رۆژی دووشەممە 16ی ئۆكتۆبر هێزەكانی حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان بە پلانی سوپای قودس‌و قاسم سلێمانی بۆ جێبەجێكردنی كۆدەتایەكی هەمەلایەنە دژ بە خەڵكی كوردستان، لەهێرشێكدا شاری كەركوك‌و چەندین شارۆچكە‌و ناوچەی باشوری كوردستانیان داگیركرد. بەداخەوە بەهۆی ناهاوئاهەنگی‌و ململانێی نێوان حیزبەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە فەرماندەكان‌و هێزی پێشمەرگە بە بێ بەرگریی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان پاشەكشەیان كرد‌و رێگەیان بۆ پێشڕەویی هێزە عێراقییەكانی خۆش كرد.

ئەم هێرشە بە بیانوی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان ئەنجامدرا، بەڵام هێزە عێراقیەكان، بەتایبەتی حەشدی شەعبی زۆر پێش لە ریفراندۆم هەڕەشەی داگیركردنی ئەو ناوچانەی دەكرد كە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە ژێر دەستی داعش رزگار كرابوون. هەروەها لە تەواوی ئەم ماوەیەدا پلان‌و بەرنامەی هێزە سەربازییەكانی دەوڵەتی عێراق لەشەڕ لەگەڵ داعش بەشێوەیەك بوو كە هەموو چاودێرانی سیاسی‌و سەربازیی پێشبنییان دەكرد كە پاش شكستی داعش لەموسڵ، هێزە عێراقییەكان هێرش دەكەنە سەر كوردستان‌و، هەر ئەو كارەشیان كرد.

لەڕوانگەی ئێمەوە هێرشكردنەسەر كەركوك، سەرەڕای هەموو كەموكوڕییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و هێزە خۆجێییەكان، هێرشكردن بوو بۆ سەر دەسكەوتەكانی خەڵكی كوردستان بە ئاراستەی بەهێزكردنی حكومەتی مەزهەبیی عێراق‌و درێژەدان بە جینۆساید لەكوردستان‌و ئاوەڵاكردنی زیاتری دەستوەردانی سوپای پاسدارانی ئێران لەناوچەكە. هەرچەشنە هاوئاهەنگی‌و داننان بەم كۆدەتا دژە خەڵَكییە‌و ئەم هێرشە داگیركارانە لەلایەن هەركەسەوە بێت، ئاوكردنە بە ئاسیاوی دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە‌و حكومەتی مەزهەبیی عێراق. ئاگاداریی هێزەكانی هاوپەیمان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لەو هێرشە‌و بێدەنگییان، بە مانای رەزامەندیی دەوڵەتی ئەمریكا بۆ سەركوتی خەڵكی كوردستان لە عێراقە‌و هیچی تر. ئێمە ئەم كۆدەتا‌و هێرشە‌و، رەزامەندی ئەمەریكا بۆ ئەم سەركوتە جەماوەرییە مەحكوم دەكەین.

هیچ گومانێك لەوەدا نیە كە ئەم پیلانە، شكستێكی كاتیی‌و سەختی بۆ بزوتنەوەی كوردستان لەگەڵ خۆیدا هێنا، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بەمانای شكستی ئەم بزوتنەوەیە نیە، بەمانای زەوتكردنی هەموو دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان لە عێراقیش نیە. دەنگی سەربەخۆییخوازی خەڵكی كوردستان نەك تەنیا نەوی نابێت، بەڵكو لە ئایندەیەكی نزیك، بەرزتر لە جاران دەبیسترێت. پیلانگێڕان‌و بەرنامەداڕێژەرانی ئەم هێرشە بۆ سەر كوردستان لەبەرچاوی هەموو خەڵكی كورد ریسوا‌و نەفرەت لێكرا دەبن، هاوكاریی ‌و دەستێكەڵكردنی دەوڵەتی عێراق ‌و هێزەكانی دیكە لەگەڵ هێزەكانی سوپای پاسداران‌و رژیمی سەركوتگەری ئێران، وەك گرەوكردن لەسەر ئەسپی دۆڕاوە. كۆماری ئیسلامی بۆ خۆی لەگەڵ قەیرانێكی جەماوەریی‌و ناوخۆیی‌و دەرەكیی قوڵدا دەستەویەخەیە كە رزگاربوون لێی ئەستەمە. بێگومان هەر دەستوەردانێكی ئەو دیو سنورەكانی، تەمەنی ئەم رژیمە كورت‌و كورتتر دەكات.

ئێمە داوا لەهەموو حیزبە سیاسییەكانی باشوری كوردستان دەكەین لەم بارودۆخەدا رێگە نەدەن دوژمنان ریزەكانیان تێك بشكێنێت‌و هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا یەكگرتووییەكی بەهێزتر لەنێوان خۆیان دروست بكەن‌و چاكسازی‌و ریفۆرم لە ناوەندە ئیداری‌و سەربازییەكان بخەنە ئەولەویەتی كاری خۆیانەوە. هەروەها خەڵكی كوردستانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیش دڵنیا دەكەینەوە كە زایەڵەی دەنگی حەقخوازیی‌و ئازادیخوازییان هەر بە بەرزیی دەمێنێتەوە‌و كۆماری ئیسلامی، ئەم دوژمنە سەرەكییەی بزوتنەوەی كوردستان، لە قەیرانیترین سەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا بەسەر دەبات. لەروانگەی ئێمەوە پێویستە كە هەموو حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هاوكاری‌و هاوئاهەنگییەكانی نێوانیان بەخێرایی پەرە پێبدەن.

سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
17/10/2017