رۆژی ٢١ی ژانوییە لە وڵاتی ئاڵمان کۆنفرانسی ساڵانەی رێکخستنەکانی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

سەرەتا دەستەیەکی سێ کەسی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانس بە دەنگی ئامادەبووان هەڵبژێردرا و پاشان کۆنفرانس بە سرودی فەرمی کۆمەڵە دەستی پێکرد و دواتر ئامادە بووان بۆ رێزگرتن لە یادی گیانبەختکردوانی ریزەکانی کۆمەڵە و سەرجەم ئەوانەی کە لە رێگای ئازادی و سەربەستی دا گیانیان لە دەست دا چەند ساتێک بە بێ دەنگی وستان.

پاش شکاندنی بێدەنگیەکە دەستوور و ئەجەندای کاری کۆنفرانس کە لە لایەن کۆمیتەی ئاڵمانەوە ئامادە کرابوو خرایە دەنگدانەوە کە کۆمەڵێک تەوەرەی جۆراوجۆری لە خۆ گرتبوو.

ئەجەندا بە دەنگی ئەندامان پەسەند کرا و سەرەتا هاوڕێ نەوید مێهراوەر لە لایەن کۆمیتەی ئاڵمانەوە راپۆرتێکی لە کارو چالاکی ئەندامان و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە شارە جیاجیاکانی ئاڵمان پێشکەش بە کۆنفرانس کرد کە تێیدا وێڕای باسی ئەرک و چالاکیەکان، لە هەڵسەنگاندنی دا کەموو کوورتیەکانیشی خستە بەر چاو و پێوابوو رێکخستنەکانی کۆمەڵە دەبێ ئاستی کار و چالاکیەکانیان ببەنە سەرێ و ئەم چەشنە لە کار پڕ بە باڵای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان نیە.

پاشان هاوڕێ جەهانگیر وریانی راپۆرتی دارایی کۆمیتەی ئاڵمانی پێشکەش بە کۆنفرانس کرد و رایگەیاند کە تەنیا سەرچاوەی دارایی کۆمیتەی ئاڵمان ئابوونەی ئەندامەتییە کە لە ئەندامانی کۆمەڵە وەردەگیردرێت و چۆنیەتی خەرج و بەکارهێنانی ئەوە بڕە پارەیەشی بۆ کۆنفرانس روون کردەوە.

پاش گەنگەشەیەکی تێر و تەسەل لە لایەن بەشدار بووانەوە هەردوو ڕاپۆرت لە لایەن کۆنفرانسەوە بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرا.
بڕگەیەکی دیکەی کۆنفرانسەکە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ئاڵمان بوو کە لەم بڕگەیەش دا کۆمەڵێک لە ئەندامان ئامادەیی خۆیان بۆ وەرگرتنی مەسوولیەتی زیاتر دەربڕی و خۆیان بۆ ئەندامەتی کۆمیتە پاڵاوت و سەرنجام لە پرۆسەی دەنگدان دا حەوت ئەندام و دوو جێگر دیاری کران و تا کۆنفرانسی داهاتوو ئەرک و کارەکانی رێکخستنەکانی ئاڵمانیان لە ئەستۆ دەبێت.

وتاری کۆتایی کە دوا برگەی کۆنفرانسەکە بوو هاوڕێ عۆمەر ئێلخانیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵە پێشکەشی کرد کە تێدا تیشکی خستە سەر چەن پرسێکی دیاری کراو، لەوانە گەشەدان بە رێزیەکانی کۆمەڵە لە وڵاتی ئاڵمان و بردنە سەرەوەی ئاستی کاریی و هێندی پرسی دیکە کە پەێوست بوو بە ناوخۆێ کۆمەڵە و ئاڵقەی ئەندامان.

سەرەنجام کۆنفرانس پاش یەک رۆژ کاری پڕاوپڕ سەرکەوتوانە کۆتایی پێ هات.