ئەمرۆ وفدێكی كۆما جڤاكین كوردستان (كەجەكە) سەردانی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە سلێمانیان كرد.

وەفدی كەجەكە پێكهاتبوون لە هەریەك لە بەڕێزان: سەرحەد ڤارتۆ، وتەبێژی كەجەكە، حسێن ئامێدی بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەجەكە لە هەرێمی كوردستان‌و مەروان ئامێدی ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی كەجەكە كە لەلایەن وەفدی كۆمەڵە: عەتا ناسرسەقزی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵە لەسلێمانی، جەعفەر محەمەد ئەمینی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی‌و محەمەد حەكیمی جێگری پەیوەندییەكان پێشوازییان لێكرا.

لەدیدارەكەدا هەردوو لا قسەوباسێكیان لەسەر بارودۆخی ناوچەكە‌و دەرفەت‌و مەترسییەكان لەبەردەم بزوتنەوەی كورد لە بەشەجیاجیاكانی كوردستان كرد‌و جەخت لەسەر یەكڕیزی‌و پەیوەندیی حیزبە كوردستانییەكان‌و هەوڵدان بۆ دەستبەركردنی یەكگرتوویی نەتەوەیی كردەوە.

وەفدی میوان لە میانەی باسەكەیاندا قسەیان لەسەر بەشداریی كردنی حیزبەكانی رۆژڵاتی كوردستان لە كۆبوونەوەی راوێژی نەتەوەیی حیزب‌و كەسایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد كە بەهەوڵی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) بڕیارە لە رۆژانی 17-16ی سێپتامبر لە وڵاتی سوئێد بەڕێوەبچێت.

وەفدی كۆمەڵە بە خستنەڕووی بۆچوونەكانی خۆی لەسەر كارو ئەركەكانی كەنەكە پێیوابوو سازدانی كۆبوونەوەی لەو چەشنە پێویستی بەوە دەكرد كە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ئامادەكاریی‌و سازدانی كۆبوونەوەكە بەشداریی زیاتریان بكردایە‌و بەمەش كاریگەرییەكانی زیاتر دەبوو و بە كردەوە هەنگاوێك زیاتر بەرەو بەدیهێنانی یەكگرتووی نەتەوەیی دەنرا. بەو هۆكارانەش كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشداریی كردنی لەو كۆبوونەوەیە بە پێویست نازانێت.

لەكۆبوونەوەكەدا هەروەها جەخت لەسەر هاوكاری‌و پەیوەندیی زیاتری نێوان كۆمەڵە‌و پەكەكە كرایەوە.