هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیان کردنی مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق پەیامێکی بڵاوکردوە.

دەقی پەیامەکە:

مام جەلال ئاکتەرێکی گەورەی مێژووی کوردستان بوو

 

یەکەمجار مام جەلالم لە خڕی ناوزەنگ و لە ناو چادرێکی شڕی بە نایلۆن گیراودا چاو پێکەوت. ساڵانێک بوو ناو و ناوبانگیم بیستبوو، بێ ئەوەی دیتبێتم، خۆشم دەویست. بەڵام ئەوڕۆژە کە ئەو هەموو هیوا و هومێدەم لەو سەرکردەیە بینی، سەد ئەوەندەم خۆشویست و بە تەواوی چووە نێو دڵمەوە. لە دوای ئەو ڕۆژەش زۆر جار لە خۆشی و ناخۆشیدا کە بینیومە، هەموو ئەو کاتانەی قسەوباسم لەگەڵی بووە، بە دایم پر ئومێد، بە ورە، نەسرەوتوو، بڕوامەند بە گەڵ و کوردستان، هاندەر، دڵگەورە و هەڵگری ئاواتی بەرز بووە.

ئەو بوو کە ئاواتی گەورە، بوێری، دڵگەورەیی و لەخۆرابینی تێکەڵاوی رۆشنبیری، خوێندنەوە و فێر بوونی زانست کردبوو. هەموو ئەو تایبەتمەندیانە ئەویان کردبوو بە رابەرێک کە خەڵک بڕوای پێدەکرد. ئەو لەو ڕابەرانە بوو کە سەرەرای هەڵکشانی جێگا و پلەی لە کۆمەڵگادا، خۆی نەدەگرت، تێکەڵاو دەبوو، دیالۆگی دەکردو، چوون بۆ ناو جەماوەر و حاڵی بوون لێیانی کردبوە رێنوێنی کاری خۆی. ئەو سیفاتە بەرزانە، ڕاوەستاوی و قاڵ بوون لە کورەی خەباتدا مام جەلالی کرد بە کاریزمایەک کە دوژمنانیشی مەجبور بوون ڕێزی بگرن. ئەو لێهاتویی و گەورەییە بوو کە ئەو پێشمەرگە جەنگاوەرە دژ بە دیکتاتۆری و دەوڵەتی عێڕاقی کردە سەرۆک کۆمارێک لە عێڕاقدا کە ئوتۆریتە و سێبەری بەسەر هەموو پێکهاتە و قەوارە سیایەکاندا دیار بوو، نەیاندەتوانی گوێ لە قسە و هەڵوێستی نەگرن. مام جەلال بە خەبات و کەسایەتی خۆی لە ڕۆژە دژوارەکاندا کوردستان و بزاوتەکەی زۆرتر بە دنیا ناساندو، سیمایەکی دێمۆکرات، ئەوڕۆیی و پێشکەوتنخوازی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد خستە بەر دیدەی هەموان.

کۆمەڵە و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵات دۆست و دلسۆزێکی گەورەیان لە دەستدا، بەڵام یادگار و رێنوێنیەکانی مام هەمیشە لایان دەمێنێتەوە. لە لایەن خۆم و هەموو ریزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە هاوخەمی قوڵمان ئاراستەی هێرۆخان، کاک بافڵ و کاک قوباد و گشت بنەماڵەی تاڵەبانی و هەموو هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی، دەکەین و ئاواتی یەکریزی و تەباییان بۆ دەخوازین.

 

 

یادی مام جەلال بەڕێز و ڕیگای پڕ ڕێبوار بێ

سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٣ی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٧