سەرلەبەیانی ئەمرۆ 9ی خەرمانان بە بۆنەی ساڵیادی گیانبەختكردنی هاوڕێ فوئادی مستەفا سوڵتانی یەكێك لە رابەران‌و دامەزرێنەرانی كۆمەڵە، رێوڕەسمێك لە ناوەندی سەركرایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەكە كاتژمێر 7 بەیانی بە بەشداری هاوڕێیانی سەركردایەتی‌و ئەندامان‌و پێشمەرگەكانی كۆمەڵە بە سرودی بانگەواز، سروی فەرمی كۆمەڵە ‌و چەند ساتێك بێدەنگی بۆ یادی كاك فوئاد‌و هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە دەستی پێكرد.

پاشان هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵە سەبارەت بە دەورونەقش‌و كاریگەرییەكانی كاك فوئاد لەسەر كۆمەڵە‌و بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.

هاوڕێ عومەر لەسێ تەوەردا پێناسەیەكی بۆ كاك فوئاد‌و تایبەتمەندییەكانی‌و رێبازەكەی كرد. خەڵكی بوون‌و تێكەڵاوبوون بە خەڵكی كرێكار‌و زەحمەتكێشی كوردستان‌و پشتیوانی لە داوا رەواكانیان یەكێك لەو خاڵانە بوو كە كاك فوادی پێ پێناسە دەكرێت‌و بەوتەی هاوڕێ عومەر كاك فوئاد داكۆكیكار‌و لەهەمان كاتدا خەمخۆر‌و تێكەڵاوی خەڵكی كرێكار‌و زەحمەتكێشی كوردستان بوو.

یەكێكی دیكە تایبەتمەندییەكانی كاك فوئاد ئەوەیە كە وەك رابەرێكی جەماوەریی لەماوەی تەمەنیدا نیشانیدا كە رابەر و رێكخەری بزوتنەوە‌و ناڕەزایییە كۆمەڵایەتییەكان بوو كە هاوڕێ عومەر بۆ وێنە باسی لە سازدان‌و رێكخستنی شۆرای شارەكان‌و كۆچی بەكۆمەڵی مەریوان‌و باقی شارەكانی كوردستان بەرەو مەریوان کرد كە كاك فوئاد رێكخەر‌و سازماندەری ئەو حەرەكەتە ناڕەزایی‌و جەماوەرییانە بوو.

هاوڕێ عومەر وەك سێیەم تایبەتمەندی كاك فوئاد ئاماژەی بەوەدا كە هاوڕێ فوئاد مستەفا سوڵتانی هەمیشە جەخت لەسەر یەكبوون‌و یەكڕیزی جەماوەری خەڵك دەكردەوە‌و سەرەڕای ئەوەی هەمیشە داكۆكیاری مافی كرێكار‌و زەحمەتكێشی كوردستان بوو، بەڵام هەوڵی دەدا یەكڕیزی خەڵك بپارێزێت‌و جەختی لەسەر یەكبوون‌و یەكێتی هەموو چین‌و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكردەوە بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی.

رێوەڕەسمەكە پاش وتەكانی هاوڕێ عومەری ئێلخانیزادە كۆتایی پێهات.