چاوپێکەوتنی رۆژنامەنوس خالید محه‌ممه‌دزاده لە ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز لەگەڵ هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە سكرتێری گشتی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان
خالید محه‌ممه‌دزاده: له‌و ماوه‌یه‌دا‌و له‌ ئێران ژماره‌یه‌ك زیندانی‌ سیاسی‌ له‌ سیداره‌دران، له‌ كاتێكدا ده‌وڵه‌تی‌ نوێ له‌ ئێران موژده‌ی‌ گۆرانكاری‌ ده‌دا ئه‌م پرۆسه‌ی‌ له‌سێداره‌دانانه‌ بۆ به‌رێوه‌ ده‌چێت؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: حكوومه‌تی ئێران كوردستان به‌ گرنگ ده‌بینێ‌‌و لێی‌ ده‌ترسێ‌‌. ئێران ولاتێكی‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌‌و كوردستان ده‌وری‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ له‌م فره‌ نه‌ته‌وه‌یی بوونه‌‌و له‌گه‌ل ئه‌وه‌ش سه‌ره‌رای‌ به‌شداریی خه‌ڵك له‌ هەڵبژاردنی‌ سه‌ركۆماری‌‌و داواكاری‌ چالاكانی‌ مه‌ده‌نی‌ كورد، رووحانی‌ دێت كه‌سێكی‌ وه‌ك عه‌لی‌ یونسی‌ ده‌كات به‌ راوێژكاری‌ خۆی‌ له‌ كاروباری‌ كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، واته‌ پرسی‌ كوردستان بۆیان پرسێكی‌ ئه‌منییه‌تییه‌‌و ئه‌مه‌ش وەڵامی‌ هه‌موو داوا‌و چاوه‌راونییه‌كانی‌ كورد بوو به‌ دانانی‌ وه‌زیرێكی‌ پیشووی‌ وه‌زاه‌رتی‌ ئیتلاعات بۆ كاروباره‌كانیان. به‌ رای‌ من ئه‌م پرۆسه‌ی‌ ئیعدامكردنه‌ش راناوه‌ستێ،‌ تا به‌ربه‌ستێكی‌ گه‌وره‌ی له‌ به‌رده‌م دانه‌نرێت له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌.

خالید محه‌ممه‌دزاده: حه‌سه‌ن رووحانی‌‌و حكوومه‌ته‌كه‌ی‌ چ ده‌ورێكی‌ هه‌یه‌ له‌ په‌ره‌پێدان یا راگرتنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئێعدامه‌كان؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: ده‌وله‌تی‌ رووحانی‌ بێده‌نگه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێعدامه‌كان، بێده‌نگ بوونیش یانی‌ هاوده‌نگه‌ له‌ گه‌ڵی‌. له‌ بیرمان نه‌چێت رووحانی‌ هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌و ده‌توانێ‌ زمانی‌ ده‌ربرینی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژادی‌ نه‌بێت‌و وه‌ك ئه‌و قسه‌ نه‌كات، به‌ڵام ده‌توانێ‌ هه‌مان سیاسه‌تی‌ هه‌بێت. رووحانی هی دەورەیەکی تایبەتە بۆ سازانێکی کاتی لەگەڵ دەرەوە.

خالید محه‌ممه‌دزاده: ده‌وری‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ده‌نگی‌داوه‌ به‌ رووحانی‌ ده‌توانێ‌ چ بێت له‌ راگرتنی‌ ئێعدامه‌كان؟ رۆڵی‌ چالاكانی‌ مه‌ده‌نی‌ بۆ راگرتنی‌ ئه‌و ئێعدامانه‌ ده‌توانێ‌ چی‌ بێت؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: باشترین ده‌ور ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حكوومه‌تی‌ رووحانی‌‌و ناره‌زایی‌ مه‌ده‌نی‌ وه‌رێ‌بخرێت له‌ هه‌موو كوردستان، داخوازییه‌كانی‌ كورد بلێن‌و بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ كوردستان وه‌رێ‌بكه‌وی‌. ئه‌وه‌ كاری‌ ئێمه‌یه‌ كه‌ پشتگیری‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بكه‌ین. ئه‌وانی ناوەوە به‌ زمانی‌ خۆیان‌و رەوشتی خۆیان دەدوێن‌و ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات كاری‌ بۆ بكه‌ین. ئیمه‌ چاوه‌روانی‌ ئه‌وه‌مان له‌ چالاكانی‌ كورد له‌ ئێران نیه‌ كه‌ به‌ زمانی‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كان قسه‌ بكه‌ن، به‌ڵام حیزبه‌ سیاسییه‌كانیش پێویست ناكات زمانی‌ خۆیان بهێننه‌ ئاستی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمهڵگای‌ مه‌ده‌نی‌‌و داخوازییه‌كانیان بهێنه‌ ئاستی‌ ماده‌كانی‌ قانوونی‌ بنه‌ره‌تی‌ ئێران.

خالید محه‌ممه‌دزاده: حیزبی‌ كوردی‌ داخوازی‌ خۆی‌ هێناوه‌ته‌ ئاستی‌ ماده‌كانی‌ قانوونی‌ بنه‌ره‌تی‌ ئێران؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: پێموایه‌ زۆرجار روویداوه‌ كه‌ حیزبی‌ سیاسی‌ داخوازییه‌كانیان هێناوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ یا ئه‌و مه‌یله‌ له‌ ناو حیزبی‌ سیاسی‌ په‌یدا بووه‌ كه‌ خۆی‌ هاوئاهه‌نگ بكات له‌گەڵ سه‌تحی‌ داخوازییه‌كانی‌ ناو ئێران كه‌ ئه‌مه‌ نادروسته‌. ئێمه‌ تۆپخانه‌ین‌و ئه‌وان هێزی‌ پیاده‌. ئه‌وان ورد ده‌یدورن‌و ورد ده‌چنه‌ پێش ‌و ئێمه‌ش ده‌توانین دوور بكوتین، كاری‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك مه‌یدانی‌ شه‌ر حیسایی‌ بكه‌ی، من پێموایه‌ پشتیوانی‌ چالاكانی‌ كورد بین له‌ ناو وڵات، چونکە ئیمه‌ له‌ دنیای‌ ئازاد ده‌ژین‌و ده‌ستمان به‌ زۆر شت راده‌گات كه‌ ئه‌وان ناتوانن؟

خالید محه‌ممه‌دزاده: یه‌ك له‌و زیندانیانه‌ی‌ له‌ سێداره‌ درا شێركۆ مه‌عاریفی‌ ئه‌ندامی‌ كۆمەڵه‌ بوو. پێش له‌ سێداره‌دانی‌ ئێوه‌ چیتان كردوه‌ بۆ ئازاد كردنی‌؟ هه‌وڵه‌كانتان چ بوون؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: ئێمه‌ هه‌موو هه‌نگاویكمان هه‌ڵگرت. حه‌ولمانداوه‌ له‌ رێگای‌ رێكخراوه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤه‌وه‌ به‌ هۆی‌ چالاكوانانی‌ مه‌ده‌نیی‌ به‌ وردی‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ كارمان كردووه‌. ده‌یان فاكس‌و په‌یام له‌ رێكخراوه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤه‌وه‌ چووه‌ بۆ ده‌وله‌تی‌ ئێران. ته‌نانەت‌ به‌ریز مام‌جه‌لال له‌ سه‌ر داخوازی‌ ئێمه‌ هه‌وڵی‌دا سزاكه‌یان بوه‌ستێنێ‌‌و ماوه‌یه‌كیش راگیرا سزاكه‌ی‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین.

خالید محه‌ممه‌دزاده: سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونتان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌می‌ خۆتان یا هۆكاری‌ تریش هه‌بووه‌؟ چون هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا زیندانی‌ سیاسیی‌ دیكه‌ش هه‌بووه‌ سزاكه‌ی‌ سووكتر كراوه‌ به‌ هۆی‌ كاری‌ به‌رده‌وام؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: ئه‌وه‌ ناگه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ كارمان بۆی‌ نه‌كردبێت، بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردی‌ له‌ رۆژهه‌لاتی‌ كوردستان گوشاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر نیه‌ كه‌ بتوانێ‌ ئه‌نجامی‌ تەواوی هه‌بێت. ئێمه‌ ده‌بێت فشاره‌كان زیاتر بكه‌ین، یه‌كه‌م به‌وه‌ی‌ ده‌بێت حیزبه‌ سیاسییه‌كان یه‌كگرتوو بن. زوێر نه‌بن له‌ گه‌ڵ یه‌كتر.

خالید محه‌ممه‌دزاده: دیاره‌ نموونه‌ش هه‌بووه‌ چه‌ند حیزب پێكه‌وه‌ به‌یاننامه‌یان داوه‌، به‌ڵام وه‌ڵامیان وه‌رنه‌گرتۆ‌ته‌وه‌؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: نا وانیه‌! هه‌ر كاتێك حیزبه‌ سیاسییه‌كان پێكه‌وه‌ به‌یاننامه‌یان دابێت سه‌ركه‌وتووبوون.

 خالید محه‌ممه‌دزاده: له‌چیدا سه‌ركه‌وتوون؟ كوا؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: بۆ نمونه‌ سالی‌ ٢٠٠٩ واتە ١٣٨٨ هه‌تاوی‌ ئێمه‌ له‌ وه‌رێخستنی‌ مانگرتن سه‌ركه‌وتین.

خالید محه‌ممه‌دزاده: به‌ڵام سه‌رتاسه‌ری‌ نه‌بوو، ته‌نانه‌ت له‌ شارێك هه‌موو چه‌ند بازارێكی‌ گرته‌وه‌ نه‌ك هه‌مووی‌؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: له‌وه‌ زیاتر نه‌ده‌كرا سه‌رتاسه‌ری‌ بێت. كارێكی‌ گه‌وره‌ بوو، له‌ هه‌موو ئێران نه‌یانتوانی‌ بازارێك دابخه‌ن. ده‌ركه‌وت حیزبه‌كانی کوردستان پێوه‌ندی‌ باشیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ شكستی‌ نیزامیمان خواردوه‌و كوردستان میلیتاریزه‌ كراوه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ر دەوری سیاسیمان له‌ كوردستان.

خالید محه‌ممه‌دزاده: با روونتر قسه‌ بكه‌ین، ئێستا چی‌ زۆره‌ حیزب. ناكرێت بلێین هه‌موویان كاریگه‌ریان هه‌یه‌. مه‌به‌ستت كام حیزبه‌ كه‌ كاریگه‌ریتان هه‌بووه‌؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: هه‌تا ئێستاش كۆمه‌ڵه‌و دێموكرات دوو حیزب و دوو رەوتی سه‌ره‌كین له‌ كوردستانی‌ رۆژهه‌لات، هێشتا بزووتنه‌وه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌و دوو ره‌وته‌وه‌ به‌ره‌پێش ده‌برێت‌و خەڵک گوێ لە قسەیان دەگرێ و بە کەمووکوڕیان دڵگرانەو بە پێکەوەبوونیان شادە.

 خالید محه‌ممه‌دزاده: كامه‌یان زیاتر كاریگه‌ریان هه‌یه‌، چون كاریگه‌ریان وه‌ك یەک‌ نیه‌. ئه‌مانیش له‌ باتی‌ دوو حیزب ئێستا چه‌ند حیزبن؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: بۆ بچینه‌ ناو ئه‌و كێشه‌وه‌؟ ئێمه‌ له‌ خوامان ده‌وێ‌ له‌ پرسی‌ دێموكراسی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ یه‌ك گوتارمان هه‌بێت. من ده‌زانم هێزی‌ ئیسلامیش هه‌یه‌، لایه‌نی‌ دیكه‌ش هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌تا ئێستا گوتاری‌ كۆمه‌ڵه‌و دێموكرات گوتاری‌ زاڵن.

خالید محه‌ممه‌دزاده: كۆمه‌له‌ ئیستا داوای‌ دیموكراسی‌ ده‌كات؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: به‌ڵێ،‌ داوای‌ دێموكراسی‌‌و عه‌داڵه‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌كات.

 خالید محه‌ممه‌دزاده: بەڵام كۆمه‌ڵه‌ له‌و مێژوویه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ دێموكراسی‌ وه‌ك درۆشمیكی‌ ئیمپریالیستی‌ چاو لێكردوه‌و پێی‌وابووه‌ ده‌ستكه‌وتی‌ جیهانی‌ سه‌رمایه‌داریه‌، چۆنه‌ ئێستا بوون به‌ ئاڵاهه‌ڵگری‌؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: له‌ كوێ‌؟ شتی‌وا نه‌بووه‌. ئه‌و كاته‌ش له‌ حیزبی‌ كۆمۆنیست بووین ئێمه‌ دژی‌ دێموكراسی‌ نه‌بووین، به‌ڵام ره‌نگه‌ سۆسیالیسته‌كه‌مان تۆختر بووبێت. ره‌نگه‌ گوتبێتمان كۆمه‌ڵگای‌ كوردستان ده‌توانی‌ هەر ئێستا ببیت به‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ سۆسیالیستی‌، ره‌نگه‌ تێ‌بینیمان له‌سه‌ر دێموكراسی‌ بووبێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ قه‌د دژی‌ دێموكراسی‌ نه‌بووه‌. ئەوەش راستە کە وتاری‌ ئێستای‌ كۆمه‌ڵه‌ ته‌ئكیدێكی‌ زیاتر له‌سه‌ر دێموكراسی‌ ده‌كاته‌وه‌.

خالید محه‌ممه‌دزاده: پژاك له‌ كوێی‌ گوتاری‌ زاڵی‌ كۆمه‌ڵه‌‌و دێموكراته‌ وه‌ك باستكرد؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: پژاك هیزێكه‌ نابێت به‌ كه‌می‌ بگرین‌و بیرۆكه‌ی‌ ئۆجه‌لانی‌ هه‌ڵگرتووه‌‌و خۆشیان ده‌ڵێن ئاپۆچین. ئه‌و گوتاره‌ زه‌مینه‌ی‌ هه‌یه‌‌و ئیمكانی‌ هه‌یه‌. دەتوانم بڵێم دوای‌ كۆمه‌ڵه‌‌و دێموكرات، پژاك زۆرترین ده‌وری‌ هه‌یه‌.

خالید محه‌ممه‌دزاده: كۆمه‌ڵه‌ی‌ حیزبی‌ كۆمۆنیست له‌ كوێی‌ ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی‌ جه‌نابت دایه‌؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: من پێموایه‌ ره‌وتێكی‌ چه‌په‌ له‌ گەڵ ره‌وتی‌ كۆمه‌ڵه‌و دێموكراته‌. ئه‌و جه‌ریانه‌ قابیلی‌ ته‌ئسیره‌‌و نابێت ئه‌و ره‌وته‌ وه‌ك یه‌ك سه‌یری‌ بكرێت. قسه‌ی‌ ئه‌وان هه‌رچی‌ بێت وه‌ك ره‌وتێكی‌ دۆست چاویان لێ‌ده‌كه‌ین‌و پێمانوایە ئیمکانی ئەوە کەم نییە کە گۆڕان بەسەر گوتاریاندا بێت.

خالید محه‌ممه‌دزاده: ئه‌و ململانێی‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك دیاره‌ پارتی‌‌و په‌كه‌كه‌ رۆلی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌گێرن تیادا، ئێوه‌ وه‌ك كۆمه‌له‌و دێموكرات له‌ كوێی‌ ئه‌و ململانێ دان، پاڵ به‌ یه‌ك له‌و دوو هێزه‌ ده‌ده‌ن، یا نا ده‌توانن وه‌ك هێزێكی‌ رۆژهه‌لات میحوه‌ر بمیننه‌وه‌؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: كوردی‌ رۆژهه‌ڵات‌و ئه‌و لێژنه‌یه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ هیچ مه‌جبوور نین پاڵ بدات به‌و دوو هێزه‌وه‌. دیاره‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ باری‌ زۆری‌ لێنراو وا سه‌یر كرا كه‌ ئه‌مه‌ هەموو كێشه‌ی‌ كورد چاره‌سه‌ر ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بێت كێشه‌ی‌ له‌سه‌ر ساز ده‌بێت، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ وه‌ك یه‌كمان نیه‌ تیادا. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌ ببێت به‌ ئۆرگانێك بۆ دیالۆگ له‌ناو ماڵی‌ كورد، نه‌ك بۆ بریاردان به‌سه‌ر كورد له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی‌ كوردستان.

خالید محه‌ممه‌دزاده: كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات له‌ كوێی‌ ئه‌م ململانییه‌ حیزبیه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌ درێژه‌ هه‌یه‌؟ هه‌ست ناكه‌ی‌ له‌ په‌راوێزدایه‌؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: به‌ڵێ،‌ره‌نگه‌ رۆژهه‌ڵات له‌ سكرتاریای‌ كۆنگره‌ به‌شدار نه‌بێت، له‌ ده‌سته‌ی‌ به‌ریوه‌به‌ریی‌ نه‌بێت، به‌ڵام ناتوانرێ‌ رۆژهه‌ڵات په‌راوێز بخرێت، چونكه‌ رۆژهه‌ڵات په‌راوێز بخرێت كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ هیچ مانایه‌كی‌ نامێنێ. ئێمه‌ش ئه‌و پێنج لایه‌نه‌ی‌ رۆژهه‌ڵات له‌ شوێنێك خه‌تی‌ سوورمان هه‌یه‌ بۆ كۆنگره‌‌و قورسایی‌ رۆژهه‌ڵات وه‌ك خۆی‌ له‌به‌ر چاو نه‌گیردرێت، به‌شداری‌ ناكه‌ین.

خالید محه‌ممه‌دزاده: خۆت هه‌ستت به‌و په‌راوێزخستنه‌ كردوه‌؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: من هه‌ستم كردوه‌ به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ هاوئاهه‌نگی‌ له‌ نێوان حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵات ئه‌و جۆره‌ی‌ هه‌یه‌ چاومان لێ‌ناكرێت.

خالید محه‌ممه‌دزاده: به‌ڵام ئێوه‌ هه‌ر پێنج تان ده‌نگتان به‌ یه‌كتر دا‌وه و پێكه‌وه‌ن؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: ئێستا پێكه‌وه‌ین له‌و كۆنگره‌یه‌، به‌ڵام ئایا پێكه‌وه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ یه‌ك به‌ره‌ دروست بكه‌ین؟ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ په‌راوێز نه‌خرێن، یه‌كبگرین كافی‌ نیه‌. ئه‌وه‌ هیچ گرنگ نیه‌. ئێمه‌ ده‌بێت پێكه‌وه‌ بین بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شی‌ رۆژهه‌ڵات خۆی‌ بگرێته‌وه‌، ده‌نا هاوكاریمان پێكه‌وه‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی باشە، بەڵام زۆر بچووكه‌.

خالید محه‌ممه‌دزاده: له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌ڵێی ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ كێشه‌مان نیه‌ بۆ یه‌كگرتنه‌وه،‌ به‌ڵام كێشه‌كه‌ لای‌ حیزبی‌ دێموكراته‌. ئه‌مه‌ چۆنه‌؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: بەڵێ، لایه‌نه‌كانی‌ كۆمه‌له ‌(زه‌حمه‌تكیشان‌و شۆرشگیر) ئێستا كێشه‌ی‌ ئه‌وه‌یان نیه‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن یا پێكه‌وه‌ به‌یاننامه‌ بده‌ن. ئه‌م كێشه‌یه‌ ئێستا له‌ ناو دێموكرات هه‌یه‌.

 خالید محه‌ممه‌دزاده: كامه‌یان كێشه‌ن له‌و دوو دێموكراته‌ بۆ هاوكاری‌ پێكه‌وه‌؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: حدكا تا ئیستا به‌و قه‌ناعه‌ته‌ نه‌گه‌یشتووه‌ له‌گه‌ڵ حدك پێكه‌وه‌ هاوكاری‌ بكه‌ن‌و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن، ئه‌ویش گۆیا له‌به‌ر بریارێكی‌ كۆنگره‌ی‌ پێشوویانه‌ كه‌ ناتوانن حدك به‌ ره‌سمی‌ بناسن بۆ هاوكاری‌ كردن له‌ گه‌لیان.

 خالید محه‌ممه‌دزاده: به‌ڵام جه‌نابت ته‌نیا باس له‌ خۆتان‌و لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵە‌ی‌ شۆرشگیر ده‌كه‌ن بۆ هاوكاری‌، به‌ڵام دوو لایه‌نی‌ دیكه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ش هه‌یه‌ وك ره‌وتی‌ سۆسیالیست‌و كۆمه‌ڵه‌ی‌ حیزبی‌ كۆمۆنیست؟
هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە: حیزبی‌ كۆمۆنیستیش رایگەیاند کە كێشه‌ی‌ نیه‌ بۆ بەیانیەی هاوبه‌شی‌ كۆمه‌ڵه‌كان پێكه‌وه‌. ره‌وتی‌ سۆسیالیستیش تا ئێستا وه‌ك جه‌ریانی‌ حیزبی‌ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌. ئێمەش ئامادەین بۆ هەموو هاوکاری‌و هاوئاهەنگییەک لەگەڵ هەرتکلایان.