11:21 am - Saturday 19 May 2012

ساڵی 2011 بۆ ژنانی جیهان چۆن تێپەڕی؟

وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - هه‌ینی Jan 06, 2:06 am

و: فەریبا محەمەدی

کۆمەڵی جیهانیی ئابووریی دەڵێت کە کەمبوونەوەی هەڵاواردن لە نێوان ژن و پیاو لە کار و پیشەدا، هێزی وەگەڕ خستنی سەرەکی گەشەی ئابووریی ئورووپا لە دەیەی رابردوو بووە. سەرەڕای ئەمە ئاڵمان کە سەرۆک وەزیری ژن و 5 وەزیری ژنی لە کابینەکەیدا هەیە، هێشتاکە رێژەیەکی کەم لە ژنان لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیدا کاردەکەن. بە پێی راپۆرتی کۆمەڵی جیهانیی ئابووریی کە لە نوامبری 2011 بڵاو کراوەتەوە، هێشتاکە هیچ وڵاتێک لە جیهان نییە کە کەلێنی رەگەزیی بە تەواوی لە ناو بردبێت. بە پێی ئەم راپۆرتە تەنیا وڵاتانی ئورووپای باکوور توانیویانە تا رادەیەکی زۆر ئەم کەلێنە کەم بکەنەوە. ئیسلەند، نوروێژ، سوئێد، ئیرلەند، نیوزلەند، دانمارک، فیلیپین، لسوتۆ و سویس، 10 وڵاتن کە هەوڵی زۆریان بۆ کەم کردنەوەی نایەکسانی رەگەزیی لە هەموو بوارەکاندا داوە. رێژەی ژنانی ئاڵمان لە لێژنەی بەڕێوەبەرایەتی شیرکەت و کۆمپانیا پیشەیی و بەرهەم هێنەرەکان تەنیا 2/2 لە سەدە. بۆ 30 شیرکەتی دەوڵەتی گەورەی ئاڵمان لە ساڵی 2011 لە پێناو یەکسانی رەگەزیی، گەڵاڵەیەکیان بە مەبەستی چوونە سەرەوەی رێژەی ژنان لە ئاستی بەرزی بەڕێوەبەرایەتیدا پێشکەشی دەوڵەت کرد. ئانگێلا مێرکل سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان لە راپرسییەکدا لە گۆڤاری فوربس، پێگەی بە هێزترین ژنی جیهانی بە دەست هێنا، بەڵام ئەم بە هێزترین ژنەی دنیا لە سەر ئەو باوەڕیە کە پێگەی لاوازی ژنان لە ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی وڵاتەکەی، بە بێ گەرەنتی یاسایی، گۆڕانێکی جیدی بە سەردا نایەت.

بەهاری عەرەبی و گەشانەوەی ژنانی عەرەب

ژنان لە ساڵی 2011 ئەکتەرانی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا بوون. ئەوان بە ناڕەزایەتی، رێکخستن، وێبلاگ نووسین یان مانگرتن لە خواردن، رۆڵێکی گرنگیان لە راپەڕینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەمساڵ گێڕاوە. رۆژنامەی گاردیەن بە ئاماژە بە بەشداری بەرفراوانی ژنان لە پێتەختەکانی باکووری ئافریقا و نیمچە دوورگەی عەرەب، لە لێکدانەوەیەکدا دەنووسێت: ژنانی عەرەب دەتوانن ئیدعا بکەن کە لەو خۆپیشاندانانەی کە ناوچەکەی لەراندەوە، هەموو شتێک بوون. لە ساڵی 2011 بۆ یەکەمجار لە مێژووی یەمەن، 3 وەزیری ژن چوونە نێو کابینەی دەوڵەتەوە. الرزاق حەمد ئەندامی حیزبی کۆنگرەی خەڵکی دەسەڵاتدار لەم وڵاتە وەک وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، حووریە مەشهوور لە هێزە شۆڕشگێڕەکان و لە بەرەی نەیارانی رژێمی ساڵەح وەک وەزیری مافی مرۆڤ و جوهرە حەموود کە پێشتر سکرتێری حیزبی سوسیالیستی دژی رژێمی ساڵەح بوو، وەک وەزیری راوێژکار هەڵبژێردرا. لە مانگی سێپتامبری 2011 شای عەرەبستان رایگەیاند کە ژنان لەم وڵاتە لە ساڵی 2015وە مافی هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتنین بۆ شەوراکان هەیە. هێشتاکە رون نییە ئایا ژنانێک کە بەهاری عەرەبیان گەشاندەوە دەتوانن مافی یەکسان لە گەڵ پیاوان بۆ خۆیان دەستبەر بکەن یان نا؟ ئەمە شتێکی روونە کە ژنان توانیان ئەم وێنا کۆنە لە ژنی عەرەب بگۆڕن کە وەک بوونەوەرێکی پاسێڤ چاویان لێدەکرا.

رۆڵی ژنان لە ئاشتیی جیهانیدا

سێ ژن خەڵاتی نوبێلی ئاشتییان لە ساڵی 2011 وەرگرت، دوو ژنی لیبریایی، لە گەڵ تەوەکول کرمان لە یەمەن. براوە لیبریاییەکان ئالێن جانسۆن سیرلیف یەکەم سەرۆک کۆماری ژنی ئافریقا و لیما گبووی چالاکی مافی مرۆڤ بوون. کومتیەی نوبێل، هۆکاری هەڵبژاردنی سیرلیف و گبووی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەوان رۆڵی گرنگیان لە کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆیی 13 ساڵە لە لیبریا بووەو هەروەها هەوڵ بۆ سەقامگیر کردنی ئاشتی و پشتیوانی لە مافی ژنانیان داوە.  کومیتەی نوبێل لە کاتی دانی خەڵاتی ئاشتی بەو سێ ژنە عەرەب و ئافریقاییە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: هەوڵی ئاشتیخوازانەی ئەم ژنانە بۆ ئەمنیەتی ژنانی جیهان و مافی ژنان بۆ بەشداری تەواو لە مسۆگەر بوونی سوڵح و ئاشتی، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەوان بووە. لە بەیاننامەکەی کومیتەی نوبێلدا هەروەها هاتووە کە بە بێ دەست پێڕاگەیشتنی ژنان بۆ دەرفەتە کاریگەرەکان لە هەموو بوراکانی کۆمەڵگە کە لە رکێفی پیاواندایە، دیموکراسی‌و ئاشتی لە جیهاندا مسۆگەر نابێت. بان کی مۆن بە ئاماژەکردن بە دانی خەڵاتی ئاشتی نوبێلی ساڵی 2011 بەم سێ ژنە جەختی کردەوە کە ئەم رووداوە دەبێ هاندەرێکی زۆر باش بێت بۆ دەوڵەت و ناوەندە نێونەتەوەییەکان تا هەرچی زیاتر ژنان لە بڕیارە گرنگەکاندا بەشدار بدەن. ژنانی ئەفغانستانیش لە کونفرانسی نێونەتەوەیی ئەفغانستان کە لە 5ی دیسامبری 2011 لە شاری بۆن بەڕێوە چوو، خوازیاری پشکی زیاتر لە بەشداری ژنان لە رەوتی بەرەوپێشچوونی ئاشتیی لەم وڵاتە و بڕیارە سیاسییەکان بوون.

10 ژنی سەرۆک کۆمار لە جیهاندا

بە پەیوەست بوونی دیلما روسۆفی برزیلی بە باشگای رێبەرانی سیاسی دنیا، رێژەی ژنانی سەرۆک کۆمار لە ئاستی جیهان لە ساڵی 2011 گەیشتە 10 کەس.  هەنووکە سەرۆک کۆماری فنلاند، ئیرلەند، لیتوانی، سویس، هیند، قرقیزستان، لیبریا، برزیل، ئارژانتین و کاستاریکا ژنن. هەڵبژاردنی دیلما روسۆفی سوسیال دیموکرات بۆ سەرۆک کۆماریی برزیل کە گرنگترین وڵاتی ئەمریکای لاتینە، رووداوێکی گرنگ‌و بەرچاو بۆ ژنان لە جیهاندا بوو. روسۆف یەکەم ژن لە مێژووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە کە لە 21ی سیپتامبری 2011 کۆبوونەوەی گشتی ئەم رێکخراوەی کردەوەو وتی من بە تەواوی دڵنیام کە ئەم سەدەیە، سەدەی ژنانە. روسۆف سیمایەکی چەپە کە مێژووی خەباتی چریکی لە کارنامەی خۆیدا هەیە و خەڵکی برزیل نازناوی خاتوونی ئاسنینیان پێ بەخشیوە. روسۆف لە راپرسییەکی گۆڤاری ئامریکایی فوربس بۆ هەڵبژاردنی سەد ژنی بە هێزی جیهان پلەی سێهەمی بە دەست هێنا و لە نێو خەڵکی ئەمریکای لاتین زۆر خۆشەویستە. لە مانگی مارسی 2011 بۆ یەکەم جار لە مێژووی وڵاتی مالی ژنێک بوو بە سەرۆک وەزیران. لە ئووتی ئەو ساڵەشدا خاتوو شیناواترا وەک سەرۆک وەزیرانی تایلەند دەست نیشان کرا. دەوڵەتی پاکستانیش کە دوای تیرۆری بێنەزیر بۆتۆ نەیتوانیبوو ژنێک لە پۆستی باڵای سیاسیدا دابنێت، حەنا رەبانی کەهری وەک وەزیری دەرەوە هەڵبژارد. ئەم خاتوونە تەنیا 34 ساڵ تەمەنی هەیە و دەکرێ بڵێین کە لە کۆمەڵگای پیاوسالاری پاکستان وەک بێنەزیر بۆتۆ بە هۆی بنەماڵەکەیەوە توانی دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت.

لە ئۆکتۆبری ساڵی 2011 یۆلیا تیموشنکۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئوکراین کە لە مارسی 2010 لە سەر کارەکەی لابرابوو، بە هۆی لادان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆی دادگایی کرا. دادگا ناوبراوی بە هۆی واژۆ کردنی رێکەوتنی وزە لەنێوان ئوکراین و رووسیە کە خەساری لە شیرکەتی نەوتی ئوکراین دا، بە حەوت ساڵ زیندان مەحکووم کرد. تیموشنکۆ لە ساڵی 2005 وەک سێهەمین ژنی بەهێزی جیهان دەست نیشان کراوە و بە هۆی شێوەی جل پۆشین‌و جۆری قژی زۆر جێگای سەرنج بووە. ناوبراو لە کاتێکدا کە زۆر ناوبانگی دەرکردبوو وتی کە دەیهەوێت جوانی‌و ژن بوون تێکەڵ بە سیاسەت بکات. رەخنەگرانی تیموشنکۆ لە پەیوەندیی نزیکی لە رادەبەدەری ئەو لە گەڵ ئەمریکا و لاسایی کردنەوەی شێوەی لیباس پۆشینی ژاکلین کەنەدی رەخنەیان گرتووە.

سەد ژنی بە هێزی جیهان

گۆڤاری فۆربس لە ساڵی 2004ی زایینی پێرستێکی لە ناوی ژنانی بەهێزی جیهانی سیاسەت و ئابووریی  بڵاو کردەوە. ئەم گۆڤارە ئەمساڵ ئانگێلا مێرکلی وەک بە هێزترین ژنی جیهان لە ساڵی 2011 ناساند. هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و دیلما روسۆف سەرۆک وەزیرانی برزیل پلەی دووهەم‌و سێهەمیان لەم ریزبەندی‌یە بە دەست هێنا. میشێل ئۆباما کە لە ساڵی 2010 لە ریزبەندی ئەم گۆڤارە پلەی یەکەمی بە دەست هێنا، لە ساڵی 2011 دابەزی بۆ پلەی هەشتەم، بەڵام هەروەک ژنێکی بە هێز، خۆشەویست‌و خاوەن جەماوەر ناسراوە. بە چاوخشاندنێک بە سەر ژیانی ئەم سەد ژنە بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی هەرە زۆری ئەوان لە نێوان بەڕێوەبەرانی ئابووریی، فەرهەنگی و سیما سیاسییەکانە. ئەلێن جانسۆن سیرلیف سەرۆک کۆماری لیبریا و براوەی خەڵاتی نوبێلی ئاشتیی 2011 یەکەم ژنی ئافریقایی لە پێرستی گۆڤاری فۆربس بوو. ئەو پێش لە بە دەسەڵات گەیشتن، لە بانکی جیهانی کاری دەکردو هەوڵەکانی زیاتر بۆ نەمانی هەژاری‌وباشتر کردنی دۆخی وڵاتەکەی دوای چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆیی بووە.

رێزلێنان لە دادستانی ژنی ئەفغان

ماریا بەشیر دادستانی ویلایەتی هەرات لە ساڵی 2011 لە لایەن گۆڤاری ئەمریکایی فاربن پالیسی لە پێرستی سەد بیرمەندی هەڵکەوتووی جیهان دانرا. خاتوو بەشیر یەکەم ژنی ئەفغانییە کە سەرۆکی دادستانی ویلایەتی پێ درا و پێشتریش لە ساڵی 2010 یەکێک لە 10 ژنێک بوو کە خەڵاتی تایبەتی ژنی ئازا لە لایەن وەزارتی دەرەوەی ئەمریکای پێ بەخشراوە. ئەو دوای لەناوچوونی تاڵیبان و لە ساڵی 2006 ئەم پۆستەی وەرگرت. بە پێی گۆڤاری فاربن پالیسی، ماریا بەشیر لە ساڵی 2010، توانی پێڕاگەیشتن بۆ 87 دۆسیەی توندوتیژیی دژی ژنان و هاوسەرگیری کچان لە تەمەنی کەمدا بکات.

ژنانی ناودار کە کۆچی دواییان کردووە

جیهانی ژنانی بە هێز، دەوڵەمەند و خاوەن جەماوەر لە ساڵی رابردوو چەند سیمای ناسراوی لە دەست دا کە دەتوانین ئاماژە بە ئەلیزابت تیلور ئەکتەری ئەمریکایی، کریستا وۆلف نووسەر و ئەدیبی ئاڵمانی، سوتلانا ئیستالین تەنیا کچی ژۆزێف ئیستالین و وانگاری ماتهای یەکەم ژنی ئافریقایی براوەی خەڵاتی ئاشتیی نوبێل بکەین. ماتهای بە هۆی هەوڵی بێوچان و ماندوو نەناسانە بۆ پاراستنی ژینگە لە کنیا بە دایکی درەختان ناسراوە.

بەردەوامی کەلێنی رەگەزیی لە جیهاندا

ساڵی 2011 لە کاتێکدا کۆتایی پێ دێت کە هەژاری لە نێو ژناندا بە تایبەت لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەو وڵاتانی باشوور، رۆژلەگەڵ رۆژ قوربانی دەگرێت. ژنان هەروەک هەمیشە کەمترین حەقدەستیان هەیەو بۆ دەست پێڕاگەیشتن بە دەرفەتی کاری‌و ئامووزشی چاوەڕێ تەواو بوونی پشکی پیاوانن. هێشتاکە لە هەندێک وڵاتی روو لە گەشە بە تایبەت ئافریقا و نیمچە قاڕەی هیند، ژنان بە هۆی منداڵبوون یان عفوونەت و نەخۆشی بە هۆی لە باربردنی کۆرپەلە ، توندوتیژیی جینسی یان بەد خۆراکی گیانیان لە دەست دەدەن. نەریتی خەتەنەو کەمئەندام کردنی ژنان لە هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی  و ئافریقایی هەر ماوە. قەتڵی نامووسی لە هەندێک ناوچەو لادێیە دوورەکانی باشووری تورکیە لە ساڵی 2011 زیاترین ئاماری هەبوو. بە پێی ئامارەکان، لە حەوت ساڵی رابردوودا، لانیکەم 300 ژن لە تەمەنی نێوان 42 ساڵ لە ناوچە کوردنشینەکان‌و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیە بوون بە قوربانی دەمارگرژی ئایینی‌و فەرهەنگی. بەڵام بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاناتۆلی، رێژەی ئەم قوربانیانە تەنیا لە ساڵی 2011 گەیشتە 70 کەس.  خاڵی جێی گرنگ لەم نێوەدا ئەوەیە کە بکوژان، ئەم قەتڵانە بە خۆکۆژی ناو لێدەبەن تاکوو لە چنگ یاسا رزگاریان بێت. بە پێی لێکدانەوەیەکی ساڵانە، ئەفغانستان کەمترین نرخی نێوەنجی تەمەنی ژنانی لە جیهان هەیە. نێوەنجی تەمەنی ژنانی ئەفغان تەنیا 45 ساڵە. هەواڵنێریی ئاڵمان لە راپۆڕتێکدا بڵاوی کردەوە کە  دوای ئەفغانستان، وڵاتانی نیجریە، گینەی بیسائۆ، یەمەن، چاد، کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ، ئەریترە، مالی، سوودان و ئافریقای ناوەندیی خراپترین دۆخیان بۆ دایکان هەیە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی دویچەولە

Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS

نووسینی روانگه

داخراوه