بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەركەوتوانەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان، هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە پەیامێك ئاراستەی جەماوەری خەڵكی كوردستان دەكات.

دەقی پەیامەكە:

پیرۆز بێ گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی

ئەوڕۆ خەڵکی باشوری کوردستان بە ڕێژەیەکی باڵا و جۆش و خرۆشی شایانی شانازی لە ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی.یەشدارییان کرد. تورکمەن، عەڕەب، کلد و ئاشوریش زمانیان بە ڕەسمی ناسێندرا و کارتی دەنگ بە زمانی خۆیان هەبوو و بەشدارییان کرد.

نەیاران و داگیرکەرانی کوردستانیش وەک تورکیە و ئێران و عێڕاق زمانی هەڕەشە و گوڕەشەیان کردەوە و بڕیاریان دا سنور دابخەن. لەولاشەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای میلیتاریزمی بێ وێنەی شەقام و مەیدان لە هەموو شارەکان، خەڵک بە شادی و لیباسی کوردی پۆشین، سرود خویندن و هەلپەڕکێ ئەو سەرکەوتنەیان لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز کرد، ڕۆژئاوا بڕیاری دا سنوری بۆ هەموو پێداویستیەکانی باشور ئاواڵە بێ.

بەڵێ ریزبەندی کورد و دوژمنانی روون و ئاشکرا بوو، سنورمان لێ دەبەستن بەڵام ئیتر زەین و دڵمان وەها لێک گرێدرا کە بە هیچ سنور بەستنێک لێک جیا ناکرێتەوە. ئەوانەش کە ڕەخنەی زۆریان بوو لە چۆنیەتی گشتپرسی باشور، بە خۆشیەوە ئەوڕۆ بە بەڵێ دەنگیان دا. بۆیە سەرەڕای جیاوزیەکانمان ،وشیاری نەتەوەیی وەها گەشەی کردوە و چارەنووسی پێکەوە گرێ داوین کە زیدەڕۆییم نەکردوە ئەگەر بڵێم ئەوڕۆ هەنگاوێکی مێژوویی گەورە نرا و دۆخی بزوتنەوەی کوردی ئەوڕۆ و دوێنێ بە باری پۆزەتیودا زۆر گۆڕدرا. راستە ئێستا کوردستان لە هەموو کات زۆرتر لە ژێر هەڕەشەی نەیارانی دایە، بەڵام لە هەموو دەورەیەکیش زۆرتر بە بەرچاوی جیهانەوە یەکدڵی و یەکگرتوویی نیشاندا.

پێویستە وڵامی شیاو بەو پوتانسیەلە گەورەیە بدرێتەوە، پیویستە فەوری بۆ قۆناغێکی دیکە بانگەوازی هاودەنگی و پێکەوە کار کردن لە ناوخۆی باشور، ڕۆژئاوا ، ڕۆژهەڵات و باکور بکرێ و لەسەر بنەمای مافی نەتەوەیی و دێمۆکراسی لە هەموو بەشەکانی کوردستان ،چەتری یەکگرتوویی هەڵبدرێ و هەنگاوی بۆ باوێژرێ، کێشەکانی دوێنێ نابێ دەرفەتەکانی ئەوڕۆمان لە دەست دەر بکات. بێگومان هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ئەگەری ئەو یەکگرتووییەی ئەوڕۆ لە هەموو کوردستان لە گەل بیندرا، لە قازانجی ئێمە دەڕوات و داگیرکەرانی کوردستان ناتوانن بەربەستی تا هەتایی بن لە بەردەم گەشەی ئەو پڕۆسەیە، بەڵکوو گرفتە ناوخۆییەکانیان زۆرتر گێژیان دەکات. خاو نەما کوردە پەڵوڵەی دوێنێ+ ئێستە هێند سەختە ددان دەشکێنێ. ئاواتمە هەموان بۆ ئەو مەبەستە وەخۆ کەون و وڵامی گەل بە باشی بدەینەوە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.