ئەمرۆ دووشەممە 25ی سێپتامبر خەڵكی باشوری كوردستان، بریتی لەكورد‌و بەشێكی بەرچاوی توركمان، كلدان، ئاشور‌و عەرەب، چوونەسەر سندوقەكانی دەنگدان‌و خوازیاری جیابوونەوە لەعێراق، ئەنفال، جینۆساید‌و بۆمبارانی شیمیایی بوون. ئێران‌و توركیا كەوتنە دوژمنایەتی‌و، عەبادی هەڕەشەی كرد‌و هەرچەشنە دیالۆگێكی رەتكردوە. بەكورتی داگیركەران‌و سەركوتگەرانی كوردستان دەرفەتێكیان بەدەستهێنا تا دوژمنایەتی لەمێژینەی خۆیان لەگەڵ ئەم خەڵكە بۆ جارێكی دیكە نیشان بدەن.
لەلایەكی ترەوە، خەڵك لەكوردستانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، سەرەڕای بوونی هێزی سەركوتگەر‌و میلیتاریزەكردنی شارەكان، بە جلوبەرگی كوردییەوە هاتنەسەر شەقامەكان‌و پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی ریفراندۆمیان لەخەڵكی هەرێمی كوردستان كرد‌و پشتیوانی خۆیان راگەیاند. خەڵكی رۆژئاوا‌و دەسەڵاتە خۆجێیەكەی رایانگەیاند كە سنورەكانیان بەڕووی هەرێمی كوردستان‌و دابینكردنی پێداویستییەكانیان دەكەنەوە. بەڵێ، ئەمرۆ دەوڵەتانی سەركوتگەر بە رەفتاری فاشیستی‌و دژە دیموكراتیكی خۆیان، خەڵكی كوردیان لە باكور تا باشور‌و لە رۆژهەڵات تا رۆژئاوا زیاتر لەجاران یەكگرتوو كرد. با ئەوان سنورەكان دابخەن، بەڵام دڵەكان پێكەوە گرێدەدەن‌و یەكگرتوویەك لەناو بزوتنەوەی بەشە جیاجیاكانی كوردستان دروست دەكەن كە هەرگیز شكست ناهێنێت.

ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەرەڕای سپاس‌و رێزگرتن لە جوڵە‌و حوزوری خەڵك لەكوردستانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، داواكارین كە بەهەموو ئیمكانات‌و داهێنانی خۆیان بەكردەوە پشتیوانی خۆیان لە خەڵكی هەرێمی كوردستان‌و دەنگی دیموكراتیكیان بۆ دیاریكردنی چارەنوسی خۆیان درێژە پێبدەن. ئەمرۆ بزوتنەوە‌و ئێرادەی خەڵك لەهەموو كوردستان هەنگاوێكی مێژوویی بەرەوپێش برد، سەركوتگەران سەرەڕای ئەوەی چنگ‌و ددان نیشان دەدەن، بەڵام شەقەزللەیەكی قایمیان لەخەڵكی كوردستان بەركەوت. ئەوان ناتوانن لەبەرچاوی هەمووجیهان، بەرد بخەنە سەر ڕێگەی هەوڵێكی دیموكراتیكی جەماوەریی‌و، رێگری لەپرۆسەیەكی سیاسی‌و جەماوەریی بكەن. ئێمە لەهەموو ئازادیخوازانی ئێران‌و هەموو خەڵكی پێشكەوتووی ئێران چاوەڕوانیی ئەوەمان هەیە كە پشتیوانی لە دەنگ‌و ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن. تازە بەهیچ شێوەیەك شاهیدی عێراقێكی یەكگرتوو و سوریەیەكی یەكگرتوو نابین. هەرێمی كوردستانی سەربەخۆ لەعێراق، بەقازانجی ئازادیخوازیی‌و نەمانی كۆماری ئیسلامی‌و دیكتاتۆرییە. ئەمە كەمترین كارێكە كە خوازیارانی دیموكراسی‌و پێشكەوتنخوازی ئێران دەتوانن ئەنجامی بدەن.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
3ی رەزبەری 1396، 25ی سێپتامبری 2017