بەپێی بانگەوازێكی كۆمیتەی بەڕێوەبردنی كەمپینی ناڕەزایی دژ بە 37 ساڵ جەنایەتی رژیمی ئیسلامی ئێران لەپاریس، رۆژی یەكشەممە 15ی نۆڤامبر‌و رۆژانی دووشەممە‌و سێشەممە كەمپینی ناڕەزایی دژ بە تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی بەڕێوەدەچێت. بڕیارە ئەم كەمپینە هاوكات‌و بەبۆنەی سەفەری رۆحانی بۆ فەرانسە بەڕێوەبچێت.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتیوانی‌و داكۆكی لەم كەمپینە دەكات‌و، لەم ماوەیەكدا كە كۆماری ئیسلامی پاش شكستی پرۆژە ناوەكییەكە لەهەوڵی ئەوەدایە لەبارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە بەقازانجی خۆی كەڵك وەربگرێت، بەشداریكردن لەم كەمپینە بە پێویست دەزانێت.
كۆماری ئیسلامی‌و رۆحانی بە فیگۆری بەسەرچووی ریفۆرمخوازیی‌و كێشمەكێشی بەرەكانی ناوخۆیی رژیم، ناتوانن‌و نابێت سێبەر بخەنە سەر ئەو خەبات‌و بزوتنەوەیەی كە سەرەڕای سەركوتە خوێناوییەكان، تا ئێستاش بەرین‌و بەردەوامە.
با لەم كەمپینە ناڕەزاییەدا بەشداری بكەین‌و دژی بە تاوانەكانی رژیم‌و لەسێدارەدانەكان، دژی رەشبگیری‌و سەركوتی نەتەوەكان‌و، دژی 37 ساڵ تاوانی ئەم رژیم دەنگی ناڕەزایی خۆمان زیاتر بەگوێی جیهان بگەیەنین.
سەركەوتوو بێت خەباتی ناڕەزایی دژی رژیمی ئیسلامی
بروخێت رژیمی كۆماری ئیسلامی
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
19ی خەزەڵوەری 1394
10ی نۆڤامبری 2015