با بچین چەپکە گوڵی لێدانێین دڵی داماوی لەبەر پێ دانێین

بەداخەوە هاوڕێ کاک عەبدوڵڵای بابان تێکۆشەری شێلگیر‌و پێشەنگی کۆمەڵه‌و بزوتنەوەی چەپ‌و سۆسیالیستی، چالاکی سیاسی لەمێژینەی ڕیزەکانی کۆمەڵە، دڵسۆز‌و ماندووینەناسی خەبات بۆ ڕزگاری چەوساوەکانی کوردستان، سیمای خۆشەویست‌و تێکۆشەر‌و پێشمەرگەی دیرێنی کۆمەڵه شەوی ٩ لەسەر ١٠ی مانگی ئوتی ساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی سوئد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
عەبدوڵڵای بابان لەو نەوە خەباتکارانەی کۆمەڵە بوو کە لە کاتێکدا دەیانتوانی لە باشترین‌و ئاسوودەترین ژیان بەهرەمەند بن، رێگەی پڕ لە مەترسی‌و سەختی خەباتیان هەڵبژارد‌و بە ئەوپەڕی لەخۆبردووییەوە هەموو ژیانی لە پێناو خەبات بۆ ڕزگاری چەوساوەکانی کوردستان دانا.

کاک عەبدوڵڵای بابان ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی (١٩٤٤ی زایینی) لە شاری سنە لەدایکبوو، خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی هەر لەو شارە تەواو کرد‌و دواتر لە زانستگەی پولیتێکنیکی تاران بڕوانامەی موهەندیسی ساختمانی وەرگرد. پاش کۆتایی خوێندن‌و ماوەیەک کار لە ئاوەدانی‌و مەسکەنی شاری سنە چووە کرماشان‌و وەکوو سەرۆکی دەفتەرت فەننی ئوستانداری کرماشان دامەزرا‌و تا ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لەوێ کاری کرد، بەڵام کاتێک خەباتی جەماوەری دژی ڕژێمی پاشایەتی گەرموگوڕ بوو گەڕایەوە بۆ شاری سنە‌و لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا دەستی کرد بە چالاکی‌و خەبات. کاک عەبدوڵڵای بابان خاوەنی ئیمکاناتی ئابووری باش بوو ‌و ئەوکاتە هەموو داراییەکانی خۆی خستە خزمەت کۆمەڵە‌و خەباتی خەڵکی چەوساوەی کوردستان‌و یەکێک بوو لە نموونە بەرزەکانی دڵسۆزی‌و لەخۆبردووی‌و شۆڕشگێڕی.

کاک عەبدوڵڵا ماوەیەک لە هەورامان چالاکی ئەکرد‌و بەرپرسی رێکخستنەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵه له کرماشان بو‌و لێهاتوویی‌و تواناکانی خۆی لەو بوارەشدا نیشان دا. دواتر گەڕایەوە شاری سنە‌و لە شەڕی ٢٤ ڕۆژەی شاری سنەدا چالاکانە بەشداربوو‌ و دەوری کاریگەر‌و بەرچاوی لە ڕێکخستنی بەرگری لە خەڵکی شاری سنە‌و دەسکەوتەکانیان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی‌و هێزە داگیرکەرەکانیدا هەبوو.
کاک عەبدوڵڵا بابان لە دەورانی چالاکییە سیاسییەکەیدا دوو جار لە لایەن هێزە ئەمنییەتی‌و ئیتیلاعاتییەکانەوە دەستگیر کرا، بەڵام بە هۆی کارزانی‌و زیرەکی خۆیەوە نەیانتوانی زانیارییەکی لێ دەسخەن‌و ناچار بوون دوای ماوەیەکی کورت ئازادی کەن.

کاک عەبدوڵڵا لە دەورانی چالاکی خۆی لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا ئەرک‌و کاری جۆراوجۆری پێسپێردرا کە لە هەموویاندا سەرکەوتوو بوو ‌و بە لێهاتووی‌و دڵسۆزی‌و فیداکاریەوە ئەرکەکانی ڕدەپەڕاند، لەوانە کار لە دەبیرخانەی کۆمەڵە‌و نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە بەغدا‌و چەندین ئەرک‌و کاری دیکە.

یادی کاک عەبدوڵڵای بابان بۆ هەمیشە وەکوو خەباتکارێکی لەخۆبردوو‌ و شۆڕشگێڕێکی دڵسۆزی بزوتنەوەی چەپ‌و سۆسیالیستی‌و بزوتنەوەی کوردستان لە بیر‌و زەینی خەڵکی شاری سنە‌و هەموو کوردستاندا دەمێنێتەوە‌و خەباتی کاک عەبدوڵڵا لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەیە لە مێژووی کۆمەڵەدا‌و شانازییەکە بۆ هاوڕێیان‌و هاوخەباتەکانی. ئامانج‌و ئاواتەکانی کاک عەبەی بابان بۆ ڕزگاری چەوساوەکان‌و بەشمەینەتان هەر زیندوون‌و خەبات بۆ بەدیهاتنی ئەو ئاواتانە هەر بەردەوامە.

خۆمان بە بەشداری خەمی لەدەستدانی ئەو خەباتکارە شۆڕشگێڕە دەزانین‌و سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی، دۆستانی‌و هاوڕێیانی، خەڵکی شاری سنە‌و هەموو کوردستان دەکەین

بەرز‌و بەڕێز بێ یادی کاک عەبدوڵڵای بابان

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٩ گەلاوێژی ١٣٩٣/ ١٠ اوت ٢٠١٤