دوێنێ كۆماری ئیسلامی رایگەیاند بە تۆڵەی كوژرانی 14 كەس لەهێزەكانی رژیم لەشەڕێكدا لە سیستان‌و بەلوچستان، 16 كەس لە هەڵسوڕاوانی سیاسی‌و مەدەنی لەسێدارە داوە.
رۆژی رابردوو لەكوردستانیش دوو هەڵسوڕاوی سیاسی‌و مەدەنی “حەبیبوڵا گوڵپەڕی پور”‌و “رەزا ئیسماعیلی” لەسێدارە دران.
داواكاری گشتی زاهیدان سەبارەت بە ئێعدامەكانی دوێنێ وتویەتی: لەسێداردانی ئەو زیندانیانە بەتۆڵەی كوژرانی 14 كەس لەهێزەكانیان بووە لەشەڕێكدا لەگەڵ گروپێكی چەكدار لە پارێزگای سیستان‌و بەلوچستان.
ئەم جۆرە كردەوانە‌و ئەم جۆرە ئێعدامە بەكۆمەڵانە لەكۆماری ئیسلامی یەكێك لەنامرۆڤانەترین كردەوە‌و هەڵویستەكانی رژیمە بۆ سەركوتی خەڵك‌و، هێرش بۆ سەر مافە مرۆیی‌و ئازادییە مەدەنییەكان. بێگومان كۆماری ئیسلامی لەهەڵبژاردنی ئەم شێوە سەركوتە، مەبەستێكی ئاشكرای هەیە. ئەوان لەراستیدا بەخەڵكی ئێران پەیام دەدەن “تەواوی زیندانیانی سیاسی‌و مەدەنی، هەموو رۆڵە بەندكراوەكانی ئێوە گیانیان لەلای ئێمە بە بارمتە گیراوە. بچوكترین بەربەرەكانێ‌و ناڕەزایی بە رژیم، گیانیان دەخاتە مەترسییەوە”. ئەم پەیامە هەروەها هەڵگری ئەوەیە كە دادگا‌و قانون لەئێراندا پوشێك نرخی نیە. هەركات دەسەڵاتدارانی رژیم بیانەوێت، ئێعدام‌و كۆمەڵكوژی رێكدەخەن. ئەمە هەمان شێوازێكە كە پاش كۆتایی شەڕی ئێران‌و عێراق‌و لەساڵی 1367 گرتیانەبەر. ئەم رووداوە ئاوێنە باڵانوێنی كۆماری ئیسلامی لەسەرەتای هاتنەسەركاری تا ئێستایە، كە راستی‌و جەوهەری رژیم بە ئاشكرا تێیدا دەركەوتووە.
مانەوەی ئەم رژیمە بە كوشتار‌و سەركوت‌و سەقامگیركردنی دیكتاتۆریەتەوە گرێدراوە. پێویستە هەموو رەوتە سیاسییەكان‌و خەڵكی ئازادیخوازی ئێران لەبەرامبەر ئەم كردەوە‌و هەڵویستە نامرۆڤانەیە، بۆ سەركوتی خەڵك‌و ئازادییەكان، هەوڵێكی جیدی بخەنە دەستوری كاری خۆیانەوە‌و هەوڵبدەن تا ناڕەزاییەكان لە ناوخۆ‌و دەرەوە، لەبەرامبەر ئەم سەركوتە دڕندانەیە پەرەپێبدەن.
كۆمەڵە چ لەكوردستان‌و چ لە ئاستی سەراسەری ئامادەی هەر چەشنە هاوكاریكردنێك بۆ ئەم مەبەستەیە‌و پشتیوانی لە هەر جۆرە هەڵمەتێكی سیاسی‌و ناڕەزایی دەكات‌و هەوڵ بۆ رێكخستنی دەدات.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
5ی خەزەڵوەری1392 27ی ئۆكتۆبری 2013