خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز!

هاوڕێیانی کۆمەڵە، چالاکوانانی سیاسی!

 

هەموان ئاگادارن کە دوای دابڕانی ساڵی ٢٠٠٧ لە ناو ریزەکانی کۆمەڵە، سەرەنجام دوای چەندین هەوڵی دڵسۆزانەو، بڕیارنامەی کۆنگرەی ١٢ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و پلێنۆمەکانی و، بریاری کۆنگرەی ١٤ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٣، وتووێژێک بۆ رێکخستنەوەی ماڵی کۆمەڵە و هێنانەوە مەیدانی کۆمەڵەیەکی بەرین، لە نێوانماندا دەستی پێکرد.

هەروەک پێشوتر باسمان لێکردبوو، لە یەکەمین راگەیاندنی هاوبەشی نیوانیشماندا بەڵێنماندابوو کە: هەنگاوەکانی دواتری ئەم پڕۆسەیە بە ئاگاداری هەموان بگەیەنین. تەواوی ئەم ماوەیە خەڵک و دڵسۆزان هەم بە پەرۆش و، هەم بە دڵخۆشییەوە روانیویانەتە ئەم پڕۆسەیە. ئێستاش بۆ ئاگاداری هەموان، سەرنجتان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە رادەکێشین:

١. دوای هەشت مانگ وتووێژی نێوانمان، لە هەموو رەدەکانی رێبەریی حیزبی، هەنگاوی دڵخۆشکەرمان نا و، رێککەوتین ئەم دوو لایەنە لەسەر دوو تەوەرەی: یەکەم: جۆر و شێوازی حیزبایەتی لە کۆمەڵەی داهاتوو، دووهەم: سیاست و پڕۆگرامي کۆمەڵەی یەکگرتوو، دیالۆگ دەست پێبکەین. بڕیار بوو دوای بردنی ئەم باسانە بۆ نێو ریزەکانی حیزبیمان، چەندین کومیسیۆنی هاوبەش لە ئۆرگانە و دامەزراوەکانی ناوەندیی، پێکبێنین. تا لە کردەوەدا یەکگرتوویی لەسەر سیاسەت و شێوازی حیزبایەتی لە ریزەکانمان وەدی بێنین و، سەرئەنجام لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا رەسمیەت بدەین بە یەکخستنەوەی ئەم دوو لایەنە.

٢. ئیمە لەم ماوەدا هەموو ریزەکانی حیزبی خۆمان لە ناوەوە (رێکخستنی نهێنی)، دەرەوەی کوردستان و باشور، لە دیالۆگی نیوانمان ئاگادار کرد و تێکۆشاین تا کارێک بکەین ئەم ساردیەی کەوتبوە ناو ریزەکانی ئەم دوو لایەنە، وەلا بنرێ و روحیەی کاری هاوبەش زیندوو کەینەوە و پەرەی پێبدەین. بە پێچەوانە، زوو بینیمان کە ئەم جۆرە ئاگاداریانە لە لایەن رێبەریەکەیانەوە بە ریزەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، نادرێ. ئێمە خوازیاری سمیناری هاوبەشی کادر و ئەندامانی دوو لایەن لە دەرەوە و لە باشوری کوردستان بووین کە، سەرەتا بە خشکەیی خۆیان لێدزیەوەو، دواتر بە رەسمی گوتیان لەگەڵی موافیق نین و نەبوون. ئێمە هەر لە راگەیاندنەکەی ئەوان لە ڕۆژی کۆمەڵەدا، هەستمان بەم نەزەر گۆڕین و خۆدزینەوەیە کردو، رەسمەنیش پێمان راگەیاندن و نارەزایەتی خۆمان دەربرێ. جیا لەوانە، پێشتریش دلسۆزانە و لە دانیشتنی رەسمی و نێوخۆیی، لە دەرکردنی دوو کادری کۆمەڵە (هاورێیان خالید سیادەت و محەمەد موهتەدی) کە نزیکەی چوار دەیە تێکۆشانیان بووە، رەخنەمان لێگرتن و داوامان کرد حوکمەکەیان هەڵبوەشێننەوە. ئەم کارەیان لەم کاتەدا بۆ بێدەنگ کردنی نارازیانی نێو خۆیان بوو کە لە ریزەکانیان نارەزایەتی بەرینی لێکەوتەوە.

سەرەڕای دیتنی ئەم دیاردانە بەرانبەر بە خۆمان و، تەنانەت دژ بە کادری دێرینی ناو ریزەکانی خۆشیان، ئەویش لە کاتی دیالۆگ بۆ سازدانەوەی کۆمەڵەیەکی چەپی شۆڕشگێڕ، هەوڵەکانمان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە نەوەستاند. لە پڕداو، دوای ماوەیەک وەستانی وتووێژی هەیئەتەکانی نێوانمان، و دوای نۆ مانگ، لە وەڵامی نەخشەرێگاکەی ئێمەدا کە نزیکەی هەشت مانگ پێشتر پێیاندرابوو، بەشێکی دیالۆگمان بە پێی ئەم نەخشەرێگایە ئەنجام دابوو، ئەوان نەخشە رێگایەکیان نارد کە بە قەولی کوردی “هەموو ریسەکەی کردەوە بە خوری”.

نامەکەی رێبەریی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، ناوەڕۆکەکەی (دواتر هەرتک نەخشەرێگا بۆ رای گشتیی بڵاودەکەینەوە) بریتی بوو لە: “قبوڵکردنەوەی کادر و ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان”، چونە ژێر پێڕەوی ناوخۆ و پڕۆگرامی ئەوان، وەرگرتنی دارایی و ئیمکاناتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، گرتنی کۆنگرەیەک کە بە بڕیاری خۆیان دەبەسترێ. ئەم نەخشەرێگایە لە رێکەوتی یەکی ئایاری ٢٠١٤ نوسرابوو، بەڵام رێکەوتی چواری مانگی حەوت گەیشتە دەست ئێمە. ئێمەش هەر ئەو ڕۆژە وەڵاممان دانەوە کە: رازی نین بەم نەخشەرێگایە و بە پێچەوانەی هەموو تەوافوقاتی هەشت مانگ دیالۆگ و دانیشتنەکانی نێوانمانەو، بۆمان نوسین لە راستیدا ئەم جارەش پرۆسەی یەکگرتنەوە و بڕیاری کۆنگرەی خۆشیان لەبار برد. دوای ئەوەش بە گرینگی مەسەلەکە، دوو مانگی دیکەش سەبرمان کرد تا بەڵکوو مەجالمان دابێ و بێنەوە سەر ئەم دۆخەی لە نێوانماندا ساز ببوو.

٣. لەم ماوەدا و تا ئێستا نەک هەر حازر نەبوون پێداچوونەوە بکەن، زۆر بە داخەوە چاوەرواننەکراو، رەخنەی ناوخۆیی ژمارەیەکی بەرچاو لە رێبەری و دەفتەری سیاسی پێشویان کە لە سیما ناسراو و چالاکەکانی ناو کۆمەڵەن، لەمەڕ هەڵوێستی نارەزایەتیان بۆ بە بنبەست گەیاندنی پرسی یەکگرتنەوە، بە دەرکردن وڵامدایەوە. تەنانەت لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی ئێستاشیان کەسانێک بۆ دەربڕینی نارەزایەتی بەم پاکتاوکردنە، لە کومیتەی ناوەندیی ئیستعفایان دا و لێشیان قبوڵ کردن. بەمجۆرە لەم هەلومەرجەدا قەیرانێکی نوێیان دروست کرد کە بە داخەوە غەیری زیانگەیاندن بۆ کۆمەڵە، حاسڵێکی دیکەی نابێ و نیەتی.

٤. دوای هەشت نۆ مانگ دیالۆگ لەگەڵ ئێمە و، کردەوەی بێبەزییانەیان بەرانبەر بە هەموو کۆمەڵە و ریزەکانی خۆیان، دەریخست کە ئەم رێبەریە و شەخسی کاک عەبدوڵای موهتەدی، ئەگەر بۆ سڕینەوەی ئاسەواری کۆمەڵەیەکی چەپ و شۆڕشگێڕ قوڵی لێهەڵماڵیبوو، یەکگرتنەوەی ریزەکانی کۆمەڵەش بە زیانی سیاسەتی لادان لە کۆمەڵە دەبینێ و بۆیەشە لەگەڵ هەموو بەشەکانی کۆمەڵە خۆی خستۆتە دژایەتی و نەسازان. بەوەشەوە نەوەستاوە، بۆ حەزف و سڕینەوەی هەموو ئەم کەسایەتی و کادرانە تێدەکۆشێ کە سوننەت و رێبازی کۆمەڵەیان لە ناودا ماوە و چۆک بۆ بێ ناوەرۆک کردنی کۆمەڵە دانادەن. بە بڕوای ئێمە ئەم رێبەریە، بەم کردەوە و سیاسەتانە، جیا لە تێکدانی کۆمەڵە بە ناوەرۆک و رێبازو، خۆهەڵاواسین بەم ناوەوە، هیچی دیکەی لێ ناوەشێتەوە(ئێمە دواتر و لە کاتی خۆیدا زۆرتر لەم بارەوە دەدوێین).

٥. پێمانوایە ئەم کردەو و سیاسەتانە بە زیانی کۆمەڵەیە و، هاوخەمی و دڵسۆزی کادر و تێکۆشەرانی ناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، دەیسەلمێنێ لە کار و هەوڵەکانمان بۆ یەکگرتنەوەی ریزەکانی کۆمەڵە، بە هەڵە نەچوین و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە تەنیا ماڵی ژمارەیەک کەس لەم رێبەریە نییە. کردەوی رێبەریی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، نەک شلمان ناکاتەوە لە بڕیاری پێشوی خۆمان بۆ سازدانەوەی کۆمەڵەیەکی تێکۆشەر و چەپ و کوردستانیی، بە پێچەوانە سورترمان دەکات تا دەست بنێینە ناو دەستی هەموو تێکۆشەرێکی ریزەکانی کۆمەڵەو، بە ئیرادەیەکی پتەوتر لە جاران، بۆ یەکخستنەوە و گەورەکردنەوەی ماڵی کۆمەڵەو، پوچەڵکردنەوەی سیاسەتی ناڕەوای رێبەری ئەم حیزبە، تێبکۆشین. دڵنیاین ئاوات و هیوای ئاڵقەی بەرینی کۆمەڵە و خەڵکی چەوساوەی کوردستان، گەورەترین هیزە بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجە.

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٣١. ٨. ٢٠١٤ زایینی یان ٩ خەرمانانی ١٣٩٣ هەتاوی