سی و هەشت ساڵ لەوەپێش و دوای نۆ ساڵ کاری نهێنی ڕێکخراوێک بە ئاشکرا خۆی ڕاگەیاند کە شەقڵی سیاسی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و گشت بزوتنەوەی کورد شکاند. زۆر بە خێرایی سەرنجی هەمووانی لە دۆست و نەیار بۆخۆی ڕاکێشا. کۆمەڵە ئەو ڕەوتە بوو کە لەگەڵ خۆی مەیل و بۆچوونێکی نوێی لە بزوتنەوەی کوردستاندا هێنایە مەیدان. کرێکار، چینی چەوساوە، بەرابەری ژن و پیاو، ئازادی بیروڕا، ڕەخنەگریی و شەفافیەت، ئەدەبیاتی پێشکەوتوو، ڕاستگۆیی لەگەڵ خەڵک، پێداگریی لەسەر دێمۆکراسی و مافە ڕەواکانی خەڵک ئەو دروشم و دەستەواژانە بوون کە بە چڕی کەشوهەوای سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان داگرت و جیلێکی نوێی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و ڕێبازێکی نوێ و پڕ لە هیوای خستە ناو جەماوەرەوە.

ئەوڕۆ کە رێز دەگرین لە یادی هاوڕێ حەمەحسێنی کەریمی دامەزرێنەر و ڕۆژی کۆمەڵە بەرز ڕادەگرین، پێویستە زۆر بە ڕوونی سەرخەتی سیاسەت و بۆچوونی خۆمان بۆ هەموان بخەینەڕوو. کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی سۆسیالیست قایمتر لە جاران لە بزاوتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی کوردستان بەشداریی دەکات و سەرخستنی ئەو خەباتە بە ئەرکی بێ ئەملاو ئەولای خۆی دەزانێ. ئێمە وەک خەباتکاری چەسپاندنی دێمۆکراسی و پێداگر بۆ مافی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دژبەری زوڵم و چەوسانەوەی سەرمایەداری، خۆمان پێناسە دەکەین.

لامانوایە هەلومەرجی سیاسی جیهانیی و ناوچەکە گۆرانی گەورەی بەسەردا دێت. ئەوڕۆ ئێران لە قەیرانێکی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی گەورەدا بەسەر دەبات.
ناڕەزایەتی جەماوەریی و خەڵکیی هەموو چین و توێژەکان و سەرتاپێی کۆمەڵگای ئیرانی داگرتوە، کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەوڕووی گرفت و کێشەی ناوخۆیی زۆرتر دەبێتەوە. سیاسەتی دەرەکی و تەجاوزکارانەی ئەو رژیمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەوڕوی بەرهەڵستیی دەرەکی زۆر بەرین بۆتەوە. گومانی تێدا نییە لە دەورەیەکدا بەسەر دەبەین کە بە هۆی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێ چاوەڕوانی گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێران و ناوچەکەدا بین.

بە بڕوای ئێمە هیوا هەڵچنین لەسەر کێشەکانی نێو دەسەڵات کە گۆڕانێک بە قازانجی خەڵک وەدی بێنێ، تراویلکەیە و بەس. بەڵام هیوا بە خەبات و ناڕەزایەتی و ڕەوتی ئازادیخوازیی و لاواز بوونی دەسەڵات، ئەو دیاردەیەیە کە زۆر بە ڕوونی چاوەڕوان دەکرێ و دەبێ خۆی بۆ ئامادە بکەین.
گەلی کورد لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زۆرترین ئازار و سەرکوت و بێ مافی چێشتوە، چەوسانەوە و بێ مافی و هەڵاواردنی نەتەوەیی زۆرتر پەرەی ئەستاندوە. بەڵام خەڵک کۆڵی نەداوە و بە هەموو شێوازێکی خەباتی مەدەنی و سیاسی، لە خۆی و ئاوات و ئارەزوەکانی بەرگریی کردوە. دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پانتاییەکی زۆرتری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەخۆگرتوە.

لەو هەلومەرج و کەشوهەوایەدا ئێمە بۆ ئەو خاڵانەی خوارەوە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ:

١. ئەو پڕۆسەی دەستمان پێکردوە بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی لە کۆمەڵەدا چالاکانەتر درێژەی پێدەدەین، بەوەشەوە ناوەستین و کار دەکەین بۆ کاری هاوبەشی هەموو هێزی چەپ و دێمۆکراسیخواز لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
٢. کار دەکەین بۆ سەرگرتنی چەترێکی هاوکاریی لە نیوان هێز و حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو ئەرکە بە پێویستیەکی هەنوکەیی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ئێران دەزانین.
٣. ئێمە پێمانوایە کە خەباتی گەلی کورد لە هەموو پارچەکان بە دەورەیەکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێ. شانسی گەورە و مەترسیشی لە ڕێدایە. داگیرکەرانی کوردستان بێگومان بۆ لەباربردنی شانس و پێشوەچونەکانی بزوتنەوەی کوردستان هەموو هەوڵی خۆیان بە ئاشکرا و بە نهێنی دەخەنەگەڕ. بۆیە هاوئاهەنگی لە نێوان بزوتنەوەی کوردستان و هاوپشتی و لێکتێگەیشتن زۆر بە گرنگ دەزانین و هەوڵی خۆمانی بۆ دەخەینەگەڕ.
٤. کار و چالاکی خۆمان لە ناوەوە، لە دەرەوەی وڵات، لە بواری پێشمەرگایەتی، لە مەیدانی ڕاگەیاندن، پێوەندیی کوردستانیی و نێونەتەوەیی و پێوەندی لەگەڵ هێزە دێمۆکرات و پێشکەوتنخوازەکانی ناو ئێران، چاکسازیی پێویستی تێدا پێکدێنین و بە ئەرکی هەموو ئەندام و هەڵسوڕاێکی کۆمەڵەشی دەزانین کە بە هەوڵ و تێکۆشانی تەواو، شێوازێکی نوێی شیاوی ئەو دەورەیەی خەبات بینینە ئاراوە و توانایی خۆمان بۆ وڵامدانەوەی ئەرکەکانی ئەو دەورەمان بەرینە سەر.

سڵاو لە بنەماڵەی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە
سڵاو لە زیندانیانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی
بەرزو بەرێز بێ خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان
بژی ئازادی و سۆسیالیسم
بەرز و بەڕێز بێ یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٣. ٢. ٢٠١٧ زایینی یان ٢٥ ڕبەندانی ١٣٩٥ هەتاویی