27 رەشەمەی هەتاویی هەموو ساڵێک، ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە ڕێز دەگرن لەو ڕۆژە کە پۆلێکی گەورە لە کادر و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، گوردانی بەناوبانگی شوان، لە شەڕێکی نابەرانبەر و بە هۆی گیرۆدە بوون بە گازی شیمیایی، لە قەراغی چەمی سیروان لە ساڵی 1366 هەتاویی، شەهید کران. دواتر ئەو ڕۆژە بە هۆی زۆری گیانبەختکردوانی بە یەکجار و، بە هۆی دەورێک کە گوردانی شوان لە بزوتنەوەی بەرابەریخوازانە و بزاوتی رزگاریخوازی کوردستان هەیبوو، وەک ڕۆژی شەهیدانی کۆمەڵە ناودێر کرا.
ڕۆژی شەهیدانی کۆمەڵە بۆ ئێمە ڕۆژی ماتەمین و ڕەشپۆشی نییە، بە پێچەوانە، رۆژی پەیمان تازەکردنەوەیە لەگەڵ هەموو گیانبەختکردوانی کۆمەڵە، ڕۆژی ڕیزگرتنە لە خەبات و فیداکاری ژنان و پیاوانێک کە لە دەورەیەکی مێژووییدا بە حەول و تێکۆشانی خۆیان ناوەرۆکێکی نوێ و دادپەروەرانەیان هێنایە ناو بزوتنەوەی کوردستان، ڕۆژی وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕەوشت و رەفتارە شۆڕشگێرانەن کە مانایەکی پڕاوپڕ ئینسانی و پڕ لە خۆشەویستییان هێنایە ناو پێوەندیی خەڵک و پێشمەرگە، لەو ڕۆژەدا رێز دەگرین لە کەسانێک کە زۆریك لە منالانی ئەو کوردستانە بە خۆشەویستی ئەوانەوە ناونراون و پیرە پیاو و داپیرەکانی ئەو کوردستانە داستانی لەخۆبردوویی و رەوشت بەرزییان بۆ نەوەی نوی دەگێرنەوە و تا ئێستا نەک نەیانهێشتووە ناویان بسڕێتەوە، بەڵکوو کردویانن بە ئولگوو و قارەمان بۆ رۆڵەکانیان.
هەزاران لاوی وەزاڵەهاتوو لە دەسەلاتی داگیرکەرانی کوردستان و یاغی لە زوڵم و چەوسانەوە و یەکسانیخواز هەر ئێستا درێژەپێدەری ریبازی گیانبەختکردوانی کۆمەڵەن و بە هەزارانیش خوازیارن تا بینە ناو ئەو کاروانەی وا ئەو ئەستیرە گەشانە ئاسمانی کوردستانیان پێ پڕ نوور کرد. دەیان ساڵ سەرکوت و دیکتاتۆری و دڕندەیی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە گڕی خەباتی کۆمەڵە دامرکێنێ. خۆی ئەو راستییە باشترین بەڵگەیە بۆ رەوایی خەباتی یەکسانیخوازانە لە بزوتنەوەی کوردستاندا.
هەموو ریزەکانی کۆمەڵە، لە ڕۆژی گیانبەختکردواندا جارێکی دیکە پەیمان نوێ دەکەینەوە تا وەدیهێنانی ئاواتی ئەوان و تا رزگاریی گەلی کورد و چەوساوەکانی کوردستان، هیچ کەندوکۆسپ و سەختییەکی رێگا، هەنگاومان پێ شل ناکات. روو لە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان دەکەین و دەڵێین رۆڵەکانی ئێوە و هاوڕێیانی ئێمە رێبازیان زیندووە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە هەموو توانی خۆی بۆ یەکگرتوویی و یەکخستنەوەی ریزەکانی کاروانی کۆمەڵە و بۆ پارێزگاری لە ئامانجی بەرزی ئەوان و بۆ وەلانانی گرفتەکانی سەر رێگا، تێدەکۆشێ.

نەمری بۆ گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و رێبازیان
سەکەوتوو بێ بزاوتی رزگاریخواز و یەکسانیخوازی کوردستان
سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٣ رەشەمەی ١٣٩١ یان ١٣ مارسی ٢٠١٣