ئەمرۆ سێشەممە وەفدێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی سەردانی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە سلێمانییان كرد.
وەفدی میوان كە پێكهاتبوون لە هەریەك لە بەڕێزان: حاجی جەمال، عەزیز حاجی حەسەن‌و دانا تەقی ئەلدین، ئەندامانی مەكتەب پەیوەندییەكان‌و سیروان عومەر، هەردی نەجات كادیرانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمرۆ 30/6/2015 رێكەوت لەگەڵ 9ی پوشپەڕی 1394 سەردانی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانیان كرد‌و لەلایەن هاوڕێیان: كەریم كەریم ئەندامی دەستەی كارگێڕی‌و عەتا ناسرسەقزی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی‌و بەرپرسی پەیوەندییەكانی سلێمانی پێشوازییان لێكرا.
وەفدی میوان پاش پیرۆزباییان بۆ رۆژی 31ی جۆزەردان، رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەفدی كۆمەڵە بارودۆخی ناوچەكە‌و دۆخی كورد‌و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەیان خستەبەر باس‌و لێكۆڵینەوە‌و هەر دوو لا جەختیان لەسەر یەكڕیزی‌و هاوئاهەنگی زیاتر نێوان حیزبە كوردستانییەكان كردەوە.