سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە 13ی خەرمانانی 1396، جارێكی دیكە هێزەكانی رژیمی ئیسلامی بێ بەزەییانە تەقەیان لەكاسبارانی كورد كرد‌و ئەمجاریش دوو كۆڵبەری دیكەی كورد لەناوچەی بانە بە گوللەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستدا.
بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە كوشتنی ئەم دوو كۆڵبەرە، هەر ئەمرۆ خانەوادەكانیان‌و ژمارەیەك لەخەڵكی شاری بانە لەبەردەم فەرمانداریی ئەو شارە كۆبوونەوە‌و بێزاریی خۆیان لەكردەوەی نائینسانی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی دەربڕی‌و خوازیاری بە سزاگەیاندنی بكوژانی رۆڵەكانیان بوون.
سیاسەتی كوشتنی بە ئەنقەستی كۆڵبەران‌و كاسبكارانی كورد كە لەمێژە لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامییەوە لەكوردستان پەیڕەو دەكرێت، لەساڵانی رابردوودا زیاتر پەرەی سەندوە‌و هەفتەیەك نیە خانەوادەیەكی زەحمەتكێشی كورد لەشارو گوندەكانی كوردستان بەهۆی پەیڕەو كردنی ئەم سیاسەتە نا ئینسانییە‌و تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی رژیم داغدار ‌و جەرگ سوتاو نەبن.
ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان جارێكی دیكە تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە كۆڵبەرانی كورد‌و خەڵكی كوردستان مەحكوم دەكەین‌و پشتیوانی لەداخوازیی بنەماڵەكانیان دەكەین بۆ بە سزاگەیاندنی تاوانبارن.
هەروەها داوا لە سەرجەم حیزب‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین بۆ پشتیوانی لەخەڵكی كوردستان بەگشتیی‌و دژ بە كوشتنی كۆڵبەرانی كورد بەتایبەتیی، دەنگمان بخەینە پاڵ یەكتر‌و سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ریسوا‌و شەرمەزار بكەین‌و، بە بەیاننامەی هاوبەش ئەم كردەوە نامرۆڤانەیە بە گوێ رێكخراوە جیهانییەكانی مافی مرۆڤ بگەیەنین‌و سیمای دژە مرۆیی كۆماری ئیسلامی زیاتر ئاشكرا بكەین.
سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
13ی خەرمانانی 1396
4ی سێپتامبری 2017