كۆمەڵانی خەڵكی تێكۆشەری كوردستان!

كرێكاران و زەحمەتكێشان!

ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی كۆمەڵە!

ئێمە، هەر دوو لایەنی كۆمەڵە بە هەڵسەنگاندن و لە بەرچاو گرتنی بارودۆخی سیاسیی ئێران و كوردستان، هەروەها پرسی كورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی لە كوردستانی رۆژهەڵات لەم سەردەمەدا، بە زیانبار زانینی جیابوونەوەو دابڕانەكان و پێویستی كاركردنی هاوبەش بۆ خولقاندنی كەشێكی لەبار بۆ یەكگرتنەوە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەو ئاكامە گەیشتین بۆ تاوتوێ كردنی پرسی یەكگرتنەوەو بوژاندنەوەی رۆحی هاوكاری و سەرئەنجام یەكگرتنەوەی تەواو دوو هەیئەت لە هەر دوولا دیاریبكرێن تا كاری هاوبەش بۆ یەكگرتنەوە بكەن.

پاش دیاریكردن و دەست بەكار بوونی هەیئەتەكان و بەستنی چەندین كۆبوونەوە لە نێوان هەر دوو هەیئەت و دواتریش كۆبوونەوەی هاوبەشی هەر دوو كومیتەی ناوەندی،  لەو ماوەیەدا كۆمەڵێك كاری باش و كۆبوونەوەی جیدی لێك نزیكبوونەوە و كار كردن بۆ جێخستنەوەی ئیعتمادەكان و هێنانە ئارای كەشێكی لە بار بەڕێوەچووە. بێگومان كاری باش و هەنگاوی بەرپرسانەمان ناوە، ئێمە بە كاری تا ئێستامان دڵخۆشین و بە ئەركی خۆمانی دەزانین بە هەستی بەرپرسایەتی و هاوڕێیانە، بە لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی گشتی كۆمەڵە و بزوتنەوەی رزگاریخوازانە و چەپ و عەداڵەتخوازی كوردستان كار بۆ سەرخستنی ئەم پرسە گرینگە بكەین و لەم راستایەدا دانیشتنەكان بەردەوام دەبن.

جێی ئاماژەیە كۆمەڵە هێزێكی گرینگ و خاوەن جەماوەر و شۆین دانەرە لە بزوتنەوەی كوردستاندا، بۆیە سەركەوتنی پرۆسەی یەكگرتنەوە، ئەركێكی گرینگە كە دەتوانێ  وزە و توانی  كۆمەڵە و تێكۆشەرانی  ئەم رێبازە زۆر بەرینتر بخاتەوە گەڕ  بۆ بەڕێوەبردنی ئەركە قورسەكانی ئەم دەورەیە.  هەروەها هاندەرێك دەبێ بۆ بە هێزتركردن  و گوڕوتین بەخشینێكی زۆرتر بە خەباتی رەوای خەڵكی كوردستان و چەوساوەكانی ئەم وڵاتە و بوژاندنەوەی ئاوات و هومێدی دۆستان و دڵسۆزانی كۆمەڵە.  هیوادارین بتوانین بە بڕینی قۆناغەكانی دیكەی پرسی یەكگرتنەوە لە داهاتوودا رای گشتی لێ ئاگادار بكەینەوە.

لە لایەن هەیئەتەكانی

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران                  كۆمەڵەی زەحمەتكیشانی كوردستان

17ی رێبەندانی 1392

6/2/2014