بەڕێزان ئەندامانی رێکخراوی لاوانی پێشڕەو لە لایەن رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد پیرۆزبایی گرتنی سەرکەوتووانەی یەکەمین کۆنگرەکەتان لێدەکەین.
وەک دەزانن لە ساڵانی رابردوودا تەوژمی گۆڕان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگرتووەو چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا سرووشت و سیماکانی ئەم گۆڕانە لە نێو بونیادی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەروەها کولتووریی لە ناوچەکەدا خۆی دەربخات. لە لایەکی دیکەوە لێشاوی گلوبالیزم، لە گەڵ خۆیدا بەردەوام بەهای تازە دەخۆڵقێنێت و دیاردەی تازە دەهێنێت، کولتوورە جیهانیەکان زیاتر فراوان دەکات و لە تواناشیدا هەیە کولتوورە لۆکاڵیەکان بە جیهانی بکات.
ئەوەی جێگای بایخە بوونی لاوانە لە پێشەوە گۆڕانکاریەکانداو ئەوەیە جەوهەرەی قۆناغی لاویەتی.
لاو بە قۆناغێکدا تێدەپەڕێت کە هەڵگری گۆڕان و وەرچەرخانە، لە منداڵییەوە بۆ پێگەیشتوویی، لە پاشکۆیەتییەوە بۆ سەربەخۆیی، بەجۆرێک لە نێوان هەریەکە لەم قۆناغەشدا لاو خۆی لە بۆشایدا دەبینێتەوە، کاتێ هەست دەکات قۆناغی یەکەمی بە جێهێشتووە بەڵام هێشتا بە قۆناغی سەقامگیر بوون نەگەیشتووە.  بۆیە دەبێت بە هەستیاریەوە بڕواندرێتە ئەم قۆناغەو گرینگی خۆی پێبدرێت.
داخوازیەکانی چینی لاو وەک نەوەیەکی تازە لە کۆمەڵگا رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاد دەکات، بە تایبەت ئەمڕۆ کە شۆڕشی زانیاری و راگەیاندن، پرس و مەسەلەکانی تایبەت بە ژیانی مرۆڤ لە تاریکترین کۆنجی ئەم جیهانەوە دەهێنێتە بەر رووناکی و رای گشتی لە سەر درووست دەکات.
بۆیە پێویستە لاوان و رێکخراوەکانی تایبەت بە لاوان بەردەوام و لە دەرەوەی هەموو جیاوازییەکی چینایەتی و ئایدۆلۆژییەوە لە سەر پرس و مەسەلەکانی تایبەت بە لاوانی کاری هاوبەشی چڕوپڕ بکەن و بەردەوام نوێکەروەی ئەندیشەو پێشڕەوی گۆڕانکاریەکان بن.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێیدەکەین  وهیوای سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
١٩/ ٧/ ٢٠١٣