بە داخێکی زۆرەوە بەرەبەیانی ئەوڕۆ سەعید چروکایا(دوکتور سولەیمان) لە نەخۆشخانەی شاری کۆبڵێنزی ئاڵمان گیانی لە دەستدا و چووە ناو کاروانی پڕ سەروەریی شەهیدانی ڕێگای رزگاری خەڵکی کوردستان.
دوکتور سولەیمان کە خەباتکارێکی ناودار و دیاری باکوری کوردستان بوو، دوای هێرشی داعش وەک خۆبەخش لە ئاڵمانەوە گەڕایەوە باشوری کوردستان و، دەورێکی گرینگی لە ڕاهێنانی پێشمەرگە و پوچەڵکردنەوەی مین هەبوو. هەموو ئەوانەی لەو ماوەیەدا لەگەڵی بوون، باس لە دەوری گرینگ و لێهاتوویی ئەو تێکۆشەرە ناودارە دەکەن.
دوکتور سولەیمان لە ئامیزی بنەماڵەیەکی تێکۆشەری دەڤەری بینگۆل لە باکوری کوردستان لە دایک بوو و دوو برای دیکەشی شەهید بوون. سەعید چروکایا بۆ خەبات سنوری نەدەناسی و لە هەرکوێ بوایە تۆوی تێکۆشان و راستی و خزمەت بە گەلی بڵاودەکردەوە.
کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٠ زایینی بۆ ماوەی چەند مانگ میوانی کۆمەڵە بوو و توانیمان لە نزیکەوە باس لە ئەزموونی باکور و ڕۆژهەڵات بکەین و لە رێگای ئەوەوە لەگەڵ زۆرێک لە تێکۆشەرانی باکور ئاشنا بین. لە هەموو ئەو ساڵانەدا تا ئاخر ڕۆژەکانی ژیانی پێوەندی چڕوپڕی لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هەبوو و دەورەی مین پوچەڵکردنەوەی بۆ چەند کەس لە هاوڕێیانی پێشمەرگە کردەوە. هەموو ئەو ماوەیە خۆشەویستی و پێوەندی نزیکی لەگەڵ کادرەکان و سەرکردایەتی کۆمەڵە پێکهێنا و وەک هاوڕێیەکی دڵسۆز بە خەم خەبات و تێکۆشانمانەوە بوو.
لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی لە گەلی کوردمان لە باکوری کوردستان، لە بنەماڵەی بەڕێزی چروکایا و بە تایبەتی لە سۆمای کچی دەکەین. یادی دوکتور سولەیمان بۆ هەتاهەتایە لە ناو ریزەکانی کۆمەڵە و لە خەباتی ڕۆژهەڵاتدا بەرز و بەڕێز رادەگیرێ.

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣١.١٠. ٢٠١٦