بۆ قسەکردن دەربارەی رەوشی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و رەوشی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان, ھەروەھا بۆ روونکردنەوەی ھەژموون و پەیوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی. بۆ ئاشکراکردنی ھەنگاوی داھاتووی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان گۆڤاری چرکە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (عومەر ئێلخانیزادە) سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سازکرد.

چاوپێکەوتن: سەرباز واحد

چرکە: بەگشتی خوێندنەوەتان بۆ رەوشی ئێستای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چییە؟

عومەر ئێلخانیزادە: ئێران ئێستا وڵاتێکی زلھێزی ناوچەکەیە کە ھەموو ھەولی خۆی خستووەتە گەڕ تا دەسەڵاتی لە وڵاتانی دراوسێ پەرەپێبدات. لە ھەمان کاتدا ئێران پشتیوانی گەورەی توندڕەوی و تیرۆریزمە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە ھیچ کارێک ناپرینگێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی کە ساڵانێکە پەیڕەوی دەکات، ئەویش بریتییە لە “شەڕی خۆمان لە دەرەوەی سنوورەکان دەکەین”. ئەوە ناوەڕۆکی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. چ لە دژایەتی ڕۆژئاوا و چ بۆ دژایەتی بزووتنەوەی کورد لەم خەتە سیاسییە لاینەداوە. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ئێران پێگەی جەماوەریی لە دەستداوە، تووشی نوشستێکی ئابووری بەرچاو ھاتووە، بێکاری و گرانی ڕۆژ بە ڕۆژ لە ھەڵکشانە، بزووتنەوەی مەدەنی راستییەکە کە ناتوانن بەری پێبگرن، یەکگرتوویی جاران نەک ھەر لە ناو دەسەڵات نەماوە، بەڵکو تا دێ زۆرتر لێکدەترازێن، خەڵک لەم دەسەڵاتە وەڕەس بووە و لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵیدا. بۆیەشە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سازکردنی قەیرانی دەرەکی بەرەو رووی ناڕەزایی ناوخۆ دەبنەوە. بە گشتی پێموایە خۆ کۆکردنەوە بۆ کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغەدا کارێکی زۆر گران و نامومکینە.

چرکە: سیاسەتەکانی ئێران لەناوخۆی عێراقدا چەندە کاریگەری لەسەر خەباتی سیاسی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ھەبووە؟

عومەر ئێلخانیزادە: بڕوام وایە کە رووخانی رژێمی بەعس و ھاتنەسەر کاری حکومەتێکی شیعەی سەر بە ئێران لەم دەیەی دواییدا گەورەترین شانسێک بوو کە رووی کردە ئێران. بۆیە کاتێک عێراقی بە سانایی کەوتە چنگ ئەم فنۆمێنە نەک لەسەر کوردی ڕۆژھەڵات، بەڵکو لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا تای تەرازووی لە قازانجی کۆماری ئیسلامی گۆڕی و زیانی گەورەی بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی گەیاند. دیارە دەسەڵاتی ئێران لە عێراق و لە باشووری کوردستان رێک بە دژی بەرژەوەندیی ھێزەکانی ڕۆژھەڵاتە. دەبینین کە تەنانەت ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی وا لەگەڵ حزبەکانی ڕۆژھەڵاتن (بنەماڵەی پێشمەرگە و…) ئێستا ماوەی نزیک بە دوو ساڵە ئەم چکە یارمەتیەشیان لێبڕیون، گومان نییە کە بۆیە کەس خۆی ناکاتە خاوەنی، چونکە ئێران دەسەڵاتی ھەیە. ھەموو ئەو راستییانە کاریگەرییان لەسەر دۆخی حزبەکانی ڕۆژھەڵات داناوە و ئێران توانیویەتی پەیوەندی باشوور و ڕۆژھەڵات لاواز بکات.

چرکە: ئایە ئەم چالاکییە سەربازیانەی ئەم دواییەی حزبی دیموکرات ئاماژەیە بۆ سەرھەڵدانی راپەڕینێکی نوێ لە رۆژھەڵاتی کوردستان, یان ھەر جوڵەیەکە بۆ خۆدەرخستن؟

عومەر ئێلخانیزادە: ئێستا دۆخی ڕۆژھەڵاتی کوردستان نزیکە و راپەڕینی جەماوەریی نابینم و پێشموانیە بە چوونی پێشمەرگە بۆ سەر سنوور، راپەڕین رووبدات. ھەموو دەزانن کە ئامادەکاریی نیزامی و ھاتنەدەر لەم دۆخەی ئێستا بۆ حزبەکانی ڕۆژھەڵات، پێویستە. مەسەلە “خۆدەرخستن نییە”، ئێمە و حزبەکانی دیکەش لەم ساڵانەدا تیمی بچووک و گەڕۆکی پێشمەرگەمان لە رۆژھەڵاتی کوردستان ھەر ھەبووە. ئێمە پێویستمانە ھێزی نیزامی خۆمان ھەم لەگەڵ خەڵکەکەمان پەیوەندی نەپچڕێت و ھەم بار بێت. پێشمەرگایەتی و خەباتی نیزامی مەیدانێکی حاشاھەڵنەگری بزاوتی رزگاریخوازی کوردستانە. ئێمەی ھێزی ڕۆژھەڵات پشتی جەبھەمان نییە، حکومەتی ئێران ھەم لە باشوور نفوزی ھەیە و ھەم لەگەڵ (پ.ک.ک) یش پەیوەندی ھەیە کە قەندیل و شوێنی ستراتیژیکیان بە دەستەوەیە، بۆیە گوشاریان دەخاتە سەر تا مەودا نەدەن ھێزەکانی ڕۆژھەڵات لە سەر سنوورەکان جێگە خۆش بکەن. پێویستە حزبەکانی ڕۆژھەڵاتیش نەک ھەر لایەنە و بۆ خۆی، بە ھاوئاھەنگی بۆ ئەم مەبەستە تێبکۆشن تا دەستکەوتیان ھەبێت، ئەوەش دەردێکە کە ھێزەکانی ڕۆژھەڵات لێی بێخەمن دەنا توانای ئەوەمان ھەیە تەرازووی ھێز زۆرتر بەرەو خۆمان داشکێنین.

چرکە: خوێندنەوەت بۆ رەوشی ئێستای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان چۆنە؟

عومەر ئێلخانیزادە: رەوشی حزبەکانی رۆژھەڵات باش نییە، ناتەبایی و پێکەوە کارنەکردن زیانی بە ھەموومان گەیاندووە. ھەروەھا لە بزووتنەوەی کوردیشدا چ لە باشوور و چ لە باکوور لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە جۆرێک گەمارۆ دراوین و نزیکی لێمان بڤەیە و دوورەپەرێزیمان لێدەکرێت. بەشی زۆری خەتاکە ھی خودی حزبەکانی ڕۆژھەڵاتە و چەترێکی ھاوکاریمان نییە تا ئەم بەربەستانە کەم بکەینەوە، من زۆرتر گلەییم لە خۆمانە و ناکرێت کوردی بەشەکانی دیکە ھەموو ئەرکی ئێمە ھەڵبگرن. بەڵام خەباتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە وەزع و گرفتی ئێستای حزبەکانی ڕۆژھەڵاتەوە نابێت ھەڵسەنگێندرێت. ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەم مێژووێکی گرنگی ھەیە، ھەم لەم دوو دەیەی دواییدا خەباتێکی فەرھەنگی و سیاسی بەھێز تێیدا گیرساوە و باڵای کردووە. بە لای منەوە ئەم دیاردەیە کە سەرەڕای ھەبوونی دەسەڵاتێکی نەیار، ئەمما زمانی کوردی، ئەدەبیات، شانۆگەری، سینەما، پەیکەرتاشی و موزیک بەو حاڵەشەوە لە ڕۆژھەڵات لە لووتکەیە. کێ ھەیە نەزانێت بوونی وەھا فەرھەنگێکی دەوڵەمەند بۆ نەتەوەی کورد دەستکەوتێکی گرنگە کە شۆڕشێکی گەرمیشی لە بن سەر دایە. ڕۆژھەڵات پوتانسیەلی گەورەی ھەیە، بەڵام بە گەورەترین زلھێزی ناوچە کە تێکەڵاوی لەگەڵ باقی بزووتنەوە و ھێزە کوردییەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ھەیە، گەمارۆ دراوە. پساندنی کۆت و زنجیری ژێردەستەیی لە ڕۆژھەڵات کاریگەریی گەورەی لەسەر ھەموو خەباتی خەڵکی کوردستان دەبێت، بۆیەشە نابێت ھەر ئەوڕۆی حزبەکانی ڕۆژھەڵات ببیندرێت، من دواڕۆژی ئەو حزبانەی مێژوو و پێگەیان ھەیە بە ناڕوون نابینم.

چرکە: بۆچی کار و چالاکییەکانی حزبەکانی رۆژھەڵات کەم بووەتەوە؟

عومەر ئێلخانیزادە: لە چاو کەی کەمبووەتەوە؟ دوو دەیەیە مەیدانی چالاکی ئێمە بەرتەسک بووەتەوە. لاموایە ئێستا بەستێنی چالاکی بۆمان زۆرترە و تۆپەکە لە مەیدانی خۆماندایە، ناتەبایی و پێکەوە کارنەکردن ھۆکاری لاوازیمانە و ئەوە ئەسڵە. دەنا رەوت و حزبی دیکەی ڕۆژھەڵاتی جێگەی نە باڵی چەپ(کۆمەڵە) گرتووەتەوە و نە جێگەی حزبی دیموکرات. لەگەڵ ھەوەڵین شنەبای ئازادی و شۆڕش ئەم پاوانخوازی و ملنەدان بە ھاوکارییەی کە ھەیە لە نێوان ھێزەکانی ڕۆژھەڵات، مەجبور دەبێت خۆی بگۆڕێت، دەنا پاش دەکەوێت. بۆیەشە ئێمە ھەر سەدپاتی دەکەینەوە کە دەبێت چەترێکی گشتگیر پێکبێنین. گومانم نییە ئەوە سەر دەگرێت و ناحەزان و نەیارانی شەرمەندە دەبن.

چرکە: ئایە حزبەکانی باشووری کوردستان کاریگەریان لەسەر خەباتی سیاسی حزبەکانی رۆژھەڵات چۆن بووە؟ چۆن پەیوەندییەکانتان بەرەو پێشتر دەچێت؟

عومەر ئێلخانیزادە: خۆمان یەکگرتووتر بین ھاوکاریمان زۆرتر دەکەن و زیاتر لە سیاسەتی کوردیدا حیسابمان بۆ دەکرێت. حەقیقەت ئەوەیە حزبەکانی باشووریش یەکدەنگ نین و یەک سیاسەتیان نییە، بۆیە ناتوانن لە بەرانبەر ئێران سیاسەتێکی تۆکمەی نەتەوەیی بەڕێوە بەرن. ھەموومان دەزانین و تێدەگەین کە دەکرا باشوور زۆر لەوە زیاتر پاڵپشتی خەباتی ڕۆژھەڵات بوایە، گرفتەکانی بزووتنەوەکانی کوردستان دەبێتە ھۆی کەڵکوەرگرتنی ناڕەوای دوژمنانی خەڵکی کوردستان.

چرکە: خوێندنەوەتان بۆ پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چییە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان؟ بە خوێندنەوەی تۆ ئەم ھاوکارییانەی یەکێتی بۆ ئێران زەرەری دەبێت بۆ حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ؟

عومەر ئێلخانیزادە: ئێمە پێمانوایە پەیوەندی ھێزە کوردییەکان و بە تایبەتی ئەو ھێزانەی لە دەسەڵاتدان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئاساییە. ئێمە رەخنەمان لەوە نییە کە ھێزەکانی باشوور پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ھەبێت، رەخنەی ئێمە ئەوەیە کە: ئەگەر ئەو جۆرە پەیوەندیانەیان ھەیە، پەیوەندی و پشتیوانی خۆیان لەگەڵ حزبەکان و بزووتنەوەی کوردستان لەم وڵاتە کەم نەکەنەوە، بە پێچەوانە بە رێگەی جۆراوجۆر پەرەشی پێبدەن. ئەو کارەیە کە ناکرێت، بۆیە پەیوەندییەکان لە جێی خۆیدا نین و لە زۆر بواردا رەخنەیان دێتەوە سەر. ئێران لەگەڵ یەکێتی و ھێزە کوردییەکانی دیکەش پەیوەندی ھەیە، بەڵام بینیمانە کە چۆن جوندولئیسلام و ئەنساری بەھێز کرد و ئێستاش بۆ رۆژی خۆی رایگرتوون. لە ساڵانی نەوەدەکان بینیمان کە چۆن ماڵ و مەزرای گوندنشینانیان تۆپباران دەکرد. حەقوابوو ھەر ئەو کاتانە دەستی ھێزەکانی ڕۆژھەڵات ئاواڵە کرابایە. دەبینین ئێستاش کە چۆن لەسەر حەشدی شەعبی دێنە وەڵام و لە بەرانبەر کورددا پشتیان دەگرێت. ئێران لەو پەیوەندیانە ئەوەندەی دەستکەوت وەردەگرێت، لە ١٠% ی ئەوە، دەستکەوت نادات. باشووری کوردستان و حکومەتی ھەرێم حەقوایە بزانن بەھێزکردنی حزبەکانی کوردی ڕۆژھەڵات گەرەنتییە بۆ پەیوەندی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. بە بڕوای من لە وەھا ھاوسەنگییەکدا پەیوەندی لەگەڵ ئێرانیش مانایەکی دروستتر پەیدا دەکات و مەترسییەکانی لەسەر ھەرێم کەم دەبێتەوە.

چرکە: خوێندنەوەتان بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکانی نێوان وڵاتانی ٥+١ و کۆماری ئیسلامی ئێران چییە؟ ئایە زیان بە بەرژەوەندی کاری سیاسی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت؟

عومەر ئێلخانیزادە: ئەم رێککەوتنە ناکۆکییە بە زیان نابینم، چونکە لە راستیدا بەسەر ئێراندا سەپاوە و لە کردەوەشدا ئێران ھەموو ھەوڵی خۆی دەدات تا نەچێتە پێش. ئێرانێک کە بەرنامە ناوەکییەکەی لەژێر کۆنتڕۆڵدا بێت، باشتر دەکرێت بەر بە نفوزی لە ناوچەکە بگیرێت. جیا لەوە ئەم رێککەوتنە مەزەندە لە خەڵکی ئێراندا زیاد دەکات و داخوازییەکان لە حکومەتی ناوەندیی پتر دەبێت و خۆی ئەوە دەتوانێت بۆ خەباتی مەدەنی خەڵک قازانجی ھەبێت و ھەیەتی. ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا بۆ کۆنتڕۆڵی ئێران تەنیا دڵیان بەو سازانە خۆش بکەن، تووشی ھەڵەی گەورە دەبن. ئەگەریش ئەم سازانە بکەنە بنەما بۆ کەمکردنەوەی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و گوشارە سیاسییەکان لەسەر ئێران زیاد بکەن، ئەوکات دەتوانن بەرھەمی رێککەوتنەکە بدروونەوە. بۆ ھێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش ھەر وایە، لاموایە دەرفەتمان بۆ پەیدا دەبێت کە پەرە بە خەباتی سیاسی بدەین و لەو پاشەکشەیەی ئێران کەڵکی خۆمان وەربگرین. با بزانین رەوتی رووداوەکان لە کردەوەدا چۆن دەڕوات.

چرکە: سیاسەتی ئێران لە شەڕی دژ بە داعش لە عێراق بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی چۆنە؟

عومەر ئێلخانیزادە: ئێران کایەی زۆر زیرەکانە دەکات، بە ھۆی مالیکییەوە داعشی ھێنایە دراوسێی کوردستان بەو نیەتەی شەڕی کورد و سوننە ساز بکات و داعش لەکۆڵ بەشار ئەسەد بکاتەوە (داعش شەڕێکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەسەد نەکردووە و زۆرتر زیانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوە) و حکومەتی ناوەندی عێراق سەقامگیر بێت. ئەوەیان بە دڵی خۆیان نەیگرت، دەڵێن جاری وایە داعبای ریرەک بە دندوک پێوە دەبێت. ئێستاش لە دەرفەتی ھاتنی داعش کەڵک وەردەگرێت تا نفوزی خۆی لە عێراق پەرە پێبدات، حەشدی شەعبی و میلیشی شیعە گەورە بکاتەوە و بیانکاتە باڵێکی سوپای پاسداران. ئەرتەشی عێراقیان لەناو برد تا سوپای پاسدارانی شیعە ساز بدەن. ھەرچەندە ئێران مەترسی نزیکبوونەوەی داعشی لە سنوورەکانی ھەیە، بەڵام ئێران لە ھەموو ئەوانەدا قازانج دەکات، تەنانەت ئیمکانی دەخالەتی لە کوردستان بە ھۆی شەڕی داعشەوە زیادیکردووە و لاموایە لە داھاتوودا ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان گەورەترین مەترسییە، ھەم لە رێگەی دەوڵەتی عێراقەوە، ھەم لە رێگەی حەشدی شەعبی و ھەم وەک ھەبوونی ھێزی خۆی لەناو عێراق و لە نزیک ناوچە کێشە لەسەرەکان. کۆماری ئیسلامی و داعش پشت و رووی یەک سکەن. لە یەک یاسا پێڕەوی دەکەن، ئەویان بە تەفسیری سوننەگەری و ئەمیان بە شیعەگەری.

چرکە: ئەم کێشە ئەخلاقی و پەروەردەییانەی لە ئێستادا بەرۆکی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستانیان گرتووە رەوشی خەڵک بەرەو کوێ دەبەن, بەتایبەتیش بەربڵاوی ماددەی ھۆشبەر؟

عومەر ئێلخانیزادە: گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان لە ھەموو ئێران دیاردەیەکی ترسناکە، ڕۆژھەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە و لەو ساڵانەی دواییدا تەنانەت گەورە دێیەکانیش ئەم دەردەی لێ پەیدا بووە. کەم بنەماڵە ھەیە لەمبارەوە ئازار و سەرئێشەی نەبووبێت. دیارە کۆماری ئیسلامی بە ئانقەست و پلان بۆ داڕێژراو ئەو کارەی کردووە، بۆ نموونە لە ناو زیندانەکان لە ھەموو شوێنێک ھەرزانتر وەچنگ دەکەوێت. لە کوردستان ھەرزانترە لە شوێنەکانی دیکەی ئێران. بۆیە بە بڕوای ئێمە داعش و کۆماری ئیسلامی ھەر یەک فێنۆمێنن(دیاردە یان پەدیدە). مەبەستی رژێم لە بڵاوکردنەوەی ماددە سڕکەرەکان لە راستیدا بۆ لە ناوبردنی ورە، وزە و کەرامەتی جیلی لاوە. بۆ خۆتان دەزانن کە ئێستا یەکێک لە کارەکانی ئیتلاعات ناردن بوو، بڵاوکردنەوەی ماددە ھۆشبەرەکانە لە باشوور. بەڵێ ئەم دیاردەیە لە باری ئەخلاقی و مرۆڤیەوە کەرامەت و ئیرادەی ئینسانەکان لەناو دەبات. تەنیا سیحری کۆماری ئیسلامی ماددە ھۆشبەرەکان نییە، ئەم حکومەتە بە ناوی سیغە و شەریعەتەوە زۆرترین پەرەپێدەری خۆفرۆشی ژنانیشە. بێکاری، بڵاوبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، پەرەدان بە فەحشا و زەبر و زەنگی ئایینی بۆ تەحمیلی ئەوەی شەریعەتی خۆیانە و سڕینەوەی ھەموو ئایین و ئایینزاکانی دیکە، ھەمووی داڕووخانێکی ئینسانی گەورەی پێکھێناوە. رادەی تەڵاق و جیایی و تێکچوونی بنەماڵە، زیادبوونی جینایەت و پابەند نەبوون بە عەھد و وەفا، بێ باوەڕی و کڵاو لەسەر یەککردن، پەرەگرتنی خورافات و دوژمنایەتی ئایینی، دیاردەگەلێکن کە لە کۆمەڵگەی ئێران و بە یاساکانی ئەم رژێمە زیادیان کردووە. خەڵک ھەموو ئەوانە لە چاوی ئەم دەسەڵاتەوە دەبینێت و قینێکی پەنگخواردووی گەورە لەناو جەماوەردا بە دیدەکرێت کە دڵنیام ڕۆژێک وەک گەردەلوول تەخت و بەختی کۆماری ئیسلامی تێکەوە دەپێچێت.