٣٦ ساڵ بەسەر رۆژی خۆئاشکراکردنی کۆمەڵە و گیان لەدەستدانی کاک حەمە حسێنی کەریمی، یەکێک لە دامەزرینەرانی کۆمەڵە تێپەڕ دەبێ.

٣٦ ساڵ هەوراز و نشێو، پتر لە سێ دەیە خەبات و تێکۆشانی بەرینی کۆمەڵایەتی، سەرکەوتنی زۆر و تۆمارکردنی دەسکەوتی گرینگی کۆمەڵایەتی، چەندین هەڵە و گلانی سەخت، هەزاران پێشمەرگەی گیانبەختکردوی خۆشەویست و ناودار، سەدان حەماسەی خۆڕاگری لە ژێر ئەشکەنجە و زیندان، هێنانی بەکۆمەڵی ژنان بۆ ریزی خەبات‌و پێشمەرگایەتی. دژایەتی لەگەڵ دابونەریتی کۆن و، خەبات بۆ مافی تاک و مافی مروڤ، کارنامەی کۆمەڵەیە بە کزیی و لاوازیی و خاڵە بەهێزەکانیەوە.

 

حەقوایە لەم ڕۆژەدا، کۆمەڵە وەک بەرهەمی خەباتێکی شۆڕشگێڕانە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، وەک دەسکەوتی رەوتی چەپ و عەداڵەتخواز، لێکدانەوەی بۆ بکرێ. پێویستە ریزەکانی کۆمەڵە خاڵە بەهێزەکانی رابردوی باش بناسێ و بۆ گەشەپێدانی تێبکۆشێ و خاڵە لاوازەکانی کار و کردەوەی خۆی ببینێ و ئەزمونی لێوەربگرێ و، بوێرانە بیانداتە بەر رەخنە تا بتوانێ لە قۆناغی هەستیاری ئەوڕۆی کوردستان دەوری شیاوی رەوتێکی عەداڵەتخوازی کوردستانی بگێڕێ. ئەوە ئەرکی هەموو چالاکوان و هەڵسوڕاوێکی ئەم رەوتەیە تا تەنیا هەر پاڵ بە شانازییەکانی رابردوەوە نەدات، بەڵکوو لاوازیی و هۆکارەکانی گلان و نشێوی خۆشی بناسێ، تا بتوانێ لەگەڵ بەستێنی بەرینی کۆمەڵایەتی و ئاخێزگەی خۆی تێکەڵ بێتەوە و شانازیی و سەروەریی زۆرتر تۆمار بکات.

 

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە لێکدانەوەی رابردوو، لەسەر بەشداریی بەرین و چالاکانەی کۆمەڵە لە بزوتنەوەی نەتەوەیی و رزگاریخوازیی کوردستاندا پێداگری دەکات و خۆی بە حیزبێکی کوردستانیی و لایەنی چەپی کۆمەڵگای کوردستان پێناسە دەکات. لامانوایە لادان و دورکەوتنەوە لەم دوو پێناسە سەرەکییەی کۆمەڵە، هۆی لاوازیمان بووە و پێداگری لە سەریان بۆتە هۆی گەشە و باڵاکردنمان.

 

ئێستاش، لە حاڵێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر لە وڵاتەکەی خۆی وەک هێزێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر لە هەموو بوارەکاندا خۆی دەرخستوە، تەنانەت بۆتە داڵدەدەری تیرۆر و هەناردەکردنی بیری کۆنی سەدەکانی ناوەڕاست لە هەموو ناوچەکەدا. ئەوڕۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی ناو ئێران بوونەتە ئەسیری هێزێکی زەبەلاحی دژ بە مروڤایەتی کە دەستی هەیە لە هەموو رەوتە کۆنەپارێزەکان و بۆتە مەرکەزی بشێوی و ئاژاوەنانەوە لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا کە باری ئابوری ئێران تێکچووە و ناڕەزایەتی بەرین ئەم کۆمەڵگایەی داگرتوە و رژیم بە هەناردەکردنی قەیران بۆ دەرەوەی وڵات، وەڵامی قەیرانە ناوخۆییەکانی دەداتەوە، بۆیە ئێمە وەک هەمیشە بۆ نەمانی سیستمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدا دەبین و خۆمان بە بەرگریکاری مافی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەزانین و، بۆ تەبایی و هاوکاریی نێوان هیزە سیاسیەکانی ناو کوردستانی ئێران هەوڵ دەدەین. لە هەمان حاڵدا پشتیوانی لە هەموو بزاوتی رزگاریخوازی کوردستان لە هەموو بەشەکانی دەکەین. پێمانوایە بێ کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ناو بزوتنەوەی کورد بە گشتیی و بێ پشتیوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ بەشێکی بزوتنەوەی کوردیی ناتوانێ خۆی لە ئازار و گیرەشێوێنی حکومەتی ئیسلامی ئێران رەها بکات.

 

شەڕی داعش لە باشور و رۆژئاوای کوردستان، بەرخۆدانی کۆبانێ و شەنگال دەریخست کە لە لایەکەوە چ پیلانێکی گەورە بە دژی بزوتنەوەی کوردستان لە ئارادایە و لە لایەکی دیکەوە چەندە گەلی کورد وشیار و چەندە یەکگرتوانە لەم دەورەدا هاتە دەنگ و بزوتنەوەی کوردی بردە قۆناغێکی هیوابەخشی نوێ. ئێمە تایبەتمەندییەکانی ئەم دەورەیە دەبینین و لە بەر ڕۆشنایی ئەم یەکگرتووییە خەباتی خۆمان رێکدەخەینەوە و تێدەکۆشین رەوتی چەپ و عەداڵەتخوازی کوردستان پێگە و جێگەی شیاوی خۆی وەدەست بێنێتەوە. ئێمە لە هەموو پشتیوانی دەوڵەتان بۆ کوردستان دژ بە تیرۆر و بیری سەدەکانی ناوەڕاست پێشوازی دەکەین، بەڵام جەخت دەکەینەوە، تەنیا و تەنیا رادەی یەکگرتوویی و تەبایی لە ناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردە کە چارەنووسمان بەرەو باشتر بوون دەگۆڕێ، نەک کردەوەی هیزی دەرەکی. دۆستمان کاتێک زۆرتر دەبێ کە بەستێنی هاوخەباتی و هاوپشتی ناو کوردستان بە هەموو مەیلە سیاسییە جیاوازەکانیەوە پتەوتر بکەین.

 

بژی یەکسانی و دادپەروەری

سەرکەوتوو بێ بزاوتی رزگاریخوازی کوردستان

 

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٤ رێبەندانی ١٣٩٣ هەتاویی یان ١٣ فوریەی ٢٠١٥