ماوەیەکە چۆنیەتی هەڵبژاردن و رادەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ناو هێزە سیاسیەکانی بەشدار لە دەسەڵات، بۆتە جێگای مشتومڕ و ناکۆکی سیاسی و، تا رادەیەک ساردی خستۆتە نێو هێزە سەرەکیەکانی باشوری کوردستان. دیارە لەم ماوەدا زۆر کەسایەتی و لایەنی سیاسی هەوڵی سازانیان داوە و ئێستاش هەر بەردەوامن. ئێمە وەک حیزبێکی ڕۆژهەڵات سیاسەتمان ئەوە بووە کە خۆ لە کاروئەرکی ناوخۆیی هەرێم وەرنەدەین و هەر وەک پشتیوان هەڵسوکەوتمان کردوە.
بەڵام ئەم قەیرانە بۆ ئێمەش بۆتە مایەی نیگەرانی، چونکە هەموومان دەزانین کە: ئەم هەرێم و کیانە بۆ هەموو داگیرکەرانی کوردستان بۆتە ئامانج تا دژی بوەستنەوە و بە ئاشکرا یان لە ژێرەوە، بۆ تێکدانی یەکریزی و ئارامی و پێشوەچوونی، تێبکۆشن.  لە هەمان حاڵدا، سەرەڕای رەخنە و گازەندەی باقی هێزە کوردستانیەکان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم، حاشای لێناکرێ ئەم هەرێمە کەم و زۆر بۆتە پاڵپشتی سیاسی و مەعنەوی و نمونەیەک لە حەق ئەستاندن بۆ هەموو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و خەڵکی ئەم دەڤەرە حەقیان بە سەر هەموو لایەنێکی سیاسی کوردستانەوە هەیە و هەموومان دەبێ ئەم دەسکەوتە بپارێزین.
بۆیە هەر جۆرە پێشهاتێک لە هەرێمی کوردستان بە چاک و خراپ، کار دەکاتە سەر هەموو بەشەکانی کوردستان. ئەم راستییە لە ئێمەش وەک لایەنێکی کوردی ڕۆژهەڵات کە بە دایم پاڵپشتی ئەم ئەزمونە بووین، دەخوازێ کە: دەنگمان بدەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەوانەی کە هەلومەرجەکە زۆر بە هەستیار دەزانن و پێداگری لەسەر تەوافوق و سازانی ئیشتمانی سەبارەت بە کێشەکان دەکەن.
داوا لە هەموو هێزە سیاسیەکانی باشور، بە تایبەتی پێنج حیزبە دەسەڵاتدارەکە دەکەین کە لە پێناو بەرژەوەندیی و دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستانی باشور، لەبەر مەسڵەحەتی گشتیی بزاوتی کوردستانی لە هەموو پارچەکان سەرەڕای جیاوازیمان، بۆ خاتری پوچەڵ کردنەوەی خەونی دوژمنان و نەیارانی خەڵکی کوردستان، لە پێناو هەموو ئەوانەدا چاوپۆشی لە هەندێک بەرژەوەندی حیزبی و روانگەیی بکەن و ئەسڵی پێکەوەبوون و کارکردنی بە تەوافوق بکەنە بنەما و، دڵی هەموان شاد بکەن. ئەوە تەنیا رێگایەکە کە گشت لایەک لێی سودمەند دەبن و هەموو کوردستان پێی دڵخۆش دەبێ. هیچ لایەنێک زیانی لێ ناکات. پێچەوانەکەی هەموان تێیدا زەرەرمەند دەبن.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٧. ٨. ٢٠١٥ زایینی یان ٢٦ گەلاوێژی ١٣٩٤ هەتاویی