رۆژی چوار شەممە رێكەوتی ٢٥/١١/٢٠١٥ هەیئەتێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشداری لە رێوڕەسمی كردنەوەی نوسینگەی نووسەر‌و رۆشنبیری دۆستی كورد، ئیسماعیل بێشكچی كرد، كە لەم نووسینگەیە كاری وەرگێڕانی كتێب‌و نووسراوەكانی توركی بۆ كوردی‌و هەروەها كوردی بۆ توركی دەكرێت بە مەبەستی هەرچی زیاتر ناساندنی كلتوور‌و ئەدەبیاتی كوردی بۆ دەرەوەی كوردستان‌و وڵاتانی دەورووبەر.
پێویستە ئاماژە بكرێ كە ئەم سەنتەرە دوای نووسینگەكانی لقی ئیستانبوڵ‌و ئامەد دەبێتە سێهەم لقی نووسینگەی ئەم سەنتەرە كە بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان‌و لە شاری هەولێر دەكرێتەوە. لەومەراسیمەدا كە بە ئامادەبوونی نووسەر‌و رووناكبیر‌و دۆستی كورد (ئیسماعیل بێشكچی) بەڕێوەچوو، چەندین بابەت‌و وتار لەسەر ئەم كەسایەتیە توركە كە یەكێكە لە دۆستە نزیكەكانی كورد خوێندرایەوە‌و پەیامی پیرۆزبایی كرانەوەی ئەم نووسینگەیە لەلایەن بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم‌و چەندین كەسایەتی پێشكەش بە ئامادە بووان كرا.

لەم بۆنەیەدا بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی حیزب‌و نوێنەرانی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانو هەروەها كەسایەتیە ئەدەبی‌و رووناكبیرانی كوردستان بەشدار بوون.

وەفدی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە بەشداری ئەو مەراسیمە بوون ، بریتی بوون لە هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵە‌و هاوڕێیان محەمەد فەرهادزادە‌و ئارام مودەرسی نوێنەرانی كۆمەڵە لە هەولێر.