پێشنیوەرۆی ئەمرۆ 4ی پوشپەڕ (25/6/2016) وەفدێكی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەیان كرد.

وەفدی میوان پێكهاتبوون لە هەریەك لە بەڕێزان: كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و شێخ جەعفەر مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەلایەن وەفدی كۆمەڵە كە بریتی بوون لە هاوڕێیان: عومەر ئێلخانیزادە سكرتێری گشتی، رەزا كەعبی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی، سادق زەندی‌و كەریم كەریم ئەندامانی دەستەی كارگێڕی‌و عەتا ناسرسەقزی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێشوازییان لێكرا.

لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ناوچەكە‌و پارچەكانی كوردستان‌و ئەو رووداوانە كرا كە لەم ماوەی رابردوو بوونە جێگای سەرەنجی رای گشتی‌و پاش قسەوباسێكی زۆر، هەردوو لا سەرەڕای جیاوازی بۆچوونەكان لەسەر زۆربەی خاڵەكان هاوڕابوون‌و جەختیان لەسەر پەیوەندی‌و هاوئاهەنگی زیاتر نێوان حیزب‌و لایەنە كوردییەكان كردەوە.