هەست بە بەرپرسیاریەتی لە هەمبەر پاراستنی كیان و ژیانی خاك و خەڵكی كوردستان، لە بەرانبەر كۆنەپەرستی و دواكەوتوویی و داگیركاریی بە درێژایی مێژوو و لە قۆناغە جیاجیاكانی بزاوتی رزگاریخوازانەی كوردستان شوێنەوارێكی تایبەتی لە نێو كوڕان و كچانی لاوی خوێندكار و بەئەمەگدا هەیە و هەردەم لە نێو ئەم بزاوتەدا كچان و كوڕانی شۆڕشگێڕ خۆیان بۆ پاشەكشێ كردن بە داگیركەران و دوژمنانی ئازادی تەیار كردووە و لەو پێناوەشدا سەدان و هەزاران لاوی تێكۆشەر چ لە ئاستی رێبەرایەتی و چ لە ئاست و بوارە جیاجیاكانی شۆڕشی كوردستاندا گیانبازانە خەباتیان كردووە و لەو پێناوەشدا لە هیچ خۆبەخشی و فیداكارییەك سڵیان نەكردووە.

خۆتەیاركردنی سیاسی، فیكری و چەكداریی خەڵكی كوردستان چ لە نێو رێكخراو و حیزبەكاندا و چ بە شێوەی سەربەخۆ و هەم لە كاتی سەقامگیری و هەمیش لە كاتی شەڕ و ئاڵۆزیدا دەستێكی باڵای لە سەركەوتن و پتەوكردنی سەنگەرەكانی خۆڕاگری و بەرخۆداندا گێڕاوە و سەرەكیترین هۆكارەكانی مانەوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیان لە كوردستان پێكهێناوە.
لەم كاتە هەستیاردە كە هەموو بەشەكانی كوردستان بەرەوڕووی هەل و مەجالی مێژوویی و چارەنووس ساز و لە هەمان كاتدا بەرەوڕووی دڕندەیی و دواكەوتوویی سەرهەڵدانی رەوتە تێرۆریست و بناژۆخوازە ئایینیەكان دەبنەوە، هەمیسان وریایی و تێكۆشەر بوونی رەوتە هەمەڕەنگە كۆمەڵایەتیە پێشڕەوەكانن، كە شان بە شانی جووڵانەوەی خەباتكارانە و چەكداریی پێشڕەوی دەكەن و دەسكەوتەكانی جەماوەری كوردستان پڕ و پۆشتەتر دەكەن.

بۆیە ئێمە وەكوو رێكخراوەكانی ژنان، لاوان و خوێندكاران لە سەر ئەو بڕوایەداین كە راڤە و راوەستان لە بەرانبەر دوژمنان و داگیركەرانی ئازادی و دێمۆكراسی بە ئەركێكی هەموو تاكێكی گەلی كورد دەزانین و خوازیارین لەم هەلومەرجە ناسك و هەستیارەدا كە دەتوانێ داهاتووی كوردستان بەرەوڕووی وەرچەرخانێكی مەزن بكات، پێویستە بە هەموو جەماوەری كوردستان و بەتایبەت كوڕان و كچانی تازەپێگەیشتوو خۆیان بۆ پەیوەستبوون بە شۆڕشی كوردستانەوە ئامادە بكەن و لە ریزەكانی كۆمەڵە و هێزە پێشكەوتنخواز و خەباتكارەكانی ئەم نیشتمانەدا تەیار بكەن و بەرنبەر بە هەر داگیركاری و هەڕەشەیەكی دواكەوتووانە و پاوانخوازانە هەڵوێستی روون و دیاریكەریان هەبێت.

وێڕای پیرۆزبایی خۆمان بە بۆنەی پەیوەست بوونی ئەم پۆلە خەباتكار و تێكۆشەرە بە ریزەكانی كۆمەڵە، هیوای سەركەوتن و بەردەوامی و راوەستاویمان هەیه بۆ هەموو بزاوتی مافخوازانەی كوردستان هەیە.

رێكخراوەی ژنی ئاسۆی كورد
رێكخراوی لاوانی پێشڕەو
رێكخراوی خوێندكارانی پێشڕەوی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
29ی گەلاوێژی 1393ی هەتاویی
20ی ئاگۆستی 2014ی زایینی