رۆژی شەممە ١ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دانمارک، کۆنفرانسی ئەندامانی کۆمەڵە، لە شاری کۆپێنهاگ بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە بە بەشداریی چالاکانە و کارای ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڕێیانی ئەندام لە ماوەی رۆژێکدا وێڕای گردوکۆی چالاکییەکانی کۆمیتە لە دەورەی رابردووی هەڵسووڕانیدا، بە دەستنیشانکردنی ئەرکەکانی دەورەی نوێ، کۆمیتەی نوێی بۆ راپەڕاندنی ئەرکە تەشکیلاتییەکان هەڵبژارد.

کۆنفرانسەکە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری کۆنفرانس و بە پێشکەش کردنی راپۆرتی چالاکی دەورەی رابردوو، لەلایەن هاوڕێ ئەمیر مێسباح بەرپرسی کۆمیتەی کۆمەڵە لە دانمارک دەستی پێکرد.
راپۆرتی کۆمیتە بە ئاماژە بە کەموکورتی و ئاستەنگەکانی بەردەم کۆمیتەکە، کورتەیەکی لە کار و هەڵسووڕانی کۆمیتە پێشکەش بە کۆنفرانسەکە کرد.

پاشان لەلایەن هاوڕێ کاوە فتووحی ئەندامی کۆمیتە، راپۆرتێک لە بارودۆخی دارایی کۆمیتەی دانمارک و داهات و خەرجەکانی دەورەی رابردووی کۆمیتە، بە کۆنفرانس پێشکەش کرا.
هاوڕێ کاوە لە راپۆرتەکەیدا وێڕای ئاماژە بە هەموو لەمپەرە داراییەکانی سەر رێی کۆمەڵە، تەئکیدی کردەوە کە کۆمیتەی دانمارک هەموو هەوڵی خۆی داوە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکان و دابین کردنی سەرچاوەی دارایی بۆ کار و چالاکیەکانی کۆمیتە.

پاش پێشکەش کردنی راپۆرتەکانی کۆمیتە، هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، بە پێشکەش کردنی وتارێک، تیشکی خستە سەر پێویستیی نوێگەری و گۆڕانکاری لە شێوازی خەباتی رێکراوەیی لە دەرەوەی وڵات و بە شیکردنەوەی پێداویستییەکانی ئەمڕۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، ئەرکەکانی کۆمیتەکانی کۆمەڵەی لە دەرەوەی وڵات خستە بەر باس.
وتارەکەی هاوڕێ عومەر بە بەشداری و تێبینیی هاوڕێیان، کەشێکی پڕ لە هیوای بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی خەبات و چالاکی لە دەرەوەی وڵات، بە کۆنفرانەکە بەخشی.

لە داویین بەشی کۆنفرانسدا، بە دیاریکردنی ژمارەی ئەندامانی بەڕێوەبەری کۆمیتەی دانمارک، دەرگای خۆ ناونووس کردن بۆ کاندیدەکان کرایەوە و لە دەنگدانێکی نهێنیدا، ٥ ئەندام بۆ کۆمیتەی نوێی دانمارک هەڵبژێردران.

کۆمیتەی هەڵبژێردراو لە زووترین کاتدا دەست دەداتە دابەشکردنی ئەرکەکانی کۆمیتە و بە راوێژ لەگەڵ ئەندامان و هاوڕێیانی کۆمەلە، بەردەوام دەبێت لەسەر پەرەپێدانی کار و چالاکی و نوێنەرایەتی کردنی کۆمەڵە لە دانمارک.

٣ی رەشەمەی ١٣٩٤
٢٢ی فێبریواری ٢٠١٦
کۆمیتەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان – دانمارک