پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨/١٢/٢٠١٤ لەهەولێر وەفدێکی کۆمەڵە بە بەشداری هاوڕییان:رەزا کەعبی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵە، محەمەد فەرهادزادە جێگری پێوەندییەکانی کۆمەڵە سەردانی مەکتەبی سیاسی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد و لەلایەن بەڕێزان: بەڵێن عەبدوڵلا،بەهمەن حوسێن،سەعد خالید، ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی، حەسەن مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی و بەرپرسی پێوەندییە کوردستانیەکان. ئامانج عەلی ئەندامی دەستەی کارگێڕی وبەرپرسی پێوەندییە دەرەکییەکان، بەختیار مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی و بەرپرسی پێوەندییە جەماوەرییەکان پێشوازیان لێ کرا.

لەم دانیشتنەدا سەرەتا وەفدی میوان پیرۆزبایی خۆی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزرانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێشکەش کرد و دواتر قسە و باسێک لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە و هەروەها سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەکانی شەڕ دژی داعش و بەتایبەتی سەرکەوتن لە شەنگال و پێویستی یەکڕیزی هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی باشوور بە تایبەتی و هەموو هێزە سیاسیەکانی پارچەکانی کوردستان بە گشتی باسی لێوە کرا.

تەوەرەێکی تری دانیشتنەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی کوردستانی رۆژهەڵات ، کە هاوڕێ رەزا کەعبی باسی لە پتەوی و توند و تۆڵی خەباتی جەماوەری لە کوردستانی رۆژهەڵات کرد و باسی لە بەرەنگاری و مقاومەتی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات کرد کە بە شێوەی جۆراوجۆر دژ بە کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتی دەر دەبڕن تا ڕادەیەک کە زیندانیانی سیاسی بۆ دەستەبەر کردنی مافە سەرەتاییەکانیان لە زیندانی ورمێ مان لە خواردن دەگرن، و دوای زیاتر لە مانگێک پاش وەدی هاتنی داخوازیەکانیان مانگرتنەکە دەشکێنن کە دەکرێ بە نمونەیەکی بەرخۆدانی خەڵکی رۆژهەڵات ناو ببرێ.

هەروەتر لەو دانیشتنەدا باس لە پێویستی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بۆ زیاتر لێک نزیک بونەوە و هاو هەڵوێست بوون لەسەر پرسە گرینگە نەتەوەییەکان کرا بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا کە گەلی کورد پێیدا تێ دەپەڕێ ،

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن لەسەر تەوەرەکان هاوڕا بوونی خۆیان دووپات کردەوە و جەختیان لە سەر لێک نزیک بوون و هاوکاری زیاتری خۆیان کردەوە.