ژمارەیەک لە هاوڕێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمیتەی سوئێد بەشدارییان لە ئاکسیۆنی پشتیوانی لە رووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردووی بانە و هاودەنگی لە گەڵ خەلکی کوردستان و ڕێزگرتن لە یادی دوو کۆڵبەری گیانبەختکردوو بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کرد.

 

رۆژی هەینی ٨ی دێسامبری ٢٠١٧ ، ڕێ و ڕەسمێک بە بەشداری و هاوئاهەنگی نێوان چووار لایەنی سیاسی و کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و کرێکاری  لە سەنتەری شاری یۆتۆبوری بەرێوە چوو.

لایەنەکانی بەشدار بوو بریتی بوون لە:

 

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

پارتی کرێکارانی کوردستان

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان

 

لەم ئاکسیۆنەدا چەند بابەت و لێدوان بە زمانی سویدی و کوردی پێشکەش کرا. هەر لەم پەیوەندیەش دا وتارێک لە لایەن هاوڕێ بهنام فتحی بەرپرسی ڕاگەیاندنەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کۆمیتەی یۆتۆبوری) پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

 

لە وتارەکەدا باس لە مێژووی پڕ لە ڕەنج و ئەو مەترسیانەی کۆڵبەرەکان و زەحمەتکێشانی ناوچە سنووریەکانی کوردستان لە گەڵی بەرەو ڕوون ، کرا. هەروەها ڕووداوە کانی ئەم ڕۆژانەی شاری بانە و هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەلک و میلیتاریزە کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانی خەڵکی شارەکانی تری کوردستان بە گشتی ، ئاماژەیان پێ کرا.

 

لە بەشێکی تری وتارەکە باس لە ڕێکخراو بوونی چالاکی کۆڵبەران بۆ دەستەبەر کردنی ماف و داخواییەکانیان کراو جەخت لە سەر ئەوە کرا کە زەحمەتکێشانی ناوچە سنووریەکانی کوردستان چوونەتە قۆناغی پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ و هەر لەم ڕێگایەشەوە دەتوانن پێ داگری لە سەر خواست و داخوازییە ڕەواکانیان بکەن.

 

یەکگرتوویی و کۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەرکی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی خەلک و تاوانەکانی ڕژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، بەشێکی تری وتاری کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو.