8ی مارس، سەردەمی دروست بوون‌و ڕابوونی بزوتنەوەکان‌و بزوتنەوەی ژنانە بۆ گەیشتن بە مافی ئینسانی‌و لەناو بردنی کاریگەریەکانی هەلاواردنی ڕەگەزی. هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بگاتە ئازادی ڕاستەقینەو دادپەروەری، هەتا پێوەرگەڵێکی زامنکراو بوونی نەبێت، تا بتوانێت مافی ژنان دەستەبەر بەکات. ئەم رۆژە ئەگەر چی وەبیرهێنەرەوەی خۆپیشاندانێکی لەبیر نەچووە بۆ گرتنی مافی ژنان کە 150 ساڵ لەمەو پێش ئەنجام درا، بەڵام ئەم خەباتە تا ئێستاش درێژەی هەیە، چۆنکە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان‌و ڕژیمی ئیسلامی ئێران بە تایبەتی کوردستان، تا ئێستاش گۆشارەکان بۆ سەر ژنان بەردەوامەو ژنان لە کەمترین مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشن،و وەکوو هەمیشە لەژێر گۆشاری پیاوسالاری‌و حکومەت ئایین سالاریدان.

هەر لەو حاڵەشدا ژنانی یەکسانیخواز لە ڕێزی پێشەوەی خەباتی یەکسانی‌و ئازادیخوازانە ڕاوەستان‌و ڕژیمی ئیسلامی کە ڕژیمێکی دژ بە هەموو جۆرە مافێکی ئینسانی بە تایبەتی مافی ژنانە، زیاتر لە سێ دەیەیە هەموو مافە سەرەتاییەکانی ژنانی پێشێڵ کردوەو پێشی بە بەشداریکردنی ژنان لە هەموو عەرسەکانی ژیانی ڕۆژانەدا گرتووە. دوای هاتنە سەرکاری حەسەن ڕوحانیش سەرکوتکتدن‌و هەلاواردن بە دژی ژنان چەن قات زیادی کردوەو هاتنی ڕوحانی هیچ شتێکی لە مەسئلەکە نەگۆڕێوەو بەڵکوو دۆخی ژنان بەرەو خراپتربوون چوە.لە کوردستانیش وەکوو هەموو شوێنەکانی دیکەی ئێران، زۆڵم‌و زۆر بۆ سەر ژنان‌و درێژەدان بە باوەڕو سونەتە کونەکان، ژنانی خستوەتە دۆخێکی زۆر سەخت‌ترو ئەستەمترەوە. هەژاری‌و بێکاری‌و سەرکوتی دەیان ساڵەی ڕژیمی ئیسلامی نەخشێکی کاریگەری هەبووە بۆ سەر ژیانی ژنان. بەڵام بە هەموو ئەمانەوە، ژنی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات توانی قۆناغێکی نوێ بە ڕاوەستان‌و بەرخودانی خۆی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد تۆمار بکات‌.

بە هۆی بەشداری ژنان‌و هاتنیان بۆ نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە، خەباتی ژنان پای نایە قۆناغێکی نوێ‌و پڕ لە سەروەری‌و خەباتی گەلی کوردی چەندین هەنگاو بەرەو پێش برد. هاتنی ژنان بۆ نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە توانی هەموو تابۆو سونەتە کونەکان بروخێنێت‌و هەنگاوێک بنێت بەرەو جیهانێکی دیکەو توانی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگاو لە نێو حیزبەکانی کوردستان دابنێت‌، ئەمڕۆ لە نێو حیزبە سیاسیەکاندا ژنان هێزی پێشڕەوی ئەو کۆمەڵگایەن‌و نەخشی سەرەکی دەگێرن لە بەرەوپێش چوونی سیاسەت‌و بەرێوەچوونی دادپەروەری‌و یەکسانیدا.

ئێمە خوێندکارانی پێشڕەوی کۆمەڵە دیسانەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکینەوە کە هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێ ئازاد بێت مەگەر ئازادی ڕاستەقینە بە پێوەرگەڵێکی زامنکراو کە بتوانێت هەموو مافەکانی نە تەنیا ژنان بەڵکوو هەموو مرۆڤ دەستەبەر بکات. ئێمە خوێندکارانی پێشڕەوی کۆمەڵە پێرۆزبایی خۆمان سەبارەت بە رۆژی 8ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن، بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە لە ڕێگەی ئازادی نەتەوەو بیروباوەرو بۆ گەیشتن بە ئازادی‌و یەکسانی ئینسان گیانی خۆیان بەخت کردوەو هەروەها رێز لە خەبات‌و بەرخودانیان دەگرین

بژی بزوتنەوەی یەکسانی‌و ڕزگاریخوازی ژنان بژی سوسیالیزم

ڕێکخراوی خوێندکارانی پێشڕەوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان