پاش نیوەرۆی رۆژی یەكشەممە 31ی جۆزەرانی 1394، بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە رێوەڕەسمێك لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
رێوەڕەسمەكە بە سرودی بانگەواز، سرودی فەرمی كۆمەڵە دەستی پێكرد‌و پاشان بۆ رێزگرتن لەیادی هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە‌و هەموو گیانبەختكردوانی رێگەی ئازادی‌و سوسیالیزم‌و بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان چەند ساتێك بێدەنگی راگیرا.
پاشان هاوڕێ رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵە قسەوباسێكی بەم بۆنەوە پێشكەش كرد. هاوڕێ رەزا لە وتەكانیدا بە ئاماژە بە گیانبازی‌و فیداكاری هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە ئێستای كوردستان‌و لەسەرهەڵدانی راپەڕینی خەڵكی كوردستان پێویستی هێزێكی لێهاتوو و خاراو‌و ئاگاهی پێشمەرگەی كۆمەڵە زیاتر خۆی نیشان دەدات‌و، راهێنان‌و پەروەردەكردنی وەها هێزێك جەسور‌و لێهاتووی بەئەركی كۆمەڵە ناولێبرد.
پاش وتەكانی هاوڕێ رەزا، رێوەڕەسمەكە بە چەندین سرود‌و شیعر‌و گۆرانی لەلایەن هاوڕێیانی پێشمەرگەی كۆمەڵەوە رازێنرایەوە.
31ی جۆزەردان رۆژی گیانبەختكردنی هاوڕێ سەعید موعینی ناسراو بە “خانە”یە، كە وەك یەكەم شەهیدی كۆمەڵە ساڵی 1357 لەكاتی تێپەڕاندنی ئەركێكی تەشكیلاتی لە ئاوایی دڕی نزیك لە شاری ماوەت لە باشوری كوردستان لە ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شەڕێكی نابەرابەر لە گەڵ هێزەكانی رژیمی بەعسی روخاو گیانی ئازیزی بەخت كرد. ئەم رۆژە لەمێژووی كۆمەڵە وەك رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە ناسراوە‌و هەموو ساڵێك لەم رۆژەدا لەبنكە‌و مقەڕ‌و بارەگاكانی كۆمەڵە‌و لە شارو گوندەكانی كوردستان بە چەندین رێوڕەسمی جیاواز رێز لە رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە دەگیرێت.