بەرەبەیانی رۆژی شەممە 3ی گەلاوێژ، فرۆكە جەنگییەكانی توركیا هێرشێكی چڕیان كردە سەر ناوچە سنورییەكانی باشوری كوردستان‌و زیانێكی زۆری گیانی‌و مادییان بە خەڵك‌و سروشتی ناوچەكە گەیاند.

ئەم هێرشەی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی باشوری كوردستان كە شوێنی مانەوەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان‌و شوێنی ژیانی خەڵكی ناوچەكەیە، لەكاتێكدایە كە خەڵكی كوردستان بەگشتیی چاوەڕوانی بە ئەنجام گەیشتنی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا‌و چارەسەری پرسی كوردی باكور بە شێوازی ئاشتیانەیە.

ئەوەی ئاشكرایە دەوڵەتی توركیا بەم دەستدرێژییەی بۆ سەر خاكی باشوری كوردستان و شەهیدکردنی خەڵکی سڤیل و گەریلای پ.ک.ک، زیانێكی گەورە بە پرۆسەی ئاشتی‌و ئاسایشی خەڵكی هەموو توركیا‌و هەرێمی كوردستانیش دەگەیەنێت، هەربۆیە خوازیاری راگرتنی بەپەلەی هێرشەكانی توركیاین‌و داوا لە هەموو ئەو لایەن و رێکخراوە نێودەوڵەتییانە دەکەین کە پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتی بوون، بە دژی ئەم هێرشانەی ئەرتەشی تورکیا دەنگ هەڵبڕن. هەروەها داوا لە سەرۆكایەتی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هەروەک رایانگەیاندوە هەوڵەكانی خۆیان بخەنەگەڕ تا دەوڵەتی توركیا هێرشەكانی بوەستێنێ و بێتەوە سەر مێزی وتووێژ.

ئێمە وێڕای مەحكومكردنی هێرشی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو كەسوكاری شەهیدانی بۆمبارانەكە دەكەین‌و هیوای زووچاك بوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.

ئێمە داوا لە هەدەپە و پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەین نەكەونە داوی سیاسەتی لایەنی شەڕخوازی دەسەڵاتی توركیا‌و خۆیان لە توندوتیژی بەدوور بگرن‌و لە هەوڵەکانیان بۆ سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی‌و چارەسەری پرسی كورد بە رێگەی خەباتی سیاسی و ئاشتیانە بەردەوام بن.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
4ی گەلاوێژی 1394ی هەتاوی – 26ی جولای 2015