لە رۆژانی رابردوودا و دوای چەند رۆژ كاری چڕوپڕ، پلینۆمی دووهەمی كۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی سێزدەیەمی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، كۆتایی بە كارەكانی هێنا. لەم پلینۆمەدا زۆربەی هاوڕێیانی راوێژكار و جێگر، بەشدار بوون.

 سەرەتای پلینۆم بە دەقیقەیەك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی گیانبەختكردووانی كۆمەڵە دەستی پێكرد و بێدەنگییەكە بە سروودی بانگەواز شكێنرا. دواتر هاوڕێ‌ عومەر ئێلخانی زادە، راپۆرتێكی تێر و تەسەلی لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێران و كوردستان و ئەركەكانی داهاتوومان پێشكەش كرد كە قسە و باسی وردی بەشداربووانی پلێنۆمی لێكەوتەوە، بەتایبەت سەبارەت بە ئەركەكانمان لەمەڕ هاوكاریی هێزە سیاسیەكان و كاری خەباتی مەدەنی و رێكخستنی ناوخۆ. دواتر راپۆرتەكە بە كۆی دەنگ پەسند كرا.

 تەوەرەیەكی دیكەی كاری پلینۆم، قسە و باس لەسەر كاری ئۆرگانەكان و سیاسەتی داهاتوومان لە رێكخستنەوەی ئەركەكانیان بوو. لەم بەشەشدا هاوڕێیان بیروبۆچوونەكانی خۆیان خستە روو و كەم‌وكورتی و خاڵە بەهێزەكانی هەر بەشێك خرایە بەر چاو.

 بەشێكی دیكەی كاری پلینۆم بریتی بوو لە قسە و باس سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامی. لەم بەشەشدا هەل‌ومەرجی ئێستا و سیاسەتی دژە خەڵكی بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتدار باسی لێوەكرا و بە كۆی دەنگ، پلینۆم بەو ئەنجامە گەیشت كە هەر چەشنە بەشداری كردن بە زیانی دیموكراسیخوازی و لە قازانجی كۆماری ئیسلامییە و هەر چەشنە چاوەڕوانییەك كە گوایە دەكرێ‌ لە رێگای سندووقی دەنگەوە ئاڵوگۆڕ لە ناو كۆماری ئیسلامیدا پێكبێت، سیاسەتێكی هەڵە و لێكدانەوەیەكی نادروستە. بۆیە بە كۆی دەنگ لەم دەورەیەشدا، سیاسەتی بایكۆتی هەڵبژاردن پەسند كرا.

 لە به‌شی هه‌ڵبژاردن و دابه‌شکردنی ئه‌رکه‌کان و دوایین بەشی پلینۆمدا، هاوڕێ‌ عومەر ئێلخانی زادە وەك سكرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە. پلێنوم هه‌یئه‌تی ئیجرایی هه‌ڵبژارد و جگه‌ له هاورێ عومه‌ر ئێلخانی زاده‌، چوار كەسی دیكە لە هاوڕێیان وەك هەیئەتی ئیجرایی هەڵبژێردران كە بریتی بوون لە هاوڕێیان رەزا كەعبی، سادق زەندی، عوسمان خەلیلی و فەریبا محەمەدی. دیاری كردنی ئەرك و كاری هاوڕێیانی دیكە لە كۆمیسیۆنەكاندا خرایە ئەستۆی هەیئەتی ئیجرایی و بەمجۆرە پلینۆم دوای چەند رۆژ كار، كۆتایی بە ئەركەكانی خۆی هێنا.

 كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

 15 جوزه‌ردانی 1392 / 4 ژوین 2013