كۆمه‌ڵگای كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی بۆ به‌ ده‌ستهێنانی مافی دیموكراتیك‌و ره‌وای خۆیی، یه‌كێك له‌ گرنگترین، هه‌ستیارترین‌و دژوارترین قوناغه‌كانی خۆی تێپه‌ڕ ده‌كات. رژیمی كۆماری ئیسلامی به‌هه‌موو هێز‌و توانای خۆیه‌وه‌ هه‌ر چه‌شنه‌ خه‌بات‌و جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی به‌ توندترین شێوه‌ وڵامده‌داته‌وه‌. پاش هاوینی 84‌و راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی سه‌رتاسه‌ری كوردستان‌و پاش هاتنه‌ سه‌ر كاری كابینه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد، رژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی دارێژراو هه‌مه‌لایه‌نه‌، كار‌و ئه‌ركی خۆی هه‌م تۆڵه‌سه‌ندنه‌و له‌ راپه‌ڕینه‌كه‌ی كوردستان له‌ هاوینی 84 داناوه‌‌و هه‌م له‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌‌و پڕ مه‌ترسی كه‌ تێدا نوقم بووه‌‌و رۆژ له‌ گه‌ڵ رۆژ قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، زیاتر له‌ هه‌موو شوێنێكی دیكه‌ نیگه‌رانی كوردستانه‌‌و بۆ راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی، مه‌رجی یه‌كه‌می یان یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كیترین مه‌رجه‌كانی سه‌ركوت‌و خه‌نكاندنی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان‌و هه‌ڵسووڕاوان‌و تێكۆشه‌رانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی داناوه‌.

وه‌ك سی ساڵی رابردوو كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامی هێڵی سووره‌. ته‌نانه‌ت یاساكانی راگه‌یه‌ندراوی رژیم‌و هاتوو له‌ ده‌ستور، كوردستان ناگرێته‌وه‌‌و یا كاربه‌ده‌ستانی رژیم ئاشكرا پێشێلی ده‌كه‌ن‌و ده‌ڵێن كه‌ ئه‌م یاسایانه‌ بۆ كوردستان نیه‌. كوردستان بۆ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی وه‌ك سی ساڵی رابردوو ره‌مزی مانه‌وه‌‌و ره‌مزی نیشاندانی قه‌ده‌ر قودره‌تی ئه‌م رژیمه‌یه‌. هه‌روه‌ك چۆن له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌م رژیمه‌وه‌، سه‌ركوتی كوردستان‌و داگیركردنی خاكی كوردستان‌و كردنی كوردستان به‌ مۆڵگه‌ی سه‌دان هه‌زار هێزی چه‌كدار‌و ئیتلاعاتی‌و به‌سیج ‌و به‌كرێگراوی خۆی كرده‌ مه‌رجی دامه‌زراندنی رژیمه‌كه‌ی، ئێستاش كۆماری ئیسلامی كه‌ توشی قه‌یرانێكی گه‌وره‌‌و نێوخۆیی‌و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌، سه‌ركوتی كوردستان ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌مه‌‌و بۆ نیشاندانی مانه‌وه‌‌و درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی كپكردنی ده‌نگی كوردستان یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌ سه‌ركییه‌كانیه‌تی.
كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامی هێڵی سووره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كوردستان‌و بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی‌و دیموكراتیكی ئه‌م گه‌له‌ سی ساڵه‌ له‌ ژێرده‌سه‌ڵاتی هارترین رژیمی سه‌رده‌م، درێژه‌ به‌ خۆراگری‌و راوه‌ستایی داوه‌. گه‌وره‌ترین كاربه‌ده‌ستانی رژیم به‌ باشی هه‌ست به‌ نامۆیی خۆیان له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن. هه‌زاران جار هه‌موویان لێیان حاڵی بووه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی به‌ هیچ جۆرێك یه‌ك ناگرنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ كۆماری ئیسلامی رێگا نادات گه‌شه‌ی ئابووری‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌ پێی پێویست‌و به‌ پێوانه‌ی هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران، به‌ره‌وپێشبچێت له‌م راستیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ رژیمی ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ كوردستان نه‌ته‌نیا هه‌تاهه‌تایی نازانێ، به‌ڵكوو بۆ درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌بێ ده‌یان هه‌زار هێزی ئاماده‌‌و پرچه‌كی بۆ به‌رامبه‌ركێ له‌ گه‌ڵ جموجۆڵ‌و راپه‌ڕینی كوردستان له‌ مۆڵگه‌كانی خۆیان دانا بێ. سه‌ردانی سه‌رۆك كۆمار‌و كاربه‌ده‌ستانی باڵای رژیم وه‌ك سه‌ردانی فه‌رمانده‌‌و سوپای داگیركه‌ری وڵاتێكه‌ كه‌ سه‌ربازان‌و هێزه‌كانی خۆی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌.
به‌ڵام له‌ سی ساڵی رابردوودا، بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی‌و خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان، گه‌لێك پاشه‌كشه‌ی به‌ رژیم كردووه‌. ئه‌و ئامانجانه‌ی كه‌ رژیم بۆ هێرش بۆ سه‌ر كوردستان‌و داگیركردنی له‌به‌رده‌م خۆی دانابوو، نه‌ته‌نیا نه‌هاتووه‌ته‌ دی، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی كوردستانه‌ كه‌ له‌ جوغرافیا‌و پانتایه‌كی زۆر‌و به‌رینتر درێژه‌ی هه‌یه‌. یه‌كگرتوویی خاك‌و خه‌ڵكی كوردستان هیچ كات تا ئه‌م راده‌ پته‌و‌و پڕبایه‌خ نه‌بووه‌. هێرشی هاوینی ساڵی 58 بۆ سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك‌و سه‌ركوتی بزووتنه‌وه‌كه‌ی بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌و هه‌مووان شاهیدی بووین، گه‌شه‌ی ساڵ به‌ساڵی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان‌و په‌ره‌سه‌ندنی جوغرافیای سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م گه‌له‌یه‌. له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌گه‌ر خوڕاگری چه‌كداری‌و پێشمه‌رگانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر چه‌ندین قوناغ هێرشی رژیم بۆ سه‌ر كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ هێرشی هاوینی 58‌و به‌هاری 59، سه‌ره‌كیترین شێوازی راوه‌ستای‌و به‌رامبه‌ركێ له‌ گه‌ڵ داگیركه‌ران بوو، ئه‌وه‌ له‌ درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژیم‌و خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان، گه‌لێك شێوازی دیكه‌ی خه‌بات‌و موبارزه‌ له‌ دژی رژیم هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ له‌ جه‌رگه‌ی شاره‌ داگیركراوه‌كانی كوردستان، چالاكوانانی مه‌ده‌نی‌و سیاسی ئه‌ركی قورسی به‌ره‌و پێش بردنی خۆڕاگری نیشمانی‌و رزگاریخوازانه‌یان كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر شان. به‌تایبه‌ت پاش كزبوونی خه‌باتی چه‌كداری‌و داگیركردنی ته‌واوی خاكی كوردستان‌و پاشه‌كشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، درێژه‌‌و مانه‌وه‌ی بزاڤی كوردستان‌و قورسایی ئه‌م بزاڤه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رشانی جیلێكی نوێ له‌ تێكۆشه‌رانی سیاسی كه‌ ده‌بێ له‌ گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ‌و له‌ هه‌لومه‌رجی داگیركه‌رانه‌ی خاكی خۆیان، شێوازگه‌لێكی تایبه‌ت به‌و هه‌لومه‌رجه‌ بدۆزنه‌وه‌. ئه‌م چالاكوانانه‌‌و هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی بۆ ساڵانێكی دوورودرێژ، جێگای حیزبه‌كان‌و تێكۆشه‌رانی ناسراوی كوردستانیان كه‌ ناچار كرابوون خاكی كوردستان به‌ جێ بهێڵن گرتووه‌ته‌وه‌‌و توانیویانه‌ زۆر به‌باشی ئه‌ركی درێژه‌پێدانی خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان‌و خه‌بات دژی كۆماری ئیسلامی‌و سوپای داگیركه‌ر وه‌ئه‌ستۆ بگرن.
له‌ كوتایی ده‌یه‌ی 60ی هه‌تاویی تائێستا، چالاكوانانی سیاسی، مه‌ده‌نی به‌ حوزوری خۆیان توانیویانه‌ ده‌نگی خه‌باتێكی ره‌وا به‌رز رابگرن‌و له‌ زۆرێك له‌ بواره‌كاندا حوزوری به‌چاویان هه‌بێ. گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ كوردستان له‌م قوناغه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد. ده‌یان‌و سه‌دان رێكخراوی مه‌ده‌نی، فه‌رهه‌نگی، سیاسی، ئه‌ده‌بی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن هه‌ڵسووڕاوانی كوردستان دروست بوون‌و توانیان نه‌ ته‌نیا خه‌باتی گه‌لی كورد درێژه‌ پێبده‌ن، به‌ڵكوو توانیان به‌رو مودێنیزم‌و پێشكه‌وتنخوازیه‌كی ئه‌مڕۆیی هانی بده‌ن‌و وه‌ك هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كی ئه‌م سه‌رده‌مه‌، له‌ ئامراز‌و تكنۆلۆژی‌و پێوانه‌كانی سه‌رده‌می خۆیان كه‌ڵك وه‌ربگرن. بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌م تا راده‌یه‌ك ئه‌ركی نیشتمانی‌و خۆڕاگری بزووتنه‌وه‌ی كوردستانیان كه‌وته‌ سه‌رشان‌و هه‌م خه‌باتی گه‌لی كوردیان مودێرن‌و پێشكه‌وتنخوازتر كردۆته‌وه‌.
پاش هاتنه‌ سه‌ركاری كابینه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد كه‌ یه‌كێك له‌ پێوانه‌كانی بۆبه‌شداری وه‌زیرانی له‌ كابینه‌كه‌ی، به‌شداری له‌ سه‌ركوتی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان‌و “خزمه‌ت” له‌ كوردستان بوو، رژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ رێگای چالاكی‌و هه‌ڵسووڕاوانی تێكۆشه‌ر‌و چالاكوانانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی له‌ كوردستان به‌رته‌سك بكاته‌وه‌‌و كه‌پ‌و خامۆش یان بكات. هاتنه‌ سه‌ركاری ئه‌حمه‌دی نژاد به‌ تایبه‌ت هاوكات بوو له‌ گه‌ڵ راپه‌رینی هاوینی 84، كۆماری ئیسلامی‌و كابینه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد كه‌ به‌ راپه‌رینی هاوینی 84 راچڵه‌كان، بۆ توڵه‌سندنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان نه‌ له‌ رۆژه‌كانی راپه‌ڕین كه‌ دواتر به‌ به‌رنامه‌‌و پلانێكی دارێژراو كه‌وتنه‌خۆ كه‌ به‌ڵكوو هه‌رچه‌شنه‌ جموجوڵ‌و راپه‌رینێكی داهاتوو به‌ ته‌واوی به‌ربه‌ست بكه‌ن.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی كابینه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد‌و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی سه‌راسه‌ری ئێران‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و هه‌لومه‌رجی نێونه‌ته‌وه‌یی كۆماری ئیسلامی، به‌ تایبه‌ت قه‌یرانی قورسی ئابووری‌و ده‌سه‌ڵات‌و سیاسی، كۆماری ئیسلامی بۆ دریژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی، هێرشێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران به‌ كوردستانیشه‌وه‌ دژی خه‌ڵك، دژی بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و دژی چالاكوانانی سیاسی ومه‌ده‌نی به‌ تایبه‌ت ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌. به‌ مانۆڕی نیزامی تاران گه‌مارۆ ده‌ده‌ن. له‌م ساڵانه‌ چه‌ندین تێكۆشه‌ری سیاسی یا ئێعدام كراون یان له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌‌و زینداندا گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، یان به‌ فراوانی راپێچی زیندانه‌كان كراون. رێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی‌و سیاسی، گۆڤار‌و رۆژنامه‌‌و چاپه‌مه‌نی به‌ ته‌واوه‌تی به‌رته‌سك كراونه‌ته‌وه‌. له‌ كوردستان ئه‌م سه‌ركوته‌ بێ شه‌رمانه‌تر به‌ڕێوه‌ چووه‌‌و ده‌چێ. هه‌روه‌ك چۆن دادستانی دادگای یه‌كێك له‌ شاره‌كان له‌ وه‌ڵام به‌ ناڕه‌زایه‌تی یه‌كێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی زیندانیان كه‌ وتبووی رۆڵه‌كه‌ی ئێمه‌ به‌ پێی یاسا ده‌بێ ئازاد بكرێ، بێ شه‌رمانه‌ وتبووی كه‌ ” ئه‌م یاسایانه‌ بۆ كوردستان نیه‌”
هێزه‌كانی ئیتلاعات‌و ئینتزامی هێرشێكی گه‌وره‌یان دژی خه‌ڵكی كوردستان‌و به‌تایبه‌تی هه‌ڵسووڕاوان‌و چالاكوانانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی سازمان داوه‌. ئه‌ركێكی قورس كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رشانی ئه‌م تێكۆشه‌رانه‌. هه‌مووان شاهیدی ئه‌وه‌ین كه‌ چلۆن درێژه‌ به‌ خه‌بات‌و خۆراگری خۆیان ده‌ده‌ن‌و هه‌ولی ئه‌وه‌یانه‌ كه‌ شێوازی خۆی بدۆزنه‌وه‌ بۆ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ل ومه‌رجی تازه‌‌و سه‌ركوتی به‌ربڵاوی رژیم. چه‌ندین تێكۆشه‌ری كوردستان له‌ ژێر حوكمی سێداره‌دان. چه‌ندین تێكۆشه‌ری سیاسی زۆر زۆر نامرۆڤانه‌ له‌ زیندانه‌كان گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. زۆرێك له‌ چالاكوانانی سیاسی راپێچی زیندان كراون‌و یا به‌ دانانی بارمته‌ی قورس ئازاد كراون‌و هه‌رچه‌شنه‌ جموجوڵێكیان لێسندراوه‌ته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌م سه‌ركوت‌و گوشارو ئێعدام‌و زیندانانه‌، له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان جموجوڵی سیاسی، مه‌ده‌نی‌و رێكخراوه‌یی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا درێژه‌ی هه‌یه‌. كۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ له‌ سه‌رمه‌زاری ئیبراهیم لوتفڵاهی له‌ ساڵڕۆژی شه‌هید بوونی، به‌یاننامه‌‌و نووسراوه‌كانی روناكبیران‌و نووسه‌ران، چالاكی به‌ربڵاوی تێكۆشه‌ری حیزبه‌ كوردستانیه‌كان، مانگرتنی زیندانیانی سیاسی‌و پشتیوانی گه‌وره‌ی خه‌ڵكی كوردستان‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، هه‌موو ئه‌مانه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌ركی قورس تێكۆشه‌ران‌و چالاكوانانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی له‌ هه‌لومه‌رجێكی دژواردا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
بۆ پشتیوانی له‌م تێكۆشه‌رانه‌‌و هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی‌و، هه‌روه‌ها بۆ درێژه‌ی خه‌باتی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستان‌و خۆڕاگری ئه‌وان، پێویسته‌ كه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ به‌ ده‌نگیانه‌وه‌ بچین‌و ئه‌ركی قورسی ئه‌وان له‌م هه‌لومه‌رجه‌ تا ده‌توانین سوكتر بكه‌ین‌و دابه‌شی بكه‌ین. میدیاكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ تایبه‌ت ته‌له‌فزیونه‌كان ده‌توانن رۆڵی گه‌روه‌یان هه‌بێ.
كۆمه‌ڵه‌‌و تێكۆشه‌رانی بۆ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ ده‌بێ زۆرتر ئاماده‌ بن. بڕیاری سه‌ره‌كی كۆنگره‌ی دوازده‌هه‌مین كۆمه‌ڵه‌ له‌ هاوینی رابردوو، كار‌و چالاكی له‌ ناوخۆی كوردستان، یارمه‌تی‌و پشتیوانی‌و گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌وڵدانی زۆرتر‌و رێكخراوتر بۆ گه‌شه‌ی خه‌بات‌و خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان‌و گه‌شه‌ی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ بوو له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان. تێكۆشه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ ئه‌ركی زۆریان له‌م بواره‌‌و له‌ پێناوی ستراتیژی سیاسی ئێستا‌و داهاتووی كۆمه‌ڵه‌ له‌ سه‌رشانه‌. چڕوپڕتركردنی هه‌وڵه‌كانمان، پێوه‌ندی راسته‌وخۆتر له‌ گه‌ڵ چالاكوانانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی، له‌ گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ره‌وپێشبردنی پرۆژه‌ی هاوبه‌ش بۆ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی هێرش‌و سه‌ركوتی رژیم، به‌شداری هه‌رچی زۆرتری خه‌ڵكی كوردستان بۆ خه‌باتێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌تر‌و راسته‌وخۆ‌و كێشانی سه‌ره‌نجی هه‌موو كۆمه‌ڵگای كوردستان بۆ پێوه‌ستییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئه‌مڕۆ‌و سبه‌ی كوردستان، ده‌بێ ئه‌رك‌و كاری سه‌ره‌كی رێكخستنه‌كانی نهێنی كۆمه‌ڵه‌‌و كادره‌ناسراوه‌كان‌و تێكۆشه‌رانی دێرین‌و ئیستای بێ.

r.kaabi@yahoo.com