ئەنستیتۆی مێری لە هەولێر كۆبوونەوەیەكی بۆ گفتوگۆی شەش لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان ساز كرد كە هاوڕێ رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵە تێیدا بەشداربوو.

رۆژی پێنجشەممە 23/2/2017، ئەنستیتۆی تۆێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری) كۆبوونەوەیەكی بۆ گفتوگۆی سەركردەكانی شەش لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر پرسە هەنووكەییەكانی ناوچەكە ساز كرد.

ئامانج له‌و کۆبوونه‌وه‌یه که له‌لایه‌ن د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نستیتۆی “مێری”یه‌وه ئیداره ده‌كرا، ئه‌وه بوو که له‌به‌ر رووناکایی گه‌شه‌سه‌ندنه‌کانی مانگه‌کانی دوایی له سیاسه‌تی جیهانی‌دا به‌تایبه‌تی هاتنه‌سه‌رکاری دۆناڵد ترامپ له ئه‌مریکا و دوایین ئاڵوگۆڕه‌کانی کێشه‌ و قه‌یرانه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، کاریگه‌ریی ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنانه له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و خوێندنه‌وه و رێکاری هاوبه‌شی لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنانه‌ تاوتوێ بکرێ.