46 ساڵ بەسەر دامەزراندنی كۆمەڵە‌و 37 ساڵ لە راگەیاندنی هەڵسوڕانی ئاشكرای كۆمەڵە تێپەڕ دەبێت. 37 ساڵ لەمەوپێش‌و لەرۆژی گیانبەختكردنی هاوڕێ حەمەحسەینی كەریمی، یەكێك لەدامەزرێنەرانی كۆمەڵە، كۆمەڵە هەڵسوڕانی ئاشكرا‌و بەرینی خۆی دەستپێكرد.

لەو ماوەیەدا كۆمەڵە هەوراز‌و نشێوی زۆری بڕیوە. لەچوار دەیەی رابردوودا، كۆمەڵە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، نوێنەرایەتی رەوتی چەپ‌و سوسیالیستی كردوە‌و وەك یەكێك لەڕێكخەرانی سەرەكی بزوتنەوەی خەڵكی كورد بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی لەكۆمەڵگا، بۆ ئازادی‌و دیموكراسی بێوچان تێكۆشاوە‌و خەباتی كردوە. ئازادی‌و بەرابەری ژن لەگەڵ پیاو، رێكخستن‌و هاندانی سەرەكی ژنان لە خەباتی خەڵكی كورد، پێداگریی لەسەر ئاگاكردنەوەی خەڵك‌و بەشداریی راستەوخۆیان لە بڕیارە سیاسییەكان، بردنەسەرەوەی بەهاكانی خەباتی خەڵكی كورد لەبزوتنەوە ئازادیخوازەكەیان، بەرگریی لە كرێكاران‌و زەحمەتكێشان‌و نەبوونی تەوەهوم بە دوژمنانی ئازادی‌و كۆماری ئیسلامی، پێكهێنانی بەرەیەكی نوێ لەبەرامبەر دواكەوتوویی‌و كۆنەپەرەستی هەمووی لەكوردستان بەناوی كۆمەڵەوە تۆمار كراوە‌و، دۆست‌و دوژمن دانی پێدادەنێن‌و هەرگیز ناسڕێتەوە.

ئەمرۆش سەرەڕای سەركوت‌و دیكتاتۆری رژیمی ئیسلامی‌و، كردنی كوردستان بە پادگانێكی گەورە، تا ئێستاش ئەم سیاسەت‌و سوننەتانە مایەی وەحشەتی بەرپرسانی رژیم‌و كۆنەپەرستانی خۆجێییە‌و، لەلایەكی دیكەش جەماوەری بەرینی خەڵك، ژن‌و پیاو، پیر‌و لاو، بە رێز‌و چاكەوە ستایشی كۆمەڵە دەكەن‌و باس لە سیاسەتەكانی دەكەن‌و لەخەباتی كۆمەڵایەتییدا هەتا ئێستاش ئیلهامبەخشی ئەوانە. هەتا ئێستاش سرودەكانی كاك فوئاد، مام رەحمان‌و كاك شوان، وێردی سەر زمانی بەرگریكارانی ئازادی‌و یەكسانی‌و رێبوارانی بزوتنەوەی رزگاریبەخشی خەڵكی كوردستانە. ئێستاش كە رەوتە كۆنەپەرست‌و شەوپەرستەكان جموجۆڵ‌و پێگەیەكیان پەیدا كردوە‌و لە كۆی ناوچەكە بە هەڕەشە دەژمێردرێن، زیاتر لەهەر كاتێكی دیكەی پێویستیی بەهێزكردنی هێڵی سیاسی‌و پێشرەو و نوێی كۆمەڵە، مانا پەیدا دەكات‌و پێویستیی رەوتێكی چەپ‌و سوسیالیستی، شەفاف، راستگۆ‌و نوێخواز زیاتر لەهەر كاتێك هەستی پێدكرێت.

لەیادی رۆژی كۆمەڵەدا پێویستە ئەركەكانی ئێستای خۆمان لەم بارودۆخەدا بناسین‌و جەختی لەسەر بكەینەوە: بەهێزكردنی رەوتی چەپ‌و سوسیالیستی‌و چەوساوەكانی كوردستان، دەوری كارا لە بزوتنەوەی گەلی كورد، رێبەرایەتیكردن‌و داكۆكی شێلگیر لە بزوتنەوەی نەتەوەیی‌و دیموكراتیكی خەڵكی كوردستان، جەختكردنەوە لەسەر پلۆرالیزم، دیموكراسی‌و عەداڵەتی كۆمەڵایەتی، پەیوەندی لەگەڵ بزوتنەوەی مەدەنی‌و سیاسی‌و خەبات دژی كۆنەپەرستی‌و دواكەوتوویی، ئەركە حاشاهەڵنەگرەكانی ئێمەن. هەوڵدان بۆ رێكخستنەوەی بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان، بزوتنەوەی كرێكاریی‌و بزوتنەوەی ژنان‌و، ئەو بزوتنەوە سیاسی‌و مەدەنییە بەرینەی كە لەئێستادا سیمای بەرگریی‌و خۆڕاگری خەڵكی كوردستانی بەرجەستە كردوە. ئەم بابەتە بە بێ لەخۆبردوویی، فیداكاریی‌و جەسارەتی شۆڕشگێڕانە سەرناگرێت. نەوەی لاوی ئەمرۆ، داوا لە كۆمەڵە‌و ئەندامان‌و كادرەكانی دەكات تا لەم دەورەیەشدا سوننەت شكێن‌و پێشڕو بن. پاراستن‌و بەهێزكردنی هێزی پێشمەرگە‌و پەیوەندی چڕ‌وپڕ لەگەڵ خەڵك، لە پێداویستییەكانی بەرەوپێشچوون لەقۆناغی ئێستادایە.

كۆمەڵە خۆی بە حیزبی بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان‌و داكۆكیكاری سێكۆلاریزم لە هەموو بەشەكانی كوردستان دەزانێت. ئێمە بۆ هاوئاهەنگی‌و یەكگرتوویی لە بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی كورد هەموو توانای خۆمان دەخەینەگەڕ. ئێمە خوازیاری دیالۆگ بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكان لەم بزوتنەوەداین. دژی هەرچەشنە پاوانخوازی‌و پێشێلكردنی بەرژەوەندییەكانی خەڵك دەوستینەوە‌و، هەر چەشنە دیپلۆماسی لەگەڵ داگیركەرانی كوردستان كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی پارچەیەك لە كوردستان بگەیەنێت مەحكوم دەكەین‌و، جەخت لەسەر هاوئاهەنگی‌و پێكهێنانی چەترێكی هاوبەش لەنێوان حیزبە سیاسییەكان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان‌و بەشەكانی دیكەی كوردستان دەكەینەوە. لە روانگەی ئێمەوە كۆماری ئیسلامی، رژیمێكی دژە خەڵكی‌و كۆنەپەرەستە، ئەم رژیمە دوژمنی سوێندخواردوی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی كوردستانە، هەربۆیە رووخانی ئەم رژیمە ئاواتی هەموو خەڵكی ئێران‌و كوردستانە.

لەم رۆژەدا سەرەڕای رێزگرتن لەیادی هەموو گیانبەختكردوانی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی كوردستان‌و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی سوسیالیستی، لەبەرامبەر بنەماڵەكانیاندا سەری رێز دادەنەوێنین‌و پەیمان تازە دەكەینەوە كە بۆ سەركەوتنی رێگا‌و ئامانجەكانیان هەموو هەوڵێكمان دەخەینەگەڕ. بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە دێرینەكانی كۆمەڵە‌و هەڵسوڕاوانی نهێنی، بۆ چالاكوانانی مەدەنی‌و فەرهەنگی كە لەم سەردەمە سەختەدا ئەركێكی قورسیان لەسەرشانە، سڵاودەنێرین‌و دەستەكانیان بەگەرمی دەگوشین.

بژی كۆمەڵە
بژی ئازادی‌و سوسیالیزم
بەهێز بێت بزوتنەوەی رزگاریبەخشی خەڵكی كوردستان
بروخێ رژیمی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
23ی رێبەندانی 1394