌م ده‌توانن وه‌ک ئه‌م جوڵه‌له که‌ڵک گرتن له‌و ئامڕازانه سه‌رکه‌و‌توبن. ئه‌م به‌ریانه بۆخۆی زه‌مانێ به‌شێک له ده‌سه‌ڵات بوون‌و ئێستاش له ئاخێزگه فکریه‌کانی ده‌سه‌ڵات نه‌بڕاون‌و تائه‌م چرکه ساته‌ش ناخوازن له‌م ئاخێزگه ببڕێن. هه ر به‌م هۆیه‌ش ئه‌م جوڵه پشتیوانی به‌شێک له که‌سان‌و هێزه سه‌ربازی‌و ناوه‌نده‌کانی پێکهاته‌ی ئه‌م رژێمه‌ی له پشته‌و ده‌کرێت له ده‌رفه‌تی گونجاوی خۆیدا سودیان لێبگرێت. ئه‌م هێزه لۆبی‌و پێشینه‌یه‌کی په‌یوه‌ندی‌و هه‌ڵسوکه‌وتی دیپلۆماسی باشی له پشته‌وه‌یه له گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه که ده توانێ‌و توانیویه‌تی ئه‌مانه بکاته مه‌کۆی سه‌رنجی هێز‌و زلهێزه‌کانی جیهان. راشکاوتر ده‌توانین بڵێن که ئه‌م هێزه تا ئێستاش په‌سه‌ند‌ترین هێزه که له راڕه‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی جیهانیدا متمانه‌ی پێده‌که‌ن‌و ده‌خوازن له کۆ‌ی گۆڕانکاری‌و رووداوه‌کانی ئێران‌دا ئاماده بێت‌و به مانایه‌کی تر به هێزێکی ده‌زانن که ده‌کرێت جڵه‌وكێشی ده‌سه‌ڵاتی داهاتووبێت‌و به سانای مامه‌ڵه ده‌کات‌و ده‌توانێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و هێز‌و زلهێزانه بپارێزێت.
مه‌ترسی گه‌وره ئه‌وه‌یه که هێزه جیهانیه‌کان مه‌کۆی سه‌رنجیان زۆرتر دابینکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیانه‌و که‌متر واژه‌و ده‌سته‌واژه‌کان‌و هه‌ناوو ناوه‌رۆکی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ ده‌چێته بازنه‌ی ئه‌م روانینانه‌وه‌یانەوە. گۆڕان‌و کۆنترۆڵکردنی ئێران له چوارچێوه‌ی نه‌که‌وتنه مه‌ترسی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانیانه‌وه به که‌مترین ئهرکو ماندووبوون‌و خه‌رج ئه‌وپه‌ڕی خواست‌و داخوازیه‌کانی ئه‌م هێزانه دابینده‌کات‌و کۆتایی به دژایه‌تیه‌کانی ئێران‌و ده‌ره‌وه دێنیت، که ره‌وتی به‌ناو سه‌وزو سه‌رکرده دیاره‌کانی باشترین هه‌ڵبژارده‌ن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌و، خۆشیان راشکاو ئاماده‌ی ئه‌م ئه‌رکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌وته بتوانێ خۆی به‌رین بکاته‌وه‌و گوشاره‌کانی هێنده له سه‌ر ده‌سه‌ڵات چڕکاته‌وه که ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن‌و په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنیته‌وه دانوسان‌و مامه‌ڵه له گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌و به ئاکامێکی هاوبه‌ش گه‌شتن هه‌تا له چۆنیه‌تی رێکخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و ئهرکو مافه دیموکراسیه‌کان له وڵات‌دا یه‌قین ده‌بێت. ملدان بۆ گۆڕانی هه‌راو بنه‌ره‌تی‌و ده‌سته‌به‌رکردنی کۆ‌ی ئهرکو ئازادیه‌کان به‌دواده‌که‌وێت‌و جه‌ماوه‌ر‌و هێزه ره‌سه‌ن‌و سکۆ‌لارو هه‌ناو دیموکراته‌کان بۆ ماوه‌یه‌کی دیکه‌ش ده‌چنه په‌راوێزه‌وه. لێره‌دایه که دیسان بازنه‌ی داخراوی کرانه‌وه‌و ئازادی‌و دیموکراسی‌و ده‌سته‌به‌رکردنی ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌تێکی سکۆلار وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌و ئه‌م خولانه‌وه درێژه‌ی ده‌بێت. ئه‌م پروژه به کۆیه‌ک به‌ڵگه‌و هندێ رووداوی یه‌کجار به‌رجه‌سته‌وه ئه‌گه‌رو گریمانه‌یه‌کی گونجاوه که روودان‌و بوونی شیاوه.
گریمانه‌ی سێهه‌م
ڕه‌نگه هه‌ردوو گریمانه‌ی باسکراوی سه‌ره‌وه له‌ره‌وتی گه‌شه‌و سه‌رهه‌ڵدان‌و چوونه‌پێشه‌وه‌ی خۆیاندا که په‌یڕه‌وی یاسا‌و رێسای گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تین‌و ده‌خوازی که گه‌شه‌ی ئۆرگانیک بکه‌ن له هه‌ڵکشانی خۆیاندا له زه‌ماندا که‌مبێنن‌و که‌وتنه مه‌ترسی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی زلهێزان پێش به ئه‌نجام گه‌شتنی ئه‌مان بکه‌وێت. ئه‌و ساته ئیتر چرکه ساتی بڕیاری بێگه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ رای گشتی‌و ره‌چاوکردنی یاسا‌و دسپلینه نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان. واده‌زانم له‌م دۆخه‌دا هه‌موو ئه‌گه‌رو گریمانه‌کانی تر هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌و بڕیاری راسته‌و‌خۆی سه‌ربازی‌و هێرشی سه‌ربازیه‌که کێشه‌کان یه‌کلایده‌کاته‌وه‌و براوه‌ی پرۆسه‌که‌ش ئه‌و لایه‌نه‌یه که توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌و ده‌توانێ گورزی به زه‌برو گورچکبڕی خۆی بوه‌شێنێ. نایه‌وێت بچینه به‌ستێنی شیکاری ئه‌وه‌ی که ئه‌وه کام لا‌و لایه‌نه که ئه‌م ده‌سه‌ڵات‌و توانای هه‌یه، چونکه لایه‌نه‌کانی کێشه‌که دیارن‌و به‌ڵگه‌نه‌ویست که ئه‌وه کام لایه که به هه‌موو پێوه‌ره‌کان له‌م بواره‌دا به توانایه‌و ده‌توانێ به رێگاچاره‌ی سه‌ربازیی خۆی بسه‌پێنیت.
ته‌نانه‌ت له‌م دۆخه‌شدا هێزی به‌توانا‌و یه‌کلا‌که‌ره‌وه نا‌توانێ ته‌نیا بێت‌و کۆتایی به هه‌موو کێشه‌کان بێنێت‌و به‌رێکخستنه‌وه‌یه‌کی دڵخوازانه‌ی پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵات له ئێران‌دا به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی زامن‌و ده‌سته‌به‌ری به‌رده‌وام بکات. بۆ‌یه بۆ رێکخستنه‌وه‌و دامه‌زراندنه‌وه دابه‌شکردنی ئه‌رکه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی داهاتوو نیازی هه‌ر پێویست‌و بێ ئه‌م لا‌و ئه‌ولای هه‌یه به هێز‌و لایه‌ن‌و بوونێک که توانای رۆڵی سه‌ره‌کی بینینی هه‌بێت له هه‌ردوو لایه‌نی رێکخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و زامنکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هێزی سه‌رکه‌و‌تووه توانایی دابه‌شکردنه‌وه‌ی ئهرکو کرده‌کان له وڵات‌دا. له‌م کات‌و دۆخه‌شدا ئه‌وه‌ی روونه هێزه پێشکه‌وتوو خواز‌و سکۆ‌لارو چه‌پ‌و جه‌ماوه‌ریه‌کانی وڵات نا‌چنه بازنه‌ی ئه‌م کایەیه‌وه‌و کایه‌شیان ناده‌ن. دو‌و هه‌ل‌و هه‌ڵبژارده‌ی دیکه ئاماده‌ن‌و به پێشینه‌و پێکهاته‌و هه‌ناوو روانگه‌و پتانسێڵه‌وه ئه‌توانن که ئه‌م رۆڵه ببینن. ئه‌و دو‌و هێزه‌ش هێزه‌کانی ناسوێنالیستی ئێرانی‌و سه‌وزه‌کانن که ده‌توانن ئه‌م ئه‌رکه به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن‌و ناکرێ بڵێین ئاماده‌ی ئه‌نجامی ئه‌م ئه‌رکه‌ش نین.
ئه‌نجام‌و رامان
دیاره که گریمانه‌و ئه‌گه‌ری تریش بۆ گۆڕانکاری زۆرن‌و ده‌کرێت له رووبه‌رو لایه‌کی تره‌وه بخرێنه‌به‌ر باس‌و ئاماژه یان بدرێتێ.
به پێی هه‌ر سێ گریمانه‌ی سه‌ره‌وه که به کورتی ئاماژه‌مان پێدان. نا‌ره‌وا نانوێنیت ئه‌گه‌ر بڵێن له هه‌ردوو گریمانه‌ی یه‌که‌م‌و دووهه‌مدا غایبی سه‌ره‌کی‌و بێ ئه‌ملا‌و ئه‌ولامان هه‌یه، که ئه‌ویش بریتییه له هێزه پێشکه‌وتوخوازه‌کان‌و چه‌پ‌و سکۆ‌لارو دیموکراته‌کان که له چه‌قیاندا هێزی گه‌لانی ئێران‌و گه‌لی کورد جێگه ده‌گرن. واته له ساته‌وه‌ختی روودانی هه‌رکام له‌م گریمانانه دیسان بازنه‌ی نه‌کراوه‌ی ئازادی‌و دیموکراسی به داخراوی ده‌مێنێته‌وه‌و هه‌موو هێزه ره‌سه‌ن‌و ئازاد‌و جه‌ماوه‌ریه‌کان ده‌که‌ونه پهراوێزو له داڕشتنه‌وه‌ی هه‌یکه‌لی ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌تدا یا رۆڵیان نابیت یا زۆر که‌م‌و لاوه‌کی ده‌توانن رۆڵ ببینن.
هه‌وڵ‌و هه‌موو لێکدانه‌وه‌و گۆڕانکاریه‌کانی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌ی دوای له ئاستی جیهاندا به روونی‌و راشکاوی ئه‌گه‌ر له رواڵه‌ت‌و بۆ دڵه‌راوکه‌نانه‌وەو خۆنواندنیش بێت ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که گریمانه‌ی سێهه‌م ئاماده‌ی ئه‌نجامه یان ئه‌گه‌ر ساته‌وه‌ختی بێت هیچ گه‌ڕانه‌وەو دوودڵییه‌ک له ئارادا نیه‌و بڕیاری سه‌ربازی جێبه‌جێ ده‌کرێت. له ئه‌گه‌ری روودانی ئه‌م رووداوه‌دا هه‌ر وه‌ک ئاماژه کرا هێزه ره‌سه‌نه‌کان په‌راوێزن‌و بۆ خۆشیان له ئه‌گه‌ری ئه‌م رووداوه‌دا هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌کیان بۆ خۆشیان‌و جه‌ماوه‌ریش نیه‌و تا ئێستا نه‌بووه. هێزه ئه‌ندێشه چه‌قبه‌ستوو تا بینه‌قاقا ئایدۆلۆژیه‌کان له بواره‌دا هه‌نگاوێ له پێشن‌و سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی شیکاری‌و خوێندنه‌وه‌ی رئالی کۆمه‌ڵگاو سه‌رده‌م‌و فامنه‌کردنی ره‌وای دینامیکێتی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی‌و گوتاری زاڵی نا‌و کۆمه‌ڵ‌و جه‌ماوه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان دیار‌و سنور‌به‌ند کردووه. هێزه‌کانی کورد له دوولا‌یه‌نه‌وه له ژێر گوشاری ره‌وانی‌و وه‌همی ئه‌و هێزانه که به راستی نه‌ک ئێستا له داهاتوویشدا ناتوانن پارسه‌نگ بن بۆ هیچ گۆڕانێکی هه‌راوی کۆمه‌ڵایه‌تی. له لایه‌کی تریشه‌وه له ژێر هه‌مان کاریگه‌ری هێزه ده‌م هه‌راش‌و ناسێونالیسته‌کانی ئێران‌دا له هه‌ڵوێستی روون خۆیان بواردووه‌و ده‌بوێرن. ئه‌م جۆره خۆ‌بواردنانه ئه‌گه‌ر ئاوڕی لێنه‌درێته‌وه‌و به‌ڕاشکاوی روون نه‌کرێته‌وه هه‌م جه‌ماوه‌ر هه‌م خۆشیان دوچاری په‌رێشانی کردار‌و سه رلێشێواوی سیاسی ده‌کات. هێشتا نازانرێت ئه‌گه‌ر ئاوه‌ها ئه‌گه‌رێک روویدا ئه‌م هێزانه‌ی کورد له کوێنه‌ی ئه‌م وه‌ر‌چه‌رخانه‌دان‌و چۆن ده‌توانن داخوازی‌و مافه‌کانی گه‌ل ده‌سته‌به‌رکه‌ن. ئایا له‌م چرکه‌ساته‌دا هه‌ڵوێستی ره‌واکامه‌یە؟و چۆن مامه‌ڵه‌یه‌ک له گه‌ڵ هێزه کاریگه‌رو جیهانییه‌کان ده‌توانێ گه‌ل‌و ویسته‌کانی نه‌خاته پهراوێزو زامنی دابینکردنی لای که‌می داخوازییه‌کانیان بێت؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ماڵی کورد‌و هێزه سیاسییه‌کانی کورد له دۆخیکی وه‌ها لێکترازاو‌و په‌ر‌ێشاندا ده‌ژین، که پارچه پارچه بوون‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ک له دوای یه‌که‌کان وایلێکردون که بڕست‌و هازی پێشه‌وه‌بردنی پرۆژه‌یه‌کی تۆکمه‌و گونجاویان نیه که زۆرینه له سه‌ری ها‌و‌هه‌ڵوێستبن‌و داخوازییه‌کانی گه‌لی کورد پۆلێنکراو‌و به یه‌کێتی به‌رێته‌پێشه‌وه. دۆخی ئێستا دۆخی خوازیاری گۆڕانه بێ ئه‌وه‌ی رامانێکی ورد‌و شیاو له ئارادا بێت که ئه‌م گۆڕانه ئاراسته‌کانی کامه‌ن‌و به‌ره‌و کام ئاسۆگه ده‌ڕوات‌و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تی‌و رامیاریه‌کانی هه‌ناوی ئه‌م پرۆسه‌ی گۆڕانه تا کوێ توانای گۆڕانیان هه‌یه؟ مه‌یلی گۆڕان مه‌یلی ده‌سته‌به‌رکردنی دیموکراسی‌و ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادیه، به‌ڵام هێزه به زه‌برو هێزه‌کانی ئه‌م گۆڕانه کامانه‌ن که ئه‌م ئاراسته‌یان کردووه‌ته مه‌کۆی سه‌رنجی خۆیان؟ گۆڕان گه‌رانه‌وه‌یه بۆ ئه‌قڵانیه‌ت‌و متمانه‌کردن به ئه‌قڵی تاکی کۆمه‌ڵگای ئێمه که هه‌رگیز ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نه‌ره‌خساوه. ئایا هێزه‌کانی سه‌روی ئه‌م پرۆسه‌یه‌و سه‌پاو به سه‌ر پرۆسه‌ی گۆڕاندا له ئه‌گه‌ری گریمانه‌ی دووهه‌م‌و سێهه‌مدا چه‌نده باوه‌ڕیان به پرۆسه‌ی ره‌های گۆڕان هه‌یه‌و چه‌نده دێنه گۆڕه‌پانی باوه‌ڕ‌و متمانه به‌م ئه‌قڵانیه‌ته؟ ئه‌وه‌ی روونه هێزه‌کانی جیهانی ئایدۆلۆژی‌و ئیماندارانی باوه‌ری پێشاوپێش ئه‌م جۆره گۆڕانه نا سه‌لمێنن، نه‌ک هه‌ر باوه‌ڕیان به ئه‌قڵانیه‌ت‌و ئه‌قڵی تاکی کۆمه‌ڵگا نیه، به‌ڵکو هه‌موو پرۆسه‌که‌و کۆ‌ی دینامیکیتی ره‌وت‌و ره‌وه‌ند‌و پرۆسه‌ی گۆڕانیان به‌ستوته‌وه به ئیراده‌ی ئایدۆلۆژی خۆیانه‌وه.
کۆ‌ی ئه‌م ئه‌گه‌رانه چه‌نده گۆڕان گونجاو شیرین ده‌کات هێنده‌ش مه‌ترسی‌و کاره‌ساتی به‌دواوه ده‌بێت ئه‌گه‌ر پێشتر چاره نه‌کرێن .
کۆده‌نگی هێزه‌کانی کوردستان‌و یه‌کێتی داخوازی‌و هه‌ڵوێستی بابه‌تیانه که بتوانن گۆڕان‌و کۆ‌ی پرۆسه که په‌یوه‌ستی ئیراده‌ی هاو‌به‌شی‌و هه‌ڵویستی گه‌ل بکه‌ن، ئه‌و پلان‌و نه‌خشه‌ن که ده‌توانن له مه‌ترسیه‌کانی گۆڕانی بێ رامان که‌م که‌نه‌وه‌و ئاسۆیه‌کی روون بۆ جه‌ماوه‌ر بنوێنن .
گریمانه‌ی یه‌که‌م گریمانه‌یه‌کی درێژخایه‌ن‌و ته‌ندروسته که له ره‌وتی ئۆرگانیکی خۆیدا ئاراسته‌و مه‌یلی، ئاراسته‌و مه‌یلی باوه‌ر به ئه‌قلانیه‌ت وفره‌چه‌شنی‌و فره ره‌هه‌ندی گۆڕان خۆیه‌تی، بۆ‌یه له ئه‌نجامگیری‌و به مه‌به‌ست گه‌شتنیدا گه‌شبینی زۆرتره. هه‌رچه‌نده نابێ کاریگه‌رێتی هێزه ده‌ره‌کی‌و لاوه‌کییه‌کانمان له‌بیر‌چێت، که ده‌توانن له خێرایی‌و ئارامی‌و ئاراسته‌و مه‌به‌ستدا هۆکار بن‌و جێده‌ستی خۆیان جێبێڵن. له‌م گریمانه‌یه‌شدا ئاماده‌بوونی هێزه کوردییه‌کان هه‌ر گرنگی خۆی هه‌یه‌و هیچ له زه‌روره‌ته‌کانی ئامادبوونی تۆکمه یان که‌م ناکاته‌وه.
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS



(No Ratings Yet)