رێكخراوەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشدارییان لە خۆپیشاندانێك كرد كە رۆژی شەممە لە هەولێر لەلایەن رێكخراوەكانی چوارپارچەی كوردستان بۆ ئیدانەكردنی لەسێدارەدانی بەندكراوانی سیاسی كورد ساز كرابوو.

خۆپیشاندانەکە شەممە 21/2/2015 لە هەولێر بە بەشداریی بەشێك لە حزب ‌و چالاكوانان ‌و ڕێكخرا‌وەكانی چوار پارچەی كوردستان لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو.

لەلایەن نوێنەری خۆپیشاندەرەکانەوە یاداشتێک پێشکەشی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان کرد و دا‌وایان كرد پەرلەمانی كوردستان لەسێدارەدانی گەنجانی ڕۆژهەڵات ئیدانە بكات و نامە ئاڕاستەی ئێران بكات.

ئێوارەی رۆژی هەینی هەواڵی لەسێدارەدانی 6 زیندانی سیاسی كە 5یان كورد بوون بڵاوكرایەوە كە بەو پێیە هەریەك لە: سامان نەسیم، ئیبراهیم عیساپور، سیروان نەژاوی، عەلی ئەفشاری، حەبیب (رزگار) ئەفشاری‌و یونس ئاقائیان لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دراون.