هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و ساڵی تازەوە پەیامێك ئاراستەی تێكۆشەرانی كوردستان دەكات.

دەقی پەیامەكە:

خوشک و برایان، تێکۆشەرانی کوردستان!
نەورۆز و ساڵی نوێتان لێ پیرۆز. زستان تەواو بوو، بەهار هات، هیوادارم بەهار و ئاوەدانی دڵی هەموتان دابگرێ. ڕێژنەی بارانی بەهاریی سەوزایی بێنێ و بە هیمەتی ئێمە و ئێوە و هەموان مەزرای خەباتمان بۆ ڕزگاریی گەلی چەوساوە پاراو بکات. ئێستا کە بەرەوپیری بەهار و ژیانەوەی سروشت دەڕۆین، کوردستان هەم شانسی گەورەی لەسەر رێیە و هەم گرفتی ناوخۆیی و دەرەکی بەرۆکی پێگرتوە. بەڵام ئاواتی دێرینەی سەربەخۆیی و رزگاریی وەک لافاوی بەهارێ دەتوانێ پوش و پەڵاش ڕاماڵێ و لەمپەرەکانی بەر رزگاریی نەتەوەیی و ئازادی چەوساوەکان بشکێنێ.
کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین دوژمنی کورد گڵۆڵەی لە لێژییە و باقی داگیرکەرانی کوردستانیش لە دەرد و ئازاری زۆر و ستەمکاریدا دەتلێنەوە، چ بۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات و چ بۆ کوردی باقی پارچەکانی دیکە، ئەگەر لێکی تێکنەدەین، دەرفەتێکی زێڕین رووی تێکردوین. ئێرانی ئیسلامی لەگەڵ بەربەرەکانێی گەورەی دەرەکی و ناوخۆیی ڕووبەڕوو بۆتەوە، باقی داگیرکەرانی کوردستانیش لە باشور و باکور و ڕۆژئاوا بە بینینی بوون و گەشەی بزاوتی رزگاریخوازی کوردستان، کەوتونەتە وڕێنە و سەر لێشێواوی، گەر خۆمان هاوئاهەنگ بین و ڕزگاریی بە هەند وەربگرین و دڵۆ لە خۆمان نەبێ یان بەرەنگاری دڵۆکاران بینەوە، سەرکەوتن مسۆگەر دەبێ. گومانم نییە ساڵی نوێ سەرەتای دەورەیەکی نوێیە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات، سەرەتای دەرفەتێکی دیکەیە بۆ بزاوتی یەکسانیخوازیی و پێشکەوتوویی، با دەرفەتەکان بناسین و هەلەکان بقۆزینەوە و ڕەوتی دادوەریخوازی ئەم وڵاتە جارێکی دیکە هیمەت بنوێنێ و بڕوا بە بوونی بەستێنی یەکسانیخوازانە بکات و ڕاشکاوانە بێتە مەیدان. ئاواتمە حەولەکان بۆ یەکگرتوویی و یەکسانیخوازیی بە تێکۆشانی هەموو ئێوەی ئازیز بێتە دی.